کۆبونه‌وه‌که‌ سه‌رکه‌وتو بوو

شادمان ساڵح

کۆبونه‌وه‌که‌ی نێوان کاک مه‌سعود و مام جه‌لال سه‌رکه‌وتوبوو،به‌ڵام ئه‌م جاره‌ پێمان ناڵێن له‌سه‌ر چی رێکه‌وتوون.

له‌ پاش کۆبونه‌وه‌که‌ی نێوان هه‌ردو سه‌رکرده‌ له‌ هاوینه‌هه‌واری سه‌ڵاحه‌دین،له‌ به‌رواری 26/10 دا دیسانه‌وه‌، ڕایانگه‌یاند‌ که‌ کۆبونه‌وه‌که‌یان سه‌ر که‌وتوبووه‌ و له‌سه‌ر شته‌کان رێکه‌وتون، به‌ڵا ئه‌م جاره‌ جیاواز له‌ هه‌موو کۆبونه‌وه‌کانی هه‌رد و سه‌رکرده‌ و مه‌کتبی سیاسییان، مام جه‌لال لێدوانێکی که‌ی دا بۆ رۆژنامه‌نوسان، وتی له‌سه‌ر شته‌کان رێکه‌وتوین به‌ڵام جاری راناگه‌یه‌نین.

ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م جاره‌ له‌ جاره‌کانی پێشو جیا ده‌کاته‌وه‌ ئه‌و لێدوانه‌ی تاڵه‌بانییه‌،به‌و لێدوانه‌یدا واده‌رده‌که‌وێت که‌ ته‌نها ئه‌مه‌ یه‌که‌م جاره‌ له‌ ئه‌نجامی کۆبونه‌وه‌کانی خۆیان ئاگادارمان نه‌که‌نوه‌، چه‌ندین ساڵه‌ کۆده‌بنه‌وه‌،چه‌ندین ساڵه‌ گفتگۆ ده‌که‌ن له‌ ژوره‌ داخراوه‌کاندا، هیچ کاتێک جگه‌ له‌ " سه‌رکه‌وتن و ڕیکه‌وتن" چه‌ند ووشه‌یه‌کی هاومانا، هیچی ترمان نه‌بیستووه‌، جا نازانم بۆ ئه‌م جاره‌ مام جه‌لال ده‌ڵێت جارێ "رایناگه‌یه‌نین" ئه‌نجامی کۆبونه‌وه‌که‌مان، هاوڵاتی کورد ڕاهاتووه‌ له‌سه‌ر نه‌درکاندنی چی رویداوه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌کاندا، چونکه‌ سیانزه‌ ساڵه‌ میلله‌تیان وا گۆش کردووه‌ که‌ نه‌زانێت ، به‌چییه‌وه‌ سه‌رقاڵن، ته‌نها ئه‌وه‌یان بیستووه‌ که‌ یه‌کێتی نیستمانی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان کۆبونه‌وه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتویان ئه‌نجامدا، کاک مه‌سعود و مام جه‌لال کۆبونه‌وه‌که‌یان سه‌رکه‌وتو بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س بزانێت سه‌رکه‌وتوییه‌که‌ی له‌ چیدا بوو، چۆن سه‌رکه‌وتوبوو؟ له‌سه‌ر چی گفتوگۆ کرا، تا سه‌رکه‌وت، ئه‌م ده‌ستواژانه‌ بونه‌ته‌ ستاندار له‌ لێدوانی لیپرسراوه‌کان و مانشێتی رۆژنامه‌ حیزبییه‌کاندا.

به‌سه‌دان کۆبونه‌وه‌یان کرد بۆ"یه‌کخستنه‌وه‌ی دوو ده‌سه‌ڵاته‌که‌"، ده‌یان کۆبونه‌وه‌یان کرد له‌ پاش ڕوخانی سه‌دام ، که‌س نه‌یزانی باسی چی کرا، که‌س ئاگادار نه‌بوو له‌سه‌ر چی ڕیکه‌وتن و له‌سه‌ر چی ناکۆک بوون، ئیتر نازانرێ بۆ ئه‌نجامی ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ ‌ جیا کرایه‌وه‌له‌ کۆبونه‌وه‌کانی پێشوو؟؟

 

shadmansalih@hotmail.com

HOME