چیرۆکی ئه‌وینێک

 

ڕزگار عبدالکریم       

 

باله‌گه‌ڵ ئاوابوونی خۆری نیگاتدا دوا سه‌رنج بگرمه‌ چاوت و خۆم نوقمی قوڵایی هه‌سته‌کانت بکه‌م ..تا بۆ دواجار به‌ر له‌ ماڵئاوایی دوایت په‌نجه‌کانم به‌ نێو قژه‌خاوه‌که‌تدا بگێڕم و چیرۆکی چه‌ند ساڵه‌مان نوێ بکه‌مه‌وه‌..ئاخر مه‌رگی تۆ گه‌لێک ئه‌سته‌مه‌ ئازیز،سه‌خته‌ وه‌ک له‌ده‌ست دانی هه‌ر به‌هایه‌کی پیرۆز ..تۆ خۆت باش دڵنیایی من بێ ئه‌و ساتانه‌ ته‌نهایه‌کم له‌ هه‌موو ته‌نهاکان ته‌نهاتر ..ئیدی چۆن ده‌کرێت ئاسان هه‌موو ئه‌و ئه‌وینه‌ بدرێته‌ ده‌ست خولیا و ئاره‌زووی ئه‌وان که‌ باش دڵنیاین له‌ کوێی ڕاده‌گرن ..ئاخر من ڕاهاتووی ئه‌و دیدارانه‌م هیچ کاتیش لێیان تێر نابم و تێر نه‌بووم..چونکه‌ هیچ کات به‌ حه‌زی خۆم توند به‌ خۆمه‌وه‌م نه‌‌منوساندویت..هه‌میشه‌ به‌ ترسه‌وه‌ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئاره‌زووه‌کانماندا کردووه‌ ،چه‌ند ته‌نها ده‌دواین هه‌میشه‌ هه‌ستمان به‌وه‌ ده‌کرد پاسه‌وانه‌کانی پاراستنی نیزامی کۆنه‌په‌رستی له‌ پشتمانه‌وه‌ن و ناهێڵن ئازاد بدوێین.. هاوکاتیش چه‌نده‌ خولیامان زیادی ده‌کرد که‌چی خۆمان بێ ئاگا له‌ خۆ ببوینه‌ به‌ربه‌ستێکی سه‌خت ..خۆت باست کرد ..دوای چه‌ندین دیدار و گفتوگۆ ،بۆ ئه‌و ساته‌ی بۆ یه‌که‌م جار ده‌ستمان تێکه‌ڵ کرد چۆن دوایت..ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ بۆ تۆ له‌ هه‌موو شته‌کان سه‌ختر بوو (خۆت وات باس کرد) ،وه‌لێ که‌ دواتر په‌نجه‌کانم ترازانه‌ سه‌ر ڕووی ناسکت و پرچی جوانت ئیدی نهێنی شاراوه‌ی چه‌ند وه‌خته‌ت بۆ باسکردم ..به‌ڵام من هه‌ر له‌وه‌ حاڵی نه‌بووم بۆ ده‌بێت ئێمه‌ وابین؟ ئه‌م پرسیاره‌ت هه‌میشه‌ به‌ سه‌خت ده‌زانی و ‌هه‌ستت ده‌کرد وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ گۆڕینی زۆر شته‌ ،به‌ڵام هه‌میشه‌ خۆت لێ دوور ده‌گرت،زۆر هۆشمه‌ندانه‌ ده‌تزانی بنه‌مای ئه‌م باسه‌ زۆر شتی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت ،ئیدی زۆر هێمنانه‌ ده‌تبردمه‌وه‌ بۆ سه‌ر باسێکی تر که‌ به‌ هیچ جۆر به‌و باسه‌ نه‌ده‌گه‌شته‌وه‌ ،وه‌ک ئه‌وه‌ی بڕیار بێت ئه‌و باسه‌ هه‌میشه‌ به‌ هه‌ڵواسراوی بمێنێته‌وه‌ (پرسیاری ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تاکه‌ی لێک غه‌ریب بین؟ بۆ ده‌بێت هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو جوانی‌یه‌کان بێ به‌ری بین؟)زۆر جار خووت پێوه‌ گرتبوو هه‌ر بتزانیایه‌ له‌و باسه‌ نزیک بومه‌ته‌وه‌ ئیدی به‌ خووه‌ هه‌میشه‌یه‌که‌ت ده‌تبردمه‌وه‌ دونیایه‌کی ترکه‌ ده‌مگووت(تۆ له‌ وه‌ڵام به‌م قسانه‌م خووت به‌ شتێکی سه‌یره‌وه‌ گرتووه‌ ،گه‌رچی لای من هه‌ر شت بووه‌ خوو جوانی تێدا نابینم ..که‌چی تۆ هه‌میشه‌ به‌ دوور خستنه‌وه‌م له‌ پرسیاره‌کانم ڕێ له‌ گه‌شتن به‌ شته‌ جوانه‌کانم لێ ده‌گریت.. ئاخر من ده‌مه‌وێت له‌و ڕێیه‌وه‌ بگه‌مه‌ دونیاپه‌نهانه‌کانی تۆ ).. بێ ده‌نگ ده‌بوویت ،ده‌تویست هه‌ر شتێک بکه‌یت به‌س دڵگرانم نه‌بم،وه‌لێ تێ نه‌گه‌شتم بێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ چۆن ده‌توانێت منی سه‌وداسه‌ر به‌ وه‌ڵام دڵ ڕابگرێت.. که‌چی سه‌ره‌رای ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وینمان بۆیه‌ک زیاتر ده‌سازا..گه‌ر ڕێک بکه‌وتایه‌ و وون بوونی وه‌ڵامێکم دڵگرانی بکردمایه‌ نه‌تده‌هێشت کات بگاته‌ شه‌و و هه‌ر زوو هێمنت ده‌کردمه‌وه‌ ،زۆرجار ده‌تووت (زۆر سته‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شه‌وان ته‌نهاین  که‌چی یه‌کدی دڵگران بکه‌ین و خه‌ونی یه‌ک هه‌راسان بکه‌ین) ،هه‌میشه‌ به‌ بزه‌یه‌که‌وه‌ ده‌تووت(ڕه‌شه‌گیان  من زۆر لام ئه‌سته‌مه‌ به‌م هه‌موو خۆشه‌ویستی‌یه‌مانه‌وه‌ شه‌وێک تۆ هیلاک بکه‌م ،ئێمه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ چراکانمان گه‌ش و ڕووناک بێت ،ئه‌و کاتانه‌ی دڵگرانی‌یه‌کت تووش ده‌بێت ،من له‌ تۆ دڵگران تر ده‌بم ،به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بێت بدوێین،خۆ ناکرێت راستی نه‌ڵێین..تۆ ده‌زانی ئه‌و شتانه‌ی منیان کردۆته‌ ئه‌و دیلی‌یه‌ له‌ سونه‌تێکی گڵاوزیاتر هیچی تر نین ،به‌لام گرفته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆمان بۆته‌ گرفت..دوباره‌ هیلاکت ناکه‌مه‌وه‌ و شه‌وه‌ و ئارام به‌ ،بیرته‌ پێت ده‌ووتم ئارامی شه‌و زۆر شتی پێ به‌خشیووم ..ئارام به‌ و دڵم لاته‌ ..) هیچ کات بۆ دڵنه‌وایی دانه‌وه‌ش وه‌ک عاده‌تێکی ئاسایی (بای بای) یه‌کمان نه‌کرد جگه‌ له‌ داخستنه‌وه‌ی خێرای ته‌له‌فوونه‌که‌ی..ئه‌و کاتانه‌ دڵنیابووم ئیدی ئه‌وه‌ دوافرسه‌ت بووه‌ و ته‌واو ..گه‌لێ جار ده‌یووت من که‌ ده‌مه‌وێت دڵی تۆ بده‌مه‌وه‌ و زه‌نگت بۆ لێ بده‌م دڵنیام خۆم ده‌که‌ومه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی تر ،به‌ڵام ده‌زانی ئه‌وان چه‌ند توندتر بن من هه‌ست به‌ ئارامی ده‌که‌م..قسه‌که‌م لی وه‌رده‌گرتیت و به‌ فرسه‌تم ده‌زانی له‌و باره‌وه‌ بدوێم ..درێژه‌م پێ ده‌دا زۆرشتم ده‌ووت ،که‌مترین شت له‌و کاتانه‌دا وه‌ڵامی تۆ بوو که‌ من له‌ هه‌موو شت زیاتر بۆم مه‌به‌ست بوو ،دواین جار وه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ئیدی له‌وه‌ زیاتر نه‌پرسم به‌ ماتی‌یه‌که‌وه‌ ووتت: (تۆ ده‌زانی گه‌ر ئێواره‌یه‌ک بێت و له‌ ڕاسته‌شه‌قامه‌که‌ نه‌په‌ڕیته‌وه‌ به‌ره‌ و لای ئێمه‌ وه‌ک ئه‌زموونه‌که‌ی بافلۆف تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بم وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕاهاتووی شتێک بم و چاوه‌ڕوانی بم ..تا تێ ده‌په‌ڕیت و له‌به‌ر چاو وون ده‌بیت ئیدی من هه‌ر چاوم له‌سه‌رته‌ و خه‌یاڵ ده‌مفڕێنێت لێم مه‌پرسه‌ خه‌یاڵی چی ،له‌و کاتانه‌دا هه‌ست ده‌که‌م ئێمه‌ کوشته‌ی زۆر شتین ،تکات لێ ده‌که‌م پێم مه‌بڕه‌ ،من هێنده‌ ده‌زانم به‌ بینینی سیمای تۆ له‌و دووره‌وه‌ شاگه‌شکه‌م ده‌کات،له‌و کاتانه‌دا هه‌ست ده‌که‌م ئاسایی نیم ،هه‌ست ده‌که‌م ئاره‌زووم بۆ زۆر شت ده‌فڕێ به‌ڵام هاوکات هه‌ست به‌ بێ باڵی ده‌که‌م وه‌ک هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئاره‌زوویان بوو بگه‌نه‌ ئه‌و شتانه‌ی که‌ دڵنیابوون پێی ناگه‌ن ،لێت ناشارمه‌وه‌ له‌و کاتانه‌دا له‌گه‌ڵ خۆشمدا هه‌ست ده‌که‌م ڕاستگۆ نیم،ته‌نانه‌ت ناتوانم وه‌ک پێویست هه‌سته‌کانم بدرکێنم..هاوکات خوشکه‌ بچوکه‌که‌م که‌ لا هیچ ماناکانی عیشق ناگات ده‌بێت درۆی له‌گه‌ڵ بکه‌م کاتێک پرسیاری ئه‌و خووه‌ هه‌میشه‌یی‌یه‌ی به‌ر په‌نجه‌ره‌م لێ ده‌کات.. ناچار ده‌بم درۆی له‌گه‌ڵ بکه‌م ، ئه‌و هێنده‌ حاڵی بووه‌ من ده‌بێت هه‌موو ئێواره‌یه‌ک له‌ کاتێکی دیاردا له‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌دا چاو ببڕمه‌ تۆ تا له‌ پێش چاو وون ده‌بیت،مه‌پرسه‌ له‌و کاتانه‌دا هه‌ست به‌ چی ده‌که‌م هه‌موو ئه‌وانه‌ نهێنی ناو ناخمه‌ و ده‌بێت بیپاریزم..وابێت ناچارده‌بم درۆیه‌کیش له‌گه‌ڵ تۆ بکه‌م که‌ هیچ کات نه‌مویستووه‌ ،لێ گه‌ڕێ هه‌ست ده‌که‌م درکاندنی ئه‌و هه‌ستانه‌ که‌سایه‌تی من به‌ مه‌رگ ئاشنا ده‌کات ،لێ گه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی من هه‌بم ده‌بێت هه‌میشه‌ بێ ده‌نگ بم و له‌گه‌ڵ خۆشمدا ئازادنه‌بم بدوێم ،به‌ڵام تۆ ده‌زانی هه‌میشه‌ ئه‌م دواندنانه‌ی خۆم ناتوانێت وه‌ڵام به‌ هه‌سته‌ په‌نگ خواردووه‌کانم بداته‌وه‌ ..) به‌رده‌وام ده‌بوو منیش گوێگر ..هه‌ستم به‌ به‌ زۆر شت ده‌کرد ،وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ قۆناغێکی تر بێت و تێپه‌ڕاندنی سه‌ره‌تاکان ێت ..وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆکه‌ بێ کۆتایی بێت و دوایی نه‌یه‌ت به‌رده‌وام بوویت ،کات بواری بدایتایه‌ بێ ده‌نگ نه‌ده‌بوویت ..که‌چی له‌ ئاهێک دا وه‌ستایت و هیچت نه‌ووت ..ئیدی ده‌بوو بڕۆشتیتایه‌ ،ئه‌و چه‌ند ووشه‌یه‌ت دواین ووشه‌ و دوایین هه‌ست بوو بۆ من ،ئه‌گه‌رچی ئه‌و ووشانه‌ کردمی‌یه‌ ئه‌و که‌سه‌ تامه‌زرۆیه‌ی چاوه‌ڕوانی زیاتر بم ،وه‌لێ هه‌ی داد ئه‌وه‌ دواین ووسه‌ی پێکه‌وه‌یی بوو ،ئیدی له‌و ئێواره‌ به‌ دواوه‌ نه‌ چاوه‌روانی به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌ت  به‌رده‌وام بوو ،نه‌ توانیت سیمای من ببینیت ،هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ گۆڕان و ئه‌وینی ئێمه‌ بووه‌ ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی تۆ بوویته‌ قوربانی ..قوربانی ئازایه‌تی هه‌ست درکاندن و هه‌‌ڵبژاردن،بڕیاردان له‌سه‌ر موماره‌سه‌ی ئاره‌زوو ،ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شته‌ نادروستانه‌ی جوانی ده‌کووشت ،بۆیه‌کا وه‌یشومه‌ی دژ به‌ ژیان و جوانی کردیانیته‌ سوته‌مه‌نی عه‌قڵی خۆیان ،ئیدی چیرۆکی ئه‌وینمان بووه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ی من دۆڕاو تۆ قوربانی و ئه‌وانیش شه‌رمه‌زار.

                                            14-08-2004

                                                    هۆڵه‌ندا       

 

Home