شه‌به‌نگی خود له‌ زایه‌ڵه‌ی نیگاکاندا

 

ئه‌م کۆشیعره‌،‌ به‌ده‌م دیمانه‌یه‌کی راگوزه‌ره‌وه‌، وه‌ک  له‌رینه‌وه‌ی ره‌گوزه‌رانه‌ی شیعر، جیاوازی شوێنکاتی شیعره‌کانی ئێمه‌ی له‌ ماڵی ئه‌م کتێبه‌دا نیشته‌جێ ده‌کات. هه‌رچه‌نده‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ماڵه‌دا، دووان له‌ ستۆکهۆڵم و یه‌کێک له‌ هه‌ولێرو ئه‌زیش له‌ سلێمانی ژیان ده‌گوزه‌رێنین. هه‌ر به‌ده‌م راگوزاریشه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنکاته‌ جیاوازه‌کان له‌ زایاڵه‌ی نیگایه‌کانه‌وه‌ شه‌به‌نگی خود به‌ ئاوێنه‌ بکاته‌وه‌،‌ ماڵی ئه‌و دیمانه‌ شیعرییه‌ بوو به‌  "نیگای ده‌ست".

عه‌بدولموته‌لیب هه‌میشه‌ له‌ ناو ترسی ئاودا گومڕایی و بێده‌نگییه‌کانی ده‌ته‌نێته‌وه‌، "هه‌ندرێن" یش له‌ ناو شه‌به‌نگی بخووری پایپه‌که‌یدا ژیان به‌ تاراوگه‌ ده‌کاته‌وه‌، هه‌رچی رۆحه‌ به‌جێماوه‌که‌ی منیشه‌ له‌ "تانیا"دا، له‌ هه‌ناسه‌ی مه‌مکه‌کانیدا ده‌بینرێته‌وه‌، "ئیلیونۆرا برو"ش  وه‌ک ناونیشانێک بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ نیگای ده‌ستی ئه‌ودا شیعره‌کانی هه‌ڕمیوه‌.

ئه‌م دیوانه‌ له‌ نیگا په‌نهانه‌کانی خود، له‌ شه‌به‌نگه‌ ونه‌کانی "بوون"، له‌ تامه‌زرۆییه‌ ترس و راراییه‌کانی هه‌ناریی، تاڤگه‌ی ره‌نگی نیگاکان و له‌ ده‌ستی ئیلۆدا خۆی ناونووس ده‌کاته‌وه‌. ئیدی بڕیارماندا، له‌ خوێندنه‌وه‌ی عاریفانه‌ی له‌پی خۆماندا گومڕابین، به‌ رێکه‌وتی ئه‌و شوێنکاته‌ جیاوازه‌وه‌، به‌م زمان و وێنه‌ جیاوازییانه‌وه‌، سه‌ری خۆمان بۆ شیعر هه‌ڵبگرین و، نیگای ده‌ستی تریفه‌یی به‌ بخوور داگیرساوی کات بسپێرین.

هه‌ڵپه‌ساردنی ناونیشانه‌کانی تر: شه‌به‌نگی باڵه‌کان، هه‌ناسه‌ی مه‌مکه‌کانی، ژیان ئاوو ئاو ده‌ڕوا،  له‌گه‌ڵ ئه‌و تابلۆیه‌ هه‌نارییه‌و وێنه‌ کۆلاژییه‌ هه‌نارییه‌که‌ی "هه‌ندرێن"، له‌ "نیگای ده‌ست"دا، وه‌ک خه‌یاڵاندنێکی "بوون" تێکه‌ڵ به‌ رۆحی په‌رێشان و کاتی ترازاو و شوێنگه‌ خه‌مباره‌کانمان بێته‌وه‌.

دواجاریش، خوێنه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی که‌ زانی له‌ مانا و لێکدانه‌وه ده‌قگرتووه‌کان سه‌رفراز بووه‌، ده‌توانێت به‌شداری ئه‌و دیمانه‌ شیعرییه بکات، یان راگوزه‌رانه‌ له‌ باغچه‌ بچووکه‌کانی ئه‌و ماڵه‌ شیعرییه‌دا له‌ شه‌به‌نگی نیگایه‌ جیاوازه‌کانی شیعره‌کان رامێنێ، یانیش به‌ ده‌م هێوریه‌که‌وه‌، گوێ له‌ زایه‌ڵه‌ی شوێنکاتی خوده‌ جیاوازه‌کان بگرێت.

شێروان خدر

6-9- 2005  سلێمانی