قازوقوڵینگه‌كانی سیبریا و قه‌ڵاكه‌ی تووله‌یته‌له

 ئه‌حمه‌دی مه‌لا

 

له‌ وڕێنه‌كانی ئاوێنه‌وه‌ تا پرچه‌ ئاڵۆزكاوه‌كانی تۆ ئه‌ی نادیارتر بوون كه‌ چۆڕاوگه‌ی ئیرۆس به‌ پاژنه‌كانته‌وه‌ دڵۆپ دڵۆپ ده‌كه‌ێته‌ سه‌ر هیشكایی!!! بوونی نابووت ده‌بووژێنێته‌وه. هه‌ر تۆ ئاو ده‌ده‌یته‌ ره‌گی ئه‌م زمانه‌ی كه‌ بۆته‌ ده‌عجان، ره‌نگه‌ ته‌نها، به‌ڵێ ته‌نها به‌رامبه‌ر به‌ رابروو ده‌م ‌كاته‌وه..

چین رابردوو؟ هه‌زاران ته‌رحه‌ ئاهه‌ و ته‌نها به‌ ده‌ حه‌رف ده‌نووسرێنه‌وه... ده...پانزه‌ حه‌رفی دووباره‌وه‌ بوو، ده‌ پانزه‌ حه‌رفی جواو... ئا ئه‌مه‌یه‌ مێژووی من!..

 

هه‌موو به‌یانییه‌ك كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم ده‌ستنۆێژ له‌ بێهووده‌یی خه‌و‌نه‌كانم ده‌شۆم...ئه‌وانن واقیعی من..من ده‌مێكه‌ واقیعه‌كانم سه‌روژێربوونه یا ژێروبنن واقیعم...كه‌ره‌سه‌كانی ژیانم ته‌نها سه‌رینێك و دۆشه‌كێك و لێفه‌یه‌كه، ئا ئه‌و لێفه‌ دێرینه‌یه‌ كه‌ له‌ ژنێڤ/ه‌وه‌ له‌ گه‌ڵمایه‌ :‌‌ پڕ گه‌نده‌مووی قازوقوڵینگه‌كانی سیبریایه، نه‌رمترین عه‌رش و گه‌رمترین دونیا بۆ ئه‌وه‌ی پانتایی خه‌ونه‌كانم به‌ره‌وه‌ كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك بكشێن...له‌وێ مه‌به‌ستم‌ باره‌گای شه‌هوه‌تی په‌رییه‌ و داوه‌كانی له‌ززه‌ته، ئاگری‌‌ عومری مه‌لائیكن كه‌ له‌ پێی ناسووت گیر ده‌بن.

كاتێ ده‌ڵێم واقیعم خه‌ونن، تكا ده‌كه‌م به‌ شۆرشگێڕه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌م مه‌زانن، چونكه‌ ته‌نها هه‌ر به‌ گانگۆڵه‌ ده‌چمه‌ نێو بیردۆزه‌كانی دونیاوه‌ و هه‌ر به‌ گانگۆڵه‌ له‌ سه‌ر حاشییه‌ی و دامێنه‌كانی كاغه‌ز هه‌ڵده‌كه‌م.

جاران خه‌ون دو‌نیایه‌ك بوو له‌ ئیدیال، ئیدیالی برا گه‌وره‌كانم...ئه‌وانه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ هاوكێشه‌كانیان بۆ شیته‌ڵ ده‌كردین و له‌ نێوان گوێ رووته‌كانی گوێدرێژه‌وه‌ ئاسۆیان به‌ دی ده‌كرد... مه‌به‌ستم له‌ ئاسۆش : قه‌ستیله‌ترین گوناهه!

ئه‌و گوێدرێژه‌ی كه‌ راهاتن ژیری ده‌كات!

جاران رابردوو و داهاتووم له‌ سه‌ر یه‌ك هێڵ ده‌ڕست. جه‌ده‌لی عه‌قڵ بوو!

جاران...مه‌به‌ستم له‌ ئیبن سیرینه : خه‌ون داهاتووی لێكده‌دایه‌وه. خه‌ون ده‌روازه‌ له‌ سه‌ر هه‌موو حه‌كایه‌ته‌كانمان ده‌كاته‌وه. مه‌به‌ستم حه‌كایه‌ته‌كانی عه‌قڵه.

دیسانه‌وه‌ هه‌ر جاران، وامان لێكده‌دایه‌وه كه‌ خه‌ون رابردووه‌ تیكچڕژاوه‌كانمان بۆ ده‌هێنێته‌ سه‌ر كۆش!

 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ده‌یزانم ته‌نها هه‌ر سه‌رینێكه‌ و دۆشه‌كێك و لێفه‌كه‌ی سیبریایه....

 

دوو واقیع ده‌وریان لێداوم :

یه‌كێكیان له‌ هه‌راوزه‌نا مه‌خلووقات پێكدێت. له‌ شه‌ڕوشۆڕه‌ له‌ بننه‌هاتووكان كه‌ ده‌یان ته‌بریراتمان بۆیان هه‌ن و له‌سه‌ر هه‌قیشین.

دووه‌میان له‌ بێهووده‌یی خه‌ون پێكدێت. مه‌به‌ستم خه‌ونی راسته‌قینه‌یه.

 

ئه‌مشه‌و سه‌عات سفر له‌ ناوه‌ندی قه‌ڵا كۆنه‌كه‌ی شاری "تووله‌یته‌له" كه‌ ئیسپانیان "تۆلێدۆ" پێ ده‌ڵێن له‌ گه‌ڵ سێ كه‌سی دیكه‌ شه‌ڕه‌ شیعرمان به‌ فه‌ره‌نسی ده‌كرد. سێ كه‌سه‌كه‌ی دی : گریگۆریۆ بوو كه‌ من هه‌میشه‌ به‌ گریگۆریۆ سامسای كافكای ده‌زانم، دووه‌میشیان "پیلار"ی باڵابه‌رز، نه‌ ناشرین نه‌ نه‌جوان، قورسترین بار بۆ ژنێك، سێیه‌میشان ژنه‌ پاریسییه‌كه‌ی كه‌ فه‌رمانبه‌ریی لێوه‌كانی بێره‌نگ كردووه.

به‌ زمان پاراویی مۆلیه‌ر و تراژیدیائامێزی راسین و مۆسیقابه‌خشی ڤێرلێن و بێزاریی بۆدلێر شیعرم ده‌هۆنییه‌وه...ده‌مبینی چۆن قه‌تاره‌یان ده‌به‌ست ئاواز و سه‌ر كاتێدراله‌كه‌ ده‌كه‌وتن و پاشان به‌ كووچه‌كانی جووله‌كه‌ و كه‌وانی مزگه‌وتانا شۆڕ ده‌بوونه‌وه‌ و تێكه‌ڵی دووكه‌ڵی ئوتومبیله‌كان ده‌بوون....پیییاح كه‌ سه‌یر بوو....

نه‌مده‌زانی بۆ وا به‌ سانایی ئه‌م زمانه‌ خۆی لێم ماره‌كردووه‌ و وا ئاوا ده‌بێت!

 

ئه‌مه‌ بوو واقیعی ده‌وومم...مه‌به‌ستم له‌و گوزارانه‌یه‌ كه‌ پێشما راده‌بوورن...

 ‌‌