کاک فوئاد مه‌جید میسری ، تورکیاده‌وڵه‌تێکی عه‌لمانی نییه‌

 

                                                                                ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

 

ئه‌مرۆ باسی په‌یوه‌ندی نێوان ئایین و ده‌وڵه‌ت تابێت گه‌رمتر ده‌بێت . ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی  بیری ئووسڵیی ئیسلامی و به‌هێزبوونی گرووپه‌ تیرۆریسته‌ ئیسلامیه‌کان ، بۆته‌ ترسێکی گه‌وره‌ بۆکۆمه‌ڵگای جیهان به‌گشتی و کۆمه‌لگای ئیسلامیش به‌تایبه‌ت . هه‌ر له‌م باسانه‌وه‌ خوێنه‌ری کورد ئاشنای ووشه‌یه‌کی نوێ و نامۆ ده‌بێت ( ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی ) . ئه‌م ووشه‌یه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ له‌ناو لاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌کان و به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کان و کتێبه‌ نوێکان دا به‌رچاومان ده‌که‌وێت  . ووشه‌ی ( عه‌لمانی ) به‌مانای بێ ئایینی ، بێ باوه‌ری به‌ چه‌مکی خودا په‌رستی ، باوه‌ربوون به‌ زانست ، ژیان به‌سه‌ر بردن دوور له‌بیری ئایینی . که‌باسی ده‌و‌ڵه‌تی عه‌لمانیش ده‌که‌ین ، واته‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته بێ ئایین بێت، کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئایینیانه‌ نه‌بات به‌رێوه‌ . به‌واتایه‌کی تر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دوور بێت له‌هه‌موو بیرێکی ئایینی و مه‌زهه‌بی ، نابێت جیاوازکاری و  راسیزمانه‌ هه‌ڵسووکه‌وت له‌گه‌ڵ ئایینه‌کانی تر بکات . ماوه‌یه‌کی زۆریشه‌ نووسه‌رانی کورد باسی ئه‌م چه‌مکه سیاسیه‌ده‌که‌ن ، لێ مه‌خابن به‌شێکیان له‌کاتی شیکردنه‌وه‌و ڵێکۆڵینه‌وه‌کانیان ، تووشی چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی فکری ده‌بن . نووسه‌رو روناکبیری به‌رێز فوئادمجید میسری ، ماوه‌یه‌کی زۆره خه‌ریکی ڵێکۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر بیری ئووسوڵی ئیسلامی. دووکتێبی له‌م باره‌یه‌وه نووسیوه‌* ، که‌تاڕاده‌یه‌کی باش هیلاکیه‌کی زۆری کێشاوه‌ و زۆر به‌ ووردی باسی مێژووی ئه‌م بیره‌ی کردووه‌. لێ به‌داخه‌وه برای به‌رێز که‌دێته‌ سه‌ر باسی ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی ده‌که‌وێته‌ هه‌له‌وه‌ . به‌رێز فوئادمیسری له‌ هه‌ردوو کتێبه‌که‌یدا پێی وایه که‌توورکیا ده‌وڵه‌تێکی عه‌لمانییه‌ . به‌لای منه‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌له‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆچی ؟! . کۆماری توورکیا که‌له‌سه‌ر ده‌ستی شۆڤێنی ترین مرۆڤی مێژوو مسته‌فاکه‌مال دامه‌زراوه‌. ئه‌م ده‌وڵه‌ته له‌سه‌ر بنه‌مای بیرێکی ناسیۆنالیستی شۆڤێنیانه‌ دامه‌زراوه‌ . له‌پاش رووخانی خه‌لافه‌تی ئوسمانی ، کۆمارێکی نوێ دامه‌زرا . ئه‌م کۆماره‌ که‌له‌یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ هه‌وڵی سرینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و گرووپه‌ ئیتنیانه‌ی داوه‌ که‌ توورک نین. له‌توورکیا کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز ، به‌پیسترین و دڕنده‌ترین شێوه‌ چه‌وسێنراوه‌ته‌وه . عه‌له‌ویه‌کان و ئه‌رمه‌نیه‌کان و کریستیه‌کان، هه‌تاوه‌کوو ئه‌مرۆش ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌. توورکیا له‌یه‌که‌م رۆژه‌وه هه‌وڵی داوه خۆی وانیشان بدات ، که‌ده‌وڵه‌تێکی عه‌لمانییه . دیاره‌ ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێک بووه ، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی له‌ ده‌وڵه‌ته‌ئه‌وروپیه‌کان وه‌ربگرێت . به‌ناوی عه‌لمانی و دژایه‌تی کردنی خه‌لافه‌ته‌وه ، سه‌ره‌تا ئینگلیزوفه‌ره‌نسیه‌کان یارمه‌تی که‌مالیه‌کانیان دا . پاشان سۆڤێتیش بوو به‌گه‌وره‌ترین پاڵپشتی ئه‌م کۆماره خوێناویه‌. له‌په‌نجاکانیش توانی خۆی بخاته‌ناو هاوپه‌یمانی ( ناتۆ). هه‌تاوه‌کوو ئه‌مرۆش گه‌وره‌ترین یارمه‌تی له‌ووڵاتانی ناتۆ وه‌رده‌گرێت له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکاو ئه‌ڵمانیا . ده‌شیه‌وێت به‌ناوی عه‌لمانیه‌ت و دژایه‌تی کردنی بیری ئووسوڵی، بێته‌ ناو ئه‌وروپاوه. لێ ئه‌وروپیه‌کان باوه‌ریان پێ ناکه‌ن. ئه‌وروپیه‌کان ده‌ڵێن چۆن ئه‌و توورکانه‌ی له‌ئه‌وروپاده‌ژین،هه‌موو ماڤێکی کولتووریان هه‌یه‌ ، ماڤی مزگه‌وت دروستکردن و کردنه‌وه‌ی بنکه‌ی ئایینی و به‌خش و بلاوکردنه‌وه‌ی ئیسلام   . ده‌بێت له‌توورکیاش کریستیه‌کان هه‌مان ماڤیان هه‌بێت . به‌تایبه‌ت پارته‌کریستیه‌کانی ئه‌وروپا زۆر جه‌خت له‌م خاڵه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ . توورکیا هه‌تاوه‌کوو ئه‌مرۆش که‌مه‌نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌کان ، به‌ترسێکی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نێت . هیچ کریستیه‌ک بۆی نییه‌ کڵێسه‌ی بکاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ هاتووچۆی کڵێساکان ده‌که‌ن ، ده‌خرێنه‌ ژێر چاودێری پۆلیسه‌وه . به‌هه‌موو شیوه‌یه‌ک دژایه‌تی عه‌له‌ویی و شیعه‌مه‌زهه‌به‌کانیش ده‌که‌ن . ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌نووسه‌ره‌توورکه‌کان ده‌ڵێت ( گه‌ر توورک و ئیسلامێکی سوونی مه‌زهه‌ب نه‌بیت . هیچ ماڤێکی هاوڵاتی بوونت نییه‌). به‌راستی جێگای داخه‌ که‌زۆر له‌رۆشنبیرانی کورد و رۆژ‌‌هه‌ڵاتی،  ئه‌زموونی توورکیا به‌ئه‌زموونێکی باشی عه‌لمانی داده‌نێن . ئه‌مه‌ هه‌له‌یه‌کی گه‌وره‌یه . چونکه‌ توورکیا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی عه‌لمانی دانه‌مه‌زراوه‌ ، هه‌تاوه‌کوو ئه‌مرۆش ( عه‌له‌وی و شیعه‌و کریستیه‌کان) ، ئه‌وه‌ی پێی بڵێیت ماڤی ئایینی و کوولتوری نیانه . وه‌به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژایه‌تیان ده‌کرێت و ماڤه‌کانیان ده‌خورێت . له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر سته‌مه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌ عه‌لمانی دابنێیت . چونکه‌ له‌ده‌و‌ڵه‌تی عه‌لمانی دا ، ئاینه‌کانی تر دژایه‌تی ناکرێن و ناچه‌وسێنرێنه‌وه .

هه‌ر بۆیه‌ من پێم وایه‌ نووسه‌ری به‌رێزمان فوئاد مه‌جید میسری له‌م بۆچوونه‌یدا به‌هه‌ڵه‌دا چووه .

 

ئه‌ڵمانیا