( إقرأ )

ئه‌و که‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌ی رق و کینه‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌:-

 

وه‌رگێرانی به‌ ده‌ستکاریه‌وه‌ له‌ زمانی هۆڵاندیه‌وه‌ :-
 رێکه‌وت ئیسماعیل ئیبراهیم

 

جوله‌که‌یه‌کی هۆڵاندی که‌ به‌ سه‌ردان بۆ هۆڵاندا هاتبوو، له‌ کاتی پیاسه‌و گه‌شت و گوزاریدا له‌ ناو یه‌کێک له‌ ترامه‌کاندا گوێ ی له‌  ئاخاوتنی دوو که‌سی مه‌غریبی  بوو که‌ له‌ پشتیه‌وه‌ دانشتبوون:

( هه‌رچی جوله‌که‌ هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ ناو ببرێن )...

ئه‌م وته‌یه‌ ئه‌و که‌سه‌ی زۆر راچڵه‌کاندو که‌وته‌ پرسیار کردن له‌ خۆی ( ئه‌مانه‌ له‌ کوێ وه‌ فێری ئه‌م شتانه‌ ده‌بن و سه‌رچاوه‌که‌ی چی یه‌؟ ) به‌ڵام هه‌رکه‌ ترامه‌که‌ که‌وته‌ نێو ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ مه‌غریبیه‌کانی تێدا ده‌ژین و پڕن له‌ ( ده‌فری سه‌ته‌لایت ) زۆر زوو وه‌ڵامه‌که‌ی  بۆئاشکرا بوو که‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و رق و کینه‌یه‌ ئه‌و که‌ناڵی سه‌ته‌لایتانه‌ن که‌ جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامییان پڕ کردووه‌..  

ئه‌م که‌سه‌ جوله‌که‌یه‌ که‌ خۆی ئه‌ندامی سه‌نته‌رێکی لێکۆلینه‌وه‌ی ستراتیژییه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم  زیاتر پێ ی خۆش بوو که‌ بچێته‌ بنج و بنه‌وانی مه‌سه‌له‌که‌وه‌...

ئه‌گه‌ر ئێستا جۆزێف گۆبلز وه‌زیری پروپاگه‌نده‌ی سه‌رده‌می هتله‌ر له‌ ژیاندا بوایا  ئه‌وا بێ گومان ئیره‌یی به‌ که‌ناڵه‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کان ده‌برد هه‌ر له‌ که‌ناڵی (ئه‌لجه‌زیره‌)وه‌ تا ده‌گاته‌( ئه‌لعاله‌م)ی ئێرانی...

ئه‌م که‌ناڵانه‌ شه‌و و رۆژ له  گازینۆکان و چێشتخانه‌و ناوماڵ و شوێنه‌ گشتیه‌کاندا سه‌یری ده‌کرێت، به‌ پێ ی وته‌ی سه‌نته‌ری  چاودێری که‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌کان له‌ برۆکسل ئه‌م که‌ناڵانه‌  کاریگه‌ری زۆریان هه‌یه‌ به‌سه‌ر بینه‌ره‌کانیانه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ راوێژه‌کانیاندا هه‌میشه‌ داوا له‌ یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا ده‌که‌ن که‌ ئه‌و که‌ناڵانه‌ له‌ وڵاته‌کانیاندا وه‌ده‌رنێن، له‌ هۆڵانداش رێکخه‌ری نه‌ته‌وه‌یی دژ به‌ ترۆر بیر له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌و که‌ناڵه‌ی إقرأ ( که‌ناڵی جیهاد ) دا‌بخه‌ن.

که‌ناڵی ناوبراو که‌ که‌ناڵێکی (سعودی )ه‌ ، له‌ نێو ره‌وه‌ندی ئیسلامی ئه‌وروپادا بینه‌ری هه‌میشه‌یی خۆیی هه‌یه‌، له‌ هۆڵاندا ئه‌و گروپه‌ ترۆرسته‌ی که‌ به‌ گروپی پایته‌خت ناسراون بینه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌م که‌ناڵه‌ بوون و هه‌رده‌م ئامۆژگاری کراون که‌ کاتی بێ کاری خۆیان به‌ سه‌یر کردنی ئه‌م که‌ناڵه‌وه‌ به‌سه‌ر به‌رن.

 گروپه‌کانی دیکه‌ی توند ره‌وی ئیسلامی ئه‌گه‌ر راسته‌و خۆ به‌ سه‌ته‌لایت ته‌ماشای ئه‌م ته‌له‌فزیۆنه‌ نه‌که‌ن ئه‌وه‌ له‌ رێگای ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ سه‌یری ده‌که‌ن. له‌ تێڕوانینی ئه‌و ئیسلامیه‌ توند ره‌وانه‌دا ئه‌و که‌ناڵه‌ ئیسلامێکی ئسوڵی ره‌سه‌ن نمایش ده‌کات، به‌پێ ی زانیاریه‌کانی سه‌نته‌ری چاودێری ناوبراو سه‌رچاوه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی رقن دژبه‌ دنیای جوله‌که‌و مه‌سیحی.

‌( إقرأ) تۆڕێکی ملتی میدیای ئاسمانییه‌ که‌ وه‌به‌رهێنه‌ سعودیه‌کان دارایی بۆ دابین ده‌که‌ن، گه‌وره‌ترین به‌شی ستۆدێوکانی له‌( دوبه‌ی) یه‌ به‌ڵام زۆرترین به‌شی به‌رنامه‌کانی له‌ سعودیه‌ تۆمار ده‌کرێن، ناوی ئه‌م که‌ناڵه‌ له‌ ئایه‌تێکی قورئانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ که‌ واتای ( بخوێنه‌ ) ده‌گه‌یه‌نێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی ئاینی راڤه‌ بکرێت ئه‌وا مه‌به‌ست له‌و بخوێنه‌یه‌ گه‌ڕانه‌ به‌شوێن زانین دا..

شێخ عومرو خالد * ده‌موچاوی به‌ کاریزمای ئه‌م ته‌له‌فزیۆنه‌یه‌ که‌ ئێستا له‌ میسر رێگای  گوتاردانی ئاینی و وانه‌ دانه‌وه‌ی لێ قه‌ده‌غه‌ کراوه‌، ئه‌م شێخه‌ که‌ له‌ هۆڵانداش جه‌ماوه‌ری له‌ زیاد بوندایه‌ له‌ رێگای به‌رنامه‌کانیه‌وه‌  بینه‌ره‌کانی خۆی زۆر به‌ ئاسانی ده‌خاته‌ گریان ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ باسی تام و له‌ززه‌تی شه‌هاده‌ت و به‌هه‌شتیان بۆ ده‌کات!

له‌ بۆچونی ئسیلامیه‌ سه‌له‌فیه‌کانی سعودیه‌دا که‌ناڵی ناوبراو باشترین شێوازه‌ بۆ بڵاوکرنه‌وه‌ی په‌یامی جیهاد به‌ ته‌واوی دنیادا، شێخ عه‌بدوڵا بسفاری سه‌رۆکی به‌شی قورئان له‌ یه‌کگرتوی ئیسلامی سعودیه‌ پشتیوانی هه‌موو موسڵمانانی دنیا له‌ جیهاد و به‌شداری کردن تیایدا به‌ ئه‌رکێکی ئایینی ته‌واوی موسڵمانان ده‌زانێت له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیادا...

ئه‌م که‌ناڵه‌ زۆر له‌ سنوره‌کانی بڵاوکردنه‌وه‌و میدیاش ده‌شکێنێ تا راده‌ی ئه‌وه‌ی که‌ کچێکی هه‌رزه‌کاری میسری ته‌مه‌ن که‌متر له‌ 18 ساڵ له‌ یه‌کێک له‌ پرۆگرامه‌کانیدا سه‌باره‌ت به‌ جوله‌که‌ به‌م جۆره‌ بپه‌یڤێت ( من چاره‌ی جوله‌که‌م ناوێت چونکه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مویان به‌چکه‌ مه‌یمون و به‌رازن! ئه‌مه‌ وته‌ی خوداوه‌نده‌ )..

 بێژه‌ره‌ ئافره‌ته‌کان یان په‌چه‌ به‌سه‌رن یان به‌ته‌واوی خۆیان ده‌پێچنه‌وه‌، ئه‌و ئافره‌تانه‌ی که‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئایین  به‌ وته‌ی ئه‌وان ( رێگه‌ی راست ) چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا ساز ده‌کرێت، یاخود هه‌ر ده‌کرێن به‌ پێشکه‌ش که‌ری به‌رنامه‌یه‌ک.

له‌ چه‌ندین پرۆگرامی جیاوازدا بانگه‌وازی جیهاد و توندو تیژی ده‌کرێت تاڕاده‌ی ئه‌وه‌ی که‌ عادل ئه‌لقه‌رنی که‌ شێخێکی ئاینی سعودیه‌ له‌ یه‌کێک له‌ به‌رنامه‌کاندا به‌ ناوی ( رێبازی سه‌رکه‌وتن ) فه‌توای مل په‌ڕاند و سه‌رپانکردنه‌وه بدات.

پرۆگرامه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌م که‌ناڵه‌ وه‌ک ( له‌ رێبازی شه‌ریعه‌دا ) نوقڵانه‌ی ئه‌وه‌ لێ ده‌دات که‌ ئیسلام بکرێته‌ ئاینی زاڵ له‌ ته‌واوی دونیادا، وێرای ئه‌وه‌ش چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی جه‌نگ دژی جوله‌که‌و مه‌سیحیه‌ خاچ په‌رسته‌کان تاوتوێ ده‌کرێت

( بۆ ئه‌وه‌ی دیسان ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام زاڵ بێت ده‌بێت ئاینی ئسلام به‌ته‌واوی دنیادا بڵاوکرێته‌وه‌، جوله‌که‌و مه‌سیحیه‌کان ترۆرستی راسته‌قینه‌ن، ئێمه‌ په‌یامی خوداوه‌ندمان هه‌ڵگرتووه‌ که‌ ده‌بێت ئیسلام له‌ ته‌واوی دنیادا ده‌سه‌ڵاتدار بێت – خوداوه‌ند فه‌رمانمان پێ ده‌کات که‌ به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنان پێوسته‌ شمشێر به‌رز که‌ینه‌وه‌ ) ناو به‌ناوه‌ش له‌ کۆتایی پرۆگرامه‌کان و له‌ ناوبڕه‌کاندا دۆعاو نزای زۆر توند ره‌وانه‌ ده‌کرێت له‌وانه‌ش :

( خودایه‌ روی ئه‌و کافرانه‌ ره‌ش که‌یت و رووی ئێمه‌ی پوسڵمانیش سپی )

( خودایه‌ سه‌رمان خه‌یت به‌سه‌ر ئه‌و کافرانه‌دا)

له‌م که‌ناڵه‌دا به‌رنامه‌ی ئافره‌تانیش هه‌یه‌ که‌ رێبازی ئافره‌تی موسڵمان دیاری ده‌کات، ئافره‌تی موسڵمان پێوسته‌ به‌ ته‌واوی مل که‌چی مێرده‌که‌ی یان باوک و براکانی بێت، پێوسته‌ زیاتر بیر له‌ خزمه‌تی ناوماڵ و ئه‌وان بکاته‌وه‌.

پرسی ئازادیه‌کانی ئافره‌تیش له‌ ئه‌وروپا به‌ کۆمپلۆ ( پیلان ) ێکی خۆرئاوا دژی ئیسلام راڤه‌ ده‌کرێت له‌م باره‌وه‌ که‌ناڵی ناوبراو بانگه‌وازی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ نه‌که‌ونه‌ ئه‌م داوانه‌وه‌و هه‌رگیز ژن و ژن خوازی له‌گه‌ڵ که‌سانی ئه‌وروپیدا نه‌که‌ن چونکه‌ مه‌رجه‌کانی ره‌وشت و ئاکار له‌م باره‌دا بوونی نابێت..

ئه‌م که‌ناڵه‌ جه‌نگی له‌ دژی هه‌ندێک له‌و که‌ناڵانه‌ش راگه‌یاندووه‌ که‌ پرۆگرامی به‌د ڕه‌وشتی  وه‌ک ( برا گه‌وره‌- بگ برازه‌ر**) په‌خش ده‌که‌ن، ئه‌م پرۆگرامانه‌ له‌ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م که‌ناڵه‌دا دوژمنی ئیسلامن و به‌ شێوازێکی شه‌یتان ئاسا ده‌روونی عه‌ره‌به‌کان ژه‌هراوی ده‌که‌ن، ساڵی 2004 کاتێک که‌ له‌ به‌حره‌ین زنجیره‌یه‌کی له‌م جۆره‌ پرۆگرامه‌ له‌ ته‌له‌فیزۆنی ( ئێم بی سی ) پیشاندرا، ئه‌م که‌ناڵه‌ توڕه‌بونێکی زۆر ئاشکرای  به‌خۆوه‌ بینی، کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی که‌ شێخ یوسف قه‌رزاوی فه‌توایه‌ک دژی هه‌موو جۆره‌ پرۆگرامێکی ( بگ برازه‌ر ) ده‌ربکات ، له‌م فه‌توایه‌دا ئه‌و پرۆگرامانه‌ به‌ دوژمنێکی ترسناکی ئیسلام ناوزه‌د کراون، هه‌ر ئه‌م شێخ قه‌رزاویه‌ له‌ دنیای ئیسلامدا به‌  باوکی رۆحی کرده‌وه‌ خۆکوژیه‌کان ده‌ژمێردرێت....

( إقرأ) وه‌ک ‌ که‌ناڵێکی پروپاگه‌نده‌ی  وه‌هابیه‌کانی سعودیه‌ ده‌ناسرێت ، به‌پێ ی لێدوانی ( هانس یانسن ) مامۆستای ئیسلام ناسی له‌ زانکۆی ئوترێخت له‌ هۆڵاندا، ئه‌م ته‌وژمه‌ له‌ بیرو باوه‌ڕی وه‌هابی پشت ئه‌ستوره‌ به‌ ئه‌لگۆیه‌کی ناوچه‌یی توند ڕه‌و له‌ ئیسلام  که‌ رق و کینه‌ له‌ دژی به‌رامبه‌ره‌کانی بڵاو ده‌کاته‌وه‌... به‌پێ ی بۆچونی پرۆفیسۆری ناوبراو وانه‌ ئیسلامیه‌کانی سعودیه‌ که‌ پڕن له‌ وانه‌ی سه‌له‌فی ئیسلامی ته‌نها سه‌رچاوه‌ی خوێندنن له‌ قوتابخانه‌ ئیسلامیه‌کانی ئه‌وروپادا، به‌ به‌راورد کردنی ئه‌و وانانه‌ له‌گه‌ڵ وانه‌ی ئایینی  مه‌سیحیه‌ توند ره‌وه‌کان ئه‌وه‌ ده‌توانیین بڵێن که‌ ئه‌وانه‌ ( کو. کلوس . کلان*** ) یشیان تێ په‌ڕاندووه‌!

ده‌زگای زانیاری هۆڵاندا له‌م ره‌وشه‌ زۆر نیگه‌رانه‌، بڵاوبونه‌وه‌ی سه‌له‌فیه‌ت له‌ رێگای ئه‌نته‌رنێت و که‌ناڵی ئاسمانی وه‌ک

( إقرأ ) به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک ده‌زانێت بۆ تێکدانی مێشکی لاوان و لادانیان بۆ‌ سه‌ر رێبازی جیهادی و توندڕه‌وی یاخود هه‌روه‌ک پرۆفیسۆری ناوبراو ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ قورئان ده‌که‌نه‌ مۆڵه‌ت نامه‌یه‌ک بۆ   سه‌ربڕین و کوشتن!

وه‌زاره‌تی ناوخۆی هۆڵاندا له‌ پیلانی ئه‌وه‌دایه‌ که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتی ئاینده‌دا لێکۆلینه‌وه‌یه‌کی ورد سه‌باره‌ت به‌ که‌ناڵی رق و کینه‌ ( إقرأ ) ئه‌نجام بدات، پێشتریش که‌ناڵی ئاسمانی ( ئه‌لمه‌نار ) که‌ ته‌له‌فزیۆنی پارتی خودای لوبنانی بوو به‌هۆی کۆمپانیایه‌کی مانگی ده‌ستکردی هۆڵانداوه‌ پرۆگرامه‌کانی په‌خش ده‌کرا ده‌مکوت کراو داخرا. به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌م کاره‌ بۆ هۆڵاندا له‌گه‌ڵ که‌ناڵی رق و کینه‌دا گرانتر بێت چونکه‌ ئه‌م که‌ناڵه‌ به‌هۆی مانگی ده‌ستکردی بێگانه‌وه‌ به‌رنامه‌کانی خۆی ده‌وه‌شێنێت ، وێرای ئه‌وه‌ش له‌ رێگای ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ په‌خش ده‌کرێت. داخستنی ئه‌م که‌ناڵه‌ هاوکاری ته‌واوی ئه‌وده‌وڵه‌تانه‌ی ده‌وێت که‌ له‌ جه‌نگی دژ به‌ ترۆر هاوپه‌یمانن که‌واته‌ لێره‌دا ده‌بێت کۆمپانیای وه‌شاندن و هۆڵانداو سعودیه‌ پیکه‌وه‌ کاری بۆ بکه‌ن به‌ڵام ئایا له‌م باره‌وه‌ سعودیه‌ به‌ جدی هاوکاری ده‌کات؟؟؟

 

 

سه‌رچاوه‌ :

رۆژنامه‌ی ته‌له‌گرافی هۆڵاندی / 3-12-2005 / لاپه‌ره‌ 15

........................

* شێخ عومرو خالد له‌ دایک بوی ساڵی ( 1967 ) ه‌ له‌ شاری ئه‌سکه‌نده‌ریه‌ی میسر، خوێندنی باڵای له‌ میسر خوێندووه‌‌ ، بڕوانامه‌ی دکتۆرای له‌ زانکۆی ویڵزی به‌ریتانیا به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ر له‌ ته‌له‌فزیۆنی ( إقرأ ) له‌ چه‌ندین ته‌له‌فزیۆنی وه‌ک ئه‌لجه‌زیره‌و ئه‌ی ئار تی و ئه‌بو زه‌بی و قه‌ته‌ر و مه‌غریب ...هتد به‌رنامه‌ی هه‌بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوتارو وانه‌ ئاینیه‌کانی له‌ میسر ده‌بوونه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات، ئێستا زۆر رێگای پێ نادرێت و مافی نیشته‌ جێ بونی لوبنانیشی لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خۆی به‌ شێوه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی له‌ به‌ریتانیا ده‌ژی... ( وه‌رگێڕ)

** بگ برازه‌ر – برا گه‌وره‌ - جۆره‌ پرۆگرامێکی کات کوشتنه‌ که‌ هه‌ندێک که‌ناڵی ئاسمانی عه‌ره‌بی به‌ چاولێکه‌ری که‌ناڵه‌ بیانیه‌کان پێشکه‌شی ده‌که‌ن، له‌م پرۆگرامه‌دا چه‌ندین که‌سایه‌تی جیاواز که‌ ژماره‌یان 10 تا 12 که‌س ده‌بێت ده‌خرێنه‌ ماڵیکه‌وه‌ یان پاپۆڕێکه‌وه‌ یان جێگایه‌که‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سیان ئه‌وی دی بناسێت ناچارده‌کرێن که‌ پێکه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ک له‌و شوێنه‌ بژین، پاشان له‌ رێگای ده‌نگدان هه‌ر جاره‌ی دوو که‌س له‌ به‌شدار بووه‌کان ده‌رده‌کرێن، ئه‌وه‌ی تا دووا که‌س ده‌مێنێته‌وه‌  خه‌ڵاتێکی زۆر گه‌وره‌ ده‌کرێت... ( وه‌رگێڕ)

*** (کو کلوس کلان) رێكخراوێکی ئه‌مه‌ریکی ره‌گه‌ز په‌رسته‌ ،پاش جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مه‌ریکا، له‌ ساڵی 1867 دامه‌زرا ئامانجی سه‌ره‌کی باڵاده‌ست بوونی قژ زه‌رده‌کان و دژایه‌تی کردنی ره‌گه‌ز په‌رستی بوو له‌ دژی پێست ره‌شه‌کان

( وه‌رگێڕ)

 

           

02/09/2015