نائاسایی ئاسایی
سه‌ردار عه‌زیز بانگه‌شه‌یه‌کی وه‌ها که گوایه؛ ئاساییبوون نائاساییه، پێویستی به بیرلێکردنه‌وه‌ی جدی هه‌یه له سه‌ر چه‌ند ئاستێکی جودا. چه‌مکی ئاسایی به پێی کات وشوێن و کۆمه‌ڵگاو که‌لتوورو سیسته‌می سیاسی ماناکه‌ی ده‌گۆرێ. هه‌رده‌م هه‌ریه‌ک له پێکهاتانه له‌رێی ده‌زگاکانیه‌وه چیه‌تی ئاسایی روون ئه‌که‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگیره هه‌رده‌م ئاسایی بوون بوونی هه‌یه. ئه‌م بوونه له شێوازی داخوازیهکدا دێت، که هه‌رده‌م سه‌رچاوه‌که‌ی کۆمه‌ڵگا، سیسته‌می سیاسی یان که‌لتووره. که‌واته ئاسایی چه‌مکێک نیه له سروشتی مرۆڤه‌وه هه‌ڵقوڵی به‌ڵكو هه‌رده‌م له ده‌ره‌وه دێت. ئاسایی له شێوازی یاسا، رێتم، داب و نه‌رێت و ره‌وشتدا خۆی به‌یان ئه‌کات. یانی چی ئه‌گه‌ر که‌سێک ئاسایی بێت، ئه‌گه‌ر بپرسین. له وه‌ڵامدا ئه‌توانین بڵێین؛ که‌سی ئاسایی که‌سێکه که له یاسا و رێتم و دابونهرێتهکان لانادات، له ئه‌نجامدا گومان ناکات، پرسیارناکات، نارازیی نیه، هه‌رچۆنێک بارودۆخه‌که بگۆرێ ئه‌ویش هه‌وڵئه‌دات ئه‌وه‌ی لێی داوائه‌کرێت ئه‌نجامی دات، به کورتی که‌سی ئاسایی ئه‌و که‌سه‌یه که نایه‌وێ نائاسایی بێت. ئه‌م بوونه‌وه‌ره مایه‌ی مه‌ترسیه. له هه‌ره سیفه‌ته بنه‌ره‌تیه‌کانی ئه‌م که‌سه ئه‌وه‌یه که ئه‌زموونه‌کانی له بیرئه‌کات. ئه‌م له‌بیرکردنه به‌ساده‌یی رووبه‌رووی دوو قه‌یرانی گه‌وره‌مان ئه‌کاته‌وه؛ یه‌که‌م سود وه‌رنه‌گرتن له ئه‌زموون دووه‌م نه‌بوونی یاده‌وه‌ری. که‌سی ئاسایی له به‌ر ئاسایی بوونی پێویستی به ئه‌زموون و یادوه‌ری نیه، ئه‌و بۆ خۆی سه‌رتاپا ژیانی له هه‌موو بوارێک‌دا یاسا‌و دابونه‌رێت و رێتمهکان بۆیان روونکردوهتهو وه ئه‌و هیچ نیازێکی نیه بیانخاته ژێرگومانهوه یان لێیان لابدات. مانای چیه گه‌ر که‌سێک ئه‌زموونه‌کانی به‌کارنه‌هێنێ. هاننا ئارهندت به سود وه‌رگرتن له کانت ده‌پرسێ؛ چیه بابه‌تی بیرکردنه‌وه، له وه‌ڵامدا ئه‌ڵێ؛ ئه‌زموون، هیچی تر. به‌م پێیه، که‌سی ساده ئه‌و که‌سه‌یه که خاوه‌نی بیرکردنه‌وه نیه، که‌سێکه بێ-بیر. ئارندت، له میانه‌ی چاودێریکردنی بۆ دادگاکه‌ی ئانکمان له ئورشه‌لیم، ئه‌گاته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه که بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤێک کاری خراپ ئه‌نجامدات پێویست ناکات خاوه‌نی دڵێکی خراپ بێت، به‌ڵکو زۆر به سانایی ئه‌وه‌نده به‌سه که‌ئه‌و که‌سه بیرنه‌کاته‌وه. ئارندت ده‌ڵی؛ خراپه ره‌گی نیه، به‌ڵكو وه‌ک که‌روو به‌سه‌ر رووی شته‌کاندا بڵاو ئه‌بێته‌وه، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک کارێکی خراپ ئه‌نجامدات ئه‌وه‌نده به‌سه بیرنه‌کاته‌وه. هه‌ر ئه‌مه ئه‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که ته‌نها بیرکردنه‌وه ئه‌توانێ که‌سێک له خراپه‌کاری بپارێزێ. به‌ڵام بیرکردنه‌وه پێویستی به چوونه قووڵاییدا هه‌یه. بۆیه خراپه‌کاری ئاسانتره له بیرکردنه‌وه. ئه‌گه‌ر بپرسین بۆچی که‌سێک ئاساییه. ره‌نگه وه‌ڵامی زۆر جیاوازمان چنگ که‌وێت. ره‌نگه که‌سێک ئاسایی بێت به‌وه‌ی ئاسانه ئاسایی بیت، هیزی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئاینی و رامیاری هه‌رده‌م پال به که‌سه‌کانه‌وه ئه‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایی بن. که‌واته ئاسایی بوون بێ کێشه‌یه، هه‌رده‌م له هه‌ماهه‌نگی دایه له گه‌ڵ هێزه‌کاندا. بۆیه زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تی ئاسایی هه‌ڵبژێرێت جێی سه‌رسورمان نیه. له لایه‌کی تره‌وه که‌سی ئاسایی ره‌نگه ئه‌و که‌سه‌بێت که نازانێ که جۆرێ تر له پێکه‌وه ژیان بوونی هه‌یه. ئه‌م تێزه ئه‌مانباته ناوه‌ندێکی فه‌لسه‌فی که ناچارین بیر له دوو چه‌مک بکه‌ینه‌وه؛ یه‌که‌م ئیمپێریکاڵ دووه‌م نۆرمه‌تیڤ. ئیمپێریکاڵ به‌مانای ئه‌وه‌ی له واقیعدا هه‌یه، یان ئه‌وه‌ی که واقیعیه، له لایه‌کی تره‌وه نۆرماتیڤ به‌مانای ئه‌و شێوازهدێت که خواسته، به‌و مانایه له واقیعدا نیه. که‌واته ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێ کۆتوبه‌نده‌کانی ئاساییهتی بشکێنێ ده‌بێ خاوه‌نی خیتابێکی نۆرماتیڤ بێت، ده‌بێ له خه‌یاڵیا ئه‌لته‌رناتیڤ هه‌بێ. وێناکردن یان هه‌ڵگرتنی ئه‌لته‌رناتیڤێکی تر بۆ ئه‌و واقیعه‌ی که هه‌یه ئه‌رکێکی ئاسان نیه. هه‌بوونی خه‌یاڵی جۆرێکی تر له ژیان له گه‌ڵ خۆیدا داواکاریه‌ک دێنێته ئاراوه بۆ پیاده‌کردنی. ئه‌م داواکاریه مرۆڤ ئه‌خاته قه‌یرانه‌وه؛ یان ده‌بێ چالاک بێت یان گۆشه‌گیر.
که‌سی ئاسایی مه‌رج نیه که‌سێک خراپ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ترسناکه له که‌سی ئاسایی‌دا ئه‌وه‌یه که هیچ به‌رگرییه‌کی نیه دژ به خراپه، بۆیه که‌سی ئاسایی که‌سێکی ترسناکه. پریمۆ لیڤی، (ئه‌و نوسه‌ره ئیتالییه‌ی که ماوه‌یه‌ک له ژیانی له ئۆشڤایتز به سه‌ربرد) ده‌ڵێ؛ درنده بوونی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ژماره‌یان که‌مه جێی مه‌ترسی نین، ئه‌وه‌ی زیاتر جێی مه‌ترسیه که‌سی ئاساییه. که‌سی ئاسایی بێتوانایه له جیاکردنه‌وه‌ی چاکه له خراپه، ئه‌و ره‌دووی یاساکان ئه‌که‌وێ، چونکه ههودایی ژیانێکی ئاسان و ئاساییه. بۆیه ئه‌گه‌ر یاسای ده‌وڵه‌ت بۆ نموونه یاسایه‌کی خراپ بێت بۆ ئه‌و مایه‌ی نیگه‌رانی نیه، به‌ڵکو ئه‌و به‌وه به‌هانه بۆخۆی ده‌هێنێته‌وه که فه‌رمانه‌کان بهجێئههێنێت و چاودێری یاسا ئه‌کات. به‌ڵکو ره‌نگه ئاسایی بوونی نه‌یگه‌یه‌نێته ئه‌و ئاسته له بیرکردنه‌وه‌ش. مرۆڤی ئاسایی هه‌رده‌م مرۆڤێکه خاوه‌ن ئاین یان ئایده‌لۆژیا یان بیرورای گشتی. ئه‌م که‌سه خاوه‌نی ئه‌م دونیابینیانهیه نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی دونیایی پێببینێ یان پێی لێکداته‌وه به‌ڵكو به‌شێک له ئاسایی بوون بریتیه له بوون به به‌شێک له ده‌زگا، رێکخراو یان بیرورایه‌کی گه‌ورو یان بڵاو. قه‌یرانی گه‌وره‌ی ئه‌م مرۆڤه ئه‌وه‌یه که ژیانه ساده‌که‌ی به‌بێئاگایی خۆی به‌شێکه له تاوان. ئه‌و به بێده‌نگ بوونی، به ده‌ربرینی ره‌زامه‌ندی واز له ده‌سه‌ڵاتی خۆی ئه‌هێنێت و ده‌بێت به‌شێک له ئامێرێکی گه‌وره، که ره‌نگه حیزب بێت یان ده‌وڵه‌ت. که ئه‌و نایه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ، چونکه ده‌سه‌ڵات له ئاساییهتی ئه‌خات له ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ده‌چێته ده‌ست ئه‌وانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارن. ئه‌مرۆی کوردوستان؛ که له ساتهوهوختێکدا ئه‌ژی که خوازیاری ئه‌وه‌یه به‌ره‌و دیموکراسی بروات، مه‌ترسیه‌کی گه‌وره له سه‌ر نه‌هاتنه دی ئه‌و خواسته‌و شکستی ئه‌و پرۆژه‌یه هه‌یه. مه‌ترسی گه‌وره له ئاسایی بوونی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردوستانه‌وه دێت. مرۆڤی ئاسایی مرۆڤێکی دیموکراتخواز نیه. ئه‌گه‌ر دیموکراسی گه‌رانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت بۆ خه‌ڵك، ئه‌وا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بزانێ چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌ڵسوکه‌وتبکات پێویسته له ئاساییهتی بکه‌وێ. چونکه هه‌ر ئه‌فلاتۆنه‌وه ئه‌وه روونه که ده‌سه‌ڵات پیادهنابێ به‌بێ لێزانی و مه‌عریفه. ئه‌گه‌ر دیموکراسی داوا له تاکه‌کان بکات ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له کۆمه‌ڵگاکه‌یاندا پیاده‌که‌ن ئه‌وا، له ههمانکاتا داواکاریه ده‌رباره‌ی هه‌بوونی زانیاری ده‌رباره‌ی پێویستیه‌کانی خود، پێویستیه‌کانی کۆمه‌ڵگا، وه چۆنیتی هاوتهباکردنیان. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌کی ئه‌م هاوکێشه‌یه هاوسه‌نگه بێت، ئه‌وا بیرکردنه‌وه پێویسته. بیرکردنه‌وه له شێوه‌ی ئه‌و دایه‌لۆگه‌دا که له نێوان که‌سه‌که‌و خودی خۆ‌یا دێته ئاراوه؛ وه‌ک سوکرات ده‌ڵی ده‌کرێ خود هاورێ بێت. بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌نترۆپۆلۆژیانه له کۆمه‌ڵگایی کوردی ئه‌مانگه‌یه‌نێته هه‌ندێ ده‌رئه‌نجام که مایه‌ی خه‌من. تا ئێستاش تاکی کورد ده‌توانرێ زۆر به‌ئاسانی به هۆی خیتابێکی ئاگرینه‌وه بخرێته سه‌ر جۆشێک که ئاماده‌بێت بۆ کوردکوشتن. له‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی که بیرکردنه‌وه پێویسته؛ کورد ئاهه‌نگ ئه‌گێرێ. شه‌رو ئاهه‌نگ نیشانه‌ی نه‌بوونی توانای بیرکردنه‌وه‌یه. نیشانه‌ی شارستانی و مه‌ده‌نی نه‌بوونی که‌سه‌کان. ئه‌و دوو چه‌مکه پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا پێش سه‌ره‌تاییه‌کانن. چاوپیاخشانێکی خێرا به کۆمه‌ڵگا رهسپێشتهکانی ئه‌فریقا؛ ده‌بینین سه‌مای به‌رده‌وام و درندهیهتی له قهلاچوکردنی یه‌کترا دیاریترین سیمای ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌یه. کۆمه‌ڵگایی ئێمه‌ش زۆر به‌داخه‌وه به هه‌مان رێرهرودا ئه‌روا که ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه پاش نه‌مانی کۆلۆنیالیزم پیا تێپه‌رین؛ شهر، ئاهه‌نگ، گه‌نده‌ڵی، نه‌بوونی توانا بۆ پێکهێنانی حکومه‌تێک، به هه‌ڵه تێگه‌شتن له دیموکراسی، ره‌دووکه‌وتنی کاریزما، ئه‌مانه هه‌موو له وه‌ک چۆن له سیما دیاره‌کانی ووڵاتانی هه‌ژارو په‌ککه‌وته‌ی دونیای سێهه‌من، هه‌روه‌ها به‌شێکن له کۆمه‌ڵگای ئێمه. بۆ به‌رهه‌م هێنانی مرۆڤی ئاسایی پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆز‌و نائاسایی و به‌رده‌وام، هه‌رده‌م له ئارادایه. ئه‌م پرۆسه‌یه ئه‌رکی یه‌که‌می به ئاسایی‌کردنی رووداو به‌سه‌رهات و کاره‌کانه. چونکه ئه‌گه‌ر ئاسایی بێئاگایی بێ یان ته‌سلیم بوون بێت به‌وه‌ی که هه‌یه به‌بێ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ری ئه‌وا که‌سی ئاسایی بۆ ئه‌وه‌ی له خه‌وه‌که‌ی بهئاگانهیهت پێویسته به‌به‌رده‌وامی دیاریده‌و رووداوه‌کانی به‌جۆرێکی وه‌ها بۆ لێکبدرێته‌وه که ئاسایین. هه‌ر له‌م رووانگه‌یه‌وه لیڤیناس ئه‌رکی سه‌ره‌کی فه‌لسه‌فه له‌وه‌دا ئه‌بینێته‌وه که ئاسایی له ئاساییهتی بخات. چونکه له راستیدا هیچ شتێک یان رووداوێک ئاسایی نیه. ئه‌گه‌ر ئێمه خوازیاری ئه‌وه‌بین رێزمان بگیرێت، وه‌ک مرۆڤ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بکرێت، مافه‌کانمان بپارێزرێت، ئه‌وا ئه‌رکی ههنوکهییمانه ئاسایی به نائاسایی لێکده‌ینه‌وه. نه‌خۆمان ئاسایی بین نه برواش بکه‌ین که ئه‌وه‌ی رووئه‌دات ئاساییه. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا خۆمان خۆویستانه خۆمان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ئه‌به‌ین، ده‌بێ فێربین بیرکه‌ینه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی یاسا‌و رێتم و دابونهرێتهکانهوه، بیرکردنه‌وه به‌بێ هیچ رێگرێک، وه‌ک هانا ئاردنت ئه‌ڵێ.
|