ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق که بڕیاره په‌رله‌مانی عێراقی ده‌نگی له‌سه‌ر بدات، دۆکیومێنتێکی ئێجگار گرنگه بۆ دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ی به عێراق ناوده‌برێت و له‌وه‌ش به‌ده‌ر بۆ ته‌واوی ناوچه‌که. ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بده‌ین له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌شبینی و بێمانییهی نووسینی کوردی‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و ده‌ستوره بکه‌ین، ده‌توانین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه که ناونیشانی ئه‌م نووسینه ده‌یوروژێنێت.
بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌تێگه‌شتن دروست نه‌بێت پێویسته ئاماژه‌یه‌کی خێرا به‌و ڕه‌شبینی و بێماناییه بدرێت له نووسینی کوردی‌دا که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێدرا. که‌متر نیه له به‌دبه‌ختی کاتێک ده‌بینین نووسه‌ران دابه‌شی دوو سه‌نگه‌ری سه‌ره‌کی بوون، ئه‌جێندای نووسینیان دیارکراوه و کاریان پۆزش هێنانه‌وه‌یه بۆ گه‌مه چه‌په‌ڵه‌کانی حیزبه‌کانیان. ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سه‌نگه‌ره دیاریکراوانه یان هه‌ناسه‌یان له‌به‌ر بڕاوه، چونکه هه‌موو که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن له‌لایه‌ن نووسه‌رانی یه‌کێک له‌و دوو سه‌نگه‌ره‌وه قۆرخکراون، یان زۆر زارقهرهباڵغانه به ڕووی هه‌موو کرده‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا هه‌ڵده‌شاخێن، هه‌ندێك کات بێ بۆنه‌یه‌کی تایبه‌ت یان به‌بێ میتۆدێکی ئاشکرا له نووسینه‌کانیاندا له‌سه‌ر هه‌موو شتێک ووتنیان هه‌یه، ڕاستتر بڵێین جنێویان هه‌یه. بێگومان مه‌به‌ست له‌وه نیه که ده‌نگی ڕه‌خنه به‌رزنه‌کرێته‌وه، له به‌رپرسیارێکی حیزبی دز نه‌پێچرێته‌وه، یان به سه‌رکرده‌یه‌ک نه‌وترێت پێی خوار دانا، به‌لكو زیاتر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که نووسه‌ر ده‌بێت بزانێت چی ده‌ڵێت و چۆنی ده‌ڵێت.
لێره‌وه‌ڕا و به دوورکه‌وتنه‌وه له‌م دیارده‌یه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ڕه‌شنووسی ده‌ستووری عێراقی بڕوانین و وه‌ڵامی پرسه سه‌ره‌کیه‌که‌مان بده‌ینه‌وه: ئایا ده‌ستوری عێراق ئه‌و کاغه‌زه ده‌هێنێت که له‌سه‌ری نووسراوه؟ ئاشکرایه که ئه‌م ده‌ستوره ته‌نها ڕه‌شنووسه و هێشتا تهواوێش نه‌کراوه، به‌ڵام پاش به‌کۆتاهاتنی کۆبوونه‌وه‌کان ئه‌گه‌ر ده‌ستوره‌که خراپتر نه‌کرێت، ئه‌وا بێگومان باشتر ناکرێت. واتا له ئێستاوه تا ئه‌و کاته‌ی ده‌ستوره‌که ته‌واو ده‌کرێت هه‌ر گۆڕانکاریه‌کی تێیدا بکریت له به‌رژه‌وه‌ندی کورد نییه، چونکه وه‌ک ده‌زانین ڕه‌خنه‌ی عه‌ره‌بی سوونه زیاتر له مه‌سه‌له‌ی فیدراڵیه وه‌ک له هه‌ر به‌ندێکی تری ده‌ستوره‌که.
بۆ ئاسانکردنی کاری نووسه‌ر و خوێنه‌ری ئه‌م باسه هه‌وڵ ده‌ده‌ین که له به‌شه گرنگه‌کانی ده‌ستوره‌که بڕوانین. پێده‌چیت هه‌ندێکیان که په‌یوه‌ندیان به ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک کۆمار یان سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و به‌شانه گرنگ نه‌بن که په‌یوه‌ندیدارن به ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمه‌کانه‌وه هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه هه‌ندێک له به‌نده‌کانی ده‌ستوره‌که پشتگوێ ده‌خه‌ین.
سه‌ره‌تای ده‌ستوره‌که که به دیباجه ناسراوه و ده‌کرێت له کوردی‌دا پێشدهروازه به‌کار بێت، له ڕاستیدا ئه‌م پێشدهروازهیه گرنگیه‌کی یاسایی ئه‌وتۆی نیه، مه‌گه‌ر له ڕووی سیاسیه‌وه و وه‌ک شیعار گرنگی هه‌بێت. ئه‌وه‌ی پێشدهروازهی ئه‌م ده‌ستوره پێی هه‌ستاوه بریتیه له پێناسه‌کردنی چه‌مکی گه‌لی عێراق و ئاماژه‌دان به گرنگی و پێداویستی داڕشتی ده‌ستوره‌که، پاشان شیعارئامێزانه باس له وڵاتی نێوان دوو ڕووبار ده‌کات که لانکی شارستانیه‌کانه. ئه‌شێت بۆ سیاسیه‌کان و نووسه‌ران و کادیرانی حیزب ئاماژه‌دان به هه‌ڵه‌بجه و بارزان و ئه‌نفال گرنگیه‌کی زۆری هه‌بێت، به‌ڵام پێناچێت بۆ قوربانییه‌کی هه‌ر کام له‌و تاوانی جینۆسایدانه ئه‌و گرنگیه‌ی هه‌بێت، چونکه به پشت به‌ستن به‌و دیباجه‌یه ناتوانن داوای قه‌ره‌بووی ماڵی، مۆراڵی، یان سایکۆلۆجی بکه‌ن له حکومه‌ته‌کانی داهاتوو.
ده‌روازه‌ی یه‌که‌م له سیازده ماده پێکهاتوه و باس له پرینسیپڵه بنه‌ڕه‌تیه‌کان ده‌کات؛ که ئه‌وانیش بریتین له ناو و سیسته‌می حوکم له ده‌وڵه‌تی عێراقدا. له‌م به‌شه‌دا دوو کێشه‌ی سه‌ره‌کی هه‌یه که زۆربه‌مان ناچار به هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ده‌که‌ن. کێشه‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که بڕگه‌ی یه‌که‌م له ماده‌ی دوو ده‌ڵێت 'ئیسلام دینی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ته و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کییه بۆ یاسادانان'. ئه‌گه‌رچی دواتر ئاماژه به ئازادی ئایینه‌کانی دی ده‌دات، به‌ڵام ئه‌م بڕگه‌یه ئازادیه‌کی زۆر ده‌دات به په‌رله‌مان بۆ به‌کارهێنانی شه‌ریعه وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ یاسادان، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پیاوانی ئایین و لایه‌نگرانیان زۆرینه بوون له په‌رله‌ماندا، ئه‌وا ده‌ستیان ئاوه‌ڵا ده‌بێت بۆ به‌کارهێنانی ئیسلام وه‌ک ته‌نها سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی بۆ یاسادانان. هاوکات ده‌توانن هه‌موو ئه‌و یاسایانه ڕه‌تبکه‌نه‌وه که به پێچه‌وانه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ن، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش هه‌ر له هه‌مان بڕگه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه. جیاواز له یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت که ئیسلامی وه‌ک یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی یاسادانان ده‌ناساند، ئه‌م ده‌ستوره ئیسلام وه‌ک سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی یاسادانان ده‌ناسێنێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئاماژه به هیچ کام له سه‌رچاوه‌کانی تری یاسادانان نادات، به واتایه‌کی تر ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی تر هه‌بن بۆ یاسادانان ئه‌وا له به‌رامبه‌ر ئیسلامدا وه‌ک سه‌رچاوه‌ی نێوه‌ندی لێیان ده‌ڕوانرێت نه‌ک سه‌ره‌کی. کێشه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه که وێڕای ئه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کیی یاسادانانه و هیچ یاسایه‌ک نابێت ناکۆک بێت له‌گه‌ڵ نه‌گۆڕه‌کانی ئه‌حکامی ئیسلامدا، که‌چی هه‌ر بڕگه‌ی پاش ئه‌وه ده‌ڵێت نابێت هیج یاسایه‌ک له‌گه‌ڵ پرینسپڵه‌کانی دیموکراسیدا ناکۆک بێت و دوا بڕگه‌ش ده‌ڵێت هیچ یاسایه‌ک نابێت له‌گه‌ڵ ماف و ئازادیه بنه‌ڕه‌تیه‌کاندا ناکۆک بێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی دژواریهکی زمانه‌وانیه، کێشه و ته‌نگژه‌یه‌کی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ یاسادانه‌ران و دادوه‌ران. مه‌سه‌له‌ی پێکه‌وه گونجانی ئایین به گشتی و ئایینی ئیسلام به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ دیموکراسیدا، یه‌کێکه له‌و پرسه گرنگانه‌ی که تا ئێستاش بیریارانی فه‌لسه‌فه و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی به‌تایبه‌تی یان ده‌سه‌وسانن له هه‌مبه‌ریدا، یان وه‌ڵامێکی کۆنکرێتیان نیه بۆی. خوێنه‌ر مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی که له داڕێژه‌رانی ده‌ستور بپرسێت: که چۆن ئه‌حکامه نه‌گۆڕه‌کانی ئیسلام و پرینسپڵه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی دیموکراسی له هه‌مان پرۆسه‌ی یاساداناندا ده‌گونجێنن؟ یان هه‌ر به‌ڕاست مه‌به‌ست له کام ئه‌حکامی نه‌گۆڕی ئیسلامی و کام پرینسپڵی بنه‌ڕه‌تی دیموکراسیه؟ جێگه‌ی ئاماژه پێدانه که ماده‌ی حه‌وت له ده‌ستوری کاتی‌دا باسی له‌و ئه‌حکامه نه‌گۆڕانه ده‌کرد و له نێوان دوو که‌وانه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه دابوو که مه‌به‌ست له‌و ئه‌حکامانه‌ی ئایینه که (ڕێککه‌وتنیان له‌سه‌ره)، به‌ڵام ئه‌م ده‌ستوره پێده‌چێت به‌مه‌به‌ست ئه‌وه‌ی پشتگوێخستبێت. دواجار چۆن ماف و ئازادیه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ناو خودی ده‌ستور ده‌پارێزرێن و له پێشێلکردنی به‌رده‌وامدا نابن؟ چونکه ده‌کرێت یاسایه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئایینی دابڕێژرێت، وه‌لێ ناکۆک بێت له‌گه‌ڵ یه‌کێک له مافه ده‌ستوریه‌کان یان ئازادیه نبهڕهتیهکان. ئه‌م دیارده‌یه که ده‌رکه‌وت کێشه‌ی زۆری لێده‌که‌وێته‌وه و له کۆتاییدا ده‌سه‌ڵاتێکی زیاد له پێویست ده‌داته دادوه‌ران، که ئه‌مه له بنه‌ڕه‌تدا شتێکی خراپ نیه، به‌ڵام دادوه‌ران ئه‌و کات به پێی پابه‌ندیی و بیرکردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیان بڕیارده‌ده‌ن نه‌ک به‌پێی یاسا، و دواجار پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی دادوه‌ران به‌رپرسیارن له به‌جێگه‌یاندنی جێبه‌جێ ده‌کرێت. ده‌کرێت باشترین نمونه بۆ پیشاندانی ئه‌م دژواریه له ده‌ستوردا له نێوان مافه‌کان و یاسادانان به‌پێی شه‌ریعه بریتی بێت له؛ یاساکانی باری که‌سێتی که تا ئێستا پیاو مافی فره‌ژنی هه‌یه، له داهاتوشدا هه‌ر یاسایه‌ک له‌م بواره‌دا ده‌ربچێت هاوشێوه‌ی یاسا کۆنه‌کان ده‌بێت ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بێت. هاوکات له ده‌روازه‌ی دووه‌می ده‌ستوره‌که‌دا که تایبه‌ته به مافه‌کان، له ماده‌ی چوارده‌دا ده‌ڵێت "هه‌موو عێراقیه‌کان یه‌کسانن به‌بێ هه‌ڵاواردن له‌سه‌ر بنه‌مای سێکس، ڕه‌گه‌ز، نه‌ته‌وایه‌تی، بنه‌چه، ڕه‌نگ، ئایین، مه‌زهه‌ب، بیر و بۆچوون یان باری ئابووری یان کۆمه‌ڵایه‌تی." پرسیاره‌که لێره‌دایه ئه‌گه‌ر ئه‌م مافه مافێکی نامهرجداره و هه‌موو عێراقیه‌کان یه‌کسانن چۆن ده‌بێت پیاوێک مافی فره‌ژنی هه‌بێت، که‌ئه‌مه نایه‌کسانی و هه‌ڵاواردن ده‌رده‌خات له‌سه‌ر بنه‌مای سێکس.
ماده‌کانی سێ و چوار له ده‌روازه‌ی یه‌که‌م گرنگیه‌کی زۆری هه‌یه بۆ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد و میدیاکانیان، که بێگومان بۆ ماوه‌یه‌ک گوێ و دیده‌ی بیسته‌ر و بینه‌رانی که‌ناڵه ئاسمانیه‌کانیان پڕ ده‌که‌ن به‌وه‌ی که ئه‌م مادانه وه‌ک ده‌سکه‌وت بناسێنن. ماده‌ی سێ ده‌ڵێت عێراق ده‌وڵه‌تێکی فره‌نه‌ته‌وه، فره‌ئایین و فره‌مه‌زهه‌به، بۆ سه‌رسامی خوێنه‌ر هه‌ر له پشتی فاریزه‌که‌وه ئه‌م گووتنه به‌تاڵکراوه‌ته‌وه به گووتنێكی دی که ده‌ڵێت: عێراق به‌شێکه له جیهانی ئیسلامی. سه‌رسامی له‌وه‌دا نیه که عێراق وه‌ک به‌شێک له جیهانی ئیسلامی ده‌ژمێردرێت، به‌ڵکو له‌وه‌دایه که بۆچی داڕێژه‌رانی ده‌ستور له بڕگه‌یه‌کی تایبه‌تدا ئه‌م ڕاستییه‌یان ئاشکرا نه‌کردوه و هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و مادهیهدایه که ده‌ڵێت عێراق ده‌وڵه‌تێکی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌ئایینه؟ هه‌ر له ماده‌ی سێ‌دا بۆ دڵخۆشکردنی ناوبژیوانانی کورد ده‌ڵێت گه‌لی عه‌ره‌بی عێراق به‌شێکه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب. ئه‌م گووتنه ئاسمان و ڕێسمانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که کورد داوای ده‌کرد که بریتی بوو له‌وه‌ی به‌شه عه‌ره‌بییه‌که‌ی عێراق به‌شێکه له نیشتیمانی عه‌ره‌بی. ماده‌ی چوار که له‌چه‌ندین بڕگه پێکهاتوه باس له‌وه ده‌کات که هه‌ردوو زمانی کوردی و عه‌ره‌بی زمانی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌تن و ده‌بێت ڕۆژنامه‌یه‌ک به هه‌ردوو زمانه‌که ده‌ربچێت و له بواری په‌روه‌رده و له گشت دامه‌زراوه ڕه‌سمیه‌کاندا کاریان پێبکرێت. بێگومان به به‌راورد به ڕابووردو ئه‌مه ده‌سکه‌وتێکی گرنگ و ههنگاوێکی باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت بۆ بڵندکردنه‌وه‌ی زمانی کوردی بۆ ئاستی زمانی عه‌ره‌بی، بۆ سه‌پاندنی وه‌ک زمانێکی یه‌کسان نه‌ک زمانی دووه‌م، به‌ر له هه‌موو شتێک زۆرێک له سیاسیه‌کان که کوردی نازانن (لانی که‌م نازانن پێی بنووسن و بخوێننه‌وه) ده‌بێت فێری کوردی ببن، ئه‌وسا له هه‌موو ئاسته‌کاندا هه‌وڵ بدرێت که هه‌موو دۆکیومێنته ڕه‌سمیه‌کان به زمانی کوردیش له‌به‌رده‌ستدا بن. لایه‌نێکی زۆر گرنگ که له ده‌ستوردا فه‌رامۆش کراوه (نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته له نووسینێکی تردا له‌سه‌ر گرنگی ئه‌م لایه‌نه دواوه)، ئه‌وه‌یه که خودی ده‌ستور به زمانی کوردی هاوکات له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بیدا نه‌نووسراوه، ئه‌مه‌ش که‌مته‌رخه‌می و نه‌بوونی جیهانبینیه‌کی قووڵی نوێنه‌رانی کوردمان پێشان ده‌دات، یان ئه‌و ڕاستیه ده‌رده‌خه‌ن که ئه‌م سیاسه‌تمه‌دارانه به‌ڕاستی کوردی نازانن و به‌هه‌ندی ناگرن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقی به عه‌ره‌بی نووسراوه و هیج ئاماژه‌یه‌کیش نیه له خودی ده‌ستوردا که پێمانبڵێت وه‌رگێڕانی کوردی ئه‌و ده‌ستوره هه‌مان قورسایی یاسایی ده‌قه عه‌ره‌بییه‌که‌ی ده‌بێت. گرنگی نووسینی ده‌ستور له هه‌مان کاتدا به هه‌ردوو زمانی ڕه‌سمی دوو گرنگی سه‌ره‌کی ده‌بوو: یه‌که‌م بۆ مه‌به‌ستی ڕیفراندۆم، ئه‌گه‌رچی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ر ده‌بێت بکرێته کوردی، دووه‌م بۆ مه‌به‌ستی ڕاڤه‌کردنی ماده ده‌ستوریه‌کان له دادگاکانی کوردستاندا. وێڕای ئه‌م که‌موکوڕی و که‌لێنانه ماده‌ی چوار ههنگاوێکی باشه، به‌ڵام کارکردنی به‌رده‌وامی ده‌وێت به‌ر له هه‌موو که‌س له‌لایه‌ن خودی سیاسیه‌کانه‌وه. له کۆتاییدا به‌ڕاستی جێگه‌ی سه‌رسامییه ئه‌گه‌ر سیاسیه‌کانی کورد خۆشخه‌یاڵانه به‌م ده‌سکه‌وته دڵخۆش بن و داوا له هاوڵاتیان بکه‌ن که ستایشیان بکه‌ن! داخۆ به هزری کێدا بێت که زمانی کوردی له‌پاڵ زمانی عه‌ره‌بیدا له ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق به‌کارده‌برێت؟
ده‌روازه‌ی دووه‌می ده‌ستوره‌که باس له ماف و ئازادییه‌کان ده‌کات. بۆ خوێنه‌رێکی وریا که ده‌روازه‌ی یه‌که‌می ده‌ستوره‌که‌ی خوێندبێته‌وه، له‌وه تێده‌گات که هه‌موو ئه‌و ماف و ئازادییانه‌ی که له ده‌روازه‌ی دووه‌مدا هاتوون ئه‌سته‌مه حسابێکی ئه‌وتۆیان بۆ بکرێت و وه‌ک پێویست له‌به‌رچاو بگیرێن. هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا ئه‌م مافانه له ڕێگای ئه‌و یاسایانه‌وه پشێل ده‌کرێن که به پشت به‌ستن به شه‌ریعه دادهڕێژرین. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌م مافانه مافی بێمه‌رجن چۆن له ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی‌دا ده‌پارێزرێن؟ له وڵاتێک‌دا که سه‌هۆڵفرۆش ده‌کوژرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی پێغه‌بمه‌ری ئیسلام ئاوی بیری خواردۆته‌وه و سه‌هۆڵ فرۆشتن حه‌رامه! چۆن ئه‌و مافه مه‌ده‌نیی و سیاسیانه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی مه‌لا و پیاوانی ئایندا پێشێل ناکرێن؟ ئه‌و ماف و ئازادییانه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ی له خۆی گرتوون ئێجگار زۆرن و له گشت بواره جیاوازه‌کانی سیاسی، ئابوری، ئایینی، ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی..هتد، به‌ڵام ته‌نها داهاتوو ده‌توانێت ببێته دادوه‌ر و بڕیار له گرنگی و ڕاستگۆییان بدات، چونکه ئه‌و مافانه بێگومان پێشێل ده‌کرێن، به‌ڵام ته‌نها هاوڵاتیان و دادوه‌ری ئازا ده‌توانن ڕێگه له‌و پێشێلکاریانه بگرن. لێره‌دا ده‌روازه‌ی سێیه‌م پشتگوێ ده‌خه‌ین که باس له ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌ڕێوه‌بردن، یاسادانان و دادوه‌ری ده‌کات شێوازی هه‌ڵبژاردنیان ده‌ستنیشان ده‌کات. ده‌روازه‌ی چواره‌م ده‌ستنیشانی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی ده‌کات (له ده‌قه عه‌ره‌بییه‌که‌دا به ده‌سه‌ڵاتی ئیتیحادی هاتووه). له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی (نیشتیمانی) سه‌رپه‌رشتی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه و په‌یوه‌ندیه دیپلۆماسییه‌کان، گفتوگۆ کردن له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنامه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه. له‌مانه‌ش گرنگتر کێشانی نه‌خشه‌ی پاراستن و ئاسایشی ده‌ڵه‌ت و سه‌رپه‌رشتیکردن و به‌ڕێوه‌بردنی سوپایه. هه‌روه‌ها کێشانی نه‌خشه‌ی ئابوری و کۆکردنه‌وه و دابه‌شکردنی داهاته له ناوچه‌کانی وڵات، به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه نه‌وتی، گازی و ئاویه‌کانی هه‌موو وڵات ده‌که‌ونه چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکومه‌تی فیدراڵیه‌وه. جێگه‌ی ئاماژه پێدانه که هه‌ندێک ده‌سه‌ڵاتی ئابوری دراوه به هه‌رێمه‌کان وه‌ک به‌رهه‌مهێنان و به‌دوادا گه‌ڕانی سه‌رچاوه‌ی نه‌وت و گازی نوێ، به‌ڵام زۆرترین ده‌سه‌ڵات له بواری ئابوری نه‌وتیدا له ده‌ستی حکومه‌تی فیدراڵیدایه وه‌ک له حکومه‌ته هه‌رێمیه‌کان.
هه‌ر له ده‌روازه‌ی چواره‌مدا ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌ش له نێوان حکومه‌تی فیدراڵی و حکومه‌ته ناوچه‌ییه‌کاندا ده‌ستنیشانکراوه. له‌و ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شانه نه‌خشه‌کێشانی گومرک و چاودێریکردنی ژینگه و ئاوه‌دانکردنه‌وه، دابینکردن و به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌کانی کاره‌با. جیگه‌ی سه‌رسامیه که ته‌نانه‌ت پلاندانان له بواری په‌روه‌رده دهسهڵاێتێکی هاوبه‌شه له نێوان حکومه‌تی هه‌رێمه‌کان و حکومه‌تی فیدراڵ‌دا.
دوا ده‌روازه که ده‌روازه‌ی پێنجه‌مه، ده‌ستنیشانی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمه‌کان ده‌کات. هه‌موو هه‌رێمێک له پارێزگایه‌ک یان زیاتر پێکدیت، هه‌روه‌ها مافی دوو هه‌رێم یان زیاتره که یه‌کبگرن و هه‌رێمێکی گه‌وره‌تر دروست بکه‌ن. پارێزگاکانیش بۆیان هه‌یه که بچنه سه‌ر هه‌رێمێک یان هه‌رێمێکی نوی دروست بکه‌ن، به مه‌رجێك یه‌ک له سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا داواکاری ئه‌وه بکه‌ن، یان ده یه‌کی دانیشتوانی پارێزگا داواکاری ئه‌وه بکه‌ن. پاشان له ڕیفراندۆمدا هاوڵاتیان ده‌نگ ده‌ده‌ن له‌سه‌ری ئه‌گه‌ر زۆرینه له‌گه‌ڵ دروستکردنی هه‌رێمی بڕیاردراو بوون ئه‌وا بڕیاره‌که جێبه‌جێ ده‌کرێت.
له ده‌سه‌ڵاته تایبه‌ته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمه‌کان ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌ڕێوه‌بردن، یاسادان و دادوه‌ریه، به‌ڵام نابێت هیچ کام له‌و یاسایانه‌ی که حکومه‌تی هه‌رێمێک ده‌ری ده‌کات ناکۆک بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستور یان ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکومه‌تی فیدراڵیدا. له ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمه‌کان له ده‌سه‌ڵاتی پارێزگایه‌کی هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتی تێپه‌ڕناکات، لێره‌وه ده‌کرێت بڵێین که ئه‌م سیسته‌می فیدراڵیه نه زۆر پڕاوپڕه و نه گه‌ره‌نتی ده‌ستێوه‌رنه‌دان هه‌یه له کاروباری هه‌رێمه‌کان، چونکه ده‌ستوره‌که له‌م ڕووه‌وه پڕه له دژواری که ده‌کرێت له کاتێکی تردا ئاوڕی لێ بده‌ینه‌وه. بێگومان ده‌ستوره‌که به وردی ده‌ستنشانی سروشتی هه‌رێمه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانه‌کانیان ده‌کات به‌ڵام نه ئه‌وه‌نده گرنگن لێره‌دا له‌سه‌ریان بوه‌ستین، نه له ئاستی چاوه‌ڕوانیه‌کانی خه‌ڵکی کورد و به‌ڵێنه بریقه‌داره‌کانی سه‌رانی کوردایه.
له کۆتاییدا ناکرێت بڵێین ده‌ستوری عێراق هیچ لایه‌نێکی باشی تێدا نیه، وه‌لێ مه‌خابن لایه‌نه خراپ و تهمومژاویهکان ئێجگار زۆرترن و مژده‌ی داهاتویه‌کی گه‌شیان بۆ دانیشتوانی ئه‌و وڵاته پێنیه. له‌سه‌ره‌وه باسمان له‌وه کرد که دژواری زۆر له ده‌ستوردا هه‌یه، به تایبه‌تی له نێوان سه‌رچاوه‌کانی یاساداناندا، که پێده‌چێت ئیسلام سه‌ره‌کیترینیان بێت و ئه‌وانی تر له ژێر سێبه‌ری سه‌نگینی ئه‌ودا هه‌ناسه‌یان بۆ نه‌درێت. دواجار هه‌موو ئه‌مانه ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی که هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه و نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل ده‌که‌ن له په‌رله‌ماندا، ئاماژه‌کان له عێراقه‌وه پێمانده‌ڵێن که ئیسلامییه‌کان گه‌وره‌ترین جه‌ماوه‌ریان هه‌یه و یاساکانیش له داهاتودا به پێی جیهانبینی و خولیاکانی ئه‌وان داده‌ڕێژرێن. ئه‌مه ئه‌گه‌ر هێزه نه‌یاره‌کان و عه‌ره‌بی سوونه لایه‌نه‌کانی تر په‌لکێشی شه‌ڕێکی خوێناوی نه‌که‌ن. هه‌ر بۆیه وه‌ک یاساناسێکی ئه‌مریکی له‌سه‌ر ده‌ستوری نه‌نوسراوی به‌ریتانیا ده‌ڵێت "ده‌ستوری به‌ریتانی ئه‌و کاغه‌زه ناهێنێت که له‌سه‌ری نه‌نوسراوه"، ئێمه‌ش وه‌ک کورد و وه‌ک مرۆڤی ئازادیخواز ده‌توانیین به ئاسوده‌ییه‌کی سیخناخ به تاڵی بڵێین "ده‌ستوری عێراق ئه‌و کاغه‌زه ناهێنێت که له‌سه‌ری نووسراوه".
24/08/05 ئۆکسفۆرد
|