ترس له‌ ڕاستی

گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی

 

له‌ کن کۆمه‌ڵگا شارستانی و پێشکه‌وتووه‌کان میدیا به‌ هه‌موو چڵه‌کانیه‌وه‌ پێگه‌یه‌کی گرنگ وکاریگه‌ری هه‌یه‌و له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی ئازاددا ڕۆڵی خۆی وازی ده‌کات. چ ده‌سه‌ڵاتداران وچ هاووڵاتیانێش ڕێز له‌ کارو ماندووبوونی ڕۆژنامه‌نووسان ده‌گرن.قه‌یرێکه‌ له‌ هه‌نده‌ران ده‌ژیم تا ئێستا نه‌مبیستووه‌و نه‌م خوێندوه‌ته‌وه‌ که‌ وه‌زیرێک یا به‌ر پرسێکی حیزبی یا ئیداری به‌هۆی ڕاپرسیه‌وه‌ سکاڵای دژی ڕۆژنامه‌نووسێک تۆمارکردبێت. ڕوویداوه‌‌ هه‌ندێک جار ڕۆژنامه‌نووسان هه‌واڵی نادرووستیان له‌ مه‌ڕ فڵانه‌ وه‌زیر یا فڵانه‌ لێپرسراوی حیزبی بڵاو کردوه‌ته‌وه‌ ،ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار دوورتریش ڕۆشتوون و مداخه‌له‌ی ژیانی تایبه‌تی ئه‌و جۆره‌ که‌سایه‌تیانه‌یان کردوه‌،که‌چی له‌و حاڵه‌تانه‌شدا به‌ده‌گمه‌ن په‌نا بۆ دادگا براوه‌.

سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگا شارستانیه‌کان له‌مێژه‌ ده‌رکیان به‌و حه‌قیقه‌ته‌‌کردووه‌ که‌ده‌ڵیت بوونی میدیای ئازادو ڕاستبێژو کاریگه‌ر ده‌لاله‌ته‌ له پته‌وکردنی کۆڵه‌که‌کانی بونیادنانی شارستانیه‌ت وپێشڤه‌چوونی.

هه‌ربۆیه‌ش ده‌بینین میدیا دوورله‌ گووشارو ده‌ستتێوه‌ردان وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م به‌ئه‌رکی خۆی هه‌ڵده‌ستێت و نه‌خشی خۆی له‌سه‌ر ڕووداوه‌کان هه‌یه‌ و له‌هه‌موو کایه‌کانی کۆمه‌ڵگادا بی مه‌رایی بۆ هیچ ده‌سه‌ڵات وبه‌رپرسێکێش قسه‌ی خۆی ده‌کات. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌له‌ واقیعیشدا ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بێت.

له‌کن ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی دکه‌ن و وای نیشانده‌ده‌ن که‌ ته‌نها چه‌ند شه‌قاوێکمان ماوه‌ بگه‌ین به‌دووا قۆناغه‌کانی و بچینه‌ ڕیزی وڵاتانی سویسراو سویدو دانیمارک و تاده‌وه‌.

لێ له‌ ڕاستیدا کوردستانی ئێمه‌ نه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌می به‌ره‌و شارستانیه‌ت نه‌ناوه‌، به‌ڵکو بۆ پاشه‌وه‌ش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.خۆ گه‌ر که‌سێکیش بڕوا به‌ بۆچوونه‌که‌م ناکات با به‌راوردێک له‌ نێوان ئه‌مڕوی کوردستان و سه‌رده‌می هه‌فتاکاندا بکات ئه‌وجا ڕاستی بۆ ده‌رده‌که‌وێت.

ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ئه‌وه‌بزانن که‌ یه‌کێک له‌ بنه‌ماکانی پێکهێنانی کۆمه‌ڵگای پێشکه‌وتوو به‌رجه‌سته‌بوونی ڕۆڵی میدیایه له‌ کایه‌کانی ژیاند‌. خۆ گه‌ر ئه‌وه‌بوونی نه‌بووئیدی هه‌رقسه‌کرنێک له‌وباره‌وه‌ خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵکییه‌.

ئه‌سته‌مه‌ وڵاتیک له‌ سایه‌ی میدیایه‌کی کۆنترۆڵکراو له‌ قه‌فه‌س نراودا گه‌شه‌بکات، تێیدا ڕۆژنامه‌نووسانیش نه‌وێرن به‌ ئاره‌زووی خۆیان خامه‌کانیان ببزوێنن.

له‌و وڵاتانه‌ی که‌ هه‌نگاوی مه‌زنیان له‌ بواری دیموکراتی وپێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا هاویشتووه‌ یه‌ک جۆر ڕۆژنامه‌نووس هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌یه‌ که‌ به‌بێ سڵکردنه‌وه‌ وترس له‌ سزادان ده‌نووسێت.

لێ لای ئێمه‌ دووجۆر ڕۆژنامه‌نووس هه‌یه‌، چه‌شنێکیان ئه‌وانه‌ن که‌ به‌شێکن له‌ پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات و پیشه‌یان کارکردنه‌ بۆ ڕاستکردنه‌وه‌و جوانکردنی کاره‌چه‌وته‌کانی ده‌سه‌ڵات. به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدانان بۆ پۆشینی ناڕاستیه‌کان و دژایه‌تی کردنی ده‌نگی ڕه‌خنه‌ له‌هه‌رلایه‌که‌وه‌بیت، تاده‌گاته‌تۆمه‌تبارکردنی هه‌ندێکیان به‌ گێره‌شێوێن.

جۆره‌که‌ی دیکه‌ ئه‌وانه‌ن که‌ شته‌کان به‌ چاوی ڕاستی ده‌بینن و به‌ بێ ئارایشت وه‌ک خۆی به‌ هاووڵاتیانی ده‌گه‌یه‌نن. بێگومان ئه‌م جۆره‌ ڕۆژنامه‌ نووسانه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حیزبی و ئیداریه‌وه‌ خۆشه‌ویست نین، هه‌ر بۆیه‌ به‌رده‌وام زۆر له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ پاش نووسینی بابه‌تیکی هه‌ستیار وه‌ک ئاشکراکردنی گه‌نده‌ڵی وه‌زاره‌تێک یا ده‌زگایه‌کی میری چاوه‌ڕێ ده‌کات له‌ به‌ندیخانه‌ی محه‌ته‌ یا به‌ندیحانه‌ی سه‌رای سلیمانی خۆی ببینێته‌وه‌.

ئه‌و کاره‌ی مووسا ئه‌حمه‌د و ئاکۆ محه‌مه‌د پێی هه‌ستان ته‌واو کارێکی مۆدرێن وشارستانیه‌، له‌ مێژه‌ له‌ ئه‌وروپا له‌وجۆره‌ ڕاپرسیانه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ ڕاپرسیه‌کان وه‌ به‌ هاوکاری‌ ڕۆژنامه‌کان ئه‌نجام ده‌دریت، که‌ په‌یوه‌ندی به‌ زۆر له‌ لایه‌نه‌کانی ژیانی هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت زۆر له‌ وه‌زاره‌ت و داموده‌زگا حکومی و خزمه‌تگۆزاریه‌کانیش بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ندێک له‌ کاره‌کانیان پشت به‌ ئاماری ئه‌و جۆره‌ ڕاپرسیانه‌ ده‌به‌ستن.

وه‌لێ کاره‌که‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ خۆیان پڕوپاگه‌نده‌ی به‌رده‌وامی بۆ ده‌که‌ن ئه‌ویش بونیادنانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه‌.

دیاره‌ ئه‌وان بۆخۆیان پێیان خۆشه‌ له‌ سه‌ر شاشه‌و له‌ کۆڕو سه‌میناره‌کاندا باسی کۆمه‌ڵگای ته‌ندروست و شارستانی بکه‌ن، لێ ده‌مێک که‌سانێکی دیکه‌ ده‌خوازن به‌و ئاراسته‌یه‌ کاربکه‌ن سزاده‌درێن.

ئه‌وه‌ی ئاکۆو مووسا ئه‌نجامیان داوه‌ ئاشکراکردنی ڕاستیه‌کی گومان هه‌ڵنه‌گره ‌که‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌رکه‌کانی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ هه‌یه‌. دیاره‌ وه‌زیری ناوخۆش به‌ گووتنی ڕاستی سه‌غڵه‌ت ده‌بێت . جابه‌ بۆچوونی وه‌زیر گونجاوترین‌ چاره‌سه‌ر بۆ خراپی وه‌زاره‌ته‌که‌ی و هێوربوونه‌وه‌ی سه‌غڵه‌تیه‌که‌ی زیندانیکردنی ئه‌و دووتاوانباره‌یه.