له‌ته‌نیشتم دامه‌نیشه‌ جائیز نیه‌ !  

 

          

عه‌باس هه‌مزه‌ باڵه‌ک
به‌رلین
abas.n@web.de

 

ئه‌گه‌ر  نوشته‌ نوس و    دوعا گۆو   سه‌یدو مه‌لاو  شێخه‌کانی  ناو په‌رله‌مانی کوردستان یه‌ک بگرن ویه‌ک ئاراسته‌ی سیاسیان هه‌بێت ،ئه‌وا بێگومان به‌ هێزترین  فراکسیۆنی ناو ئه‌و په‌رله‌مانه‌ ده‌بن.........  .

به‌بۆچوونی  من هیچ جیاوازیه‌ک نیه‌ له‌ نێوان ئه‌و مامۆستایه‌ی  که‌ ڕێگا  به‌  ئافره‌تێکی سفور نادات    له‌ دانیشتنی     په‌رله‌مان که‌ له‌ ته‌نیشتی دابنیشێت له‌ گه‌ڵ ئه‌ بوو مه‌سعه‌بی زه‌رقاوی دا ، تاکه‌ جیاوازیه‌ک که‌ هه‌یانه‌ زه‌رقاوی له‌به‌ره‌یه‌ک ده‌جه‌نگێ و ئه‌ویان له‌ په‌رله‌ماندا .ئاخر ده‌بێ  جیاوازی نێوان ئه‌و شێوه‌ په‌رله‌مانه‌ و  دیوه‌خان چ بێت !!!! تاکه‌ جیاوازیه‌ک  که‌ من ده‌ی بینم ،ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان قۆریه‌و چادان و سه‌ماواری لێ نیه‌ ئه‌گه‌رنا که‌سه‌کان  هه‌ر هه‌مان که‌سایه‌تی نێو دیوه‌خانن.

ئه‌و مه‌لایه‌ی که‌ لێ ناگه‌ڕێ  ژنێک له‌ کنی دابنیشێت، واته‌ هه‌رگیز بڕوای به‌ماف ویه‌کسانی و داخوازیه‌کانی ژن نیه ‌وهه‌رگیز ناتوانێت به‌ چاوی بنیاده‌م سه‌یری ژن بکات،،،،جا وه‌ره‌و ده‌بێ چۆن له‌ماف و‌ داخوازیه‌کانی  گه‌ل بروانێت ده‌بێ تا چ راده‌یه‌ک له‌ گه‌ڵ دونیای نوێدا ته‌فاعول بکات و بڕوای به‌ژیانی هاوچه‌رخ وسه‌رده‌میانه‌ بێت . ئه‌و ڕوداوه‌ ئه‌گه‌ر به‌چاوی دیقه‌ت سه‌یر بکرێت ده‌کرێ به‌مه‌ترسی دارترین زه‌نگی ئاگادار کرنه‌وه‌ی دابنێین ،ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌ به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان هه‌رس بکرێت ، ئه‌وا  ده‌بێ له‌ داهاتویێکی نزیکدا ده‌سه‌ڵات  و په‌رله‌مانه‌که‌شی ته‌سلیم  به‌  بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی کوردی بکات .

په‌رله‌مان بڵنترین پێگه‌ی  ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیدا ،جا ئه‌گه‌ر له‌ ناو کۆشکی په‌رله‌مان په‌رله‌مانتێرێکی ژن نه‌توانێت شوێنی دانیشتنی خۆی به‌ ئاره‌زوی خۆی هه‌ڵبژێرێت له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ری ڕوته‌ و دا نه‌پۆشراوه‌ ،ده‌بێ تا چه‌ند بڕیارو فرمانه‌ سیاسیه‌کانی په‌رله‌مانتێر  مه‌ودا بڕ بکه‌ن.ئه‌گه‌ر  ‌کاکی په‌رله‌مانتێری  موسڵمان بڕوای به‌دانیشتنی ژن و پیاو له‌ ته‌ک یه‌کدا نه‌بێت ،ئه‌رێ چۆن بڕوابه‌ خۆی دێنێت ،که‌ ده‌بێ له‌گه‌ڵ کلدو ئاشوری ی هه‌موو مرۆفه‌ ناموسوڵمانکانی تر  به‌ ته‌بایی بژیت.

کاره‌ساتی په‌رله‌مانی کوردوستان له‌ وه‌دایه‌ که‌ نزیکه‌ی له‌ %50  په‌رله‌مانتێره‌کان  نه‌خوێنده‌وارو بێ‌ سه‌وادن ،  له‌وه‌ش وێرانتر به‌ ڵکوله‌ نێو خوێنده‌واره‌کانیشدا   هه‌یه  له‌ هه‌موو ژیانی رابردویدا لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌کی نه‌خوێندۆته‌وه‌و ... نه‌ ئێستا ئاماده‌گی ئاوێته‌ بوونی دونیای ئه‌مڕۆی تێدایه‌ و نه‌بۆ داهاتوش هیچ پرۆژه‌یه‌کی پێی یه .‌‌له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردوستان وه‌ک زۆربه‌ی په‌رله‌مانه‌کانی جیهانی سێیه‌م بێ ئۆپۆزسیۆنه بۆیه‌هه‌میشه‌ کێشه‌ی له‌و بابه‌ته‌ی لێ ڕووده‌دا ، ئه‌گه‌ر فراکسێۆ نه‌کان کورسی و شوێنی دانیشتنی هه‌میشه‌ییان دیار بێت پێویست به‌وه‌ ناکا به‌ دین و بێ دین له‌ سه‌ر شوێنی دانيشتن به‌ شه‌ڕ‌ بێن .

من ئومێدو هیوای چیم به‌ په‌رله‌مانک هه‌بێت کاتێک ئه‌ندامه‌کانی له‌ جیاتی گفتوو گۆو جه‌ده‌لی سیاسی پرخه‌ی خه‌ویان بێت ..لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارو به‌ر پرس له‌وبواره‌ ده‌توانن به‌شێوازێکی تر پاداشتی که‌سایه‌تیه‌ شۆرشگێرو ماندوبوه‌کانی خه‌باتی کوردایه‌تی بده‌نه‌وه‌و ماندوبونیان به‌رز رابگیرێت .به‌ڵام نه‌ک له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی داهاتوی نه‌ته‌وه‌یه‌ک پاداشت بکرێن که‌ ئه‌ويش په‌رله‌مانی کوردستانه‌.