چه‌ند په‌ڵه‌یه‌كی تۆماو
ئه‌حمه‌دی مه‌لا
(ئه‌م ده‌قه ده‌بوایه پێش چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك بنووسرابایه)
ئه‌و چه‌ند دڵۆپه تۆماوه‌ی كه رژابووه سه‌ر لایه‌كی مه‌مكی، ئه‌م به زمان لێسییه‌وه و سه‌ری به‌ره‌و ئاسمان به‌رزكرده‌وه و جارێكی دیش نووشتایه‌وه. ئه‌مه دواجار بوو كه بنووشتێته‌وه! له‌و ساته‌ی كه ده‌روازه زله‌كه‌یان لێ كرده‌وه و حه‌شاماتێك له‌مبه‌ر و ئه‌و به‌ری ده‌روازه‌كه شاگه‌شگه‌بوون به بینینی و په‌رده ئاڵه‌كه‌یان لادا و وه‌كو شاهه‌نشایه‌ك چمكی عه‌باكه‌ی به ئه‌نگووسته‌كانی لادا و كه‌مێ له خۆ بایی، چووه ژووره‌وه.
ژووره‌وه‌ی چی! حه‌فتا و حه‌فت حووری نه‌گه‌چراو له سه‌ر دۆشه‌كه نه‌رمه‌كان چاوه‌ڕێیان ده‌كرد. هه‌ر یه‌كه و له ره‌گه‌زێ، هه‌ر یه‌كه‌و له تامێ. له نێوان دۆشه‌ك و دۆشه‌كێ جۆگه‌له تێده‌په‌ڕین و گه‌ڵا پانه‌كانیش هێشووه سێبه‌ریان گرتبوو. دڵی هه‌نده خۆش بوو، كه‌مێ مه‌ست ببوو. مه‌ستی تینوویه‌كی ئه‌زه‌لی. به ته‌نها هی ئه‌و نه‌بوو به‌ڵكو هی باوباپیران بوو. له چه‌ند بارێك، هه‌ست ده‌كرا خه‌و‌نی شێداری نه‌وه‌كان دێنێته‌دی. دڵی به‌وه خۆش بوو كه فڕێو نه‌دراوه. به‌ڵكو سه‌ری خستۆته نێو ئه‌و دوو مه‌مكه زله و خه‌ریكه له گه‌ڵ ره‌حه‌تبوون شێت ده‌بێ!
لێوه ئه‌ستووره‌كانی كه چه‌ند گه‌نده‌موویه‌ك تێكه‌ڵی ریش و سمێڵه موو نه‌رمه‌كه‌ی ببوون قه‌ت ده‌می گوێزانیان به‌رنه‌كه‌وتبوو. له هه‌ندێ لاوه به ئاسته‌م لوولیان خواردبوو و تۆماوه لینجه‌كه‌ش چه‌ند لایه‌كی هێنابووه بریقه و به سه‌ریه‌وه وه‌خت بوو هیشكه‌وه ده‌بوون.
خۆشی به ته‌واوی نه‌یده‌زانی له كوێیه. زه‌مه‌ن ده‌مێك بوو به ته‌واوی سڕابووه و هه‌ستی ده‌كرد له‌شی سووك بووه و وه‌خته له كۆڵ ئه‌و رۆحه قورسه‌ی بێته‌وه. به‌هه‌ر حاڵ زۆر وه‌ختی به ده‌سته‌وه نه‌ماوه!
چاوه‌كانی زه‌ق، سه‌یری پێشخۆی ده‌كه‌ن و هه‌ردوو ده‌ستیشی له سه‌ر سووكانه‌كه‌یه و هیچ نابینێ. سه‌یری ئه‌ملاوئه‌ولا ناكات، له هه‌ندێ باردا هه‌ست به وجوودی خۆشی ناكات. ئه‌م له نێو ئه‌به‌ده‌ییه‌ت دا ده‌ژێت : واته ئاوێزانی هیچ بووه. هه‌ر ئه‌و هیچه‌یه كه به ته‌وای له‌شی به‌كرێ گرتووه و ئیتر خۆی خاوه‌نی خۆی نییه. ملكه‌چه.
ملكه‌چی مێژووه. یا راستر ملكه‌چی هه‌موو زه‌مه‌نه‌كانه. ملكه‌چی بابوباپیرانێتێ. خۆی ته‌سلیمی ده‌ستی یه‌قین كردووه و خۆی خاوه‌نی خۆی نییه. سه‌یری راست و چه‌پی خۆی ناكات. وه‌كو بڵێی سووكانه‌كه به چرێشێكی لینج و قایم لكاوه‌ته ناوله‌پی و هه‌ر ده په‌نجه‌كانیشی نووساونه‌ته سووكانه‌كه و به‌ره و پێشه‌وه به خێراییه‌كی ته‌واو ده‌یه‌وێ له نا زه‌مه‌نه‌وه به‌ره‌و دڵی خه‌ونه‌كانی شۆڕ بێته‌وه. خه‌وتووه و به ئاگایه.
خه‌وتووه چونكه لێره نییه، به ئاگایه چونكه لێره‌یه. ئه‌م دووفاقه‌یه‌یه كه جه‌سته‌ی قه‌پاندووه. ناسنامه و ره‌گه‌ز و ره‌نگ و زمان هه‌ر هه‌مووی سڕاونه‌ته‌وه. ئه‌و بۆته یه‌كێ له فرزه‌نده‌كانی مێژوو! ئه‌و كوڕی باوكی خۆی نییه، به‌ڵكو كوڕی داهاتووه. یا راستر كوڕی رابردووه. ئه‌م لێكدانه‌وانه مێشكی به هیچ شێوه‌یه‌ك داگیر نه‌كردووه. ئه‌وه‌ی گرینگه بڕاوی به مردن نه‌ماوه. چونكه مردن ته‌نها هه‌ر ده‌رگایه‌كه بۆ تێپه‌ڕین و هیچی تر. به‌های ژیان و مردن له‌م هاوكێشه‌یه ده‌كه‌نه هیچ. ئه‌و بڕاوی ته‌نها به شته ئه‌زه‌لییه‌كانه.
ئه‌مبه‌ری ده‌رگاكه حه‌شامات و قه‌ڵه‌با‌ڵغییه و خێرایی ئووتومبێله‌كه‌ش رفاندوێتی. ئه‌و به‌ری ده‌رگاكه‌ش ده‌روازه‌یه‌كه و خه‌ڵكێكی زۆر هاتوونه‌ته پێشوازی و ده‌یبه‌نه ئه‌وێ. ته‌نها هه‌ر تاڵه موویه‌ك ئێره له‌وێ جیا ده‌كاته‌وه.
نزیك بووه‌وه! له چی نزیكبووه‌وه؟
له مه‌رگ یا له ژیان!
ئه‌وه‌ی جێی گومان نییه له مه‌رگی ده‌یان، به‌ڵكو له هی سه‌دان نزیك ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و ئه‌م پرسیاره له خۆی ناكات به‌ڵكو پرسیار ناكات. ئه‌و شه‌پۆڵی یه‌قین ده‌یهاژوێ. ئه‌وه‌ی سه‌ر شه‌پۆڵی یه‌قین كه‌وتبێ ته‌نها به‌ره‌و مه‌رگ هه‌نگاو ده‌نێ.
عه‌بایه‌كی ره‌ش، یه‌كجار ره‌ش دیمه‌نه‌كه‌ی سڕییه‌وه. نه‌ده‌زانرا له كوێی زه‌مه‌نه‌كانه‌وه هاتبوو. عه‌بایه‌كی ره‌ش له سه‌ر به‌یداغی یه‌قین ده‌شه‌كایه‌وه !!!
|
04/07/2007 |