سه‌رانی کورد به ڕدێنی خه‌ڵکی کورد ده‌خه‌نن
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سه‌رانی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی باشووری کوردستان، وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان هه‌ر کارێکی ده‌یکه‌ن، له ئهسفهڵتکردنی جاده‌یه‌کی چه‌ندسه‌د میترییه‌وه تا ده‌گاته بناخه‌دانانی سیخوڕخانه و زیندانیش، به نێوی هه‌واڵی خۆش و مزگێنییه‌وه به خه‌ڵکی کوردستانی ڕاده‌گه‌یه‌نن. پێکهاتنی سه‌رکرده‌یه‌تیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، له سه‌ر یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو کارگێڕییه‌کانیان (هه‌ولێر و سلێمانی)، له زاری سه‌رانی پارتیی و یه‌کیه‌تییه‌وه ڕاگه‌یه‌ندرا و بهتهمایشن وه‌ک جه‌ژنانه‌ی جه‌ژنی قوربان، به خه‌ڵکی کوردستانی پێشکه‌ش بکه‌ن! سه‌رکرده‌یه‌تییه سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان، که به کرده‌وه له 1964ه‌وه تا ئه‌وڕۆ، دوو سهرکردهیهتین و وه‌ک دوو فێرگه و ئایدیۆلۆژیا، به نێو هه‌رچی بوون و هه‌رچی شته له کوردستاندا، ڕۆ چوونه‌ته نێو درشت و وردی ته‌واوی شته‌کانه‌وه و مێشکی مرۆڤی کوردیان کردووه‌ته دوو که‌رته‌وه و برایان کردووه‌ته نه‌یاری برا و یه‌ک به‌ره‌بابیان به سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌یه‌کدا به‌شیوه‌ته‌وه و نه‌وه له دوای نه‌وه‌یان، به سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دیکه و نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ولا، پیگهیاندووه و بارهێناوه و په‌روه‌رده کردووه، که به‌شه‌ڕ هاتوون، ویستوویانه ته‌واوی کورد لاگری خۆیان بێت و چه‌پڵه‌یان بۆ لێدات و که ئاشتیشبوونهتهوه ویستوویانه خه‌ڵک هه‌موو ده‌ستخۆشییان لێ بکات و ئافه‌رینیان پێ بڵێ. ته‌نێ دوو ساڵ و چه‌ند مانگێکی نێوان 1991-1994، پێکهوهفهرمانڕهوایی باشووری کوردستانیان کرد و له 1994دا به‌ربوونه یه‌کدی و کار نه‌ما به یه‌کدی نه‌که‌ن و شت نه‌ما به یه‌کدی نه‌ڵێن و هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ش بۆ خۆیان، خه‌ڵکی کوردیان له دوو له‌شکری پڕتفاق و پڕچه‌ک و مه‌زندا به‌یه‌کدا ده‌دا و ئه‌وی ناشێ به یه‌کدی ده‌یانکرد. وه‌نه‌بێ ئه‌و پێکدادان و شه‌ڕ و ماڵواێرانییهیان، ته‌نێ ئه‌ندامانی ئه‌و دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتدار و نه‌یارانه‌ی خۆیانی گرتبێته‌وه، به‌ڵکه ته‌واوی مێژوویه‌که. 1964 تا ئه‌وڕۆ، ته‌واوی کوردی نه‌ک هه‌ر باشووری کوردستان، به‌ڵکه سه‌رتاپای کوردستانی پێوه ده‌تلێته‌وه و ته‌واوی کوردیان تێوه گلاندووه. بۆ هه‌موو ئه‌و چه‌وتی و هه‌ڵه و نه‌هامه‌تی و وێرانکارییه‌ی، که سه‌رانی ئه‌و دوو حیزبه، به سه‌ر کوردیاندا هێناوه، هه‌رگیز ڕۆژێک له ڕۆژان داوای به‌خشین و لێخۆش‌بوونیان له نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌کردووه، به پێچه‌وانه‌وه پێیانوابووه، به‌و شهڕانهیشیان خزمه‌ت به نه‌ته‌وه‌ی کورد و پرسی گه‌لی کوردستان ده‌که‌ن و گه‌ره‌که خه‌ڵکی کورد له‌وه‌شدا پشتیان بگرێت و ده‌ستخۆشییان لێ بکات. ئێستا به قسه‌ی خۆیان پێکهاتوون و یه‌ک حکوومه‌ت و یه‌ک کارگێڕی و یه‌ک ده‌سه‌ڵات له باشووری کوردستان، جێی دوو حکوومه‌ت و دوو کارگێڕی و دوو ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌وه. وه‌ک له گوتاری هه‌ردوو لایاندا خویا ده‌بێت، هه‌رچه‌نده بۆ خۆیان نکۆڵیی لی ده‌که‌ن، هه‌مدیس نه‌خشه‌ی نگریسی په‌نجا- په‌نجا، وه‌ک بڵیی هه‌رگیز نه‌زانن چۆن بووه، تاقی ده‌که‌نه‌وه:
سه‌رۆکایه‌تیی هه‌ریم بۆ پارتیی، جێگریی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بۆ یه‌کیه‌تیی.
سه‌رۆکایه‌تیی حوکوومه‌ت بۆ پارتیی، جێگریی بۆ یه‌کیه‌تیی.
سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان بۆ یه‌کیه‌تیی، جێگریی بۆ پارتیی.
یازده وه‌زیر بۆ پارتیی و یازده وه‌زیریش بۆ یه‌کیه‌تیی(دوو تیمی تۆپیپێی ته‌واون!).
پێنج وه‌زاره‌تیش بۆ تورکمان و کلدۆئاشووری و یه‌کگرتووی ئیسلامی و کۆمۆنیست و...
ئه‌م شێوه ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییه‌یان، تا کۆتایی ساڵی 2007 به‌رده‌وام ده‌بێت وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وده‌م "ده‌ڤه‌ره‌کانی که‌رکووک و خانه‌قین و...ئه‌وانه‌یش بێنه‌وه سه‌ر کوردستان" و دوای ئه‌وه‌یش پۆسته‌کانی پارتیی و یه‌کیه‌تیی جێگۆڕکێیان پێ ده‌کرێن و ئه‌وانه‌ی پارتیی ده‌درێنه یه‌کیه‌تیی و ئه‌وانه‌ی یه‌کیه‌تییش ده‌درێنه پارتیی.
ئه‌وه جۆری حوکوومه‌ت و یهکگرتنهوهکهیان ده‌بێت و ده‌شڵێن: په‌نجا- په‌نجا نییه!
ئه‌و دوو سه‌رکرده‌یه‌تییه، جاران، که جاڕی جه‌نگیان ده‌دا و ڕاوی یه‌کدی و ڕه‌شبگیریان ده‌کرد، هه‌رگیز پرسی هیچ کوردێکیان نه‌ده‌کرد و هه‌ر بۆ خۆیان ئه‌و بڕیاره‌یان ده‌دا. ئێستایش، که ئاشتی ده‌که‌ن و یه‌کده‌گرنه‌وه، به‌ڵێ کارێکی باش ده‌که‌ن، لێ که‌س، ته‌نانه‌ت حیزبه کوردستانییه دۆست و نێزیکه‌کانی خۆیشیان ناخوێننه‌وه و هیچ له‌و حیزبانه‌یش په‌ی به په‌نا و پێج و دیوه شاره‌وه‌کانی ژێربه‌ژێریی پێکهاتنه‌که‌یان نابات. ئێستا بۆ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌یان دیسانه‌وه ده‌یکه‌نه‌وه شایلۆغان و ده‌شیانه‌وێت هه‌موو کورد بۆیان هه‌ڵپه‌ڕێت و سووڕ بدات. یازده دوازده ساڵه هه‌موو کورد هاوار ده‌کات و داوایان لێ ده‌کات پێک بێن و یه‌ک کارگێڕی و یه‌ک ده‌سه‌ڵات دامه‌زرێنن، نه‌یانده‌کرد و خواستی خه‌ڵکی کوردیان ده‌خسته ده‌فته‌ر و بلۆکه دۆلار و چه‌کمه‌ی به‌رپرس و چه‌کداره‌کانیانه‌وه. ئێستا ئه‌و پێکهاتنهیان له خه‌ڵکی کورد کردووه به کارێکی یه‌کجار گرنگ و منه‌ت به سه‌ر خه‌ڵکی کورددا ده‌که‌ن، وه‌ک بڵێیت گه‌لی کورده، خه‌ڵکی کورده، مرۆڤی ئاسایی کورده، جه‌نگیوه و ده‌ستی خستووه‌ته خوێنی برا و که‌س و خزم و هاوڕێ و هاوزمان و هاووڵاتی خۆی و شه‌ڕی براکوژی و خۆکوژی و کوردکوژیی ئافراندووه. له مانگی فێبریوه‌ریی 2006دا، واته: یه‌ک مانگی تر، ده‌کاته 42 ساڵی ته‌واو، گه‌لی کوردستان له نێوان دوو سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی‌دا ده‌به‌شرێته‌وه و پاژ ده‌کرێت و به گژ یه‌کدیدا ده‌درێت و هه‌رچی شته لێی ده‌کرێت به دوو و به دوو جۆری یه‌کجار جیاواز، دیرۆکی ده‌نووسرێت و شه‌هیدی لێ ده‌کرێت به خائین و خۆفرۆش و خائین و خۆفرۆشیشی لێ ده‌کرێت به شه‌هید. ئه‌م به‌ره‌بابیان ئه‌وی دیکه‌ی پێ شه‌یتانه و ئه‌وانه‌ی خۆیشی پێ فریشته‌ن و ئه‌و به‌ره‌بابیشیان هه‌روا. چه‌نده بڕوام به یه‌کگرتنه‌وه‌ی کاتۆلیک و پرۆتستانت و ئه‌رته‌دۆکس هه‌یه و چه‌نده بڕوام به یه‌کگرتنه‌وه‌ی شیعه و سوننه هه‌یه، هه‌ر هێنده‌یش بڕوام به یه‌کگرتنه‌وه‌ی پارتیی و یه‌کیه‌تیی هه‌یه. تاکه یه‌کگرتنه‌وه و یه‌کخستنه‌وه‌یه‌کی ماڵی کورد و ده‌سه‌ڵاتی کورد و گه‌لی کورد، له نه‌مانی مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵاتی پارتیی و یه‌کیه‌تییدا ده‌بینم. تا خه‌ڵکی کورد بۆ خۆی نه‌بێته خاوه‌نی بڕیار و ده‌سه‌ڵات و کارگێڕی و دارایی و هێز و خاوه‌نی خۆی، گشت پێکهاتن و یه‌کخستنه‌وه و یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌ک به پینه‌وپه‌ڕۆ و کارێکی نیوه‌چڵ و وشکه‌که‌ڵه‌ک ده‌زانم و هه‌رگیز دڵیشم خۆش ناکه‌ن.
8-1-2006
|
04/07/2007 |