شێتێک و خه‌ڵاتی 30 ساڵ زیندانی

ئاسۆ بیاره‌یی

5-1-2006 سوێد

ده‌زگای ئاسایشی پارتیی، بۆ کپکردنه‌وه ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر گرتن و دادگاییکردنی دکتۆر که‌مال، پڕوپاگه‌نده نابه‌جێ بۆ شێواندنی ئه‌وکێشه‌یه له باشووری کوردستان بڵاوده‌کاته‌وه. له‌ وانه دکتۆر که‌مال شێته و ده‌روونی تێکچووه.

گریمان دکتۆر که‌مال شێت بوو و بۆچونه‌کانی ئاسایشیش ڕاست بوون، به‌ڵام له کام وڵاتی دونیا شێتێک له به‌ر جنێودان، 30 ساڵ زیندانی کرواه. ته‌نانه‌ت زۆر له شێته‌کانی سه‌رده‌می ڕژێمی دیکتاتۆری سه‌دام، له جنێودان ئازادبوون.

به‌ڵی ڕیشه‌کێشکردنی کلتوری به‌عس، هه‌روا‌ ئاسان نییه، که زۆرکه‌س پێی وایه دوای ڕوخاندی ڕژێمه‌که‌ی کۆتایی پێدێت. به‌عس چڵ ساڵه زیاتر ژه‌هری بیرو باوه‌ڕی له کوردستان بڵاوده‌کاته‌وه. سه‌یرنییه که ڕه‌فتار، بۆچوون و بیروباوه‌ڕی ئه‌و پارتییه‌ عه‌ره‌بییه ناسیۆنالیسته که هێشتا زیندووه‌و په‌یڕه‌و ده‌کرێت.

نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا تا ئیمڕۆش ئه‌کتیڤن و ڕیشه‌یان له ده‌زگا جۆراوجۆره‌کانی ووڵاتدا ماوه، سه‌ره‌ڕای کاریگه‌ر‌ی هێزه‌‌کانی تری ناو کۆمه‌ڵگه،که قێز له‌و پارتییه نازیه ده‌که‌نه‌وه و شه‌رمه‌زارن به بیستنی ناوی هیتلر.

بۆیه‌ من دیسانه‌وه دووپاتی ده‌که‌مه‌وه، که شۆردنه‌وه‌ی ئاسه‌واری به‌عس، نه‌ک ته‌نها له باشووری کوردستاندا، به‌ڵکو له عێراقی عه‌ره‌بیدا، گه‌وره‌ترین کۆشش و هه‌وڵی ده‌وێت. چونکه چوار نه‌وه زیاتر په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی ئه‌و پارتییه عه‌ره‌بییه فاشسته‌ن.

به‌ڵام با وابێت، له مه‌ودوا ئه‌و جۆره‌ شێتانه بخرێنه زیندانه‌وه، چونکه مه‌ترسی گه‌و‌‌ره‌یان هه‌یه بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ڕوی شاره‌ستانی نیشتیمان ده‌شێوێنن!!!!!!!

           

 

04/07/2007