سه‌رکه‌وتنى حه‌ماس له‌ داگیرکارى و تیرۆر و فه‌ساده‌وه‌ هاتوه‌
نه‌ک له‌ سندوقه‌کانى ده‌نگدانه‌وه‌

ئاسۆ کمال

 

له‌ ئاکامی دریژه‌کیشانی  شه‌ڕ و باڵاده‌ستى داگیرکارى ئیسرائیل و تیرۆریزمى ئیسلامى و فه‌سادی ئیدارى و بنبه‌ستی سیاسی فه‌تح ( رێکخراوى رزگاریخوازى فه‌له‌ستین) ئه‌مڕۆ له‌فه‌له‌ستین بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس زۆرینه‌ى ده‌نگه‌کانى له‌ هه‌لبژاردنى په‌رله‌ماندا هێنا. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ى حه‌ماس نیگه‌رانیه‌کی زیاتر ڕوبه‌ڕوى خه‌ڵکی فه‌له‌ستین و ئاینده‌ى ئاشتى له‌ فه‌له‌ستین و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا ده‌کاته‌وه‌.

ئه‌م ڕوداوه‌ ڕه‌شانه‌ى له‌ هه‌لبژاردنه‌کانى فه‌له‌ستین و عێراقدا ڕوویان دا ، ده‌رخه‌رى ئه‌و ڕاستیه‌ن که‌ هه‌لبژاردن له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بوه‌ته‌ وه‌سیله‌ى به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنى ئه‌و هێزانه‌ى که‌ کۆمه‌ڵگایان نوقمى تیرۆریزم و نائارامی کردوه‌ تاکو بتوانن خۆیان وه‌ک به‌دیلی ناچارى به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بسه‌پێنن. ئیسلامى سیاسی له‌ فه‌له‌ستین و عێراقدا له‌ به‌رهه‌مى تیرۆریزم و داگیرکارى ده‌سه‌لات وه‌رده‌گرن  و ئه‌م تیرۆریزم و نائارامىیه‌ درێژه‌ پىَده‌ده‌ن تاکو ده‌سه‌لاتى کۆنه‌په‌رستانه‌ى خۆیان سه‌قامگیرده‌که‌ن.

باڵاده‌ستى ئه‌حزابى ڕاست ڕه‌و و فه‌نده‌مینتالى ئیسرائیلی و درێژه‌پێدانى داگیرکارى فه‌له‌ستین ، زه‌مینه‌ى گه‌شه‌ و باڵاده‌ست بوونى ئه‌حزابى ڕاستڕه‌و و فه‌نده‌مینتالى ئیسلامى بوه‌ له‌به‌رامبه‌ریدا. به‌تایبه‌ت له‌کاتیکدا ناسیونالیزمى عه‌ره‌بى و  حزبى حاکم له‌ فه‌له‌ستین دووچارى بن به‌ستى سیاسی بوه‌ له‌ کۆتایى هێنان به‌داگیرکارى ئیسرائیل و له‌ سایه‌ى ده‌ ساڵ حاکمیه‌تیشیدا به‌هۆى فه‌سادى ئیدارى یه‌وه‌ بارى سه‌رشانى خه‌ڵکی هه‌ژارى فه‌له‌ستینى قورسترکردوه‌ ، وه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ڕیکخراوى فه‌تح وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى سیاسى و ئابورى نىیه‌ له‌ ڕوانگه‌ى شه‌قام و ڕاى گشتىیه‌وه‌. ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌ى له‌ سایه‌ى داگیرکارى وتیرۆریزم و برسێتیدا فرسه‌تێکی بۆ بیرکردنه‌وه‌ نه‌ماوه‌، هه‌ڵبژاردن لایان ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕینێکى ناچارىیه‌ به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ى تا ئێستا ده‌سه‌لاتدارن. به‌لام ئاکامى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌ک چاره‌سه‌رێکى سیاسى و ئابورى بۆ فه‌له‌ستین ناهێنێت به‌ڵکو ململانىَى نێوان هه‌ردوو باڵى ڕاستى کۆمه‌ڵگاى ئیسرائیل وفه‌له‌ستین توندتر ده‌بێت و داگیرکارى و تیرۆریزم به‌رده‌وام ده‌بێـت. له‌سایه‌ى شه‌ڕ و ده‌سه‌لاتى به‌ره‌ى ڕاست و فه‌ن‌ده‌مینتالى ئیسلامى و ئیسرائیلىدا نه‌ فه‌له‌ستین له‌ داگیرکارى ڕزگارى ده‌بێت و نه‌ له‌ ئیسرائیل ئاشتى به‌رپاده‌بێت . سه‌رکه‌وتنى حه‌ماس په‌یامێکى ڕه‌شه‌ بۆ درێژه‌کێشانى داگیرکارى و تیرۆریزم که‌ باجه‌که‌ى خه‌ڵکى فه‌له‌ستین ده‌یدات .   

ئیسلامى سیاسى ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌ خولقاندنى جه‌وى تیرۆریزم و به‌هۆى وجودى داگیرکارى ئه‌مریکا و ئیسرائیل ،وه‌ له‌سایه‌ى ده‌سه‌لاتى جمهورى ئیسلامى ئیران و پشتیوانى سعودیه‌،بوه‌ته‌ هێزێک که‌ وه‌ک شه‌ریکى ده‌سه‌لات له‌ناوچه‌که‌دا خۆى داده‌سه‌پێنێت. ناسیونالیزمى عه‌ره‌بى له‌ هه‌ڵچون و داچونێکى هێرش و سازشدان تاکو دامێنه‌ى ده‌سه‌لاتى ئه‌م شه‌ریکه‌ ئیسلامیه‌یان به‌رته‌سک بکه‌نه‌وه‌. ئه‌مریکا و ئه‌وروپاش له‌ بازنه‌یه‌کى درێژه‌دانى شه‌ڕى تیرۆریستیدا گیریان کردوه‌ که‌ به‌ناچارى پێوه‌رى پراگماتیان پاڵیان پێوه‌ده‌نىَ بۆ قبوڵکردنى شه‌ریک کردنى ئیسلامى سیاسى له‌ده‌سه‌ڵاتى ناوچه‌که‌دا.

به‌پێچه‌وانه‌ى درۆ و ئیدعاکانى گه‌شه‌ى دیموکراسى له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، ئه‌وه‌ى ئاکامى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق و فه‌له‌ستینه‌ باڵاده‌ست بوونى کۆنه‌په‌رستى ئیسلامىیه‌ له‌ناوچه‌که‌دا. ئه‌م واقعیه‌ته‌ بارودۆخ و ئاینده‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕوبه‌ڕوى خه‌ته‌رێکى جدى کردۆته‌وه‌ ، له‌لایه‌ک ئه‌مریکا وئیسرائیل نایانه‌وێت ده‌ست به‌ردارى داگیرکارى خۆیان ببن له‌ عێراق و فه‌له‌ستین و ڕێگاى شه‌ڕى تیرۆریستى درێژخایه‌نیان هه‌ڵبژاردوه‌ بۆ ڕاگرتنى باڵاده‌ستى خۆیان  ،هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن به‌ره‌ى هاوپه‌یمانه‌کانیانه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر فشاردان. وه‌ له‌لایه‌کى تره‌وه‌ ئیسلامى سیاسى به‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستى بن لادنى و حه‌ماس و حزب الله و ده‌سه‌لاتى شیعه‌ له‌ عیراق وه‌ تاده‌گاته‌ هه‌ڕه‌شه‌ى خاوه‌ندارێتى ئه‌تۆمى ئێران ، ئیسلامى سیاسى کردۆته‌ شه‌ریکه‌ ده‌سه‌ڵاتێک که‌ ڕێگاى مانه‌وه‌ و ده‌سه‌لاتى ئه‌مریکایان له‌ناوچه‌که‌دا ناهه‌موار و تاریک کردوه‌. ئه‌م ته‌وازنه‌ ناجێگیره‌ ئاینده‌ى ئه‌م ناوچه‌یه‌ى له‌ نادیارى و ئائارامیه‌کدا ڕاگرتوه‌ که‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ  ڕوخسارى ژیان و گوزه‌رانى مه‌ده‌نى له‌سه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه‌ ده‌سڕێته‌وه‌ و زه‌مینه‌ خۆش ده‌کات بۆ باڵاده‌ست بوونى کۆنه‌په‌رستى ئیسلامى و هێزه‌ ڕاستڕه‌وه‌ قه‌ومى و دینیه‌کانى ناوچه‌که‌.

ڕێگاى ده‌رچوونى ڕۆژهه‌لاتى ناوه‌ڕاست و چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى فه‌له‌ستین و عێراق له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا نىیه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سایه‌ى مانه‌وه‌ى داگیرکارى و تیرۆریزم و فه‌ساددا ته‌نها هێزه‌ ڕاستڕه‌و و ئیسلامیه‌کان له‌م هه‌ڵبژاردانه‌وه‌ به‌ده‌سه‌لات ده‌گه‌ن و ده‌میننه‌وه‌. ئه‌مڕۆ ڕێگاى چاره‌ کۆتایى هێنان به‌ داگیرکارى ئه‌مریکا وئیسرائیل و تیرۆریزمى ئیسلامى و فه‌سادى حزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌کانه‌ که‌ ده‌بێت هێزه‌ چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانى فه‌له‌ستین و عێراق و ئیسرائیل و ئیران و ناوچه‌که‌ پىَى هه‌ڵسن. به‌هێز بوون و مه‌یدان دارى هێزه‌ چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان و پشتیوانی دنیاى مه‌ده‌نى و ئازادیخواز ده‌توانێت به‌ر  به‌و ئاینده‌ ڕه‌ش و نادیاره‌ بگرێت که‌ ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه‌ى بۆ ڕاپیچ ده‌کرێت .

هه‌ڵوێسته‌یه‌ک که‌ ده‌بىَ خه‌ڵکى کوردستان له‌ ئاست ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ى عێراق و فه‌له‌ستیندا بیگرن ئه‌وه‌یه‌ که‌ چاره‌نوسى خۆیان له‌م ڕێگاى هه‌ڵبژاردن و هه‌لومه‌رجى داگیرکارى و تیرۆریزم و فه‌ساده‌ دوور بخه‌نه‌وه‌. ئه‌م هه‌لومه‌رج و هه‌ڵبژاردنانه‌ ئیسلامیه‌کانى کردۆته‌ ده‌سه‌لات و چاره‌نوسى کۆمه‌ڵگاى به‌وان سپاردوه‌ و کوردستان وه‌ک به‌شێک له‌ عێراق خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م شه‌ڕى تیرۆریزم و ده‌سه‌لاتداریتىیه‌ى ئیسلامى سیاسیه‌وه‌. ئێستا ئیسلامى شیعه‌ و سونى و ناسیونالیزمى عه‌ره‌بى بوه‌ته‌ هێزى سه‌ره‌کى و ئاینده‌ى کوردستان که‌وتۆته‌ به‌رده‌م شه‌ڕى ده‌سه‌لاتى ئه‌م هێزانه‌. فه‌سادى ئیداره‌ى یه‌کێتى و پارتی و بن به‌ستى سیاسى ئه‌وان له‌پرۆژه‌ى فیدرالیه‌که‌یاندا له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێکى داهاتوودا ده‌توانێت له‌لایه‌ن ئیسلامیه‌کانه‌وه‌ سیناریۆى سه‌رکه‌وتنى حه‌ماس به‌شیوازی تر دوباره‌ بکاته‌وه‌. ئاکامى خۆبه‌ستنه‌وه‌ى یه‌کیتى وپارتى به‌م هه‌لومورجه‌ى داگیرکارى ئه‌مریکا و تیرۆریزمى ئیسلامى ،وه‌ فه‌سادیک که‌ ئیداره‌کانى خۆیان دروستى کردوه‌ ده‌توانێت چاره‌نوسى کوردستان به‌ره‌و ئه‌و خه‌ته‌رانه‌ پاڵ پێوه‌ بنێت که‌ ئێستا دووچارى فه‌له‌ستینیه‌کان بووه‌. هه‌ربۆیه‌ ڕێگاى جیابونه‌وه‌ى کوردستان و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێکى سه‌ربه‌خۆ ته‌نیا ڕێگا چاره‌ى گونجاوه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ى کوردستان له‌و ئاینده‌ تاریکه‌ى ڕۆژهه‌لاتى ناوه‌ڕاست له‌سایه‌ى شه‌ڕى ئه‌مریکا و ئیسلامى سیاسی ،وه‌ شه‌ری ده‌سه‌ڵاتی هیزه‌ ناسیونالیست و ئیسلامىیه‌کاندا ڕوبه‌ڕوى بۆته‌وه‌.

 

26/01/2006

 

           

 

04/07/2007