چوارساڵی سه‌خت بۆ کورد؟

ئاسۆعه‌بدولله‌تیف

ئێستا له‌ به‌رده‌م ده‌ره‌نجامه‌ سه‌خته‌کانی هه‌ڵبژاردنی 15/12دا وه‌ستاوین و پێویسته‌ گوێ بگیرێت له‌ خه‌ونێک که‌ چه‌مکی ئۆپۆزسیۆن ئه‌کاته‌ ئه‌مری واقیع له‌ عیراقی نوێدا، به‌ڵام ئایا ئه‌م خه‌ونه‌ دێته‌ دی له‌ عیراقێکدا که‌ کراوه‌ته‌ ته‌مبه‌ڵخانه‌ی حیزبی و مه‌زهه‌بی و به‌ناوی ته‌وافوق و ترس له‌ جه‌نگی ناوخۆوه‌ رۆژانه‌ ئه‌تکی دیموکراسیه‌ت ئه‌که‌ن، بێ ئه‌وه‌ی بزانن دیموکراسیه‌ت ئه‌و چه‌مکه‌یه‌ ئه‌بێت به‌ هۆشیاری یه‌وه‌ مامه‌ڵه‌و ده‌ستکاری بکرێت و ته‌وافوق هه‌رگیز به‌ مانای دیموکراسیه‌ت نایه‌ت به‌ڵکو به‌ مانای تاڵانکردنێکی هێمن و له‌ سه‌رخۆی پۆست و ئیمتیازه‌کانی عیراقه‌و ئه‌مریکیه‌کانیش سه‌ره‌له‌قه‌ی رازیبوونیان بۆ ئه‌م گه‌مه‌یه‌ ئه‌جوڵێنن، له‌م هێز به‌خشینه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن بۆکورد سه‌ره‌تاکه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ئه‌جێندای خۆی گه‌وره‌ بکات و هێزی پێ ببه‌خشێت تا به‌رگه‌ی کاریزماو ئه‌فسونه‌کانی به‌غداد بگرێت و ئه‌وه‌نده‌ توک نه‌رمانه‌ نه‌یه‌ته‌وه‌ سه‌ر رێگا سه‌خته‌کانی نکوڵیکردن له‌ بوون و قه‌واره‌و زمان و جوگرافیای کورده‌واری له‌ لایه‌ن به‌چکه‌ شۆڤێنیه‌ ته‌وافوق چیه‌کانه‌وه‌، ئه‌مرۆ زۆرن ئه‌و کیانه‌ سیاسیانه‌ی که‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان کردو دواجار رازی نابن به‌ ده‌ره‌نجامه‌کانی و داوای ته‌وافوق ئه‌که‌ن و ئه‌مریکیه‌کانیش دانی بۆ ڕۆکردوون و کوردیش هه‌ر ئه‌یڵێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌ ئاینده‌ نادیاره‌که‌یمان بۆ ده‌ربخات؟! که‌ئه‌م ده‌نگه‌ به‌ناو تورانه‌ی ئێستای شه‌قامی عه‌ره‌بی و میدیاکانیان جگه‌ له‌ خه‌ونی گێرانه‌وه‌ی به‌عسیزم چیتر نییه‌، له‌ رێسا دیموکراسیه‌ مۆدێرنه‌کانی غه‌ربدا هه‌ر هێزو گروپێکی سیاسی دیاریکراو که‌ به‌شداربوو له‌ پرۆسه‌یه‌کی دیموکراسیدا مه‌رج نییه‌ به‌شداریش بێت له‌ پرۆسه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریدا چونکه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵکه‌ تۆ ئه‌باته‌ ناو کۆشکه‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌ک خۆت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆت، ئه‌وه‌ی له‌م دیموکراسیه‌ته‌ گاڵه‌جاریه‌ی عیراقدا رووئه‌دات له‌ هیچ شوێنێکی دونیادا نییه‌و دواجاریش به‌سه‌ختی گۆزه‌که‌ له‌ سه‌ری کورددا ئه‌شکێ چونکه‌ کورد له‌ ئێستادا پێشه‌نگ و له‌ داهاتوودا دڵته‌نگ !! له‌ ئێستادا پۆست ئه‌به‌خشێ و له‌ داهاتوودا پۆستی لێ حه‌رام ئه‌کرێت؟

له‌ پرۆسه‌ی دیموکراسیدا ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بردنه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ستی به‌رپرسیاری و چاودێریکردنه‌ وه‌کو هێزی ئۆپۆزسیۆن، ئه‌و قه‌واره‌ سیاسیانه‌ی که‌ ئه‌مرۆ به‌ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن قایل نابن دیاره‌ نایانه‌وێت له‌و پێگه‌ به‌هێزه‌ی ئۆپۆزسیۆن تێبگه‌ن که‌ له‌ دامێنی دیموکراسیدا له‌ دایک ئه‌بێت و ده‌رکی ئه‌و حاڵه‌ته‌ بکه‌ن که‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک بێ ره‌قیب و ئۆپۆزسیۆن کۆمه‌ڵگایه‌کی زۆره‌ملێ و به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی پروکێنه‌ره‌و نه‌فه‌سی دیموکراسیه‌ت تا دوائاست تیایدا لاوازه‌، بۆیه‌ هه‌م ده‌سه‌ڵات پێویسته‌ رێز له‌و بزوتنه‌ بگرێت و هه‌م ئه‌و بزوتنه‌ش ده‌بێت له‌ حاڵه‌تی په‌راوێزکه‌وتنیاندا رێز بۆ ده‌نگی خۆیان دابنێن و حکومه‌تی به‌رهه‌ڵستکاری مه‌ده‌نی و چاوه‌دێری دروست بکه‌ن.

به‌غدا نه‌گۆراوه‌و هه‌ر به‌غدای جارانه‌و گۆرانیش له‌ به‌غدا شۆڕنه‌بۆته‌وه‌ بۆ گوتارو کولتورو مه‌عریفه‌ی هاوژیانی و هیومانیزم به‌ڵکو گۆرانه‌که‌ له‌ له‌ که‌وتنی په‌یکه‌ری سه‌دام به‌ ساده‌یی تێپه‌ر بووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ نابێت چاوه‌روانی ده‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن بکه‌ین ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌بێت چاوه‌روانی گه‌وره‌بوونی خه‌ونی دیموکراسیه‌ت و خه‌سڵه‌تی ره‌خنه‌ورۆحی ئۆپۆزسیۆنگه‌ریانه‌ بکه‌ین، وه‌ به‌بێ به‌هێزبوونی گوتاری سیاسی کوردیش بێگومان ئه‌و خه‌ونه‌ نایه‌ته‌ دی و کوردیش به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان ده‌بێت خۆی به‌به‌شێک له‌ حکومه‌تی سێبه‌رو به‌رهه‌ڵستکاری مه‌ده‌نی بزانێت و چاوبێت بۆ بینینی هه‌موو ئه‌و گه‌نده‌ڵی و ناته‌واویانه‌ی که‌ له‌ عیراقی نوێدا روو ئه‌دات نه‌ک ده‌ستوه‌ردان و چوونه‌ قوڵایی دونیای عه‌ره‌بی و ساردبوونه‌وه‌ له‌و هه‌رێمه‌ کوردیه‌ی 14 ساڵه‌ گۆرانی به‌ باڵایدا هه‌ڵئه‌ده‌ن،

کاتێ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردیش رازییه‌ به‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا بژی و شه‌رعیه‌تی داوه‌ته‌وه‌ به‌ به‌غداد ده‌بێت ئیتر هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ بدات که‌ پێگه‌ی خۆی به‌هێزتر بکات له‌ به‌غداد به‌ گوتار نه‌ک به‌ لێدوانی رۆژنامه‌گه‌ری و خۆده‌رخستن و سه‌فه‌ری ئه‌ملاولاو موجامه‌له‌ی ئه‌م و ئه‌و له‌ سه‌ر حسابی خه‌ڵکی ره‌ش و رووتی کورد، گوایه‌ کورد لێبورده‌ن و باوه‌ریان به‌ عیراقیبوون هه‌یه‌و شایانی ئه‌وه‌ن عیراقیان ته‌سلیم بکرێت (بێ که‌رکوک!!) وه‌کۆی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ش فه‌رامۆش نه‌کات که‌ پێش هه‌ڵبژاردن به‌ خه‌ڵکی کوردستانیاندا، ئه‌مه‌ به‌ڵێنێکی ویژدانی و ئه‌خلاقیه‌و سه‌رکردایه‌تی کوردی نابێت فه‌رامۆشی بکات، چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی تا موداراتی ده‌نگی شه‌قامی خۆی بکات و لێی نه‌ره‌نجێت و نه‌تۆرێت ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌جێندای خۆی به‌هێز ئه‌کات له‌ سه‌ر ئاستی عیراق، ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ دیدێکی لۆژیکیانه‌مان پێ ئه‌ڵێت که‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر قسه‌کردنێکی کورد له‌ به‌غداد قسه‌کردنی رۆحی کوردییه‌ نه‌ک میزاجی به‌رپرسانی کوردی که‌ ره‌نگه‌ سبه‌ینێ ئه‌وان نه‌بن نه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ بن،به‌ڵام به‌راستی من وا هه‌ست ئه‌که‌م و رای خۆشمه‌ نابێت ئه‌وه‌نده‌ به‌ خه‌مساردی شاندابه‌ینه‌وه‌ له‌به‌غاو ئه‌وه‌ش که‌ روو ئه‌دات ئه‌وه‌ ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه‌ لێی به‌رپرسیاره‌ که‌ ده‌نگی دراوه‌تێ و له‌ چاوه‌روانی و ئومێدی خه‌ڵکیدایه‌.

           

 

04/07/2007