بانگه‌واز بۆ رای گشتیی گه‌لی کورد سه‌باره‌ت به‌ مردنی شێنه‌یی د.که‌مال سه‌یید قادر.

خه‌ڵکی ئازادییخوازی کوردستان: نووسه‌ران ، رۆشنبیران، ئازادییخوازان و رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ : حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان:

له‌زمانی هه‌ردوو خووشکی د.که‌مال سه‌یید قادره‌وه‌ ( ئاواز و گه‌لاوێژ ) له‌ رۆژی 4-1-2006 ، له‌ ژووری کوردستان یونایتیددا رایانگه‌یاند ژیانی د.که‌مال له‌ مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌دایه‌و به‌ته‌واوه‌تی وشک بووه‌ته‌وه‌و بڕستی لێبڕاوه‌. ئێمه‌ وه‌ک ژووری کوردستان یونایتید له‌ که‌مپه‌ینی ئازادیی بۆ د.که‌مال ، راسته‌وخۆ پارتیی دیموکراتی کوردستان و خودی کاک مه‌سعوود بارزانیی به‌ به‌ر‌پرس ده‌زانین له‌ئاست ئه‌م پێشێلکارییه‌ی مافی مرۆڤدا و داواکارین به‌په‌له‌ د.که‌مال بخرێته‌ ژێر چاودێریی پزیشکییه‌وه‌ و به‌ده‌نگ داواکارییه‌کانی ره‌وه‌ندی کوردیی و نووسه‌ران و رۆشنبیرانه‌وه‌ بێن و ده‌ستبه‌جێ ئازادی بکه‌ن.

هاوکات داوا له ‌رای گشتیی کوردیی ده‌که‌ین، که‌ چیتر بێده‌نگیی هه‌ڵنه‌بژێرن له‌ئاست ئه‌م سته‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕین له‌کوردستاندا. جێگه‌ی خۆیه‌تی لێره‌دا به‌تایبه‌تیی داوا له‌نووسه‌ران و رۆشنبیرانی شاری هه‌ولێر بکه‌ین که‌ بێنه‌ ده‌نگ له‌ئاست ئه‌م دۆزه‌دا ، له‌کاتێکدا ده‌یان که‌س له‌سه‌ر به‌ڕیز رێبوار سیوه‌یلیی به‌ده‌نگهاتن و به‌نووسین هێرشیانکرده‌ سه‌ری و به‌جنێوفرۆشیان له‌قه‌ڵه‌مدا، که‌چیی هه‌ر ئه‌و نووسه‌رانه‌ی نزیک له‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ئێستا نوتقیان له‌خۆیان بڕیوه‌و به‌باش و به‌خراپ شتێک له‌سه‌ر دۆزی د.که‌مال ناڵین. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ته‌سلیمبوون به‌ ده‌سه‌ڵات و خۆشاردنه‌وه‌ له‌راستییه‌کان و پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ زێتر شتێکی تر نییه‌.

ئێمه‌ رای گشتیی کوردیی بانگه‌واز ده‌که‌ین، به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بۆیان ده‌ڕه‌خسێ، گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر پدک ، بۆ ده‌ستبه‌جێ ئازادکردنی د.که‌مال، ناکرێ له‌سه‌رده‌می گڵۆباڵیزه‌یشندا مرۆڤێک له‌سه‌ر نووسین له‌زینداندا چاوه‌ڕیی مه‌رگ بکات له‌ئه‌نجامی مانگرتنی خواردن و خواردنه‌وه‌دا . د.که‌مال به‌رپرس نییه‌ له‌م مه‌رگه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌دا ، ئه‌وه‌ پدک و لاموبالاتییه‌کانی ئه‌وه‌ ئه‌م دۆزه‌ی گه‌یاندووه‌ به‌م ئاسته‌ له‌سامناکیی ، به‌دڵنیاییه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ندترین لایه‌ن له‌ مردنی د.که‌مال سه‌یید قادردا ، پارتیی ده‌بێت و که‌مال گه‌یت ده‌بێته‌ له‌که‌یه‌کی ره‌ش به‌ نێوچه‌وانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورده‌وه‌ .

له‌کاتێکدا هه‌واڵنێرانی بێسنوور ( Reporters Without Borders ) ، به‌تووندی سه‌رکۆنه‌ی 30 ساڵ زیندانییکردنی د.که‌مال ده‌که‌ن و داوا له‌سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌ن به‌په‌له‌ کۆتایی به‌م کێشه‌یه‌ بهێنێت که‌ ئه‌وانی تووشی شۆک کردووه‌ به‌ 30 ساڵ زیندانیی له‌سه‌ر چه‌ند نووسینێک ، که‌چیی هێشتا هه‌ندێ نووسه‌ری کورد بڕوا ناکه‌ن دادگاییکردنه‌ کارتۆنییه‌‌که‌ی هه‌ولێر راست بێت و به‌گاڵته‌ئامێزه‌وه‌ وێنای ده‌که‌ن و خۆیان له‌راستییه‌کان ده‌شارنه‌وه‌، له‌کاتێکدا د.که‌مال له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه‌ له‌ئه‌نجامی مانگرتنی له‌خواردن و خواردنه‌وه‌، هێشتا راپۆرتنووسه‌کانی ده‌زگای پاراستن باس له ‌که‌یفوسه‌فای د.که‌مال ده‌که‌ن له‌ زینداندا. ‌ئێمه‌ پێمان وایه‌ به‌تێهه‌ڵچوونی هه‌موولایه‌کمان له‌ پرۆسه‌ی ئازادکردنی د.که‌مالدا، ئه‌رکێکی مۆراڵیی و مرۆیی سه‌رشانمان به‌جێده‌گه‌یه‌نین. با رێگه‌ نه‌ده‌ین د.که‌مال له‌زینداندا چاوه‌ڕیی مه‌رگ بکات . با له‌هه‌وڵی به‌په‌له‌ی ئازادکردنیدا بین .

لینکی نامه‌که‌ی هه‌واڵنێرانی بێسنوور له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌خوێنیته‌وه‌:

http://www.rsf.org/article.php3?id_article=16104

 

نێوه‌ندی راگه‌یاندنی که‌مپه‌ین بۆ ئازادیی د.که‌مال سه‌یید قادر

ژووری کوردستان یونایتید-پاڵتۆک

5-1-2006

 

           

 

04/07/2007