بۆچوونێک له‌سه‌ر که‌مپین . |
دانا سه‌عدی / نه‌مسا که‌مپین هه‌وڵی بێ ووچانی دا : (ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسیی ودادگای هه‌ولێر) له‌مه‌ڕ دۆسێی د.که‌مال به ئاگابهێنێته‌وه،تاوه‌کو ئازاد بکرێت یان به شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه جارێکی دی به ئاشکرا و‌به‌به‌ر چاوی کامێرای میدیاکانه‌وه نه‌ک له پشت په‌رده‌وه ،دادگایی بکرێت . هه‌موو تاکێکی کورد(ژماره‌یه‌کی که‌م نه‌بێت )به‌نیگه‌رانی و تووڕه‌ییه‌وه به‌رامبه‌ر ٣٠ ساڵ زیندانکردنی د.که‌مال هه‌ڵوێستیان ده‌ربڕی.که‌واته هه‌ڵوێست وجوامێری ته‌نها له‌و که‌سانه‌وه ئاشکرا نه‌کراوه ،که زۆر زوو(سه‌ره‌تای ده‌ستگیرکردنی د.که‌مال) یان زۆر دره‌نگ(کۆتایی سیناریۆ) له چه‌ندین ماڵپه‌ڕی ئینته‌رنێت دا نووسینیان بڵاوکرده‌وه . لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له بایه‌خ وگرنگی هه‌ڵوێسته‌کان نه‌هێنرێنه‌خواره‌وه و ڕووکه‌شانه له مه‌غزاو ناوه‌ڕۆکی که‌مپین نه‌ڕوانین،باشه بووترێت :به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ وماندوبوونانه‌ی دران وده‌درێن، زیندووێتی ده‌نگ وبه‌ئاگایی که‌سانێک بوو، که‌مپنیان به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی پارتی وبڕیاری دادگا ڕاگه‌یاندو به ناعه‌داله‌تیان له‌قه‌ڵه‌م دا . که‌مپین ئاماژه بوو : هێشتا که‌سانێکی بوێر هه‌ن و ماوون ،له که‌موکورتیی و ڕه‌فتاره قێزه‌ونه‌کانی به‌رامبه‌ر خۆش نابن ، له‌سه‌رده‌می بانگه‌شه‌ی دیموکراسی و به‌ناوی پاراستنی حورمه‌ت وکه‌سایه‌تی سه‌رۆک ،پارت و خێڵ ،ڕێگه‌ناده‌ن ئازادی له‌که‌سانی به‌رامبه‌ر بسێندرێته‌وه . بوارناده‌ن ڕه‌تدانه‌وه‌ی ناشارستانی به‌رامبه‌ر به هونه‌ری (ڕه‌خنه‌گرتن) خۆی فه‌رز بکات. وتار وهه‌موو بابه‌ته‌کانی دیکه‌ی د.که‌مال له‌ڕووی چؤنایه‌تییه‌وه ئه‌شێت چه‌ندین پرسیاری له‌سه‌ر بێت ،خوێنه‌ر سه‌رپشکه له‌ئاستی هۆشیاری وڕۆشنبیری خۆیه‌وه بڕوانێته تێکسته‌کان و بڕیاریان له‌سه‌ر بدات . هه‌موو ئه‌و وتارانه‌ی به‌هه‌ر شێوازێکی نووسین له‌لایه‌ن د.که‌ماله‌وه ئاڕاسته‌ی پارتی و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی کران ،گه‌ڵاڵه‌بووی هزری که‌سێک بوون ،که به‌زمانی نووسین دواوه و به‌ناوی خوازراوه‌وه بڵاوی نه‌کردوونه‌ته‌وه.به‌ئاشکرا بڕیاری چوونی بۆ لای به‌رپرسانی سیاسیی پارتی داوه وئاماده‌بووه ڕوبه‌ڕوو له‌گه‌ڵیاندا له‌سه‌ر هه‌موو بۆچوونه‌کانی بدوێت وچاونه‌ترسانه وه‌ڵامیان بداته‌وه. نه‌نگییه بۆ دادگایه‌ک له‌کوردستانی ١٥ ساڵ ئازاد‌دا باس له گیرۆده‌یی به‌ده‌ست یاساکانی ڕژێمی به‌عسه‌وه بکات .ئه‌گه‌ر دادگایه‌ک هێنده‌گیرۆده بێت ،ده‌بێت هێشتا تا چ ڕاده‌یه‌ک کولتوری به‌عس له‌ناوماندا بژی ؟تا چ قوڵاییه‌ک به ناخماندا شۆڕبۆته‌وه و ڕۆژانه به‌چه‌ندین وێنه‌ی جۆراوجۆره‌وه خۆی نمایش ده‌کات ؟ هاوده‌نگی وپشتیوانی له‌و که‌مپینه له‌لایه‌ن هه‌زاران کورده‌وه ،هێما بوو بۆ ئه‌وه‌ی :هێزێکی بزوێنه‌ر ده‌توانێت تواناکانی خۆی کۆبکاته‌وه و فراوانتریان بکات . له ئاستی نه‌نگی بڕیاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا ملکه‌چانه ڕاناوه‌ستێت .به دوو کاراکته‌ری جیاوازه‌وه ڕه‌فتاری له‌ته‌کدا ناکات .به‌ڵکو ئاماده‌یه وه‌ک چاودێرێکی کارا به‌دوای دیارده ،هه‌ڵه وکه‌موکورتیه‌کان بکه‌وێت و ده‌ستنیشانی خاڵه‌لاوازه‌کان بکات. هه‌مان هێز ڕوونی ده‌کاته‌وه :ته‌نها به باشترین و گونجاوترین ئامڕازه دیموکراسیه‌کان ،گوشار ده‌خاته سه‌ر لایه‌نه‌کان. ته‌نها له‌سنووری ڕه‌خنه‌گرتن وپاشان دامرکانه‌وه‌دا جۆش دانامێنێت. به‌ڵکو داواکاری به‌جێی هه‌یه و پێیان له‌سه‌رداده‌گرێت. دواجار چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی درووست وفه‌رمیی وئاشکرایان لێده‌کات . لێره‌دا مه‌رجی سه‌ره‌کی بکه‌رانی که‌مپین ئه‌وه نه‌بوو: ( ناسنامه وشوناسی نووسه‌ر یان ڕۆشنبیریان)له‌باخه‌ڵدا بێت،چونکه له‌سه‌ر چه‌مکی نووسه‌ر وڕۆشنبیر چه‌ندین پێناسه ئاماده‌یه. کرۆکی ئه‌م بابه‌ته‌ی منیش له پێناسه‌کردنی ئه‌و چه‌مکانه‌دا خۆی کۆناکاته‌وه . که‌مپین جه‌ختکردن بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی : (پاراستنی یه‌کڕیزی ویه‌ک گوتاری ئاڕاسته‌کراو ده‌توانێت که‌م تازۆر ئامانجه‌کانی بپێکێت)، به‌مه‌رجێک له‌سه‌ر هێڵی ڕاستی که‌مپیندا بمێنێته‌وه و هه‌ڵنه‌خزێت .پشوو درێژ بێت و به شه‌فافیه‌ت ئه‌رکه‌کانی ڕاپه‌ڕێنێت.
له‌کۆی هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌دا ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه گرنگ بێت :زیندووێتی تاکی کورده ،جوڵه‌یه‌که :ده‌یه‌وێت پاشکه‌وتن بکاته پێشکه‌وتن.گه‌نده‌ڵی بکاته ڕێفۆرم ، که‌سانی شیاو له‌بری که‌سانی نه‌شیاو له بنکه‌کاندا ده‌خوازێت. کایه‌یه‌کی بزوێنه‌ره،ڕاستگۆیانه داوای گۆڕان و وه‌رچه‌رخانی پێویست له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ده‌کات . که‌سانێکن نایانه‌وێت ئازادی ڕاده‌ربڕین له هیچ تاکێک زه‌ووت بکرێت .ڕێگه‌ناده‌ن ڕه‌نج وماندوبوونی ماندوبووه‌کان به‌هه‌ده‌ر بڕوات ، ڕێگه به شێواندنی ڕاستیه‌کان و گۆڕینی ئاقاری که‌مپین ناده‌ن ،تا بۆ ئامانجی سیاسیی و به‌رژه‌وه‌ندی دیکه به‌کاربهێنرێت . وه‌ک خۆی گێڕانه‌وه‌ی مێژوو هێمایه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کانی نه‌ته‌وه ده‌پارێزرێت . دیوه ڕاسته‌قینه‌که‌ی که‌مپین بۆ ئازادکردنی د.که‌مال ئه‌و هێمایه‌شی له‌گه‌ڵدا ئاڕاسته‌ده‌کرا و ئه‌و پاکگراونده‌ی هه‌بوو: (ئاینده‌یه‌ک بۆ نیشتیمان ده‌سته‌به‌ربکرێت ،له‌لایه‌ن که‌سانی به‌توانا ،چالاک وڕاستگۆوه به‌ڕێوه ببرێت).(دادگایه‌ک باڵاده‌ست بێت،که به‌یاسای سه‌رده‌م وله‌سه‌ر بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ ئه‌رکه‌کانی جێ به‌جێ بکات وله‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری دادگا ویاسادا ،ڕێگه به هیچ لایه‌ن ،خێل وتاکێک نادات،دادگایه‌کی نایاسایی درووست بکات وبۆمه‌رامی تایبه‌ت وداپۆشینی گرێ ده‌روونیه‌کان به‌کاریان بهێنێت. هه‌ربۆیه پێشنیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه :
*له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (سیاسیی ،حکومی وئیداری )کوردیی دا ،هه‌میشه هێزێک(ڕه‌گه‌زی کاریگه‌ر) له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سنووره‌دا ئاماده‌بێت ،به‌رده‌وام وه‌ک ئامڕازێکی گوشار ودیموکراسی ،داکۆکی له ئازادیه‌کانی تاک ومافه مه‌ده‌نیه‌کانی دیکه‌یان بکات. *لیژنه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی،یاخود کۆمیته‌یه‌کی هه‌میشه‌یی پێکبهێنرێت .نوێنه‌رایه‌تی له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌وه بکرێت،که کوردستانیانی تیادا نیشته‌جێن .ئه‌م لیژنه‌یه(کۆمیته‌یه)ئه‌گه‌ر بێلایه‌نانه سه‌ربه‌خۆیی خۆی بپارێزێت، ده‌توانێت ڕۆڵی مه‌رجه‌ع ببینێت وله‌لایه‌ن تاکی کورده‌وه متمانه به‌ده‌ستبهێنێت. *هه‌موو ئازادیخوازێک بواتنێت له‌و لیژنه‌یه‌دا(کۆمیته‌یه‌دا) جێگای ببێته‌وه .به ئاستی دڵسۆزی وڕاستگۆیی له جێ به‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیدا بپێورێت . *هه‌مان لیژنه( کۆمیته)ده‌توانێت به ئاسانترین شێوه و به خێراترین کات ،بۆنموونه له(پاڵتاڵک)دا کۆبوونه‌وه‌کانی خۆیان ئه‌نجام بدات .ژماره‌ی ته‌له‌فون وئێمایل ئه‌درێسی هه‌موویان ئاشکرا بێت ،تا له‌لایه‌ن کورده‌کانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، له‌هه‌موو ڕووداو وهه‌واڵیک له‌کاتی خۆیدا ئاگادار بکرێنه‌وه. * ماڵپه‌ڕێکی تایبه‌ت به‌و لیژنه‌یه(کۆمیته‌یه) بکرێته‌وه .ته‌رکیزی ته‌واوله‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ڕێفۆرم ،دیموکراسی ومه‌ده‌نیه‌ت بکات.
|
|
04/07/2007 |