هاکا‌ی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن‌و ده‌قیقتێنه‌که‌ی نه‌قیب خالید عه‌ناس(1)! |
||||
ئه‌و به‌یانییه وه‌کو به‌یانی ڕۆژه‌کانی تر نه‌ده‌هاته به‌رچاوم، بۆیه هه‌وڵمدا مۆڵه‌تی سێ چوار ڕۆژ وه‌رگرم‌و قووتابخانه جێبێڵم. ئه‌و ڕۆژه له‌به‌ر ئاپۆڕه‌ی زۆری ئۆتۆمۆبێل دره‌نگتر له‌ڕۆژان گه‌یشتمه قووتابخانه‌و، دوای گه‌یشتنم‌و به‌یانی باش کردن له مامۆستایان، یه‌کسه‌ر خۆم کرد به ژووری به‌ڕێوه‌به‌رو داوای ئه‌وه‌م لێکرد که سێ چوار ڕۆژێک مۆڵه‌تم بداتێ، چونکه پێویستیم به‌پشوویه‌ک هه‌یه. به‌ڕێوه‌به‌ری قووتابخانه‌که‌مان داوای‌کرد ته‌نیا ئه‌مڕۆ بمێنمه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی سێ مامۆستای تر به‌ر له‌من ئه‌و ڕۆژه مۆڵه‌تی یه‌ک ڕۆژه‌یان وه‌رگرتبوو، هه‌روه‌ها گوتی: مامۆستا ده‌رسیم تۆ له‌به‌یانییه‌وه تا پێنج ڕۆژی‌تر مه‌یه بۆ قووتابخانه!
وانه‌ی یه‌که‌م له‌پۆلی شه‌شه‌م بووم‌و وانه‌ی دووه‌م له‌پۆلی پێنجه‌م‌و، کاتژمێری 9:10 خوله‌کی به‌یانی ڕۆژی 2.3.1986 بوو، کاتێک یه‌کێک له‌کارمه‌نده‌کانی قووتابخانه که‌ژنێکی پیر بوو ئێستا ناوه‌که‌ی له‌یادم نییه هات‌و گوتی: (مامۆستا ده‌رسیم، کابرایه‌کی ڕه‌زا قورسی عه‌ره‌ب له‌لای ست (نه‌سرین)ی به‌ڕێوه‌به‌ر دانیشتووه‌و داوای تۆ ده‌کات‌و، ده‌ڵێت مامۆستا ده‌رسیم براده‌رمه‌و ده‌مه‌وێت بیبینم، به‌ڵام به‌سه‌ری هه‌موو منداڵه‌کانم گومانم لێیه‌تی‌و درۆی ده‌کات، ئه‌وه‌نده‌ی لێکده‌ده‌مه‌وه تۆی کوردپه‌روه‌ر براده‌ری وات نه‌بووه‌و نییه، ئه‌و کابرایه سه‌روچاوی هه‌ر له ئه‌من‌و ئیستیخبارات ده‌کات، تۆش دوژمنی ئه‌و جۆره که‌سانه‌و به‌عسی. مامۆستا نه‌مێنم بۆت، به‌خوا کوڕم نیازیان خراپه له‌گه‌ڵت، هه‌وڵده خۆت ده‌ربازکه، کوره به‌قورئان ده‌تگرن).
کاتێک که له‌پۆل هاتمه ده‌ره‌وه، نیازم وابوو به‌سه‌ر پلیکانه‌که‌ی که‌هه‌موو ڕۆژێک له‌به‌رامبه‌ر پۆله‌کانی چوار یان سێ‌دا به‌ده‌سته ڕاستی ئه‌و ژووره‌ی که منی تیا‌بوو به‌دیواری سه‌ربانه‌که هه‌ڵده‌په‌سێردرا، سه‌رکه‌وم‌و له‌وێشه‌وه خۆم فڕێده‌مه خواره‌وه‌و خۆم ده‌ربازکه‌م، که‌چی له‌به‌ختی مندا ئه‌و ڕۆژه پلیکانه‌که له‌شوێنی خۆی نه‌مابوو، هه‌روه‌ها ئیستیخباراته‌که‌ش هاتبووه به‌رده‌م ده‌رگای ژووری به‌ڕێوه‌به‌رو ده‌ستی خستبووه سه‌ر ده‌مانچه‌که‌ی، هه‌ر له‌گه‌ڵ دیتنی کابراو وه‌ستانی به‌مشێوه‌یه زانیم تازه گیرام، له‌ڕێگادا پیره‌ژنه‌که پرسیاری ئه‌وه‌ی لێکردم ئایا کابرا ده‌ناسم، منیش به‌نه‌خێر وه‌ڵامم دایه‌وه، ئه‌ویش گوتی: (زانیم ئه‌و سه‌گبابه درۆی ده‌کات، ئای قوڕ به‌سه‌رم مامۆستا، مه‌رگم به‌پێش مه‌رگت که‌وێت، قوربانت بم کوڕی خۆم، تازه خوا ڕزگارت بکات له‌ده‌ست ئه‌و زاڵم‌و دڕندانه، ئینشائه‌ڵڵا به‌سه‌لامه‌تی له‌به‌ر ده‌ستیان قورتار ده‌بیت). هه‌ردووکمان، من به‌ناچاری‌و ئه‌ویش له‌گه‌ڵمدا ڕووه‌و ئه‌و که‌سه نه‌ناسراوه ڕۆیشتن‌و، کابرای به‌ناو براده‌ر یه‌کسه‌ر ده‌ستی هێناو ده‌ستی خسته‌ناو ده‌ستم، به‌ڵام ئه‌و توند ده‌ستمی گرت‌و ویستی له‌گه‌ڵی بڕۆم، پرسیاری ئه‌وه‌م لێکرد بۆ کوێ، چونکه من ناتناسم بۆ له‌گه‌ڵت بێم؟ له‌وه‌ڵامدا گوتی: (دواتر هه‌موو شتێک ده‌زانی، ته‌نیا دوو خوله‌ک واته (ده‌قیقتێن)و له‌دائیره که‌مێک کارمان پێته‌و دواتر ده‌گه‌ڕێیته‌وه). پیره‌ژنه‌که له‌نزیکمانه‌وه به‌دووری چوار پێنج مه‌ترێک وه‌ستابوو، که‌زانی ده‌ستگیرکرام گوتی: (ده‌ک چاوم کوێر بێت بۆت مامۆستا ده‌رسیم، به‌خوا باش ده‌مزانی که‌سانی وا براده‌رت نین‌و ده‌تگرن).
ئاوڕێکم له‌پیره‌ژنه‌که دایه‌وه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی خێرام بۆی باراند، ئه‌ویش ده‌ستیکرد به‌گریان‌و هه‌روه‌کو کوڕێکی خۆی گیرابێت به‌غاردان چووه ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر وادیار بوو هه‌واڵی ده‌ستگیرکردنی منی به‌و ڕاگه‌یاندبوو، بۆیه دوای ئه‌وه‌ی که به‌نده‌و ئیستیخباراته‌که تازه له‌پلیکانه‌کان هاتبووینه خواره‌وه‌و، چه‌ند هه‌نگاوێک دوور که‌وتبووینه‌وه به‌ره‌و ئه‌و تاکسییه ده‌ڕۆیشتین یاڕاستتر ده‌یبردم که پێنچ که‌سی له‌ته‌که‌وه وه‌ستابوو هه‌موویان ده‌مانچه‌کانیان به‌ڕووتی به‌ده‌ستیانه‌وه بوو. له‌ناکاو ست نه‌سرین به‌عاره‌بی له‌کابرای ئیستیخباراتی پرسی: براکه‌م، تۆ ده‌رسیمی بۆ کوێ ده‌به‌یت؟ نابێت پێم بڵێیت بۆ کوێ ده‌ڕۆن؟ تۆ گوتت براده‌رین! کابراش له‌وه‌ڵامدا گوتی: (من له مه‌نزومه‌ی ئیستیخباراتی مه‌نتیقه‌ی شیمالیم‌و، ده‌رسیم ده‌به‌ین کارمان پێی هه‌یه‌و هه‌ر دوو ده‌قیقه‌یه‌ک‌و دێته‌وه). ئیتر دڵنیابووم له‌و شوێنه‌ی که لێیه‌وه ده‌گیرێم. کاتێ گه‌یشتمه نێو تاکسییه‌که، هه‌ر شه‌شیان له‌خۆشییان ده‌ستیان به‌گۆرانی گوتن کرد وابزانم گۆرانی (ها أخوتی النشامة)یان ده‌گوت. ئه‌وه‌نده دڵیان خۆش‌بوو به‌گرتنی من وایانده‌زانی منم بوومه‌ته مایه‌ی شکستی‌و سه‌رشۆڕی ئوممه‌ی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامی‌و به‌گرتنه‌که‌م (غسل العار)ی ئه‌و شکستی‌و سه‌رشۆڕییه‌یان کردووه!
هه‌ر دوابه‌دوای گیرانی دکتۆر که‌مال سه‌یید قادر‌و، له‌و ڕۆژه‌ی که حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن وتارێکی له کوردستان نێت‌دا له‌ژێر ناوی "هاکا د. که‌مال سه‌یید قادر ئازاد کرا"دا بڵاوکردۆته‌وه‌و تیایدا نووسیوێتی: ئه‌و چه‌ند دێره‌م بۆیه نووسی تامژده‌ی ئه‌وه به‌خوێنه‌ران‌و به‌که‌سوکاری ڕابگه‌یه‌نم، که هاکا د. که‌مال سه‌یید قادر ئازاد کرا"، یه‌کسه‌ر ئه‌و دوو خوله‌که‌ی خالید عه‌ناسی نه‌قیبی ئیستیخباراتی سه‌ددامی خسته‌وه یادم، ئه‌وان منیان برد بۆ دوو خوله‌ک‌و سزای 10 ساڵ زیندانیم بۆ بڕدرایه‌وه‌و دوو ساڵ‌و حه‌وت مانگم له‌زیندان به‌سه‌ربردو، هاکا‌ی حه‌مه‌سه‌عیدیش ئه‌وه بۆ دکتۆر که‌مال بوو به 30 ساڵ سزای زیندان‌و که‌سیش نازانێت چه‌ند تیایدا ده‌مێنێته‌وه! جا بۆمن نه‌ک هه‌ر هیچ جیاوازییه‌ک له‌نێوان دوو ده‌قیقه‌که‌ی نه‌قیب خالید عه‌ناسی ئیستیخبارات‌و هاکا‌ی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن نییه، به‌ڵکو هاکا‌ی ئه‌و له‌ژێر سایه‌ی حکو‌مه‌تی هه‌رێم‌و که‌س له‌یاسا سه‌روه‌رتر نییه، سێ‌جار به‌قه‌د دوو خوله‌که‌که‌ی ئه‌میان بوو! ----------------------------------------------- (1): خالید عه‌ناس: دواتر به‌هۆی مامۆستا بایز مه‌ولود ته‌هاوه زانیم ئه‌و که‌سه‌ی که هاتبووه دوام‌و منی گرتبوو ناوی (خالید عه‌ناس) بوو هه‌روه‌ها پله‌که‌ی نه‌قیبی ئیستیخبارات بوو. مامۆستا بایز چه‌ند ڕۆژێک به‌ر له‌من ده‌ستگیرکرابوو، دوای ئه‌وه‌ی من گیرابووم، نه‌قیب خالید پێی گوتبوو: ده‌رسیمی براده‌ریشت گیراوه‌و خۆم چووم به‌شوێنی‌و له‌قووتابخانه گرتوومانه‌و زۆر زۆرمان لێیداوه. من‌و مامۆستا بایز له‌قووتابخانه‌ی خه‌تێ‌ی دۆڵی بالیسان به‌یه‌که‌وه مامۆستا بووین، به‌ڵام به‌داخه‌وه مامۆستا بایز له‌ساڵی 1992 له‌شاری هه‌ولێر تیرۆرکرابوو. مامۆستا بایز له‌کاتی دادگایی‌کردن، تاکه‌که‌س بوو که ڕوبه‌ڕووی تاوانبار عه‌واد حه‌مه‌د به‌نده‌ری به‌ناو سه‌رۆکی دادگای شۆڕشی سه‌ددام ببووه‌وه‌و پێی گوتبوو: ببوره که ده‌ڵێی یه‌کێتیی به‌کرێگیراوه، له‌کاتێکدا که ئێمه له‌ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌و ی.ن.ک دا کارمان ده‌کرد، یه‌کێتیی به‌کرێگیراوی هیچ لایه‌نێک نه‌بووه و نابێت، هه‌ر به‌شاهیدی خۆتان که له‌ساڵی 1984دا ده‌تانگووت: یه‌کێتیی نیشتمانی هه‌ڵوێستی نیشتمانی هه‌یه بۆیه گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین). عه‌واد به‌نده‌ری ڕه‌گه‌زپه‌رست له‌وه‌ڵامدا چه‌ندین قسه‌ی ناشیرینی به‌مامۆستا بایز گوتبوو و هه‌روه‌ها پێی گوتبوو: أدزک للجهنم وبئسک المصیر)، دواتر به سزای هه‌تا هه‌تایه زیندانی کراو له 14.9.1988دا به‌یه‌ک ڕۆژ هه‌ردووکمان به‌ربووین.
|
|
04/07/2007 |