هانای ساته‌کانی ڕه‌نگ

 

ده‌وه‌ن

ئه‌وه‌ عومری خۆتت سوتاند ، ‌یان به ‌سته‌ی ئاوازه‌کانی هه‌ڵفرین

په‌نجه‌ی کام ژه‌هراوی بوو ،ڕووخساری ته‌مه‌نی تۆی هه‌ڵوه‌ران

له ‌ئه‌شکه‌وتی قاتوو قڕا، به ‌فریای فرمێسكێ نه‌که‌وتی و

له‌ که‌ڕنه‌ڤاڵی  مردنا جێیهێشتی،

دڵی پاساری تۆی به ‌لقی دره‌خته‌کانه وه‌ هه‌ڵواسی،

به‌ که‌زیه‌کانی تۆ گه‌ڵای پایزی سوتان ، هه‌رزاڵێکی له‌ئێسک دروست کرد

بۆ رۆحه ‌ئاوریشمیه‌کانی شه‌هوه‌ت، بۆ گوناهه‌کانی ژن

بۆ هه‌ناسه‌ و ئاوازی ڕه‌نگه ‌په‌مه‌ییه‌کان .

جێم مه‌هێڵه ‌ئه‌ی تاکفه‌رمانی پیاو

به‌هه‌شت بۆ خۆت حه‌ڵاڵ بکه‌و ئه‌سفه‌لسافلین بۆ هه‌ناسه‌کانی ڕه‌نگ.

ئه‌ی ڕۆح تۆ له‌كوێیت،

کاتێ مێرخاسێ بێڕه‌حمانه‌ بزماره‌کانی خاچ له‌سه‌ر ده‌ست و په‌نجه‌ی

خه‌ناوی کیژۆڵه‌یه‌کا دائه‌کوتێ

ئێره‌ کوێیه ‌سوڵتان؟

ئه‌شکه‌وتی دوپشکه ‌پاڵه‌وانه‌کانی چیرۆکی داپیره‌یه!

‌یان ژووری نسرمی

پیاوه‌ پوچه‌کانی به‌گزاده‌کان.!

ئێره‌ شوێنی زکری فه‌نا بوونی ژن و کیژۆڵه‌ نۆقڵیه‌کانه‌،

که ‌‌سه‌ده‌یه‌ک دبێ حه‌کیمه‌ سمێڵ زله‌کان ‌قاپه کۆنه‌کانی شه‌راب پڕ پڕ

له‌ خوێن ده‌که‌ن و به ‌دانه‌ شه‌یتانیه‌کانیانه‌وه‌ ‌ماچی گوڵ ده‌که‌ن.!

ئه‌رێ ئێوه ‌بێزار نه‌بوون له‌ کوشتنی ڕۆحه‌کانی موحیبه‌ت.

ئه‌رێ ئێوه‌ تێر نه‌بوون له ‌پێکی خوێنه ‌ئاڵه‌کانی،

جوانی کیژ و ڕه‌نگی نه‌مامه‌ ساواکانی دارستان،

ڕه‌نگی چاو و  پایزی ژن ، وه‌رزی گه‌ڵا و

هه‌ڵکرووزانی په‌ڕی پاساریه‌کان..!

ئێوه‌ ماندوو نه‌بوون له ‌هۆده‌کانی سواخدراو به‌شه‌وه شه‌رمنیه‌کان.!

هیلاك نه‌بوون له ‌ڕاونانی ڕێگا دووره‌کان ، له ‌فرمێسکی ڕۆژه‌ شه‌رمنیه‌کان.!

چی ماوه‌ نه‌یکه‌ن بۆ ئابڕو تکانی مانگ و وه‌چه‌کانی تامگێلی،

کێ دیوییه‌تی دایك هه‌رزان فرۆش  و شیری خه‌ڵاتی مار بکرێ

ئێره‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نه‌زانه‌کانه‌،کۆتای شانۆی ژیان و ئاوابونی،

ئه‌ستێره‌کانی میهره‌بانیه‌.ڕاونانی ڕه‌نگه‌کانی سروشته‌ له ‌تابلۆی

ڕۆحی ‌مێینه‌کاندا،ته‌ڵخبوونی چاوه‌کانی ژیانه ‌له‌جوانی ژندا.!‌‌

 

 

 

           

 

04/07/2007