له‌به‌ر بێكاری باس له حه‌رام ده‌كه‌ن
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له مارشی نه‌ته‌وه‌یی كورد
Ibrahim Melazade
له‌وانه‌یه خوێنه‌ری به‌ڕێز وشه‌ی بێكاری بۆ ئه‌وانه بگێڕێته‌وه كه كار‌و كه‌سابه‌تێكیان نیه بۆ نان په‌یدا كردن. لێره‌دا به پێچه‌وانه‌وه، مه‌به‌ستم له بێكاران ئه‌وانه‌ن كه ئیشی سه‌ره‌كی و ڕۆژانه‌ی خۆیان وازلێده‌هێنن و ده‌چن سه‌رقاڵی كارێك ده‌بن كه نه ئه‌ركی ئه‌وانه و نه ڕۆژی ده‌مكوتانیشه له‌و كاره و نه قسه‌كردنیش له‌و كاره له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندایه.
له‌و ڕۆژه پڕ له چاره‌نوسسازانه‌دا یاخه‌ی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب گیراوه و ده‌یانه‌وێ ده‌سكاری شاكاری دڵداری شاعیر بكه‌ن و سه‌روسیمای شیعره‌كه‌ی خه‌ڵتانی خوێن بكه‌ن.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ئێمه له قوناغی چیا و پێشمه‌رگایه‌تی ده‌رچوین و ئێستا له قۆناغی ده‌وڵه‌تین و ده‌بێ ئه‌و شیعره گۆڕانی به‌سه‌ر دابێ، پێم وایه زۆر له واقیعی كوردستان دووركه‌وتوونه‌ته‌وه، ئه‌گینا هێنده بێ‌ئاگا نه‌ده‌بوون. ئه‌وان له بیریان چووه كه ئه‌م مارشه هه‌ر هی كوردی باشوور نیه، به‌ڵكو هی هه‌ر چوار پارچه‌كانی كوردستانه و په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نها نوێنه‌ری به‌شێك له باشووری كوردستانه، بۆیه ئه‌و په‌رله‌مانه به هێچ جۆرێك ده‌سه‌ڵاتی ده‌سكاریكردنی مارشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانی نیه. بێجگه له‌وه‌ش گه‌لی كوردستان هێشتا له قۆناغی خه‌باتێكی توندوتیژ دایه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان، ته‌نانه‌ت له باشووری كوردستانیش.
گۆڕینی هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی پێویستی به ڕازی بوونی خاوه‌نه‌كه‌ی هه‌یه و دڵداری شاعیریش له سه‌فه‌ری ئه‌به‌دی خۆیه‌تی و چ هێزێ هه‌یه بتوانێ ئه‌و ڕه‌زامه‌ندیه له شاعیری جوانه‌مه‌رگ وه‌ربگرێ؟
مارشی زۆرێك گه‌لانی دونیا شتی وای تیایه كه له‌وانه‌یه وشه‌كانی به دڵی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته نه‌بێ، به‌ڵام كه ده‌قێك مه‌جرای شه‌رعیه‌تی خۆی له شه‌رعیه‌تی خه‌بات و شۆرش وه‌رگرتبێ، یا له مێژووی وه‌رگرتبێ، یا له هه‌ر سه‌روچاوه‌یه‌كی تر، ئیتر ئاڕاسته‌ی خۆی وه‌رده‌گرێ و تا ئاستی پیرۆزی ڕێزی لێده‌گیرێ. بۆ نمونه مارشی نیشتمانی هۆڵه‌نده شانازی به‌وه ده‌كات كه سه‌رچاوه‌ی پاشایه‌تی هۆڵه‌ندی له ئه‌لمانیاوه هاتوون و ئه‌ڵمانین، خه‌ڵكێكیش هه‌ن به‌لایانه‌وه خۆش نیه، به‌ڵام ڕێز له‌و مارشه‌یان ده‌گرن و له‌به‌ریشی هه‌ڵده‌ستن.
پاشان وا دیاره هه‌موو پێویستیه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان چاره‌سه‌ركراون و هیچ نه‌ماوه بێجگه له به خوێنداهێنانی سه‌روسیمای ئه‌ی ڕه‌قیب. با په‌رله‌مانتاران و زانایانی به‌ڕێز بپڕژێنه سه‌ر پرسه چاره‌نوسسازه‌كان، نه‌ك له‌به‌ر بێكاری ئه‌و وشانه له‌بار یه‌ك هه‌ڵوه‌شێنن، چونكه بڕواناكه‌م چاوێك هه‌بێ له كوردستان بۆ جارێك له ژیانیا فرمێسكی بۆ نه‌ڕژاندبێت و دڵی بۆ دانه‌خورپابێ. بۆ ئه‌وان باشتره سه‌رقاڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان بن نه‌ك ده‌ست له كارێك وه‌ربده‌ن كه له ده‌سه‌ڵاتیان دانیه.
پاشان ئه‌گه‌ر پرسی گه‌وره حه‌رام و حه‌لال بێ له دیدی شه‌ریعه‌ت وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن، ده‌توانم بڵێم گاڕان به خڕه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه ئه‌وانیش له گوێره‌كه گڕوه‌كه‌یان ده‌پێچنه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر باس له حه‌رام و حه‌لال بكرێ پێم وانیه ماڵی یه‌كێك له‌و هه‌وادارانه‌ی حه‌رام و حه‌لال هه‌بێ حه‌رامی تێدا نه‌بێ، شه‌قامێك هه‌بێ پێیدا تێپه‌ڕ ببن حه‌رامی تێدا نه‌بێ، شارێك یا شارۆچكه‌یه‌ك هه‌بێ زرمه‌ی نه‌یێ له حه‌رام. ئه‌وه نیه دا‌موده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت ڕۆچوون له حه‌رام، مه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی و ڕه‌شوه و واسته و خزمخزمێنه و هه‌تادوایی ئه‌و ڕه‌فتاره ناشیرین و ناشارستانیانه حه‌رام نین؟ ئه‌ی كوا بۆ قسه له شته حه‌رامه‌كان ناكه‌ن؟
ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه سه‌یر بوو پشتگیری یاساناسێكی وه‌كو د. نوری تاڵه‌بانیه بۆ ئه‌و هه‌وڵه نه‌زۆكه. چونكه ئه‌و ده‌زانێ ئه‌و سرووده هه‌ر موڵكی كوردی باشوور نیه، ئه‌وانیش نوێنه‌رایه‌تی كوردی پارچه‌كانی تر ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كوردی باشووریش ناكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه له ڕووی یاسایی ئه‌م هه‌وڵه‌یان زۆر نایاساییه و ده‌چێته خانه‌ی خۆهه‌ڵقورتاندن له كارێك كه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا نیه. پاشان با ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه ببنه‌وه كه وه‌كو خوێزاو و خوێن له‌به‌رده‌میان ده‌ڕوات، ئه‌و دوو ئیداره‌ییه‌ی كه ڕۆژ به‌ڕۆژ خه‌ڵكی كورد ده‌كات به خۆراكی داڵه گۆشتخۆره‌كان.
ئه‌ركی هه‌نوكه‌یی یه‌كێتی زانایان هاوبه‌ند له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕێكخراوه مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ریه‌كان فشار دانانه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی بۆ یه‌كگرتنه‌وه و ئاوڕدانه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.
ده‌ڵێن: ڕه‌فتار تایتلی بیركردنه‌وه‌یه. په‌لاماردانیش بۆ ئه‌ی ڕه‌قیب باشترین هێمای بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌یه. ئه‌وان یان له‌به‌ر بێكاری و نه‌بوونی بابه‌ت بۆ تاوتوێ كردن ئه‌م هه‌وڵه ده‌ده‌ن، یان ئه‌وه سه‌ره‌تایێكه بۆ پرسی گه‌وره‌تر و ترسناكتر.
بۆیه من پێم وایه نه‌مری ئه‌ی ڕه‌قیب له‌گه‌ڵ نه‌مری كورد دایه. پێویستیش ده‌كات ڕۆشنبیران بێنه وه‌ڵام له دژی هه‌وڵی نه‌زۆكی له سێداره‌دانی ئه‌ی ڕه‌قیب.
|
|
04/07/2007 |