ئێران ویستی سێزده‌ هه‌زار گه‌نجی كورد تیرۆر بكات


هه‌ژار خۆشناو

كه‌ ئه‌م مانێشته‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌ به‌لات سه‌یر نه‌بێ ئه‌وه‌ ڕاستیه‌كه‌ كه‌ ڕژێمی ئیسلامی ئێران كاری بۆ ده‌كا، بێجگه‌ له‌وه‌ی هاوكاری و تیرۆریست ڕه‌وانه‌ی عێراق ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش دا هه‌روه‌ك چۆن گه‌لانی ئێران و به‌تایبه‌تی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی سڕ كردوه‌ به‌ هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ و ڕێگه‌ پێدان به‌ مادده‌ بێ هۆشكه‌ره‌كان له‌ نێو گه‌نجانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كا دوور كه‌ونه‌وه‌ له‌ جموجۆڵی سیاسی و هه‌ست نه‌كردن و به‌لاوه‌ نانی ئه‌و زووڵم و تاوانانه‌ی ئه‌و ڕژێمه‌ ئیسلامیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد ئه‌نجامی ده‌دا. ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بێ ڕه‌نگه‌ شاره‌زاییمان هه‌بێ له‌مه‌ڕ ئه‌م ماددانه‌ی كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هه‌موو پۆلیسی ووڵاتان كار بۆ نه‌مانی ده‌كه‌ن و نرخێكی به‌رزی هه‌یه و به‌ گرام ده‌فرۆشرێ،‌ سه‌روی هه‌مووی قه‌ده‌‌غه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین ئێران هه‌ر به‌ خۆڕایی سێزده‌ كیلۆ به‌ دوو سێ كه‌س ده‌دا، تا له‌ شاره‌كانی كوردستانی باشور بڵاوبكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌لایه‌ن پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی گیران، به‌ڵام ده‌پرسین ئاخۆ ئه‌مه‌ نرخه‌كه‌ی چه‌نده‌؟! ئه‌و پاره‌یه‌ كێ دای؟! ده‌پرسین ئه‌مه‌ گیرا ئه‌ی چه‌ندی تر ده‌ربازبوون و چه‌ندانی تر به‌ڕێوه‌ن؟! ئه‌م كاره‌ی له‌ پایه‌ی چی؟! به‌ خۆش به‌ختیه‌وه‌ ئه‌مڕۆ زۆری گه‌نجی كورد له‌ كوردستان و هانده‌ران سه‌ره‌ڕای زۆر كه‌م و كورتی و به‌شدار پێنه‌كردنیان له‌ زۆر شت به‌ڵام هۆشیاری سیاسی و سته‌مدیده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌ناسن و هه‌وڵ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش بۆته‌ درك له‌ چاوی دوژمنان، چونكی ئێران په‌سته‌ به‌ ووزه‌ی تاكی ئێمه‌‌ و گه‌یشتن به‌ مافه‌كانمانه‌ بۆیه‌ هه‌ڵده‌ستێ به‌ لێدانی گه‌نجی كورد و گۆش كردنی به‌و مادده‌یه‌ كه‌ وا ده‌كا به‌كارهێنه‌ر بیر له‌ هیچ نه‌كاته‌وه‌ ته‌نیا به‌ دوا كه‌وتنی ئه‌و مادده‌ بێهۆش كاره نه‌بێ‌، هه‌موو مه‌به‌ست و ئاواتی ده‌بێته‌ لاوانه‌ و سۆفیاتی و بێ ئاگابوون له‌ گۆڕانكاری، وه‌ گشت خه‌رجیه‌ی بۆ كڕینی ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌بێ، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیترین داهاتوو ده‌بێ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان یاساێكی وا ده‌رنه‌كا كه‌ ببێته‌ هۆی بنبڕكردنی گواستنه‌وه‌ و به‌كارهێنانی له‌ كورستان دا، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵی داهاتوو ڕێره‌وی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ره‌و وێران و لێكترازان ده‌چێ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ئاستی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی.

 

 

ئیتالیا

١/١/٢٠٠٦

hajarkhoshnaw@hotmail.com

  

 

           

 

04/07/2007