ده‌قه به‌ردینه! |
نووسینی:حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئه‌ندامی یه‌کێتی ڕۆژنامه‌نووسانی دانیمارک
hemefarik@yahoo.dk
(( خورجێکی دوولانه‌ی به‌شاندا داوه، نازانم به‌م پایزی ته‌مه‌نه‌وه به‌نیازی کوێیه؟! ))
ئه‌م سه‌ره‌ی بۆته گۆڕستانی خه‌ونه به‌دینه‌هاتووه‌کان هه‌ڵده‌گرم و ده‌ڕۆم و ئه‌مشاره‌ی، له درۆ و بێدادیدا لیپانلیپه جێدێڵم. ده‌ڕۆم و ئه‌مشاره‌ی له من و تۆیی و خزم خزمێنهدا که‌یله چۆڵدهکهم. ده‌ڕۆم و سهربهداواوه ناهێنم. له‌م شاره‌دا ڕوو له هه‌رکوێ ده‌نێم، شه‌ققه‌ی پێوه‌دانی دهرگهدێ به‌ڕووما. گریمان وتیان پیاوه‌که شێت بووه. بابیڵێن، قیروهقهرهس. با ئه‌وه‌نده بڵێن تا ده‌نگ لهگهروویاندا نامێنێ و وشه‌کان به‌سه‌ر لێویانه‌وه مردارده‌بنه‌وه..
جڤاکه‌کان ڕزیون. هه‌رچی تام و نرخی ژیان بێ تێیاندا نه‌ماوه. ئه‌م چه‌رخه‌ش چاخی دره‌وشانه‌وه‌ی گورگه.. ئه‌م جڤاکه ڕزیوه بۆمنی گوێ سووک، که له‌دوورڕا چپه‌ی مێشوولهیش ده‌بیستم، ده‌ست نادا. منێک له‌ودیو شووره ئه‌ستووره‌کانه‌وه فسکه‌فسکی پیلانگێڕانی شه‌وم گوێ لێیه، له‌م شاره‌دا ژیان ده‌رنابه‌م. منێ، تابڵێی هه‌ستیار و له دوورڕا بۆنی ئه‌نگوستیله‌ی پڕ له‌ژه‌هر ده‌که‌م و له‌سه‌ر شه‌رواڵی ئه‌ستووره‌وه ئاگاداری خه‌نجه‌ری ژه‌هراویی شاردراوه‌ی نێوان گۆره‌وی و پووزی پیاوکوژانم، له‌مشاره‌دا وه‌ک سووژن ته‌نیا باڵ و ژیان تاڵ و په‌رێشان حاڵم. ڕوو له‌کام شار بکه‌م؟ هه‌موویان چونیه‌کن. پڕن له مرۆی دڕ و گیرفانبڕ.. به‌نگکێش و سینگههڵکێش .. نابووت و که‌لله‌پووت.. تووکتاڵ و زه‌ڕه‌تاڵ و زهینبهتاڵ.. ڕق لهسینهو دڵ به‌کینه.. خاپاو و زهنگزڕاو، له‌پشت حه‌وت کێوه‌وه بۆدڕنیان کاسی کردووم.. بریا که‌ڕ و کوێر بوومایه و بۆنیشم نه‌کردایه.
ئه‌م شاره مشک تێیداوه و گه‌نمی تێدا هه‌ڵناکا. له‌مشاره مۆرانه تێداوهدا، ته‌مه‌نی ئاوریشم له‌ته‌مه‌نی خودی کرمی ئاوریشمه‌که کورتتره. ئه‌م شاره نوقمی ته‌مه، خۆر وه‌ک په‌ناهه‌نده‌ش ڕێی تێناکه‌وێ.. دهرهختهکانی به‌رچاوته‌نگن لق و پۆ له‌باڵنده‌کان ده‌شارنه‌وه نه‌بادا هێلانه‌یان لێ هه‌ڵبه‌ستن.. هه‌ر پاسارییه‌کی ده‌نووک پڕ له‌جریوه‌ی پێخاوس بگری دارلاسیکێکی به‌رده‌که‌وێ.. لێرۆکانه گوێم له‌ئاوازی ژه‌نینی بای خاو و چریکه‌ی بانگخۆشکه نابێ. ده‌چم بۆ ئه‌و چیایه بۆلای به‌رد. به‌ری به‌یان ههڵدهکهمه بان زنارێ و به‌یه‌کم گورزه تیشکی خۆر ڕوخسارم ده‌شۆم.. ده‌چمه خزمه‌ت به‌ردی مه‌رد. ئه‌و کورته ته‌مه‌نه‌ی ماومه له‌گه‌ڵ بهردهیلی ئازیزدا ده‌یگوزه‌رێنم. له په‌نا به‌رددا ده‌ژیم. بڵێی ئه‌و به‌رده‌ی ده‌یکه‌مه پشت و په‌نا له پڕێکدا جووتێ باڵ، یان چوارپه‌لی لێبڕوێ و هه‌ڵکاته چوارناڵه و ته‌نیا بۆ دڕنده‌ی کێوم ئاشکرا کا؟!.. نا. ده‌چێته ئه‌قڵه‌وه ئه‌و ئه‌شکه‌وته به‌ردینه‌ی ده‌یکه‌مه داڵده، له پرخه‌ی خه‌وی سێباری نیوه‌شه‌وێکدا، خڕ ده‌رگه‌م لێ گاڵه‌دا و زیندبهچاڵم کا.؟!.. نا. داخۆ به‌خه‌یاڵی که‌سدا دێ ئه‌و بهردهبازهی به‌نیازی په‌ڕینه‌وه، پێی له‌سه‌ر ده‌نێم ههڵمدێرێته نێو سووڕی گێژه‌نه‌وه، ده‌رخواردی جل و شارک و مارماسیم دا و ئاو‌و ئاو بچم؟!.. دیسان نا.
ده‌چم له‌سایه‌ی سه‌نگی سه‌نگیندا ده‌حه‌وێمه‌وه. له ئامێزی ئه‌شکه‌وتی به‌ردین و له‌سه‌ر تاته‌به‌رد گه‌ڵای دره‌خته‌کان ڕاده‌خه‌م و بێمنه‌ت ده‌نووم. وه‌ک باپیره هه‌ره پێشینهکانم لهدهفری به‌ردیندا ده‌خۆم و تیغی به‌ردین به‌کاردێنم و ئاسووده له‌سه‌ر چرپای به‌ردین ده‌نووم. ئه‌وه قسه‌ی فیمنیستهکانه که ده‌ڵێ: سێبه‌ری به‌رد و به‌قای مێرد..! ئه‌وان لهخوتو خۆڕایی به‌ردیان گلاندۆته کێشه‌ی ژنه‌وه.. ئه‌وه قسه‌ی به‌رتیلده‌ر و بهرتیلخۆرانه، که ده‌ڵێ : به‌رتیل به‌رد نه‌رم ده‌کا.! ئه‌وه گه‌نده‌ڵه‌کانن به‌ردیان ئاڵاندۆته گه‌نده‌ڵییه‌وه، که ئه‌و ته‌واو لێی بێئاگایه. قسه‌ی گیرفانی خۆتانه، که به‌یه‌کدی ده‌ڵێن: سه‌رت دای له‌به‌رد! کوا ڕۆژێ به‌ردێ له‌خۆڕا ڕاساوه و به‌نێوچاوانی مرۆیهکدا نووساوه؛ ئه‌گه‌ر خۆتان له‌پشتی ئه‌م ئاکاره‌وه نه‌بووبن؟! به‌رد که‌سی سه‌نگباران و سه‌نگه‌سار نه‌کردووه براگه‌ل. بڕوام به‌هیچ کام له گوتانه نییه! گه‌ر به‌خوڕ نیل و فورات به‌رده‌نه سه‌ر بهردهستێیهک نه‌رمی ناکا..! ئێوه بۆ ئه‌وه‌نده بێوه‌فان؟ ئه‌و چیا به‌ردینانه نه‌بوونایه له‌مێژبوو ڕه‌گ و ڕیشه‌یان ده‌رهێنابوون!
به‌رد به‌سته‌زمانه؛ ڕاپۆرتم لێنادا و نامخاته ژێر چاودێریی وردی کامێرا وردیلهکانهوه و بهڕیکۆردهری به‌رباخه‌ڵ وشه‌کانم بۆ ڕۆژی خۆی تۆمار ناکا. به‌رد بێده‌نگ و سه‌نگه، بۆڵه و خوتهم به‌سه‌ردا ناکا. کینه له‌دڵ نییه و لێوم لێناکرۆژێ. کێشه‌ی چینایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی و ئاین و ئاینزاشیان له‌نێواندا نییه.. زۆرینه وکهمینهیان نییه تا منیش تێوهبگلێم و به گۆتاوهڕۆیانهوه بتلێمه‌وه. دارا و نه‌داریان نییه و هه‌موو هه‌ر بهردن.. به‌رد هه‌ر به‌رده. به‌رد مه‌رده نهمهراییکهر. کێ به‌ردی دیوه له به‌رده‌م به‌گێ، سوڵتانێکدا دابێ ؟ ئه‌و ته‌نیا بۆ هونه‌رمه‌ندی په‌یکه‌رساز، دێته ڕه‌دا.. کێ بیستوویه زنارێ، پێشمه‌رگه‌یه‌ک بۆ دوژمن ئاشکرا کا؟.. له بابهلبابهوه کێ بیستوویه بهردهبێرێ نهێنیی نێوان شوان و بێریڤانی درکاندبێ؛ یانژی بهکرهیی له نێواندا کردبێ؟ ئێستاش به‌رده‌قاره‌مان متووی شێخه و چاوه‌ڕوانه به‌سواری ئه‌سپه پیازییهکهیهوه تهتهشم تهتهشم، به ده‌ربه‌ند وشکا هه‌ڵکاته سه‌ڵه‌ف و تهڕادلێدان.
به‌رده‌کان ئاشکران و به نهێنی کۆنابنه‌وه، تاکو بڕیاره‌کانیان بهبهندی نهێنی مینڕێژ کرابن. که‌چی مینا گۆڕ نتم و سڕپۆشن. خودایه چه‌ند به‌نه‌زاکه‌ته‌وه شانبه‌شان له چینی دیواردا ده‌وه‌ستن؟! چونکه بۆ کاری خێره، ئه‌وان زووتر ڕیز ده‌به‌ستن تا مرۆڤه که‌ڵه‌کباز و هه‌وه‌سباز و ڕیابازهکان. ئه‌دی هه‌ر به‌رده‌ستێ نییه، که بۆ ڕێبواری سه‌رما کرژکردووی شه‌وبه‌کێو ده‌بێته ئاگر ؟ هه‌ر به‌ردی ئازیز نییه داسی ده‌ستی پاڵه تیژده‌کاته‌وه؟ ده‌بێته سه‌نگه‌ر بۆ شۆڕشڤان؟ ده‌چێته قولی مستی مێردمنداڵێکی (جزیره)وه تاکو بیدا به‌ته‌پڵی سه‌ری جه‌ندرمه‌دا و کڵاوئاسنهکهی به‌رداته‌وه؟ کێ له به‌رد پشوودرێژتره با ده‌ست بڵندکا؟ ئه‌وه‌نییه شه‌وگاری پاییز و ڕۆژگاری هاوین کێشکچیی سه‌رین و پایینی شه‌هیده و ئاوی پێی دانایه؟! به‌رد نازانێ ڕاسیزم به‌ری چ دارێکه؛ تا هه‌ر به‌و بیانووه‌ی سه‌رڕه‌ش و گهنمڕهنگم؛ خێسه‌م لێ‌بکا. سه‌د خۆزگه‌م به‌خۆی؛ به‌رد ڕه‌نگ کوێرێکی دڵاوای خۆڕسکه. جیاوازیی له نێوان ڕه‌نگه‌کاندا ناکا. ئێره‌یی به‌دارا نابا و سووکایه‌تیش بهنهدار ناکا. دیوی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی چونیه‌که. به‌رد دڵێ نییه تا ڕه‌ش بێ. چاوی نییه تا لهئاستما هه‌ڵنه‌یه‌ت. لووتی نییه تا لووتم پێدا دانه‌هێنێ. به‌رد ده‌ستی نییه هه‌تا به‌م ده‌ست و به‌و ده‌ست هه‌ڵپه‌ی بێت و ده‌ستپیس بێ. داوێنیشی نییه تا داوێنته‌ڕ بێ.. بێزمانه، نه زمانلووس و زمانبه‌د و دووزمان هه‌تا زمانم لێ‌بدا و پاشملهم بڵێ. به‌رد مه‌نده و نه‌رم و نیان. ئه‌رێ بیستووتانه ڕۆژێ به‌رد، بهزارۆیه بڵێ ده‌رد؟
به‌رد لاقی نییه پاشقولم لێبگرێ. فایلڕه‌ش نییه، له‌ژێره‌وه به‌عسی بێت و لافی شۆڕشگێڕیش به‌سه‌ر مه‌ردمدا لێدا. به‌بیره‌وه‌ری خۆتان و باب و باواتان بیستووتانه به‌ردێ به‌نهێنی په‌یوه‌ندیی بهپایتهختهوه کردبێ و نامه‌ی نهێنیی له‌گه‌ڵدا گۆڕیبێته‌وه و وشه‌ی نهێنییان له نێواندا هه‌بووبێ و له‌پڕ له ناوه‌ڕاستی نوێژی ههینییهکدا، له تهوقهنهی چیاڕا هه‌ره‌سی به‌سه‌ر مزگه‌وتێکدا هێنابێ و ئه‌هلی جه‌ماعه‌تی قه‌ڵاچۆ تێخستبێ؟
به‌رد گوێ لهکهشناسی ناگرێ و باکی پێ نییه پله‌ی گه‌رما چه‌نده و باو باهۆزه‌کان له‌کوێوه هه‌ڵده‌که‌ن.. به‌رد له‌و جۆره که‌سانه نییه با له‌کام لاوهبێ له‌وێوه شه‌ن بکا.. به‌رد ته‌رکه نییه، بۆیه هه‌رگیز به‌ده‌م باوه ناههژێ..
به‌رد خاوێنتیرینی خاوێنه‌کانه. هه‌تاو بێ، به‌گزنگ و باران بێ، به‌ڕێژنه خۆی ده‌شوا. هاوینان وه‌ک پاساریی له‌بن تریفه‌ی مانگه‌شه‌ودا ده‌نوێ و ئه‌ستێران بۆی ده‌جریوێنن. زستانیش به‌رماڵی بێگه‌رد و نوورانیی به‌فر به‌خۆیدا ده‌دا. به‌رد به‌وه‌فایه و له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌که‌م. باپیره هه‌ره هه‌ره گه‌وره‌م چی له‌سه‌ر ههڵکۆڵیبێ تاکو ئیستاش پاراستوویه‌تی و پیتێک، سه‌رێک، بۆرێک، زهننهیهکیشی لێ نه‌فه‌وتاندووه. ئه‌وه ئێوه‌ن هه‌موویتان دا به‌با. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تێکت هه‌یه بڕۆ له‌بن به‌ردی دانێ و لێی ئه‌رخایه‌ن به. ئه‌وه نییه پێمیمهکان کاتێ سه‌نگه‌ر لێده‌ده‌ن سه‌ریان ده‌سپێرن به‌به‌رد؟ وه‌ختێ مردنیشین له‌و غه‌ریبستانه، دوای ته‌ڵقین و فاتیحایه‌ک، کاتێ ئێوه پشتمان تێده‌که‌ن. دوو به‌ردی به‌وه‌فا ده‌بنه پاسه‌وانی به‌شکۆی سه‌رین و پاینمان.. هه‌موو ده‌مرین، به‌رد ده‌مێنێ؛ بڵا بمێنێ.
به‌رد ئه‌گه‌ر تووڕه‌ش ببێ، زیان بهمێشوولهیهکیش ناگه‌یێنێ. به‌ده‌م ده‌نگ و سه‌داوه؛ لهتهوقهنهی چیاڕا خۆی هه‌ڵده‌دێرێ و به‌ردی دی به‌سه‌ر خۆیدا ده‌کا.. به‌رد هه‌ر به‌رده، له ساته وه‌ختێکدا دووشت نییه و که‌چی سه‌ری لهسێیهمیش بخورێ. ئه‌و خۆی لێناگۆڕێ. کێ زیخێکی دیوه له‌شه‌و و ڕۆژێکدا ههڵگڕابێ و بووبێ بهزنارێ؟ هه‌ر له‌ده‌نکه زیخێکهوه هه‌تا تاوێر و زنار و ڕه‌وه‌ز، بژی به‌رد؛ تا ڕۆژی ئه‌لحه‌د.. ده‌با به‌سه‌ری کزه‌وه ده‌ست پان بکه‌ینه‌وه و له خوداوه‌ند بپاڕێینه‌وه تا بمانکا به‌به‌رد.. ئه‌ی به‌رد، خۆم هاویشته به‌ختی باش و هه‌نیه‌ی پاکت. ئه‌وا به‌یه‌کجاری پشتم کرده شار و ڕووم کرده کهژوکۆ. پشت و په‌نام به ئه‌ی به‌ردی مه‌رد. له‌مڕۆوه، ئیدی من خه‌ڵکی بهردهڵانم. کوڕی ڕه‌وه‌ز و زنار و چیله و تاوێر و تهڵانم. ئه‌وه‌تا خورجێکی دوولانهم له پێویستیی ڕۆژانه بهسهرشاندا داوه و به‌ڕێوه‌م.. به‌رده بێگه‌رده بێباکه به بهینهتهکان چاوڕوان بن، واهاتم ...
کۆبنهاون، 29.6.2005.
لیپانلیپ: دارماڵ، پڕ
خاپاو: فریوخواردوو، خه‌ڵه‌تاو
زهنگزڕاو: بێ‌ئابڕوو
مه‌راییکه‌ر: ڕیاباز
زنار: گابه‌رد، گاشهبرد، به‌ردی گه‌وره
به‌رده‌قاره‌مان: ئه‌و زنارهی له‌شه‌ڕی ده‌ربه‌نددا، شێخ مه‌حمودی له پاڵدا زامداربوو.
به‌رده‌ستێ: به‌رده ئه‌ستێ، به‌رێکی ئاماڵ په‌مبه‌یه وه‌ختێ به‌ئاسن لێیده‌ی ئاگردهکاتهوه.
نتم: بێده‌نگ، هێمن
سه‌ر: (فتحه) ی عاره‌بی
بۆر: (ضمه)ی عاره‌بی
بای خاو: بایه‌کی فێنکی تایبه‌ت به‌ده‌ڤه‌ری قه‌راخه، به‌سه‌ر گیای خاو‌دا هه‌ڵده‌کات و بۆنی ئه‌و گیایه‌ی لێدێ.
زه‌ننه: (سکون)ی عاره‌بی
به به‌ینه‌ت: به‌وه‌فا
چیله: که‌ڵه‌که به‌رد
غه‌ریبستان: گۆڕستان
ده‌ربه‌ن وشک: ده‌ربه‌ندی بازیان
|
04/07/2007 |