په‌ڕجوو |
چیرۆکی: حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئه‌ندامی یه‌کێتی ڕۆژنامه‌نووسانی دانیمارک
ئه‌وه‌تا؛ دیسان پیره‌ژنی تاین گه‌ڕاوه‌ته‌وه شوێنه‌که‌ی جارانی و ئه‌وێی کردۆته‌وه به‌مه‌کۆ.. دیاره ئه‌م پێره‌ژنه ڕه‌زا سووکه قژخاوه چاو شینه پۆشته و په‌رداخه‌ی وا ئاسۆ ئه‌زموونێکی سه‌رنجکێشی له‌گه‌ڵدا هه‌یه؛ ئه‌گه‌رچی سه‌ری له گوێ قه‌بر ده‌له‌رزێ، به‌ڵام هێشتا هه‌ر سووره له‌سه‌ر فریودانی سه‌ر ڕه‌شه بیانییه‌کان و ته‌رکی نه‌داوه!. ئه‌وه‌تانێ به‌نیازی شکار و فریودانی بیانی؛ هه‌مدیسرۆ له‌ژێر پرده‌که‌دا له بۆسه‌دایه. چه‌شه‌ی پیره‌ژن، هه‌مان بابه‌تی جارانه. ئه‌و بابه‌ته‌ی پێیوابوو ئاسۆی پێ خاپاندووه. وه‌لێ ئه‌مجاره‌یان، کاتێ ئاسۆ سه‌رنجی دایه پیره‌ژنی ڕه‌زا شیرین، مووشی پێ نه‌بزوا و سۆزی بۆی نه‌ورووژا. بێده‌ربه‌ست نه‌رمه شانێکی هه‌ڵته‌کاند و بڵماندی: ( ئه‌وسا کڕێوه‌ی زستان و ئێستا ناوه‌ندی هاوینه، له‌وانه‌یه جیاوازییه‌که لێره‌دابێ.) وه‌لێ به‌ده‌ست خۆی نه‌بوو، به‌ده‌م په‌ڕینه‌وه‌وه بۆ کافێکه؛ سه‌ربورده‌ی خۆی و پیره‌ژنی هاته‌وه پێشچاو...
ئێره ڕاسته شه‌قامی نۆره‌برۆیه. ئاسۆ، له‌م گه‌ڕه‌که به‌بیانی جه‌نجاڵه‌دا ده‌ژی. نها به‌نیازه له ترافیکی کن پرده‌که‌وه بپه‌ڕێته‌وه و هه‌تا فوتێکسه‌که‌ی ئه‌وبه‌ر بچێ.. ئه‌وا ڕێک له‌بن پرده‌که‌دا ڕێکه‌وتی پیره‌ژنه ڕاوه‌ستاوه بۆشناخه‌که‌ی کرده‌وه. ئه‌و به‌قه‌ڵافه‌ت و شێوه‌ی خۆگۆڕین و گونجاندنی پۆشاکیدا شاژنێکه بۆخۆی. به‌ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی ئاشنایانه‌وه به گۆڤاری (په‌ڕجوو)ی ده‌ستییه‌وه هه‌نگاوێ لێی وه‌پێش هات و به‌ده‌م فه‌رمووی دۆستانه‌وه، گۆڤاره‌که‌ی بۆ درێژکرد. زه‌ردخه‌نه‌و له‌م دره‌نگوه‌خته ته‌زیوه‌دا، چه‌ندکاڵایاکی به‌نرخ و ده‌گمه‌نه. ئاسۆش هه‌ر به زه‌ده‌خه‌نه به‌ره‌وڕووی بووه‌وه و له‌سه‌رخۆ وتی : (( نای تاک.!))به‌ڵام پیره‌ژن ئه‌م وه‌ڵامه‌ی به‌دڵ نه‌بوو، نا‌ئومێد کشایه‌وه.. ئاسۆ ئاوڕێکیشی له ئه‌لکهولیکه گڤنه‌سه‌ره به‌تانی له کۆڵه ڕدێن هاتووه چلکنه‌که و سه‌گه ڕه‌شه تیسک لووله‌که‌ی دایه‌وه. ئه‌ویش به‌رده‌وام به‌سه‌گه‌که‌یه‌وه ئه‌و ژێر پرده‌ی کردۆته داڵده. سه‌گه‌که له‌سه‌ر په‌ڵاسێک له پاڵیدا درێژبووه. بوتڵێکی نیوه له بیره هه‌ره هه‌رزانه‌کان له پێشی و گێل و ئه‌بڵه‌قانه له بنمیچی پرده‌که ڕامابوو. ئاسۆ وه‌ک لێڕاهاتووه، له‌سه‌ر خێرایی خۆی بوو. مرۆڤ له‌م باکووره‌دا هه‌رده‌م په‌له‌یه‌تی، چ جای ئه‌وه‌ی وه‌رز ناوه‌ڕاستی زستانیش بێ. له‌پڕ به‌خه‌یاڵیدا هات و له‌ژێر لێوه‌وه بڵماندی: (هیچ نه‌بێ له کاوله مفته‌نه‌که‌ی خۆم پیاسه هه‌بوو، خۆ لێره شتێک ناوی پیاسه‌بێ له ئارادانییه نییه.)
ئاسۆ، به‌ده‌ستی بوایه جووتێ شاباڵی لێ بڕوێ، تاکو گورج کاره‌که‌ی ڕاپه‌ڕێنێ و هه‌ناسه‌یه‌ک زووتر خۆی به کافێکه‌دا یان به‌ناو توتومبیله‌که‌یدا بکاته‌وه. له‌وبه‌ره‌وه به‌دڵاودڵه‌وه لایه‌کی کرده‌وه. دیتی پیره‌ژنی ته‌ڕپۆش به دیاریی ده‌ستییه‌وه له‌سه‌ر ڕاکێشانی سۆزی ڕێبواری بیانی به‌رده‌وامه. پیره‌ژن، که ڕه‌نگه ته‌مه‌نی له ده‌وروبه‌ری حه‌فتا و پینج ساڵیدابێ، له پاڵ کابرای ئه‌لکهولیکه‌ی بێداڵده و سه‌گه‌که‌یدا، خۆی دابووه په‌نا دیواری پرده‌که. به‌چاوه شینه‌کانی ڕێبواره گه‌نمڕه‌نگه‌کانی له‌باوه‌ش ده‌گرت و نه‌رم و نیان و لێبڕاوانه فه‌رمووی ئه‌و تاکه په‌ڕجووه‌ی به ده‌ستێوه مابوو لێده‌کردن و وه‌ک کاڵایه‌کی پیرۆز و به‌نرخ پێشانی ده‌دان.
ئاسۆ له بازاڕه‌که‌دا. چاوی بۆجوانکاریی ئوتوموبیل ده‌گێڕا و نه‌رمه شه‌پۆلێکی شله‌تێن ده‌ڕژایه جه‌سته‌ی. ئه‌وانه‌ی به په‌سه‌ندی زانین له سه‌به‌ته‌که‌ی هاویشتن. ئه‌گه‌رچی کاری ئه‌و لێره‌دا ته‌واو ده‌بوو که‌چی پێی ئه‌غزبوو هه‌روا زوو ئه‌م شوێنه تاڕاده‌یه‌ک گه‌رمه جێبێڵێ. به‌ناو به‌شه‌کاندا بۆ پێویستییه‌ک، هه‌ر پێویستییه‌ک بێ چاوی وردده‌کرده‌وه. کڕیار کلێته‌یان ته‌پانبووه سه‌ریان و چاکه‌ت و قه‌مسه‌ڵه‌ی هه‌مه‌جۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگی ئه‌ستووریان له‌به‌ردا و پێڵاوی چه‌رمی ساغ و بن ئه‌ستوور وگۆره‌ویی خورییان له پێدا. هه‌ندێ هێشتا ده‌سته‌وانه‌یان له ده‌ستدا؛ هه‌ندێ نابوویانه نێو سه‌به‌ته‌کانیان، یان له گیرفانی پاڵتۆ و قه‌مسه‌ڵه‌کانیان ئاخنیبوون.
ئاسۆ بیری هه‌ر له‌لای پیره‌ژه‌ن بوو. ( داخۆ له که‌ینێوه به‌م گۆڤاره ئاینییه‌وه ڕاوه‌ستابێ، تاکو موسوڵمانێکی سه‌رڕه‌ش دڵی نه‌رم ببێ و لێی وه‌ربگرێ و بیخوێنێته‌وه، سا به‌شکو ئه‌مه خوایه له نێوان ئه‌و ده‌یان و سه‌دان موسوڵمانه‌ی په‌ڕجووی لێ وه‌رده‌گرن و دواتر ده‌یخوێننه‌وه، خودا بنێته دڵی یه‌ک دوانێکێان و ببنه خوێنه‌ری هه‌میشه‌یی په‌رچوو، ئه‌وسا له‌وانه‌یشه دوای خوێندنه‌وه‌ی سه‌رومڕ و چوونه ناو بابه‌ته‌کانێوه، خواوه‌ند هه‌ر له شێوه‌ی په‌ڕجوودا بنێته دڵی یه‌کێکیان و ببێته کریستیان.)
ئاسۆ له‌یه‌کێک له ڕیزه‌کانی سه‌ره‌دا وه‌ستا و دوای چه‌ند خوله‌کێ چاوه‌ڕوانی، گه‌یشته به‌رده‌م کاشیاره‌که. خه‌یاڵیشی هه‌ر به‌لای پیره‌ژنه‌وه بوو. ناوه ناوه تارمایی دایکیشی ده‌هاته به‌ر ڕوانینی و سه‌ره‌تاتکێی له‌گه‌ڵدا ده‌کرد. ئه‌مجا له‌گه‌ڵ نیگاری پیرژنه په‌ڕچوو به‌ده‌سته‌که‌دا ئامێته ده‌بوو. ئه‌و له ناخه‌وه له‌سه‌ر بڵمه‌بڵمی خۆی بوو (شیردا بۆ داپیردا.) حیکایه‌ته کۆنه‌که‌ی سه‌روه‌ختی منداڵیی هاته‌وه‌یاد.
په‌نجه‌وانه چه‌رمه‌کانی له ده‌ست هه‌ڵکێشان و به‌تووره‌که‌یه‌کی نایلۆنی شینه‌وه به‌ره‌وڕووی وژه وژی بایه ڕچێنه‌ره‌که‌ی ده‌ره‌وه بووه‌وه. بای باکووری ته‌زێنه‌ر و هار، لکی دره‌خته ڕووته‌ڵه‌کانی ده‌هه‌ژاند و له‌سه‌ردا به به‌فره‌لووکه‌وه هه‌ڵیکردبوو. وه‌ک سه‌هۆڵپرژێنی ڕووی بکا، هه‌ستی کرد خه‌ریکه گوێکانی بته‌زێنێ. چاوی له هه‌ناسه‌ی خۆی بوو، بایه‌که ده‌یفڕاند و ته‌فروتوونای ده‌کرد. کلێته (نایک) نیشانه‌که‌ی زیاتر ته‌پانده سه‌ر و گوێلاکی و پێی هه‌ڵگرت.. به‌په‌له تووره‌که‌که‌ی تووڕدایه بۆکسی ئوتومبیله‌که‌یه‌وه و بایدایه‌وه. له شوێنی په‌ڕینه‌وه‌شه‌وه، نائارام چاوه‌ڕوانی سه‌وزبوونی گڵۆپه سووره‌کان بوو. ماوه‌ی نێوان ڕه‌نگ گۆڕکێی گڵۆپه‌کانی له‌به‌ر نه‌ده‌ڕۆیی، که ڕه‌نگه هه‌ر ده‌وروبه‌ری خوله‌کێک بخایێنێ. ڕێبواره پیاده‌کان، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌یان ده‌ستیان به‌ده‌ستکێشه یان شتێکیان هه‌ڵگرتووه، ده‌نا هه‌موو مستیان له گیرفان ئاخنیبوو. ئه‌وان به‌جۆرێک خۆیان پێچاوه‌ته‌وه هه‌تا ته‌واو لێیان وردنه‌بیته‌وه نا‌کرێ لێکیان هه‌ڵاوێری داخۆ نێرینه‌ن یان مێینه. گڵۆپی سه‌وز هه‌ڵبوو، به‌په‌له په‌ڕییه‌وه. له ژێر چاویلکه‌کانه‌وه، چه‌ند دڵۆپێک فرمێسکی شله‌تێنی به‌زه‌بری سه‌رما هه‌ڵوه‌ریو، به‌سه‌ر ڕوومه‌ته سارده‌کانیدا خزین.. له‌وبه‌ره‌وه پیره‌ژنه‌که، به‌زه‌ده‌خه‌نه ئاماده‌که‌یه‌وه، هه‌مدیسرۆ په‌ڕجووه‌که‌ی بۆدرێژ کرده‌وه. (ئه‌مانه ڕێک له ده‌رۆزه‌که‌رانی وڵاتی خۆمان ده‌چن. تۆ چه‌ند پاره فڕێبده‌یته پێشیان، کاتێ له‌وسه‌ره‌وه گه‌ڕایته‌وه دیسان ده‌ستت لێ پانده‌که‌نه‌وه و ناتناسنه‌وه.) له نوێ قه‌وانه سواوه‌که‌ت بۆ لێدایه‌وه:(نامه‌وێ سوپاس!) له کورتی بڕیته‌وه و خۆت ڕزگارکرد. خۆ ئه‌وانی دیکه ئه‌وه‌نده‌شی پێ ڕه‌وانابینن. ئه‌وه‌تا پاکستانییه‌که‌ی پێشت به شه‌په‌شه‌پی پۆشاکه میللییه‌کانێوه هه‌ر مووشی پێنه‌بزوا. هه‌ن هه‌ر به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر له‌بریی تۆ سۆماڵییه‌ک بوایه، له‌وانه‌بوو لچێکیش له‌و خاتوونه خاپینۆکه مه‌کربازه غه‌یره‌دینه هه‌ڵقورتێنێ.
بایه سارده‌که په‌یاپه‌ی گڤڤه‌ی دێ. پڕووشه ورد و ته‌نکه‌کان به‌جۆرێ ده‌فڕێنێ و په‌رتیان ده‌کا، چاو کاریان لێ ناکا. جامی پاسه نارنجییه‌کانی ڕێبوار گواستنه‌وه ته‌م گرتوونی.. هه‌ستێ له ناخه‌وه به‌ویژدانیدا چپاند: (ئه‌مڕۆ بێت و که‌س ئه‌و دانه گۆڤاره‌ی لێ وه‌رناگرێ، ڕۆژگاریش هێشتا به‌به‌ریه‌وه ماوه، ئه‌گه‌ر تا ئێواره له‌به‌ر ئه‌م سه‌ر‌مایه بوه‌ستێ، جوبرائیل ده‌ستی به‌باڵییه‌وه بێ ڕه‌ق ده‌بێته‌وه.)
سه‌رڕه‌شێک دڵی بۆی نه‌رم نه‌بوو. که‌سێ به‌زه‌یی نه‌تلیسایه‌وه، ئه‌و دانه په‌ڕجووه خۆڕاییه‌ی لێ وه‌ربگرێ و له ئه‌گه‌ری مه‌رگ ڕزگاری بکا. (دایکم چی لێ به‌سه‌ردێ ئه‌گه‌ر چله‌ی زستان بێت و به‌فر له عه‌رددا که‌وتبێ و ڕه‌شه‌بای سلێمانی به‌سه‌ریدا هه‌ڵیکردبێ، به‌ڕاست بۆ له یادم چوو، خۆ له‌وێنده‌رێش هه‌ر زستانه و ده‌ها خراپتر، دیسان سووته‌مه‌نی چۆته قاتی.) له‌هیکڕا پیره‌ژنی به‌دایکی خۆی چوواند.. پیره‌ژن پاڵتۆیه‌کی خاکی کاڵ له‌به‌ردا. تا به‌رگه‌ردنی دوگمه کاهییه‌کانی داخستوون، ئارایشتێکی لێزانانه‌ی کردووه. ته‌نکه لێوه‌کانی سوور. شه‌بقه‌یه‌کی خاکیی کاڵی به‌قردێله‌ی شینی ئاسمانی له‌سه‌رناوه. بایه‌که ده‌یجووڵێنێ و ئه‌ویش ده‌ستی پێوه‌یه نه‌بادا بیفڕێنێ. کڵافه‌ی پرچی زه‌ردی تێکه‌ڵ به‌سپی، تاسه‌رشان. چاویلکه‌یه‌ی چوارچێوه نیلی له چاودا، چه‌کمه‌ی ڕه‌شی نوێی لێ هه‌ڵکێشاوه. ده‌ستکێشه‌کانیشی پیرۆزه‌یی. له ئاستی گه‌ردنی، گرێیه‌کی له ملپێچه پیرۆزه‌ییه‌که‌ی داوه. لچکه‌کانی له‌ژێر پاڵتۆ خاکییه کاڵه‌که‌یدا بزربوون. کاتێ به‌وردی دیقه‌تی دا. دیتی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو پۆشاکه گه‌رم و گرانبه‌هایه‌دا هێشتا به‌زه‌بری که‌ڕه‌سیسه‌ی ده‌م با، کرژبووه، ڕووی سوور و چرچ هه‌ڵگه‌ڕاوه. (پاڵتۆکه‌ی ده‌توانێ بایه‌که بشکێنێته‌وه و کاری لێنه‌کا، شه‌بقه‌که‌یش بۆی هه‌یه به‌ری بایه‌که بگرێ و نه‌هێڵی ڕاسته‌وخۆ له بێخی سه‌ری کار بکا، به‌ڵام دڵینام ئێستا قاچ و پووزه چرچ و وشکه‌ڵه‌کانی له‌ناو پێڵاو و گۆره‌وییه‌کانیدا ته‌زیون، چه‌رم چه‌ند ئه‌ستووریش بێ، هه‌تا ماوه‌یه‌ک گه‌رمی ده‌پارێزێ، له‌وانه‌یه کاریگه‌ری سه‌رما هه‌تا سه‌روتر‌یش هاتبێ، کێ ده‌ڵێ تاوێکی دی خۆی له به‌شی فریاکه‌وتنی نه‌خۆشخانه نابینێته‌وه، کێشه‌که له‌وه‌دایه ئه‌م ناجووڵێ تاکو له‌شی که‌مێ گه‌رم ڕابێ و تینی تێبڕژێ، دڵنیام ئه‌مشه‌و که‌سیره ده‌بێ و سه‌رما ده‌یکوژێ، ئه‌م پیره‌ژنه ئه‌و هه‌موو وزه‌و به‌رگرییه له کوێ بێنێ، خودایه، چه‌ند له‌دایکم ده‌چێ خودایه..)
له‌وه زیاتر خۆی پێ ڕانه‌گیرا. یه‌ک له‌باری ئاسۆ، ئێواره ژووانی له‌گه‌ڵ ده‌زگیرانه‌که‌یدا هه‌یه و جێژوانیان کافییه‌ی (کاسترۆ)یه. ته‌له‌فوونه ده‌ستییه‌که‌ی ده‌رهێناو سه‌رنجی کاتی دا. دیتی هه‌روا ده‌خوله‌کێکی به‌به‌ره‌وه‌ماوه. ڕووه‌و گازینۆکه خوشی.. کاپوچینۆیه‌کی داواکرد. هێشتا وه‌رینه‌گرتبوو (سینه) له‌وسه‌ره‌وه سه‌ری کێشا. به‌ره‌وڕووی چوو چه‌ند چرکه‌یه‌ک یه‌کودوویان له ئامێزگرت. به‌ڵام ئه‌م تاپۆی ئه‌و پیره‌ژه‌نه‌ی له‌به‌رچاو لاناچێ. خه‌مێک به‌جاڕێ سه‌رو دڵی گرتووه.( له ته‌مه‌نی دایکمدایه، شێوه‌شیان ده‌چێته‌وه سه‌ر یه‌ک، به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه دایکم نه‌شه‌بقه له‌سه‌ر ده‌نێ و نه‌ئه‌و جۆره پاڵتۆیه‌ش ده‌پۆشێ، خاڵی هاوبه‌ش مه‌گه‌ر ڕه‌نگ و باڵا‌و ته‌مه‌نیان بێ، دایکم ساڵانێکی زۆریشه پشتی کردۆته ئارایشت، زه‌رده‌خه‌نه‌که‌شی هه‌ر ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌م..)
سینه‌ی گه‌یانده سه‌ر مێزێکی دووکه‌سی و خۆی گه‌ڕایه‌وه، قاوه‌یه‌کی ئاسایی بۆ داواکرد و پێویستی به‌وه‌نه‌بوو لێی بپرسێ.. به‌زه‌ده‌خه‌نه‌وه به‌رامبه‌ری دانیشت. وه‌ک یه‌که‌مجاریان بێ له بۆنه‌یه‌کدا به‌یه‌ک بگه‌ن، به‌باسی دژواریی که‌ش و هه‌وا ده‌رگه‌ی قسه‌وباسی کرده‌وه. به‌زمانی دانیمارکی ئیدێۆمێکی کوردیی له‌سه‌ر زستان به‌گوێیدا دا: (( سه‌رمایه‌که، تف هه‌ڵده‌ی ده‌یبه‌ستێ.)) سینه زه‌رده‌گرتی و وتی: (( له‌وانه‌یه مرۆڤ بیبه‌ستێ!)) ئه‌میش سه‌ری بۆ له‌قاند. هه‌ر زوو بیریکه‌وته‌وه، که ئه‌و ئیدیۆمه سه‌قه‌ته هی کوردستانه و به‌م وڵاته نامۆ و ناجۆریشه. له‌بن لێوه‌وه بڵماندی: (لێره تف هه‌ڵدان ئاکارێکی ناجۆر و قێزه‌ونه، نه‌ده‌بوو..) ماوه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر سینه نتم دانیشت و به کاپوچینۆکه‌وه خه‌ریک ما. ئه‌ویش لێی و‌ردده‌بۆوه و به‌قاوه‌که‌وه خۆی خه‌ریک کردبوو. دوای تاوێ بێده‌نگی پرسی: ((بۆ پێکتدا داوه؟ وه‌ک تووشی کێشه‌یه‌ک هاتبی بێتاقه‌ت ده‌تبینم ئاسۆ؟!)) ده‌م و لێوی سینه له تافی ئاخاوتندا له گوڵهه‌نار ده‌چوو به‌ده‌م سروه‌ی شه‌ماڵه‌وه بشنێته‌وه.. ئاسۆ نه‌یتوانی وه‌ڵامێکی دروست و حازر به‌ده‌ستی بداته‌وه. کووپه‌که‌ی دانا. دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێک ده‌ستی بۆ گوێی سارد و سمێڵی تاشراوی برد، وتی: (( ها، بڵێم چی.. ماوه‌یه‌که هه‌واڵی دایکم نازانم، دڵم ختووره ده‌کا و..)) له‌ده‌می وه‌رگرت و وتی: (( چی تێدایه ئه‌مشه‌و زه‌نگێکی بۆلێده.!)) په‌نجه‌کانی تێکپه‌ڕاندو وتی: (( پێشنیازێکی به‌جێیه؛ به‌ڵام دایکم ته‌له‌فوونی نییه.!.. هه‌رچۆنێ بێ ئه‌مشه‌و ناڕاسته‌وخۆش بێ هه‌واڵی ده‌زانم. هه‌سته بابڕۆین!!))
یه‌کسه‌ر ده‌ستی دایه ده‌ستی سینه و ڕاست بۆ‌وه. ئه‌و هێشتا کووپه قاوه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه بوو. بروسکه‌یی تیله‌ی چاوی گه‌یانده سه‌عاته‌که‌ی و به‌سه‌رسووڕمانه‌وه پرسی: ((جارێ زووه، به‌م ده‌مه‌و ئێواره‌یه به‌ره‌و کوێ ئاسۆ؟!)) وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه. له‌سه‌ر خۆ ده‌ستی ڕاکێشا. سینه کووپه‌که‌ی دانا‌و وه‌ک گیاندارێکی گوێڕایه‌ڵ و ده‌سته‌مۆ دوایکه‌وت. هه‌ر له‌نێو کافێکه‌دا کلێته‌کانیان ته‌پانده سه‌ریان، ده‌سته‌وانه‌یان له‌ده‌ست هه‌ڵکێشا و که‌وتنه سه‌ر ڕاسته شه‌قامی نۆره‌برۆ. پڕووشه‌ی به‌فر چکی کردبوو. وژه‌ی گژه‌بای ته‌زێنه‌ر به‌ره‌وڕوویان بووه‌وه. ده‌ستی به‌ده‌ستکێش له‌نێو ده‌ستدا، به‌ره‌و پرده‌که‌ی نۆره‌برۆ سه‌رژوور بوونه‌وه. پیره‌ژنه په‌رجوو به‌ده‌سته‌که هه‌ر له‌وێ له‌جێی خۆی بوو. دیاره هێشتا نه‌یتوانیوه، دڵی موسوڵمانێک به‌لای خۆیدا بێنێ، به‌خۆڕایی په‌ڕجووه‌که‌ی لێی وه‌ربگرێ. یان هه‌ر له‌کۆڵی بکاته‌وه. ئاسۆ گه‌یشته به‌رده‌م پیره‌ژن و ئه‌ویش وه‌ک جاران به‌ده‌م خه‌نده‌وه په‌ڕجووه‌که‌ی بۆ درێژ کرد. ئاسۆ به‌ره‌وڕووی چوو. دیتی سه‌رما له‌وه‌دایه که‌سیره‌ی بکا، بۆیه زه‌ده‌خه‌نه‌که‌ی وه‌ک ئه‌وسا به‌گه‌شی نه‌ماوه. ئاسۆ چاوی بڕییه چاوه شینه‌کانی. ده‌ستی بۆ درێژ کرد و به‌چه‌ناگه نیوه سڵاوێکی لێکرد. ئه‌ویش زیاترده‌ستی به‌گۆڤاری لێ نزیک خسته‌وه. ئاسۆ به‌ڕوویه‌کی گه‌شه‌وه لێی وه‌رگرت و وتی: (( تووسن تاک!!))
سینه، که قۆڵی له قۆڵی ئاسۆدابوو، سه‌ری لێ سڕمابوو. به‌ده‌م ڕێوه پرسی:((به‌ڕاست ئاسۆ ئه‌م جۆره شتانه‌ش ده‌خوێنیته‌وه؟!)) خۆی له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی لادا. که‌مێ په‌نجه به‌ده‌سته‌وانه‌کانی گوشی و زیاتر پێیان هه‌ڵگرت. کاتێ په‌ڕینه ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که، ئاسۆ ئاوڕێکی دایه‌وه. دیتی کابرای ئه‌لکهولیکه و سه‌گه‌که‌ی له‌جێی خۆیانن. ئه‌وه‌نده هه‌یه به‌تانییه چڵکنه‌که‌ی ته‌واو له خۆیه‌وه ئاڵاندووه. هه‌رچی پیره‌ژنیشه شوێن و هه‌ته‌ری نه‌ماوه: (پێموایه، ئه‌م ئێواره‌یه په‌ڕجوویه‌کی له ئاوه‌زبه‌ده‌رم ئه‌نجامدابێ، په‌ڕجووی له مه‌رگ ڕزگارکردنی پیره‌ژنێک.) هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی که‌ڵکێشاو ئه‌مه‌ی له‌به‌ر خۆیه‌وه مرتاند.. سوکنایی به ده‌روونی گه‌یشت. په‌ڕجووی له‌مه‌ڕ پیره‌ژنی هێشتا به‌ده‌سته‌وه‌بوو. نه‌ختێ له‌ولاتر دانه‌وییه‌وه. سووکێ په‌ڕجوه‌که‌ی له‌بان کورسیی وێستگه‌ی پاسه‌کان دانا‌و پشت پێی هه‌ڵکرد.. دوای چه‌ند هه‌نگاوێک ئاوڕی لێدایه‌وه. دیتی په‌یتا په‌یتا بایه‌که به‌خێراییه‌کی زۆر و به‌ده‌م لرفه‌لرفه‌وه، په‌ڕه په‌ڕه ده‌یکاته‌وه و دایده‌خاته‌وه.. ئاسۆش قۆڵی له قۆڵی سینه‌دایه؛ به‌ده‌م ڕێوه ده‌کرێته‌وه. به‌په‌له به‌ره‌و لای ئوتومبیله‌که‌ی ده‌ڕۆن. ڕۆیشتنێک به‌ره‌وڕووی بایه‌که، مینا فڕین. له‌وده‌مه‌دا به‌رز و گه‌وره به‌ئاسمانی شاره‌وه که‌ڤاڵی به‌جووڵه‌و ڕه‌نگاوڕه‌نگی دایکی بینی به‌ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی گه‌شه‌وه لێوه‌کانی کشابوون و له‌و به‌رزاییه‌وه ئامیزی بۆ گرتبوونه‌وه به‌له‌ز به‌ره‌وڕوویان ده‌هات.. کۆبنهاون 16.6.2005
(په‌ڕجوو، المعجزة): بڵاڤۆکێکه، به‌چه‌ند زمانێ بڵاوده‌بێته‌وه، باس له په‌ڕجووه‌کانی ئاینی عیسایی ده‌کا. mirakel*
*کافێی کاسترۆ؛ کافێیه‌کی میللییه، له‌سه‌ر شه‌قامی نۆره‌برۆی شاری کۆبنهاونه.
*فوتێکس: بازاڕێکی گه‌وره‌یه له‌هه‌موو گه‌ڕه‌که‌کانی شاردا لقی هه‌یه.
: (نای تاک) نه‌خێر سوپاس. Nej, tak: (تووسن تاک.) هه‌زار جاران سوپاس.. *.Tusind tak*.
|
04/07/2007 |