وورده‌كارییه‌كانی مه‌رگی من

 شیعری حه‌مه‌كاكه‌ڕه‌ش

 

دێته‌وه‌ یادم

ئه‌ستێره‌یه‌كی سه‌رگه‌ردان بووم

هیچ ئاسمانێك

ده‌ستێكی بۆ درێژنه‌كردم

ته‌نها ده‌ستێك

دنیایه‌ك تیشك بووم

له‌ لوتكه‌كانی ئارامیدا

شكسته‌كانم ده‌گه‌ڕانه‌وه‌

هێزم له‌ به‌ردو دارو

ئاوو ئاگرو خاخ و خه‌ڵك

وه‌رده‌گرت

عه‌شق بوون

ده‌ڕژانه‌ ڕۆحمه‌وه‌

شینایی ئاسمان بوون

بۆ كۆتره‌كانی خه‌یاڵم

بۆ سه‌وزبوونی ڕوانینه‌كانم

شینایی ئاسمان بوون

بۆ دوا ڕۆژی فڕین

بۆ گه‌ش بوونه‌وه‌ی

گوڵه‌كانی خوێن

بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی

شه‌پۆله‌كانی ئه‌وین

ڕه‌نگێك بوو

وه‌ك ڕه‌نگی ئازادی گوڵ

ده‌ڕژایه‌ درزه‌كانی خاكه‌وه‌

باڵه‌خانه‌ی دنیایه‌كی جوانم

له‌ته‌م و كازیوه‌دا ده‌بینی

دێته‌وه‌ یادم

وره‌ده‌كارییه‌كانی مه‌رگی من

چه‌ندین ده‌ست و دڵ

ده‌یانچنی

له‌ باخچه‌كانی دونیادا

باڵنده‌یه‌ك گوڵێك

له‌ ڕه‌نگی ئازاره‌كانم نه‌بوو

ئاوێنه‌یه‌ك بۆ پیشاندانی

قوربانییه‌كانی من نه‌ده‌بینرا

تابلۆیه‌ك بۆ گوڵه‌كانی بیابان

هه‌ڵنه‌واسرابوو

له‌ ده‌ریاكانی دونیادا

كه‌شتیه‌ك نه‌بوو

بۆ هه‌ڵگرتنی مه‌ینه‌تیه‌كانم

دێته‌وه‌ یادم

سه‌راب و ئاو

له‌سه‌ر كوشتنی من

چه‌ندین نامه‌یان

بۆ یه‌كتر ناردبوو

تاریك و خۆر

له‌ یه‌كه‌م دانیشتندا

له‌سه‌ر كوشتنی من

ڕێكه‌وتبوون

دێته‌وه‌ یادم

هه‌موو دونیا به‌شداربوون

‌له‌ورده‌كارییه‌كانی

مه‌رگی مندا

دێته‌وه‌ یادم

له‌ ژێر دارو په‌ردووی

ڕووخاوی گونده‌كاندا

هێلانی كۆتره‌كان و

خڕبوونه‌وه‌ی

ئێوارانی خه‌ڵك و

تریفه‌ی پێكه‌نینی

كچانم ده‌بینی

خوڕه‌و هاژه‌ی

ئاوی چه‌مه‌كانم ده‌بینی

كانیاوی وه‌ك مناڵ و

جۆگه‌ی ناو قه‌د

باریكم ده‌بینی

له‌ژێر دارو په‌ردووی

ڕوخاوی گونده‌كاندا

ژووانی دڵداری و

یادگاریم ده‌بینی

بێده‌نگی دونیاو

هاواری كوردو

گه‌ڕم و گوڕی ژیانم ده‌بینی

كه‌رامه‌تی برینداری

نیشتمانم ده‌بینی

 

 

 

 

           

 

04/07/2007