ئه‌ی ژن ده‌سته‌كانت له‌. با . خه‌مبارترن

 

 

شیعری حه‌مه‌كاكه‌ڕه‌ش

 

ئه‌ی ژن

ئه‌ی باڵنده‌ی ئاو

ئه‌ی گوڵی ڕوناكی

ئه‌ی كپی به‌فر

ئه‌ی ده‌نگی باران

ئه‌ی سه‌وزایی باغ

وه‌ره‌ بچینه‌ كه‌نار ده‌ریای ئاگر

بۆنی گیای خه‌یاڵ بكه‌ین

وه‌ره‌ ئه‌ی ژن

فرمێسكه‌كانم له‌ئاگر گه‌رمترن

ڕوانینه‌كانم له‌ تیشك تیژترن

ده‌سته‌كانت له‌( با . خه‌مبارترن

وه‌ره‌ ئه‌ی ژن

ڕۆژه‌كانم پڕن له‌قه‌ده‌ری شكاو

وه‌ره‌ ئه‌ی ژن

ئه‌ی باڵنده‌ی ئاو

وه‌ره‌ ئه‌مه‌وێ خه‌ون ببینم

ئه‌مه‌وێ پڕم كه‌ی له‌جریوه‌ی چۆله‌كه‌

له‌كاتی به‌یاندا

پڕم كه‌ی له‌ساكاری مناڵ

له‌كاتی گریاندا

وه‌ره‌ ئه‌ی ژن من بێ تۆ

پڕم له‌باغ و

هه‌ست به‌گه‌ڵای دارێك ناكه‌م

پڕم له‌عاسمان و

شوێن پێی فڕینێك نابینم

پڕم له‌خه‌یاڵ و

به‌تاڵم له‌ژیان

پڕم له‌خواوه‌ندو

به‌تاڵم له‌ئیمان.