بێڕه‌نگه‌كانی خۆشه‌ویستی

                                    شیعری

                             حه‌مه‌كاكه‌ڕه‌ش

ئه‌توانی سه‌یری گوڵ و

باڵنده‌و باران و ئاگركه‌ی

ئه‌توانی سه‌یری به‌فرو

با و ده‌ریاو دارستان كه‌ی

ئه‌توانی له‌مێرووله‌یه‌ك وردبیته‌وه‌

ئه‌توانی شۆڕبیته‌وه‌‌

بۆ تروسكایی ناو بیرێك

ئه‌توانی به‌ ڕوانینێك

بچیته‌ ئه‌ودیوو هه‌وره‌كانه‌وه‌

ئه‌توانی هه‌زار ساڵ دانیشی به‌دیار

ڕووتبوونه‌وه‌ی ژنێكه‌وه‌

به‌لاته‌وه‌ گران نیه‌

له‌شه‌قامێكی چۆڵا

سه‌ده‌یه‌ك چاوه‌ڕێی كه‌سێك بكه‌ی

كه‌ عه‌یامێكه‌ مردووه‌

به‌لاته‌وه‌ ئاساییه‌

نامه‌یه‌ك هێنده‌ بخوێنیته‌وه‌

تادێڕه‌كانی به‌ تیشكی چاوه‌كانت

ئاگر ده‌گرن

ئه‌توانی بچیته‌قوڵایی ئاو

دڵیشت پڕبێ له‌چراكانی عه‌شق

ئه‌كرێ له‌ گه‌ڵ كۆترێكدا بفڕی و

هه‌ر گیز نه‌نیشیته‌وه‌

تاسه‌ر زه‌وی

داوای لێبوردن نه‌كات

ئه‌توانی به‌كۆڵێك ته‌مه‌نه‌وه

مناڵێك بی

بۆنی گڕوگاڵ له‌دڵت بێ

 

ئه‌بێ خۆر

هێنده‌ی چاوی ژنێك گه‌رم نه‌بێ

ئه‌بێ ئاو

هێنده‌ی دڵی ژنێك ته‌ڕ نه‌بێت

ئه‌شێ ئاگر

هێنده‌ی ژنێك سه‌مانه‌كات

ئه‌شی باران

هێنده‌ی ژنێك

تینوێتی نه‌شكێنێ

ئه‌شێ به‌فر

هێنده‌ی ژنێك

كپ و سپی نه‌بێ

ئه‌كرێ هه‌موو شتێك له‌یاد كه‌ی

چاوه‌كانی ژنێك نه‌بێ

ژنێك ئه‌تونێ وابكات

هه‌ست به‌ته‌ڕی باران نه‌كه‌ی

ژنێك ئه‌توانێ

به‌سپێتی خۆی داگیرتكا

هه‌ست به‌سپێتی به‌فر نه‌كه‌ی

ژنێك ئه‌توانێ به‌سۆزی خۆی

داتپۆشێ و

هه‌ست به‌ سۆزی باخچه‌نه‌كه‌ی

ژنێك ئه‌توانێ

به‌جوانی وێرانت كاو

هه‌ست به‌ جوانی

كۆتره‌كان نه‌كه‌ی

ژنێك ئه‌توانێ

فێری فڕینتكا بێ باڵ

ژنێك ئه‌توانێ به‌پیكه‌نین

خه‌یاڵتكا خه‌یاڵ

ئه‌توانێ له‌ ده‌ریایه‌كدا

به‌پێچه‌وانه‌ی باوه‌ مه‌له‌كه‌یت

ئه‌توانی شه‌پۆله‌كانی ژنێك

ئارام كه‌یته‌وه‌

ئه‌توانی گوڵێك ته‌نیا

بۆ باخچه‌ به‌ریته‌وه‌

ناتوانی دڵی گریاوی

ژنێك ژیركه‌یته‌وه‌

ئه‌گه‌ر ئاهه‌كانی نه‌بیستی

ناتوانی لێوه‌كانی سووركه‌یته‌وه‌

بێڕه‌نگه‌كانی خۆشه‌ویستی