نامه‌یه‌ک بۆ لاوانی کوردوستان


لاوانی کوردوستان ئه‌م کاته‌تان شاد سڵاوم هه‌یه‌ بۆتان به‌ هیوای خۆشیتان به‌ڕێزان / ئێوه‌ تووانیتان به‌ خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانتان له‌سه‌ر شانۆی سیاسی کوردوستان ، ده‌ورو نه‌خشی خۆتان بگێڕن و جێگای ده‌ستان به‌ ته‌واوی خۆپیشاندان و داواکردنی خواسته‌کانی خۆتان و سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاوه‌ بنه‌خشێنن ، ده‌سه‌ڵاتداران له‌ کوردوستان له‌م هاتنه‌ مه‌یدانه‌ی ئێوه‌ زۆر نیگه‌ران و ناڕه‌حه‌ت بوون و ده‌بن ، خۆتان ئاگادارن که‌ده‌سه‌ڵات له‌ کاتی ده‌نگ نه‌دانتان بۆ ده‌ستوور چه‌ند نیگه‌ران بوون و چه‌ند ده‌رسێکی جه‌سورانه‌تان پیشاندان .
له‌ کاتی به‌ناو هه‌ڵبژاردنی 15ـ 12 ـ 2005 هه‌مووتان بینیتان که‌چۆن ته‌واوی ڕاگه‌یاندن و قسه‌و لێدوانی سه‌رانی ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدار و هاوپه‌یمانه‌کانیان ڕووبه‌ڕووی ئێوه‌ بوو ، خۆتان ئاگادار بوون چۆن لێتان ئه‌پاڕانه‌وه‌و پێیان ئه‌ووتن که‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌نگی لاوانه‌وه‌ به‌سراوه‌ ، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدار و ڕاگه‌یاندنه‌که‌یان به‌ ئێوه‌ی ده‌ووت هیچ نه‌بوو بێجگه‌ چاوبه‌ست و وه‌رگرتنی په‌نجه‌ مۆری ئێوه‌ بۆ کورسی ده‌سه‌ڵات و مسۆگه‌ر کردنی به‌شی زیاتر .
من لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ له‌ به‌ناو هه‌ڵبژاردنی 15 ـ 12ـ 2005 دا چه‌ند لاو ده‌نگی داوه‌ یان ده‌نگی نه‌داوه‌ ، به‌ڵکو قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان سیناریۆی به‌ناو هه‌ڵبژاردنیان کردووه‌ به‌و پرۆسه‌یه‌ی که‌ خه‌ڵکی کوردوستان به‌ گشتی و لاوان به‌ تایبه‌تی خواست داواکاریه‌کانیان به‌ ئاینده‌یه‌کی نادیار بسپێرن بۆ دوای ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن و ڕۆژگارێکی هه‌رگیز نه‌هاتوو ، ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یانه‌وێت بڵێن قسه‌ مه‌که‌ن و دانیشن تا ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌که‌وێت ، ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یانه‌وێت به‌ ناوی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئاوی سارد بکه‌ن به‌سه‌ر ژیله‌مۆی گه‌شاوه‌ی خواست و داواکاریه‌ ئینسانیه‌کانتان . لاوانی کوردوستان ، ئه‌ی ئه‌و لاوانه‌ی که‌ شایه‌نی جوانترین و شیاوترین ژیانی هاوچه‌رخ به‌ خۆتانن ، نابێت ئێوه‌ به‌م سیناریۆیه‌ مل بده‌ن نابێت ئێوه‌ ده‌سخه‌ڕۆی به‌ڵێن و گفته‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات بن ، نابێت لاوان کێرڤی داواکاری و ڕێکخستنی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان بهێننه‌ خواره‌وه‌ ،" 14" ساڵه‌ چی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی گرتووه‌ له‌ کوردوستان تاکو وه‌ڵام به‌ خواست و داواکاریه‌کانی ئێوه‌ بده‌نه‌وه‌ .
ئه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ له‌ وه‌ڵام به‌ خواسته‌کانی ئێوه‌ پێچه‌وانه‌ بوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ له‌ گه‌ڵ ئومێدێک که‌ ئێوه‌ هه‌تانه‌ به‌ژیان و ئاره‌زووه‌ ئینسانیه‌کانتان .
لاوانی کوردوستان / کورسی زۆر له‌ په‌رله‌مانی عێراق ، یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌ ، سه‌رۆک بوونی ئه‌م و ئه‌و ، وه‌زیر بوونی ئه‌م و ئه‌و ، ده‌ستووری قه‌ومی و دینی، مانه‌وه‌ی میلیشیاو ده‌یان و ده‌یانی تر هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی نیه‌ به‌ ئاوات و ئومێدێک له‌ دڵی ئێوه‌دایه‌ . لاوانی کوردوستان ده‌بێت به‌ زووترین کات ئه‌م ده‌وره‌یه‌ تێپه‌ڕێنن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئاستانه‌ی خه‌باتی ڕۆژانه‌ی خۆیان و ، جارێکی تر ئه‌و په‌یامه‌ بده‌نه‌وه‌ به‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتداراندا که‌ خه‌باتی لاوان بۆ ژیانێکی باشتر به‌رده‌وامه‌ ، لاوان زۆر به‌باشی ئه‌و واقیعه‌ته‌ ده‌بینن که‌ یه‌که‌م به‌خشیشی ده‌سه‌ڵاتی دوای هه‌ڵبژاردن به‌رز کردنه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی و حوکمدانی دکتۆر که‌مالی سه‌ید قادره‌ به‌" 30 " ساڵ زیندانی.لاوانی کوردوستان ده‌بێت مه‌یدانی خه‌باتیان گه‌رمتر و خواسته‌کانیان له‌هه‌ر کات زیاتر به‌رزترو ڕواستاوانه‌تر ڕابگرن . سه‌رکه‌وتووبێت خه‌باتی لاوانی کوردوستان بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانیان

هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی
19ـ1ـ2006

 

           

 

04/07/2007