کۆرسی په‌رله‌مانی کوردستان


‏قادر نادر
‏27‏/01‏/2006


په‌رله‌مانی کوردستان خه‌ونی کورد بوو هاته‌دی ، له‌ماوه‌ی چه‌ند سالێکدا ، جۆته‌ک په‌رله‌مان  ( ده‌ره‌کی و ناوه‌خۆ ) هاتنه‌ مه‌یدان، په‌رله‌مانه‌ ده‌ره‌کیه‌که‌(مه‌نفا) به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌رۆک و له‌ هه‌نده‌ران له‌دایک بوو، زۆرچالاک و گه‌رم بوو هه‌ربۆیه‌ ش بوو به‌ هه‌لم .
په‌رله‌مانی یه‌که‌ممان ئه‌گه‌ر چی به‌50 نه‌خۆشیه‌وه‌ ده‌ینالاند ،که‌چی به‌قودره‌تی قادر ته‌مه‌نی درێژبوو، چونکه‌ له‌ووته‌ی سه‌رکرده‌ گه‌وره‌کانی کورد ده‌رنه‌ده‌چوو . ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی ئێستاش به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌یه‌ک دایک و باوکه‌ ، بۆیه‌ هه‌مان هۆرمۆن وجیناتی تێدایه‌.
ئه‌وه‌نده‌ی سه‌یری دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان ده‌که‌م وه‌ک کۆرسی گۆرانی دێنه‌ به‌رچاو ، چونکه‌ هه‌موویان به‌ یه‌ک ئاواز ده‌خوێنن ته‌نیا ده‌نگی هه‌ندێکیان خۆشترو ناخۆشتره‌ له‌وه‌ی تر .
زۆر جاریش وادێنه‌ به‌رچاو که‌ وانه‌ی رێزمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنن به‌لام له‌ ئامرازه‌ په‌یوه‌ندیه‌کان زۆر دره‌نگ حالی ده‌بن ، بۆیه‌ پێشنیاز بۆ[ مامه‌و کاکه‌و هه‌ردوو م س] ده‌که‌م که‌ ئێوه‌ هه‌ر به‌ته‌زکیه‌ بۆ په‌رله‌مان ده‌یانێرن ،له‌مه‌ودوا مه‌رجی ده‌رچووی به‌شی زمانیش تێبخه‌ن.
،ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان هیمه‌تێک بکه‌ن ، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆتان خه‌ریکی (ان ،علی ،یجب.........ده‌که‌ن خه‌مێکیش بخۆن له‌و بۆنه‌ ناخۆشه‌ی گه‌نده‌لی که‌ گوێ ی هه‌موو تاکێکی کوردی که‌رکردوه‌، ئه‌ی داهاتی سالانه‌ی حکومه‌ت ده‌زانن چۆن دێت و ده‌روات ؟ ئه‌وا جگه‌ له‌ فایلدارو ئه‌نفالچییه‌کان ،دیموکراسیه‌ت و ئازادی سیاسی........
له‌نێو هه‌موو وولاتێکدا بریار له‌ په‌رله‌مان ـ حکومه‌ت ـ حزب ـ سه‌رکرده‌ ده‌رده‌چێت،که‌چی لای ئێمه‌ سه‌ره‌و ژووره‌ سه‌رۆک ـ حکومه‌ت ـ حزب ـ په‌رله‌مانه‌.
له‌دواین دانیشتنی په‌رله‌مانی کوردستان که‌له‌که‌ناله‌کانی راگه‌یاندن بلاو کرایه‌وه‌(خۆزیا بلاونه‌کرابایه‌وه‌ ، چونکه‌ شانۆگه‌ریه‌کی زۆر ناخۆش بوو) له‌سه‌ر ده‌قی یاسای هه‌موارکردنی سه‌رۆکایه‌یه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، پارتی و یه‌کێتی هه‌موو شتێکیان ته‌واو کردبوو به‌س مۆره‌که‌ی په‌رله‌مانیان پێده‌ویست. ئه‌مه‌ش وه‌ک چیرۆکی ئه‌و کچ و کوره‌ عاشقانه‌یه‌ که‌له‌نێوان خۆیان له‌سه‌ر هه‌موو شتێک یه‌کلابوونه‌ته‌وه‌ بۆ پێکه‌وه‌ ژیانی هاوسه‌رێتی، ته‌نیا پرسه‌ خه‌سوانه‌ به‌ دایک و باوکه‌کانیان ده‌که‌ن ، ئه‌رکی خزمه‌کانیشیان ته‌نیا هێنانی مه‌لاو ووته‌ی خێرو فاتیحه‌که‌ی کۆتاییه‌.

له‌هه‌مووی خۆشتر، ماده‌ی یه‌کی خالی (2)ه‌ که‌ ته‌نیا جێگری وه‌زیرمه‌رجه‌ ده‌رچوی سه‌ره‌تایی زانکۆ بێت ، به‌لام وه‌زیر به‌ بۆشایی ماوه‌ته‌وه‌ ،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زیر نه‌خوێنده‌واریش بوو زۆر ئاسایه‌ جێگره‌که‌ی له‌ ناو وه‌زاره‌ت خوێندنی به‌خۆرایی (التعلیم المجانی) بۆبکاته‌وه‌!
.ماوه‌یه‌که‌ به‌ووردی سه‌یری دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان ده‌که‌م بزانم په‌رله‌مانتارانی کوردستان له‌ په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کانی په‌رله‌مانی عێرا ق به‌ هه‌لوێسترن؟
ئه‌وه‌ی تائێستا دیومه‌ جارێک (خه‌مان زرار) زۆر به‌ بوێری و نیوچه‌وان گرژی (که‌کورد پێویستی زۆر به‌و نیو چه‌وان گرژانه‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لات) ره‌خنه‌ی له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم گرت ،چونکه‌ ئاسایشی هه‌ولێرله‌مانگی 11 ی سالی رابردوو زۆر به‌ توندی سه‌رکوتی خۆپیشانده‌رانی کردبوو .
ئه‌گه‌ر خه‌مان خان هه‌مان هه‌لوێیستی به‌رامبه‌ر حزبه‌که‌ی له‌ رووداوه‌کان هه‌بوایه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی ترمان ده‌کرد، بۆ نمونه‌ ته‌نیا یه‌ک جار له‌ ناو مه‌لبه‌ندی 3 هاواری بکردایه‌ یان ده‌رکردنی فایلدار یان من ، ئه‌وکات پۆینگێکی جوانی هه‌لوێستمان پێ ده‌به‌خشی.
.
ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ خۆشه‌ویسته‌کان، ئێمه‌ نامانه‌وێت ئێوه‌ وه‌ک په‌رله‌مانتاره‌کانی تورکیا شه‌ره‌ کورسی له‌نێو په‌رله‌مان بکه‌ن ، یان وه‌ک په‌رله‌مانتاره‌ سویدیه‌کان، به‌رنامه‌تان هه‌بێت له‌ ته‌له‌فزیۆن ، نوکته‌و گالته‌ی خۆش بۆ میلله‌ت بلێن یان وه‌ک له‌یلا زانا له‌سه‌ر هه‌لوێست ، شه‌ره‌فی چه‌ند ساله‌ی زیندان وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت نوێنه‌ری گه‌ل بن له‌ بری حزب ،به‌دوای کێشه‌کانی خه‌لک دابچن و مه‌فره‌زه‌ی یاسایی ده‌رکه‌ن بۆ زیندانی کردنی ئه‌نفالچی و فایلداره‌کان،گرنگی به‌ بنه‌ماله‌ی ئه‌نفاله‌کان بده‌ن ، ته‌زکیه‌ی حزب مه‌هێلن،............. .ئه‌گه‌رنا ده‌زانن مێژوو هه‌یه‌ که‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی پارتی و یه‌کێتی ناینوسنه‌وه‌
 

           

 

05/07/2007