ئه‌و ژنه‌، خۆر له‌ چاوه‌کانیدا له‌ دایک بوو

 

                                                                                                             که‌ژاڵ ئیسماعیل

05  -01-2006

ئه‌و چونکه‌ ژنه‌
شه‌یتان تاوانی خواردنی سێوی داوه‌ته‌پاڵ
چۆن خودا به‌ ڕووتی
دروستی کرد..
ئاواش له‌ به‌هه‌شت ده‌ری کرد،
به‌و تاوانه‌
هه‌موو ڕۆژێک
له‌ دادگای بێویژدانیدا
مه‌حکووم ئه‌کرێت
له‌ گۆڕه‌پانی زه‌مه‌ندا له‌ خاچ ئه‌درێت..
به‌ڵام،
خاچی ئه‌و و
خاچی عیسا جیاوازن
عیسا چونکه‌ ناویان نابوو کوڕی خودا
هه‌موو حه‌رامه‌کانی لێ حه‌ڵاڵ کران
ئه‌و،
حه‌ڵاڵه‌کانی لێ حه‌رام ئه‌کرێت

ئه‌و، چونکه‌ ژنه‌..
ده‌سته‌‌‌‌‌‌سڕێکه‌ وا له‌ گیرفانی ناپلیۆندا
به‌رگێکی ئاودامانییه‌
وا له‌ به‌ر هۆلاکۆدا..
یۆنانییه‌ک له‌ سه‌ر شانۆ
رووتی ده‌کاته‌وه‌
هه‌موو شه‌وێک
به‌ ده‌م که‌ڵبه‌ی راسپۆتینه‌وه‌
جه‌سته‌ی شه‌ڵاڵی خوێن ئه‌کرێت
به‌و تاوانه‌ش مه‌حکووم ئه‌کرێت
له‌ خا... چ ئه‌درێت
به‌ڵام خاچی ئه‌و و
خاچی عیساجیاوازن
عیسا بۆ لای خودا ئه‌چێ و
ئه‌ویش ئه‌بێته‌ که‌نیزه‌کێ
له‌ کۆشکی هاڕوونه‌ڕه‌شیدا

ئه‌و ژنه،
خۆر له‌ چاوه‌کانیدا له‌ دایک بوو
باران.. له‌ گریانی
زریان.. ڕقی ناخی ئه‌وه‌
هه‌ناسه‌شی.. گه‌رده‌لوول،
ڕووبار له‌ سۆزی ئه‌و هات
ده‌ریاش.. ئه‌وینی ئه‌و
گوڵ.. له‌ ده‌شت ئارامیدا
ماسی.. له‌ ده‌ریای حوزنی ئه‌ودا
فێره‌مه‌له‌ بوو
به‌هار.. ده‌می ئه‌وه‌
هاوین.. هه‌نسکه‌کانی
پاییز.. غه‌مه‌کانی
زستان.. دڵی ساردی

ئه‌و ژنێکه!
چاوه‌کانی وان به‌ لای ئاڤێستاوه‌
لێوه‌کانی.. به‌ سه‌ر زاری مۆنالیزاوه‌
قامکه‌کانی..
له‌ سه‌ر دوا سیمفۆنیای بێتهۆڤن جێ ماون
بسکه‌کانی..
له‌ ڕیشه‌ی لیۆنارد داڤینشی ئاڵاون
باڵاشی..
ته‌نها شاعیره‌کان ئه‌یڕازێننه‌وه‌
به‌م تاوانانه‌ش مه‌حکووم ئه‌کرێت
له‌ خا...چ ئه‌درێت
به‌ڵام خاچی ئه‌و و
خاچی عیسا جیاوازن
عیسا مه‌سیحییه‌کان بۆی ئه‌گرین
ئه‌ویش.. من
عیسا بۆ به‌رزترین ئاسمان ئه‌چێ و
ئه‌ویش بۆ ژیر قاچی راسپۆتین..

ئه‌ی ژن!
گه‌ر تاوانه‌کان ده‌سته‌کانت ببڕن
من ماچیان ئه‌که‌م
چون «دایک»مت هێنایه‌‌ سه‌ردونیایه‌
ئه‌ی ژن!
گه‌ر پێیه‌‌کانت ببڕن
من به‌ ژوور سه‌رمه‌وه هه‌ڵیان ده‌واسم
چونکه‌ به‌هه‌شتیان وا له‌ ژێر پێ دایه‌..!

• • •

 

 

           

 

04/07/2007