هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ زمانی قوربانیه‌کانه‌وه:

وه‌رگێڕانی له‌ رۆژنامه‌ی ( شه‌رقول ئه‌وسه‌ت ژماره‌ی رۆژی:2006-1-6   )

که‌ژاڵ نوری

ئه‌وه‌ ده‌مه‌ی له‌ رۆژێکی خۆره‌تاوی به‌هاریدا دایک و باوک و خوشک و براکانم مردن ئی دی من له‌م دنیایه‌دا هیچم نه‌ما!

ئه‌وانه‌ی له‌ کاره‌ساتی دڵ ته‌زێنی هه‌ڵه‌به‌جه‌ رزگاریان بووه‌ چۆن باسی به‌سه‌رهاته‌کانیان ده‌که‌ن؟ چ یاده‌وه‌رێکیان له‌ و رۆژه‌ به‌هاریه‌ گه‌رمه‌یه‌ی 13ی مارتی ساڵی 1988 هه‌یه‌ که‌ هێزه‌ ئاسمانیه‌کانی سه‌دام بۆمبه‌ کیمیاویه‌کانی خۆیان به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و خه‌ڵکه که‌یدا باراند، ئه‌و رۆژه‌ی که‌ به‌ کوژرانی 5 هه‌زار که‌س له‌ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌کێکدا گۆڕا به‌ په‌ڵه‌ هه‌ورێکی ره‌ش و ماته‌مینیه‌کی درێژ ، خۆ ئه‌وانه‌شی که‌ له‌مه‌رگ رزگار بوون و خۆیان گه‌یانده‌ شاره‌ سنوریه‌کانی ئێران به‌شی هه‌ره‌ زۆریان به‌هۆی برین و ره‌وشی خراپی ته‌ندروستیان له‌ ئاکامی ئه‌وگازه‌ کیماویه‌ جۆر به‌ جۆرانه‌ی که‌ دژی خه‌ڵکی بێ ده‌سه‌ڵات به‌کار هێنران گیانیان له‌ ده‌ست دا.

ئه‌م وێنه‌و لێدوانانه‌ی خواره‌وه‌ بۆ چون و لێکدانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک له‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رزگاریان بووه‌ و له‌ ژیاندا ماون، ئه‌مانه‌ ئێستا که‌ پرۆسه‌ی دادگایی کردنی سه‌دام حسێن ده‌بینن و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت لاپه‌ڕه‌یه‌کی پڕ له‌ ‌ ئازاری مێژوی عێراق دابخات و لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه‌ی نوێ ی ئاشتبوونه‌وه‌ هه‌ڵداته‌وه‌.

ده‌بێت قوربانیه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌ سه‌باره‌ت به‌و رۆژه‌ و سه‌باره‌ت به‌ لێ بووردن و لێ خۆش بوون چی بڵێن؟

1- کوا کوڕه‌که‌م ؟

عه‌لی محه‌مه‌د ته‌مه‌ن 68 ساڵ که‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا گازی کیمیاویان به‌ر که‌وتووه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ چاوه‌کانی له‌ده‌ست داوه‌ و خیزانه‌که‌شی که‌ چه‌ند جار نه‌شته‌رگه‌ری بۆ کراوه‌ به‌ حاڵ چاوی ده‌بینێت، عه‌لی له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێت ( کوڕێکم شه‌هید بووه‌و کوڕێکی دیکه‌شم له‌ کاتی ره‌وه‌که‌ماندا بۆ ئێران شوێن بزر بووه‌ ، ناکرێت سزای سه‌دام ته‌نها کوشتن بێت چونکه‌ ئه‌و هه‌رچی تاوان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر کوردو عێراقیه‌کان ئه‌نجامی داون، برینه‌کانیشیان هێشتا ساڕێژ نه‌بووه‌ )..

2- ئه‌وانه‌ هه‌موو مامم بوون..

سالار عه‌بدووڵا ته‌مه‌ن 12 ساڵ که‌ دایکی باسی کاره‌ساته‌که‌ی بۆ گێڕاوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ وێنه‌که‌ی ناو ده‌ستی کرد

( ئه‌وانه‌ هه‌موو مامم بوون که‌ له‌ نێو ئه‌و په‌ڕاوه‌دا دام ناون! )

3- بریا بمردمایه‌ !

سدیق عارف ته‌مه‌ن 45 ساڵ که‌ 6 که‌سی له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی له‌ ده‌ست داوه‌و خۆشی تا ئێستا به‌ ده‌ست ئاسه‌واری گازه‌کانه‌وه‌ ‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێت له‌م باره‌وه‌ گوتی ( بریا منیش وه‌ک دایک و باوک و خوشک و براکانم بمردمایه‌، هیچ شتێکم نه‌ماوه‌ له‌م دنیایه‌دا دڵی پێ خۆش که‌م، خاوه‌نی هیچ نیم و دوو هه‌فته‌شه‌ تاقه‌ یه‌ک دینار له‌ گیرفانمدا نی یه‌ چونکه‌ ناتوانم کار بکه‌م)!

4- وه‌ک ئه‌وه‌ی زینده‌ به‌چاڵ کرابێت!

حه‌میده‌ حه‌سه‌نی ته‌مه‌ن 36 ساڵ ئه‌و ده‌مه‌ ته‌نها ته‌مه‌نی 18 به‌هار و بووکی یه‌ک ساڵه‌ بوو، چه‌ند مانگێک به‌ر له‌ کاره‌ساته‌که‌ داروده‌سته‌که‌ی سه‌دام مێرده‌که‌یان ده‌ستگیر کرد و به‌ره‌و شوێنێکی نادیاریان برد. حه‌میده‌ به‌ هێرشه‌کانی گازی کیمیاوی زامدار بوو سه‌ره‌تا بۆ نه‌خۆش خانه‌کانی ئێران گوێزرایه‌وه‌ پاشان بۆ ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویج، حه‌میده‌ له‌م باره‌وه ده‌ڵێت ( زۆربه‌ی کات له‌گه‌ڵ ئازاردا ده‌ژیم، ته‌نانه‌ت هه‌ناسه‌دانیش بۆ من زه‌حمه‌ته‌ من زۆرم پێوست به‌ هه‌وای پاقژه‌ چونکه‌ بۆری سی یه‌کانم توشی نه‌خۆشی درێژ خایه‌ن بوون، پاش ئازاد بوونی کوردستان له‌ رژێمی به‌عسی ساڵی 1991 و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی بۆ شارو گونده‌کانی خۆیان، ته‌رمی مێرده‌که‌مم له‌ گۆڕستانێکی به‌ کۆمه‌ڵدا دۆزیه‌وه‌ که‌ پێ ده‌چوو زینده‌ به‌چاڵ کرابێت! ).

5- دکتۆر پێ گوتم ده‌مریت !

کامل عه‌بدول قادر ته‌مه‌ن 32 ساڵ، مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی له‌ یه‌کێک له‌ قوتابخانه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌، خاوه‌نی 8 شه‌هیده‌ له‌ بنه‌ماڵه‌که‌یدا له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێت ( یه‌کێک له‌ گورچیله‌کانم به‌هۆی گازی ژه‌هراویه‌وه‌ له‌ کار که‌وت، ئێستا یه‌ک گورچیله‌م هه‌یه‌، دکتۆر پێ ی گوتم ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی 8 ساڵی ئاینده‌دا که‌سێک گورچیله‌یه‌کت نه‌داتێ ئه‌وه‌ ئه‌و تاقه‌ گورچیله‌یه‌شت ده‌وستێت و ده‌مریت) کامل زیاتر به‌پرسیاره‌وه‌ گوتی ( تۆ بڵێ ی له‌ ته‌واوی گێتیدا رژێمێکی دڕه‌نده‌ی دیکه‌ی وه‌ک رژێمی سه‌دام حسێن هه‌بێت؟ ).

6- هه‌ڵی واسن!

عه‌بدول که‌ریم موحه‌مه‌د ته‌مه‌ن 65 ساڵ هه‌ندێک له‌ به‌شه‌کانی جه‌سته‌ی به‌ گازی کیماوی سوتاون، تا ئێستاش ئاسه‌واری ئه‌و سوتانه‌ به‌سه‌ر قاچه‌کانی و هه‌ندێک به‌شی دیکه‌ی له‌شیه‌وه‌ ماون، ده‌ڵێت ( ده‌بێت سه‌دام حسێن پارچه‌ پارچه‌ بکه‌ن، چه‌ند تاوانی ئه‌نجام داوه‌ بکرێت به‌وه‌نده‌ له‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ش به‌س نی یه‌ بۆ خوێنڕێژێکی وا که‌ دوژمنایه‌تی هه‌موو گه‌له‌که‌ی کردبێت ).

7- هه‌قی کوڕه‌کانم !

عه‌بدول قادر موحه‌مه‌د ته‌مه‌ن 61 ساڵ، ئێستا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ته‌نها ده‌ژی و به‌هۆی گازی کیماویه‌وه‌ چاوه‌کانی کز بوون، وێنه‌ی کوڕه‌کانی له‌به‌ر ده‌م خۆیدا داناوه‌ که‌ له‌ نه‌خۆش خانه‌کانی ئێراندا له‌ژێر کاریگه‌ری گازی کیمیاویدا گیانیان له‌ ده‌ست دا له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێت ( ئه‌گه‌ر سه‌دام له‌ سێداره‌ش بدرێت هێشتا هه‌قی کوڕێک له‌ کوڕه‌کانم ناکات! جاوه‌ره‌ لێکی ده‌ره‌وه‌ که‌ هه‌قی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی ماڵ و دڵیان له‌ده‌ست داوه‌ چۆن ده‌سه‌نرێته‌وه‌؟ من پێم وایه‌ که‌سێکی وه‌ک سه‌دام حسێن پێوستی به‌وه‌ نییه‌ تاوانه‌کانی له‌سه‌ر بسه‌لمێنرێت، چونکه‌ زۆر به‌ روونی و ئاشکرا شوێن په‌نجه‌ی تاوانه‌کانی دیارن).

8- له‌ راستیدا هه‌ستێکی خۆشه‌ !

رۆژی 19 ئۆکتۆبه‌ری 2005 رۆژی دادگایی کردنی سه‌دام حسێن و هه‌ندێک له‌ داروده‌سته‌که‌ی بوو له‌سه‌ر تاوانی شارۆچکه‌ی دوجه‌یل ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و رۆژه‌ ره‌مه‌زان بوو خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕۆژوبوون، گازینۆکان کرابوونه‌وه‌ و ئامێره‌کانی به‌رهه‌م هێنانی کاره‌با خرابوونه‌ گه‌ر تا خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ بتوانن راسته‌وخۆ له‌ که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ دادگایی کردنی سه‌دام و داروده‌سته‌که‌ی به‌دی بکه‌ن، هاوڵاتی ئه‌حمه‌د موراد ته‌مه‌ن 68 ساڵ له‌م باره‌وه‌ گوتی (مایه‌ی به‌خته‌وه‌ریمانه که‌ ئه‌مڕۆ سه‌دام و داروده‌سته‌که‌ی له‌ دادگا ده‌بینین، ئێمه‌ به‌ خه‌ویش به‌ خه‌یاڵماندا نه‌ده‌هات که‌ شتی ئاوا رووبدات، به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ کاره‌ساته‌که‌ رزگاریان بووه‌، به‌ راستی ئه‌مه‌ هه‌ستێکی زۆر خۆشه‌ ).

 

           

 

04/07/2007