ژن و پیاو

له‌ناو باولی ده‌نگدان

که‌ریم کاکه

پێده‌چێ لێره‌ به‌ دواوه‌ له‌م وڵاته‌دا، شه‌ڕه‌کانیدی هێنده‌ هه‌ڕمێنیان نه‌مێنێ، ئیدی شه‌ڕی ژماره‌ زۆر به‌ تۆخی ده‌ستپێده‌کا، شه‌ڕێک سه‌ره‌تاو کۆتایی هه‌ر له‌ ناو باوله‌کانی ده‌نگداندایه‌... ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ واتای وشه‌ شه‌ڕی ژماره‌یه‌ ئه‌گه‌ر مافی که‌مینه‌ تا راده‌ی زۆریش پارێزراوبێ براوه‌ی یه‌که‌م هه‌ر زۆرینه‌یه‌.

به‌پێی زۆر لێکدانه‌وه‌و سه‌رژمێریی نافه‌رمی، له‌ عێراق به‌ کوردستانیشه‌وه‌ ژماره‌ی ژن له‌ هی پیاو پتره‌.. لێره‌وه‌ له‌ سه‌رژمێریی ده‌نگه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت، ژن بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبکات چ پێگه‌یه‌کی گرنگی هه‌یه‌، لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین ژن ئه‌گه‌ر ژنانه‌ بێته‌ده‌نگ، هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خواستی وی چاوهه‌ڵناهێنێ.. تا ئێره‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌کانی سه‌رجه‌م ئه‌و شه‌ڕانه‌ی مێژوو به‌ خۆیه‌وه‌ دیوه‌ ژن ده‌ستبه‌تاڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و له‌ پاڵ منداڵ دۆڕاوو زیانلێکه‌وتووی پله‌ یه‌ک بووه‌.. به‌ڵام لێره‌وه‌ له‌ شه‌ڕی ژماره‌و ده‌نگ و باوله‌وه‌، ژن ئه‌گه‌ر ویستی ژنانه‌ی هه‌بێ ، قه‌ره‌بووی سه‌رجه‌م زیانه‌ مێژووییه‌کانی ده‌کاته‌وه‌و دۆڕاویی ده‌بێته‌ یاده‌وه‌ری.. له‌م شه‌ڕه‌دا ژن ده‌توانێ له‌ سه‌نگه‌ری ژنایه‌تیه‌وه‌ شه‌ڕبکاو ناچار نه‌بێ له‌ پیاودا بزربێ و به‌ زمانی پیاوانه‌وه‌ خۆ نمایشبکا.

له‌م شه‌ڕی ژماره‌وه‌ ده‌نگه‌وه‌ ده‌شێ ده‌نگی ژن ژنانه‌ بێ و له‌و مێژووه‌ غه‌داره‌ی که‌ وایکردووه‌ ژن له‌ ژنایه‌تی دابشۆرێ، خۆ دابڕێنێ، دیاره‌ داشۆرین له‌ ژنایه‌تی رێک به‌ واتای دۆاشۆرین له‌ مرۆڤبوون دێ، ئه‌گه‌ر توانرا وا بکات، بێگومان ژن گره‌وه‌که‌ ده‌باته‌وه‌، چونکێ له‌ باولی ده‌نگاندا ده‌نگی پیاو هیچی له‌ هی ژن پتر نیه‌، له‌و باوله‌دا بۆ جاری یه‌که‌مه‌ ده‌نگی ژن هاوشانی ده‌نگی ژن ببێته‌وه‌و له‌ وێدا له‌ نێوانیان یه‌کسانی بێته‌دی... بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هۆشیاریی ژنانه‌وه‌ ده‌نگی خۆی به‌ گه‌ڕخست، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی ئه‌وتۆ دێته‌ ئاراوه‌ له‌ ژن و پیاو ئاوێته‌، له‌م ئاوێته‌بوونه‌شه‌وه‌ هیچ نه‌بێ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی مه‌یله‌و مرۆڤانه‌ له‌ دایکده‌بێ، ئیدی کۆتایی به‌و مێژووه‌ دێ که‌ پانی و درێژیه‌که‌ی پیاوسالاریانه‌یه‌.

به‌ڵام تا نهۆ هیچ نیشانه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ده‌رنه‌که‌وتووه‌، ژنایه‌تی ژنی تێدا بدره‌وشێته‌وه‌... ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاوانه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ژنان وابه‌سته‌ی پیاوانی تاریکین و له‌ سیمای ئه‌وانه‌وه‌ خۆ نمایشده‌که‌ن، به‌ په‌نجه‌ی خۆیان ده‌نگی ئه‌وان ئیمزاده‌که‌ن.. ده‌نگ به‌و هێزانه‌ ده‌ده‌ن که‌ جگه‌ له‌ درێژه‌پێدان به‌ نه‌هامه‌تیه‌کانی ژن چ دیارییه‌کی دیه‌که‌یان بۆ ژن پێ نیه‌.. ژن تا ئێره‌ زه‌وتکراوی هێزێ بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی و دوور له‌ ویستی خۆی، به‌ڵام لێره‌وه‌ به‌ ویستی نائاگایانه‌وه‌ خۆی له‌ زه‌وتکراوی ده‌هێلێته‌وه‌و هوشیاریی خۆراپسکانی لا چه‌که‌ره‌ نه‌کردووه‌...ئه‌وه‌ش له‌و ته‌مه‌ مێژووکرده‌وه‌ هاتووه‌ که‌ هێند به‌چڕی هزری ژنی گرتووه‌، بواری نادا رووه‌ پۆزه‌تیڤیه‌که‌ی سه‌رده‌می نوێ ببینێ.. به‌ هه‌رحاڵ ئیدی ئه‌وه‌ ژنه‌ بێ ئاگایانه‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تی دژ به‌ ژنانه‌ ده‌خاته‌وه‌و به‌ پیاوانی تاریکی ده‌ڵێ: بڕۆن به‌ره‌و تاریکی و تاریکترئێمه‌ به‌ دواتانه‌وه‌ین...

ژنی به‌ دوای تاریکی که‌وتوو به‌شداریی کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ مانه‌وه‌ی سیسته‌مێک که‌ له‌ جوانترین سیمایدا، چوار ژن بۆ پیاوێکه‌، له‌ باری زۆر ناچاریدا دوو ژن له‌ به‌رانبه‌ر پیاوێکه‌، له‌ دادوه‌رترینیشی پشکی دوو ژن هێنده‌ی هی پیاوێکه‌، له‌و سیسته‌مه‌دا ژن له‌چک به‌رهه‌مدێنێ و له‌ مرۆڤبوونیش رووتده‌بێته‌وه‌..

ئیدی پیاوی تاریکی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیدا نیه‌ له‌ خۆ بپرسێ، چۆن ده‌بێ له‌ ده‌نگداندا ده‌نگی ژنێک هاوشانی ده‌نگی من بێ؟ ژنیش زاتی ئه‌وه‌ ناکا بپرسێ، بۆچی ته‌نها له‌ ناو باولدا ده‌نگی من هاوشان بێت به‌ ده‌نگی تۆ؟!

           

 

04/07/2007