ره‌نگه‌ له‌ خیانه‌تا بمرم

که‌ریم کاکه‌

دوورتر ناڕۆم، له‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌ندێ له‌ خیانه‌ته‌کانی خۆم که‌ له‌ کۆڵانی خیانه‌تا، له‌ژێر ته‌له‌ پڕ له‌ ساردی و به‌تاڵ له‌ گه‌رمییه‌کان و له‌سه‌ر بۆڕییه‌ ئاولێبڕاوه‌کانه‌وه‌، بۆ نیشتمانم چنیون، بۆتان ده‌گێڕمه‌وه‌:

دوای راپه‌ڕین رێک له‌ ئان و ساتی وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدای هه‌میشه‌ دژ، من چه‌که‌که‌ی شانم فڕێدایه‌ زێرابه‌ گیراوه‌کانه‌وه‌و گوتم: له‌گه‌ڵ جاشان ناچمه‌ سه‌نگه‌رێکه‌وه‌.. گوتیان: نیشتمان له‌ به‌رده‌م په‌لاماری دوژمندایه‌و پێویسته‌ کوڕه‌کانی به‌رگری لێبکه‌ن، خۆم له‌م ئه‌رکه‌ نیشتمانیه‌ دزییه‌وه‌، به‌وه‌ یه‌که‌م خیانه‌تی خۆم تۆمارکرد.. هه‌ر له‌و ئانوساتانه‌ گوتم: به‌ رێیه‌کدا رێناکه‌م حزب پێیدا رێیکردبێ، چونکه‌ ئه‌و رێیه‌ ده‌مباته‌وه‌ ره‌شماڵه‌کانی خێل و له‌وێشه‌وه‌ ده‌گه‌مه‌وه‌ ئه‌شکه‌وته‌ داخراوه‌کانی ئایین.. گوتیان: هه‌موو سه‌روه‌رییه‌کانی نیشتمان ئیمزای حزبیان پێوه‌یه‌و هه‌موو ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌ل ده‌ستچنی حزبن، من ده‌تگوت گوێزم بۆ ده‌ژمێرن. به‌وه‌ش خیانه‌تێکی دیکه‌م له‌ به‌رۆکی نیشتمان دا...زۆری نه‌برد شه‌ڕ که‌وته‌ کۆڵانه‌وه‌، که‌ره‌سته‌ ناچه‌کییه‌کانیش به‌ تیرۆگ وگه‌سکی داریشه‌وه‌ بوونه‌ چه‌ک و ماڵه‌کان سه‌نگه‌ریان لێکدی گرت، له‌سه‌ر بانه‌کانه‌وه‌ سروودی (( پلنگی هه‌ردی ولات ئه‌ی هه‌ڤالی پێشمه‌رگه‌)) به‌رز ده‌بۆوه‌، خۆم نه‌گرت و ده‌نگم هه‌ڵبڕی: ئێره‌ کۆڵانی خیانه‌ته‌و تاکه‌ یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی تێدا نیه‌.. شه‌ڕفرۆشه‌کان هاتنه‌ ده‌نگ: تا داگیرکه‌ر مابێ تا شه‌ڕفرۆشێک مابێ پێشمه‌رگه‌ش هه‌ر ده‌مێنێ، گوتیان: تۆ خائینی!! کاتَێکیش لایه‌نگیری ئه‌و ماڵه‌ که‌رکووکیه‌م کرد که‌ له‌به‌ر بێ جێوڕێیی و نائارامیی شار له‌که‌رکووک نه‌حه‌وانه‌وه‌، گوتیان: ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ خائین بکات خائینه‌.... ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌ستوور خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ئه‌و ده‌ستووره‌ی ته‌ژییه‌ له‌ رسته‌ی لاستیکی که‌ هه‌ندێکیان هێزه‌کانی تاریکی ده‌توانن تا ده‌گه‌نه‌وه‌ ئه‌شکه‌وته‌ تاریکه‌کان، به‌دووی خۆیاندا رایبکێشن، من به‌ نه‌خێر ده‌نگم بۆی دا، گوتیان: ئه‌و نه‌خێره‌ له‌ ماڵی تیرۆره‌وه‌ هاتووه‌......دیاره‌ ماڵی تیرۆریش ماڵی خیانه‌تی گه‌وره‌یه‌ به‌م ((هه‌ڵه‌))یه‌م خیانه‌تێکی گه‌وره‌م خسته‌ لیستی خیانه‌ته‌کانی ترمه‌وه‌.

خیانه‌ته‌کانم زۆرن هێنده‌ی ژماره‌ی هه‌ڵه‌کانی ده‌سه‌لاتی سیاسی ده‌بن، من وه‌ک ده‌سه‌ڵات که‌لله‌ ره‌قم، ئه‌و سووره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌کانی خۆی و منیش له‌ خیانه‌ته‌کانم په‌شیمان نیم و خیانه‌ت له‌سه‌ر خیانه‌ت پێشکه‌شی نیشتمان ده‌که‌م.

من وا پێده‌چێ ته‌نها ئاشنای ئه‌و ده‌روازانه‌ بم که‌ به‌سه‌ر پانتاییه‌کانی خیانه‌ته‌وه‌ن.. ئه‌وه‌تا له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌یه‌کی دی خۆم دیته‌وه‌، گومانم نیه‌ خیانه‌تێکی دی تۆمارده‌که‌م، ئه‌مه‌شیان له‌ هه‌ڵه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌ڵچنراوه‌، هه‌ڵه‌ی شه‌ڕی ژماره‌، که‌ هه‌رگیز بڕوام پێی نه‌بووه‌و نیه‌، شه‌ڕێکه‌ دۆڕان تێیدا مسۆگه‌ره‌، هه‌ر له‌ ده‌سپێکی شه‌ڕه‌که‌وه‌، جێگۆڕکێ یان تێکه‌ڵیه‌ک له‌ ماف و ئه‌رک هاته‌ گۆڕێ، ئه‌ویش ده‌نگدانه‌، ده‌نگدان که‌ بووه‌ ئه‌رکی نیشتمانی، نه‌دانی ده‌نگ به‌جێنه‌هێنانی ئه‌رکی نیشتمانیه‌، خۆ دزینه‌وه‌ له‌و ئه‌رکه‌ له‌ مه‌ودای دووردا ده‌گاته‌وه‌ خیانه‌ت، بۆیه‌ من ره‌نگه‌ به‌هۆی ده‌سبه‌رداربوونم له‌ مافێکی خۆم، خیانه‌تێکی دی پێشکه‌شی نیشتمان بکه‌م، ئه‌و جۆره‌ی خیانه‌تیش خیانه‌تێکه‌ له‌ داهێنانی سیاسه‌ت، ئه‌گه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ درێژه‌ی هه‌بێ، من له‌ خیانه‌تا ده‌مرم إ

           

 

04/07/2007