هاوپه‌یمانێتی کورد و شیعه

کاوه‌ ئه‌مین

Kawe35@hotmail.com

شتێکی ئاساییه‌ له‌ وڵاتێکی وه‌کو عیراقدا که‌ له‌سه‌ر بنه‌مایی گرووپی دینی و قه‌ومیی و تایه‌فه‌یی دامه‌زراوه‌، حکوومه‌تێکی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ دروستبکرێت. دیاره‌ هه‌ر لایه‌نه‌ هه‌وڵده‌دات به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی به‌شداریی بکات. له‌ ماوه‌یی ئه‌م یه‌ک ساڵه‌ی دوایدا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رکه‌وت که‌ شیعه‌کان به‌هۆی ئه‌و زوڵموزۆره‌ی له‌ ماوه‌ی حکومڕانی سوننه‌ له‌ عێراقدا لێیان کراوه‌ و به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ زۆرینه‌ن و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له‌ ئێران له‌ لایه‌ن پسمامه‌ شیعه‌کانیانه‌وه‌، له‌ هه‌مووان براوه‌ترن. سوننه‌کانیش به‌ هۆی فشاره‌ سه‌ربازیی(تیرۆره‌وه‌) و دیبلۆماسییه‌کانیانه‌وه‌ توانییان به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان تێکه‌ڵاوی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن، کۆمه‌ڵێک خاڵی باش له‌ ده‌ستوردا به‌ قازانجی خۆیان تۆماربکه‌ن. لایه‌نی سێهه‌م، کوردیش، که‌ له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌ تایبه‌تی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدانی کورده‌وه‌ به‌گه‌رمی به‌ره‌و ئه‌م پڕۆسێسه‌ سیاسییه‌ ڕۆیشتن، به‌ قه‌ولی خۆیان زۆرشتیان بۆ کورد به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام ڕاستییه‌کان ئه‌وه‌مان نیشان نادات، چونکه‌ کێشه‌ی که‌رکووک که‌ کلیلی حه‌لکردنی هه‌موو کێشه‌کانه‌، تا ئێستاش به‌ هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه‌، نه‌شیعه‌، نه‌سوننه‌، نه‌ئه‌مه‌ریکاش به‌ جددی کێشه‌که‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ و زیاتر کات به‌سه‌ربردنه‌. ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌م کاته‌دا که‌ عێراق له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ له‌ ته‌نگه‌شه‌دایه، کێشه‌ی که‌رکووک و ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی تری کوردستان حه‌لنه‌که‌ن و ڕازیی نه‌بن بخرێنه‌وه‌ سه‌ر جوگرافیای کوردستان، بۆ ده‌بێت له‌ داهاتوودا ئه‌و کاره‌ بکه‌ن و ئایا چ گه‌رانتییه‌ک هه‌یه‌؟

دامه‌زراندنی حکوومه‌تی ئاینده‌ له‌ عێراق که‌ بۆ چوار ساڵ له‌سه‌ر کار ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌روا به‌بێ گه‌رانتی و وه‌عدو به‌ڵێنه‌کان ته‌نها به‌ قسه‌بن و لایه‌نی سێهه‌م بۆ نمونه‌ ئه‌مه‌ریکا ئیمزایی نه‌کات که‌ کێشه‌کان به‌ تایبه‌تی که‌رکووک چاره‌سه‌نه‌کرێن، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ و کوشنده‌یه‌ سه‌رکردایه‌تی کورد ده‌یکه‌ن وه‌ک هه‌ڵه‌کانی پێشووتریان. به‌داخه‌وه‌ پێده‌چێت ئه‌مه‌ریکا وه‌ک هێزێک له‌ ناوچه‌که‌دا، که‌ خۆیان به‌ خۆیان ده‌ڵێن داگیرکه‌ر، زۆر خاتری عه‌ره‌به‌کان به‌ شیعه‌ و سوننیانه‌وه‌ بگرن نه‌ک کورد، ئه‌وه‌ش بۆ لاوازیی و دڵسافی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ به‌ هه‌موو شتێکی ئه‌مه‌ریکا رازین و نایانه‌وێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ فه‌رمانه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ربچن به‌شێوه‌یه‌ک که‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کان خۆشیان به‌لایانه‌وه‌ سه‌یره‌و بێزاریی کردوون. ئه‌وه‌تا یه‌کێک له‌ سه‌فیره‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق ده‌ڵێت:" سه‌رکرده‌ کورده‌کان به‌ هه‌موو شتێک ڕازی ده‌بن و به‌ ئاواته‌وه‌ بووم جارێک عاجز ببن ئێمه‌ به‌دوایاندا بچین". عه‌ره‌بی عێراق ده‌زانن به‌بێ کورد ناتوانن حکوومه‌ت دامه‌زرێنن، بۆیه‌ چه‌ند ڕۆژێکه‌ که‌وتوونه‌ته‌ هاتووچۆ بۆ کوردستان، دیاره‌ ئه‌وان ئه‌و قسه‌یه‌یی کابرای ئه‌مریکیشیان له‌به‌رچاوه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وانن که‌ مل بۆ داخوازییه‌کانی کورد ناده‌ن، به‌ڵام تا ئێستا بۆ تاکه‌ جارێکیش ده‌رگای ماڵی کوردییان به‌رودا دانه‌خراوه‌. له‌ ماوه‌ی ئه‌و یه‌ک ساڵه‌ی هاوپه‌یمانێتی کورد و شیعه‌، بۆ یه‌کجاریش گوێبیستی ئه‌وه‌ نه‌بووین که‌ لایه‌نی کوردی هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکوومه‌ت بکه‌ن ئه‌گه‌ر شیعه‌ واز له‌ تاکڕه‌وی خۆیان نه‌هێنن و مافه‌کانی کورد پێشێل بکه‌ن. بۆیه‌ ناکرێت هه‌موو گۆزه‌که‌ له‌ سه‌ریی شیعه‌کاندا بشکێنین، ئاخر مه‌گه‌ر کورد خۆی شه‌ریک نه‌بووه‌ له‌ حکوومه‌تی عێراقدا؟

له‌ وڵاتێکی دیموکراتی وه‌کو سوێد که‌ هیچ کێشه‌یه‌کی دینی، تایه‌فی نییه‌، کاتێک پارته‌کان ناتوانن به‌ته‌نها حکوومه‌ت دامه‌زرێنن، په‌نا بۆ ئیئتیلاف یانیش ئالیانسی سیاسیی ده‌به‌ن، هه‌ر پارته‌ به‌ گوێره‌ی قه‌واره‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و ستراتیجی خۆی له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا به‌شداری ده‌کات، بۆیه‌ زۆر جار ده‌بینین که‌ پارته‌ بچکۆله‌کان بۆ نمونه‌ پارتی ژینگه‌ یانیش پارتی چه‌پ که‌ پشتیوانی له‌ حکوومه‌تی سۆسیالدیموکراته‌کان ده‌که‌ن، هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکوومه‌ت ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر داخوازییه‌کانیان جێبه‌جێ نه‌کرێت، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا هه‌مویان بۆ یه‌ک وڵات و یه‌ک نه‌ته‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن. ئه‌ی که‌وابێت چۆنه‌ کورد به‌ هه‌موو شتێکی حکوومه‌تی عیراق ڕازی ده‌بن؟

یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌ی ئیداره‌کان که‌ بووته‌ گرێیه‌کی گه‌وره‌ له‌سه‌ر دڵی خه‌ڵکانی دڵسۆزی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، خاڵی سه‌ره‌کیی و خاڵی لاوازی کورده‌ که‌ هه‌م ئه‌مه‌ریکییه‌کان و هه‌میش عیراقییه‌کان که‌ڵکیان لێوه‌رگرتووه‌ و ده‌ستیشیان له‌و یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌یه‌دا هه‌یه‌! بۆ نمونه‌ ئه‌وان دوو بودجه‌ی تایبه‌تیان بۆ هه‌ردوو ئیداره‌که‌ داناوه‌، ئه‌وه‌تا له‌م ڕۆژانه‌دا بیستمان که‌ بودجه‌ی حکوومه‌تی سلێمانی (دوو ملیۆن دۆلاره‌)، تا ئێستا باسی ئه‌وه‌ی هه‌ولێر نه‌کراوه‌، که‌ ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت که‌متر نییه‌، له‌ ناو هه‌ردوو حکوومه‌ته‌که‌دا خه‌ڵکانێکی مشه‌خۆر و به‌رتیلخۆر هه‌ن که‌ نایانه‌وێت ئیداره‌کان ببنه‌وه‌یه‌ک. پارتی و یه‌کێتی وه‌کو دوو زلحیزب که‌ دوو ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، تا ئێستا پاکسازییان له‌ نێو خۆیاندا نه‌کردووه‌، سه‌ره‌ڕایی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ ئیدارییانه‌ی که‌ ته‌نانه‌ت خۆشیان نایشارنه‌وه‌.

له‌و سێ شاره‌ی باشووری کوردستاندا به‌ تایبه‌تی (سلێمانی و هه‌ولێر)، ساڵانه‌ به‌قه‌د وڵاتێکی گه‌وره‌ فیستڤاڵی لێسازده‌کرێت، به‌ ملیۆنان دۆلار سه‌رفده‌کرێن، که‌چی تا ئێستا له‌ شته‌ کۆن و سواوه‌کان زیاتر، شتێکی نوێی لێ شین نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕایی دابه‌شکردنی گۆرانیبێژان و هونه‌رمه‌ندان و...هتد ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ولێر چوار کورمانجی سه‌ربه‌خۆیان داوه‌ت بکه‌ن، ئه‌وا سلێمانیش ده‌بێت چواری خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و شاره‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وان موهته‌دیان هه‌بێت ئه‌بێت ئه‌مانیش گه‌وهه‌رییان هه‌بێت، سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه‌، زۆرێک هه‌ن سیخوڕ و جاسووسی ساواک و میت بوون، سه‌یره‌ سێکوچکه‌ی به‌عس، ساواک و میت ده‌بێت هه‌مه‌ کاره‌بن!.

ئه‌گه‌ر کورد نه‌توانێت له‌ نێو خۆیدا هاوپه‌یمانییه‌ک دروستبکات و ماڵی خۆی ڕێکبخات، چۆن و بۆ ده‌بێت بتوانێت ببێته‌ مامه‌ خه‌مه‌ و شیعه‌ و سوننه‌ ئاشتبکاته‌وه‌ و حکوومه‌تیان له‌گه‌ڵ دروست بکات، ئه‌وه‌یه‌ بانێکه‌ و دوو هه‌وا.

ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، له‌سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ کوردستان، هیچ شتێکی جددی پێنه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌یه‌وێت ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆک وه‌زیران و پشتیوانی کورد به‌ده‌ستبخات ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:"ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ چاره‌نووسی كه‌ركوك بڕگه‌ی ( ج) له‌ ماده‌ی 58 ئه‌و كاته‌ ده‌خرێته‌ گفوتگۆوه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئاماری دانیشتوان ده‌كرێت، بێگومان حكومه‌تی داهاتوو كه‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و سه‌رژمیریه‌ ده‌كات، ئه‌و كاتیش خه‌ڵكی كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان خۆیان چاره‌نووسی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فاف و پاك دیاری ده‌كه‌ن ". ئه‌وه‌ هه‌موو به‌ڵێنه‌کانی جافره‌، ئایا چۆن و چ میکانیزمێک ده‌توانێت بارودۆخی که‌رکووک چاره‌سه‌ر بکات، ئه‌وا جه‌عفه‌ری وتنه‌ی ئه‌و کاته‌ ده‌خرێته‌ گفتووگۆوه‌، که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ قازانجی کورد نابێت. ماوه‌یه‌کی کورت پێش ڕووخانی عیراق گفتووگۆیه‌کم له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی سوێد (کارل بیلد) کرد، له‌وێدا به‌ ڕاشکاوی ده‌ڵێت ئه‌مه‌ریکا نایه‌ڵێت که‌رکووک بخرێته‌وه‌ سه‌ر ناوچه‌ کوردییه‌کانی تر، به‌ڵکو وه‌کو هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ که‌ خۆیان کۆنتڕۆڵی ده‌که‌ن ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ پێشبێنییه‌کانی ڕاست ده‌رچوون و سه‌رکردایه‌تی کورد گوێیان به‌و قسانه‌ نه‌دا. بۆ نه‌ترسین ئه‌گه‌ر که‌رکووک وه‌کو ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی فه‌له‌ستین بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ داگیرکراویی بمێبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ خه‌ڵکی که‌رکووک بۆیان نییه‌ ده‌نگ بۆ په‌رله‌مانی کوردستان بده‌ن، کاتێکیش خه‌ڵکی که‌رکووک ڕیفراندم بکه‌ن بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌و شاره‌(له‌ هیچ کوێیه‌کی دنیادا نه‌بووه‌، خه‌ڵکی شارێک که‌ به‌ درێژایی مێژوو سه‌ر به‌ وڵاتێک بووبێت، ڕاپرسی بکه‌ن که‌ ئاخۆ ئه‌و شاره‌ سه‌ر به‌و وڵاته‌یه‌ یان نا)، زۆر جێگای مه‌ترسییه‌، نه‌تیجه‌یه‌کی خراپ به‌سه‌ر کورددا بشکێته‌وه‌، جا وه‌ک جاران ده‌یانووت با هه‌ر قودس و دڵ بێت، وه‌ک به‌ چاوی خۆمان بینیمان، هه‌مووی هه‌ر قسه‌ بوو، قسه‌یش کوا ده‌چێته‌ گیرفانه‌وه‌.

 

           

 

04/07/2007