هێرش بۆ سه‌ر مارشی ئه‌ی ڕه‌قیب و په‌روه‌رده‌ی تورکی له کوردستان
کاوه ئه‌مین
هه‌فته نییه له باشووری کوردستان گوێبیستی شتێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره نه‌بین، که مه‌گه‌ر ته‌نها له‌و وڵاتی ئێمه‌دا جێگایان ببێته‌وه. هه‌ندێک که‌سایه‌تی و ڕێکخراوی ئیسلامی وه‌ک ئه‌وه‌ی له هیچمان که‌م نه‌بێت، که‌وتوونه‌ته هێرش کردن بۆ سه‌ر سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب که بووه‌ته به‌شێکی دانه‌بڕاو له کو‌لتوور و کوردایه‌تی و به‌رانگاریی به دژیی داگیرکه‌ران، ئه‌وه‌ش به بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه ئه‌و سرووده ناته‌بایه و دژایه‌تیی ئاینی ئیسلام ده‌کات. سه‌یره‌که له‌وه‌دایه که ده‌یان ساڵه ئه‌و سرووده له‌لایه‌ن کوردی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان ده‌وترێته‌وه به ئیسلامییه‌کانیشه‌وه، ته‌نها ڕێکخراوه چه‌په عه‌ره‌بچی، ئێرانچی و توکچییه‌کان دژایه‌تییان ده‌کرد و له جێگای ئه‌ی ڕه‌قیب، سروودی ئینته‌رناسیۆنالییان ده‌وته‌وه، کاتێکیش کڵۆڵه‌ی کۆمۆنیزم له دوای ڕوخانی سۆڤیه‌ت که‌وته لێژیی، شووکور بۆ خوا، ئێستا هه‌موو بوونه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کی عایه‌ره بیست و یه‌ک.
لێره‌دا پرسیاریی سه‌رکی ئه‌وه‌یه که بۆ له‌م کاته‌دا، ئیسلامییه‌کان که‌وتوونه‌ته دژایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب؟ له کاتێکدا تا دێت ڕه‌وشی باشووری کوردستان له بواری ئابووری و ئه‌منی و سیاسییه‌وه به‌ره‌و سه‌قامگیربوون ده‌چێت و دنیایی ده‌ره‌وه به چاوێکی تره‌وه له کوردستان ده‌ڕوانن و ئێستا ئاڵا‌و ناوی کوردستان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی جوگرافیا له نێوه‌نده سیاسی و کو‌لتووریی و ڕاگه‌یاندنه جیهانییه‌کاندا، که‌م تا زۆرێک جێگای خۆیان کردۆته‌وه. تۆ بڵێی ئیسلامییه‌کانی کوردستان به‌زانایی یان نه‌زانییه‌وه بێت، ئاو ده‌که‌نه سه‌ر ئاشی داگیرکه‌ران و دوژمنانی کورد، ئاخر نیشتمان و ئاین و دابونه‌ریت و میراتییه کولتوورییه‌کانی گه‌لان، له‌لای گه‌لانی وشیار و خودا بێداو، پیرۆزن، مه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی به‌دبه‌ختی وه‌کو کورد نه‌بێت، که ده‌مێک به ناوی کۆمۆنیستی و ده‌مێک به ناوی ئاین سوکایه‌تی به پیرۆزییه‌کانییه‌وه ده‌کرێت. کامه له‌و ڕێکخراوه ئیسلامیه دروستکراوانه‌ی ده‌ستی بیانی هێنده‌ی شێخ مه‌حمود، سه‌ید ڕه‌زا، شێخ سه‌عید و قازی محه‌مه‌د و مسته‌فا بارزانی و ده‌یان مه‌لا و دینداری تری کوردستان ڕێزیی ئیسلامی‌یان گرتووه، هه‌مانکات نیشتمانی خۆیان خۆشویستووه و خۆیان کردۆته قوربانی بۆی! تا ئێساتش هیچ ڕێکخراوێکی ئیسلامی له کوردستاندا به ئاشکرا دژی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی که سه‌دان کوردی که‌رکووک و موسڵیان سه‌ربڕییوه، نه‌هاتوونه‌ته قسه و ته‌نانه‌ت پێشیان ناڵێن تیرۆریست، مه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی که ده‌یکه‌ن به‌ناوی پاراستنی ئه‌و نیشتمانه‌وه نییه که پێی ده‌ڵێن، عیراق. به‌ڵام دیاره به درێژایی مێژوو نانی ده‌ستی کورد سوێر بووه، بۆیه پاداشتی کوردیان به کوشتن و سوتاندن و ته‌جاوه‌زکردن به ژنانی کورد داوه‌ته‌وه. کام ڕێکخراوی ئیسلامی کورد، به‌یانێکی له دژی وڵاتانی عه‌ره‌بی که ژن و کچی کوردیان له به‌عسییه‌کان ده‌کڕی، له سعودییه‌وه بگره تا میسر و شێخه‌کانی کوه‌یت وکه‌نداو، ده‌رکردووه، ئاخر هه‌موو ده‌زانین له کوێوه پاره‌یان بۆ دێت و ته‌نانه‌ت ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی که له گوند و شاره‌کانی کوردستان دروستکراون هه‌موو ناوی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌نده عه‌ره‌بانه‌یان له‌سه‌ره که پاره‌یان ناردووه و ئیسلامییه‌کانیش به ڤیدۆ بۆیان تۆمارکردوون، چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌یان نه‌کردایه پاره‌که‌یان نه‌ده‌دانێ. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئیسلامییه‌کان به دژی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌بێت به‌رپه‌رچ بدرێته‌وه، له ڕێگای یاسایی و نووسین و هه‌موو ڕێگایه‌کی دیموکراتییه‌وه تا پاشه‌کشێ ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌بێت داوای لێبووردن بکه‌ن، چونکه هه‌زاران که‌س له پێناوی ئه‌و نیشتمانه‌ی که ئه‌وان دژایه‌تی ده‌که‌ن شه‌هید بوون. جێگای سه‌رنجه که ده‌وڵه‌تی تورکیا که له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، یه‌کێک له‌و تاوانانه‌ی که ده‌یخه‌نه پاڵ ڕۆژ تیڤی و داوا له دانمارک ده‌که‌ن دایبخه‌ن، لێدانی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبه له کاتی کردنه‌وه و کۆتایی پێهێنانی به‌رنامه‌کانی، هه‌مووشمان ده‌زانین که هه‌ندێک له‌وانه‌ی که ئێستا دژی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبن، په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌یان له‌گه‌ڵ، پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هه‌یه.
٢
شتێکی تری عه‌جایب له کوردستان پڕۆتۆکۆڵی گوایه " پێشخستنی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی کوردستان(حکوومه‌تی سلێمانی) له‌گه‌ڵ بریکاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی تورکیا، بۆ پێشخستنی بواری فێرکردن له هه‌رێمی کوردستاندا". له دوای ڕاپه‌ڕین به گشتی و پاشانیش دوای ڕوخانی ڕێژیمی سه‌ددام، تورکیا هه‌وڵه‌کانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان چڕ کرده‌وه، تا بتوانێت له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه خۆی بخزێنێته ناو کۆمه‌ڵگای کوردییه‌وه و ئه‌وه‌ی به هه‌ڕه‌شه و توندوتیژیی بۆی نه‌چۆته سه‌ر له ڕێگای په‌لهاویشتنی کولتووری و سیاسی و بازرگانییه‌وه، به ده‌ستی بخات. سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی تورکیا له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاسیستی و نه‌ژادپه‌رستی داڕێژراوه، بیست ملیۆن کورد بۆیان نییه به‌زمانی کوردی بخوێنن. هه‌ر ئه‌وه بۆخۆی ده‌بوو ڕێگاگر بوایه له‌وه‌ی که نابێت که‌ڵک له سیسته‌مێکی وا وه‌ربگێرێت، نه‌خاسمه بکرێته مۆدیل له سلێمانی که نێوه‌ندی کوردایه‌تی و ڕۆشنبیری بووه له سه‌رده‌می بابانه‌کانه‌وه. ئه‌و ده‌ستگایه‌ی که حکوومه‌تی سلێمانی په‌یمانی له‌گه‌ڵ مۆرکردووه له‌سه‌ر بانگهێشتنی ئه‌وان چون بۆ تورکیا، کۆمپانیایی (فه‌زاله‌ر)ه که کۆمپانیایه‌کی تورکچییه و تا ئیستا له کوردستان شه‌ش خوێندنگایان دامه‌زراندووه (له هه‌ولێر چوار و له سلێمانی دوو) و له زۆر وڵاتی ئاسیا به تایبه‌تی تورک زمانه‌کان بیروباوه‌ڕی تورکی و ئیسلامی که خزمه‌تی زمان و کولتووری تورکی ده‌که‌ن، بڵاوده‌که‌نه‌وه و نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه. ئه‌و ده‌ستگایه به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ و نا فه‌رمی له خزمه‌ت که‌مالیسته‌کاندایه. سه‌یر له‌وه‌دایه که ئه‌و مه‌کته‌بانه‌یان له کوردستان ته‌نها منداڵی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رپرسه حیزبیی و حکوومییه‌کان ده‌رسی لێ ده‌خوێنن.
ئیمڕۆ له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، ژماره‌یه‌کی زۆر کورد که به شێکی زۆریان ئه‌ندام و لایه‌نگری ده‌سته‌ڵتدارانی کوردستانن ده‌ژین، باشه بۆ حکوومه‌تی کوردستان له‌و خه‌ڵکانه داوای پڕۆژه ناکات که له‌سه‌ر مۆدێلی ئه‌و وڵاتانه به تایبه‌تی ئه‌وروپا، دابمه‌زرێن ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له پێشخستنی په‌ره‌وه‌رده‌یه له کوردستاندا! یان که ئه‌وان خۆیان به هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریکا ده‌زانن بۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وان پڕۆژه‌ی وا ناخه‌نه گه‌ڕ؟ له ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌ی ڕابردوا، ده‌یان وه‌فتی یه‌کێتی سه‌ردانی چین، کۆریا و سه‌نگافور و زۆر شوێنی تریان کرد، ئایا ناکرێت که‌ڵک له سیسته‌می ئه‌و وڵاتانه وه‌ربگیرێت که پێشبڕکێ له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا ده‌که‌ن.
ئه‌م کاره‌ی حکوومه‌تی کوردستان جگه له‌وه‌ی سوکایه‌تییه به هه‌ستی بیست ملیۆن کورد، هیچ خزمه‌تێکیش به کو‌لتوور و زمان و په‌روه‌رده‌ی کوردی ناکات، به‌ڵکو ناڕاسته‌وخۆ توانه‌وه‌ی کولتووری کوردییه له نێو کولتووری تورکیدا، کورد نابێت هه‌ر ته‌نها بیر له ئیمڕۆ بکاته‌وه، ئاوا بڕوات تا بیست ساڵی تر په‌ڕ و باڵی زمان و کولتووره‌که‌مان به ده‌ستی خۆمان ده‌که‌ین، ئه‌و کاته نه‌ک له کورد به‌ڵكو هیچ ناچین.
سه‌رچاوه:
ڕۆژنامه‌ی میدیا ژماره (٢٢٣)
www.netkurd.com
www.pukmedia.com
|
04/07/2007 |