که‌رکوک به‌ هیواى سالێکى تر..!؟

 کاوێزمه‌لاپه‌روێز
که‌رکوک
K_mlaprwez@yahoo.com


ئه‌ز خه‌لکى که‌رکوکم و له‌ که‌رکوکیش ده‌ژیم،هاوسىَى ده‌سته‌ چه‌پم پیاوه‌که‌ عه‌ره‌به‌ و خێزانه‌که‌ى کورده‌ هاوسىَى ده‌ستى راستیشم پیاوه‌که‌ کورده‌و خێزانه‌که‌ى عه‌ره‌به‌ دیاره‌ له‌و گه‌ره‌که‌ى که‌ تێدا ده‌ژێم (یان نه‌یانهێشت تێدا بژێم) ماله‌کانى دى به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانى تردا دابه‌ش بوونه‌ به‌ تورکمانیشه‌وه‌..باوه‌ر ده‌که‌م ئه‌م تێکه‌ڵاوییه‌ له‌ زۆر گه‌ره‌که‌کانى ترى شار به‌بینرێن،...بۆیه‌ ده‌بىَ خۆمان به‌ دووربگرین له‌هه‌ر بیرکردنه‌وه‌یه‌ک که‌ ئه‌وى به‌رامبه‌رمان بسرێته‌وه‌..که‌رکوک جگه‌ له‌ سامانه‌ سروشتیه‌که‌ى به‌ فره‌ که‌لتوریش ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆیه‌ چاک ئه‌وه‌یه‌ کورد به‌ سنگفراوانیه‌وه‌ ئه‌و رۆله‌ بگیرىَ وه‌ک سه‌ردارى شار گیانى قبولکردنى یه‌کدى تۆخ کاته‌وه‌،دوور که‌وینه‌وه‌ له‌ ده‌مارگیرانى تورکمانى کالفام و عه‌ره‌بى ده‌روون نه‌خۆش...ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نا که‌ ره‌شه‌ کوژیمان بکه‌ن و بىَ ده‌نگ بین وه‌ک چۆن له‌ ماوه‌ى دووسالى رابردوو تا هه‌نوکه‌ش که‌وتونه‌ته‌ گیانى کوردانى شار که‌س ولایه‌نیش نیه‌ به‌ پلانێک رووبه‌رووى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ترسناکه‌ تیرۆرستانه‌ بێته‌وه‌.
هه‌موو ئه‌و راستیه‌ ده‌زانین که‌رکوک شارێکى ره‌سه‌نى کوردستانه‌ وه‌لىَ به‌ داخه‌وه‌ به‌م دوایه‌ به‌ ناچارى به‌شدارىگره‌وێکمان له‌سه‌ر ژماره‌ى پێکهاته‌کانى کرد،هه‌رچه‌ند کورد زۆرینه‌ى شار پێکدێنن لىَ هه‌ر نه‌ده‌بوو حیساباتمان له‌سه‌ر ژماره‌ى مرۆڤه‌کانى بێت بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى کێشه‌ سیاسیه‌کانى...راسته‌ ده‌رئه‌نجام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى وه‌ک برگه‌ له‌ ده‌ستوور هاتووه‌ جێبه‌جێ بکرێت کورد ده‌گاته‌ مه‌راز، به‌ڵام راستى تریش هه‌ن که‌ وه‌ک ملۆزم خۆى له‌ نێو ئه‌جنده‌ى شاراوه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى عه‌ره‌ب شاردوه‌ته‌وه‌ که‌ ئێمه‌ى کورد هه‌ستمان پىَ کردوه‌ وه‌لىَ نایبینین بۆیه‌ ده‌بوو ئێمه‌ وه‌ک کورد نه‌چوباینایه‌ ژێربارى ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌وه‌ که‌ عه‌ره‌بى ده‌سه‌ڵاتدار درووستى کردوه‌ به‌ گه‌مه‌یه‌ک که‌ ئه‌م شاره‌ روون نیه‌ کوردستانیه‌ یان عێراقى عه‌ره‌بیه‌،بۆیه‌ چاره‌سه‌رى هه‌موو لایه‌ک ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ خه‌لکه‌که‌ى سه‌رپشک بکرێت له‌ بریاردان بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى سیاسى- ئیدارى،گومان له‌وه‌ ده‌که‌م که‌ ئه‌م برگه‌یه‌ له‌ کاتى دیاریکراو که‌ له‌ ده‌ستووره‌که‌دا هاتووه‌ تا کۆتایى سالى 2007 جىَبه‌جێبکرىَ،بێته‌ جىَبه‌جێکردن،ئه‌ز باوه‌رم ئه‌مه‌ بۆ قۆناغێکى درێژتر دوا بخرىَ به‌ برووبیانوى کارى ئه‌وله‌ویه‌تى حکومه‌تى ئاینده‌ى ئێراق که‌ کوردیش باش ده‌زانىَ ئه‌و حکومه‌ته‌ چه‌ند کارى گرانى له‌سه‌رشانه‌ ده‌بىَ به‌ جىَ یان بگه‌یه‌نىَ، پێش مه‌سه‌له‌ى که‌رکوک بۆ حکومه‌ت مه‌سه‌له‌ى ئاسایش و بواره‌کانى خزمه‌تگوزارى کاره‌با و ئاو،کێشه‌ى سوته‌مه‌نى، لایه‌نه‌کانى ترى ژیانیش له‌ چاککردنى باروگوزه‌رانى هاووڵاتیانى ئێراق له‌ سه‌ر مێزى سه‌رۆک وه‌زیران ده‌بىَ .و خزمه‌تگوزارییه‌ پێویسته‌کان،جگه‌ له‌و ئه‌رکانه‌ که‌ هه‌مووى بۆ حکومه‌ت مه‌سه‌له‌ى گرنگن.راگرتنى هاوسه‌نگى سیاسى نێو پێکهاته‌ى ئه‌و حکومه‌ته‌ که‌ زۆرێک له‌ چاودێرانیش رایان وایه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ ته‌مه‌نى درێژ نابىَ به‌ پشت به‌ستن به‌و ئاماژانه‌ى که‌ وا ده‌ر ده‌خه‌ن هه‌م ئیتیلافى شیعه‌ى عه‌ره‌ب که‌ له‌ نێو خۆ ناریکن هه‌میش لیسته‌کانى تر هه‌ند کۆک نین و خالى هاوبه‌شى نێوان کۆى لیسته‌کان بایى ئه‌وه‌ نیه‌ حکومه‌تێکى به‌هێزى ته‌مه‌ن چوار سالى به‌رێوه‌ به‌رن، که‌ ئه‌مه‌ به‌ برواى من وا ده‌کات له‌ نیوه‌ى رىَ ئه‌م حکومه‌ته‌ راوه‌ستىَ،ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى سلبى له‌سه‌ر پرۆسه‌ى ئاسایى کردنه‌وه‌ى که‌رکوک و ئه‌و ناوچانه‌ ده‌بىَ، ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کى وورد بۆ بارودخى ئێستاى ئێراق بکه‌ین ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ره‌کانى ئاینده‌ بۆمان روونتر ده‌بنه‌وه‌ که‌گه‌مه‌که‌ بۆ وه‌رزێکى ترى ته‌مه‌نى حکومه‌تێکى تر درێژ ده‌کاته‌وه‌ وه‌ک چۆن ئه‌م گه‌مه‌یه‌ تازه‌ نیه‌ هه‌میشه‌ ساڵ دواى ساڵى پێکراوه‌ ئه‌م حکومه‌ت بۆ ده‌ستى ئه‌وى تر به‌ جێهیشتوه‌.بۆیه‌ به‌لاى منه‌وه‌ ئه‌وه‌ى له‌ پێشى کوردایه‌ سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ تواناکانى ئیدارى و دارایى حکومه‌تى کوردستان که‌ کارى جدى بۆ ئاسایى کردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ بکرىَ...هه‌موو ده‌زانین ئه‌و چه‌که‌ى به‌ ده‌ستى جعفه‌رییه‌وه‌ بوو بۆ په‌ک خستنى برگه‌ى 58ى یاسایى کاتى ئیداره‌ى ده‌وله‌ت مه‌سه‌له‌ى پاره‌ بوو...جگه‌ له‌ نیه‌تى دروستى ئه‌و که‌ که‌رکوک وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کى سیاسى گرنگ بۆ پشتیوانى زۆر لایه‌ن و ده‌وله‌تان به‌ کاربێنى واشى کرد و تێدا سه‌رکه‌وتوو بوو..بۆیه‌ ته‌رخانکردنى پاره‌ زامى ئه‌م شاره‌ تیمار ده‌کات...نه‌ک دروشم و هات و هاوار،ده‌ستى ده‌ستى کردن،.
باوه‌رم وایه‌ ئه‌م ده‌سته‌ى حکومه‌تى ئاینده‌ى ئێراقیش ئه‌مین نه‌بىَ له‌ ئاسایکردنه‌وه‌ى که‌رکوک.

 

           

04/07/2007