(( بیرى له‌ چى بکه‌مه‌وه‌...ئاڵتونى ره‌ش...یان سۆزى ژن؟!.. ))

کاوێزمه‌لاپه‌روێز
 که‌رکوک
 15\1\2006

 

به‌ نامه‌یه‌کى کورت بۆم ده‌نوسىَ ده‌مێکه‌ له‌ سۆزى خۆت بىَ به‌شت کردووم،تکایه‌ بیر بکه‌ره‌وه‌....
ئه‌م نامه‌یه‌ له‌و ژنه‌وه‌ به‌ من ده‌گات که‌ قرار بوو ژیان تا سه‌ر پێکه‌وه‌ بگوزرێنین،بیر بکه‌ره‌وه‌ى نامه‌ى ئه‌و ژنه‌ که‌ نامه‌وىَ نیشانه‌یه‌کى بۆ خوێنه‌ر جىَ بێلم ئیستێکم پىَ ده‌کات..
ژووره‌که‌م که‌ له‌ زیندانێکى خۆش ده‌چێت لىَ زندان بۆ خۆى هه‌ناسه‌ ته‌نگیه‌ ده‌رفه‌تێکى باشم هه‌یه‌ بۆ بیر کردنه‌وه‌ به‌ڵام بیر له‌چى بکه‌مه‌وه‌؟.
ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تى ژیانه‌ که‌له‌یه‌ک که‌ خوا هه‌ر بۆ خۆى ده‌زانى چى تێدایه‌ ده‌بىَ بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بژێت نه‌ سۆزى ژن نه‌یش ره‌قى دڵره‌شان،به‌لکو زیندانیه‌کى لا ته‌ریکى له‌ بیر کراو.
ئه‌و ده‌نوسىَ بیر بکه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سۆزى بۆ بگه‌رێته‌وه‌ لىَ ئه‌زیش نازانم بیر له‌و ژینگه‌ پیسه‌ى ئه‌م شاره‌ بکه‌مه‌وه‌ که‌ ته‌نىَ خاشاک و خۆله‌که‌ى بۆ ئه‌هله‌که‌یه‌تى ئه‌وه‌ى پىَى ده‌گوترىَ ئالتۆنى ره‌ش بۆ ئه‌وانه‌یه‌ که‌ وه‌ک میوان تێمان ده‌روانن و زۆرجاریش به‌ داگیرکه‌ر ناومان دێنن،ئه‌رىَ بیرى له‌ چى ده‌کرێته‌وه‌ که‌ تاریک دادىَ ده‌بىَ توند..به‌ ووریایى و دلنیاییه‌وه‌ ده‌رگاکانمان کلۆم ده‌ین،ئا پێش ئه‌وه‌ ده‌بىَ هه‌زارویه‌ک حسێب بۆ گه‌رانه‌وه‌ بکه‌ین و به‌ شک و گومان بین له‌م ئۆتۆمبێل و ئه‌وى تر که‌ به‌ته‌نیشتماندا تێده‌په‌رىَ،یان رێگایه‌کى سه‌ختر هه‌ڵبژێرین شوێن کار بکه‌ینه‌ ماڵ و به‌ رۆژ ژوورى راپه‌راندنى کار به‌شه‌ویش زیندانى.
هه‌موو شتێکى ئه‌م شاره‌ له‌ گیانێکى مردوو ده‌چێت،هه‌ستمان،بیرمان هه‌موو مردوه‌ ئاخر کىَ بووه‌ له‌م شاره‌ ژیابىَ و ئه‌و تاڵاییه‌ى نۆش نه‌کردبێت که‌ هه‌والى مه‌رگى که‌سێکى ناسیاوێکى پىَ ده‌گات که‌ به‌ده‌ستى ئه‌وانه‌ى له‌ به‌رگى مرۆڤ خۆیانمان نیشانئه‌ده‌ن و وه‌ک تر گورگى هارن..یان ئه‌وه‌ى که‌ به‌رامبه‌ر خۆت روو ئه‌دات نازانم بیر له‌چى بکه‌مه‌وه‌ ئه‌و کاتى ماله‌که‌ى منیان به‌ر گولله‌دا پێده‌که‌نیم نازانم بۆ پێکه‌نم لىَ ئه‌و رووداوانه‌ هه‌نده‌ ساده‌ وه‌رده‌گیرێن وه‌ک ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ى که‌ کرایه‌ سه‌ر ژیانم نوسیبوى به‌پرسێک گوتبوى ئه‌وه‌ ته‌نىَ ویستویانه‌ ئیستفزازت بکه‌ن چه‌ند قات پێکه‌نینه‌که‌م زیادى کرد ئیستفساز به‌ گولله‌؟!..
ئێمه‌ له‌ نێو گه‌رده‌لولى ئه‌م شاره‌دا خه‌ریکه‌ وێڵ ده‌بین رێگاى ژیانمان لىَ گوم بوه‌ نه‌وه‌یه‌ک دروست ده‌که‌ین پر له‌ قین ورق خه‌ریکه‌ ئاوى ژیان لیڵ بێت بىَ ئه‌وه‌ى که‌سێک ئاماده‌بێت بیرى لىَ بکاته‌وه‌...ئه‌دى من بیر له‌چى بکه‌مه‌وه‌ خاتوون؟!...
شارێک ده‌بىَ هه‌موو مرڤه‌کانى ته‌نیا بن نه‌خۆ ژیان تێدا مه‌حاڵه‌...به‌راست کىَ به‌دیار جه‌رگى سووتاوى ئه‌م شاره‌وه‌ تاوىَ گریاوه‌ ئه‌ى ئه‌وه‌ نیه‌ رۆژانه‌ رۆله‌کانى له‌ بنمیچێکدا به‌ سه‌ربراوى به‌ کوژراوى ئه‌دۆزرێته‌وه‌ کىَ ها کێتان له‌ به‌رائه‌تى ئه‌و مرۆڤانه‌ گه‌یشتون که‌ نان و ژیان به‌رگى پۆلیسى له‌به‌ر کردوون؟!.. له‌ ساتێکدا بۆمبێک به‌ سیاره‌که‌یدا ده‌ته‌قێته‌وه‌ یان له‌ پرێکدا ده‌درێته‌ به‌ر رێژنه‌ى گولله‌..بیرتان نه‌چىَ ئه‌م شاره‌ ته‌نیا شاره‌ که‌ زۆرێک له‌ خه‌لکه‌که‌ى وه‌ک ئاواره‌ له‌ ژێر چادر ده‌ژین بىَ هیچ خزمه‌تگوزارییه‌کى پیویست به‌و حالشه‌وه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ سارووخ ئا سارووخ ئه‌وه‌ى که‌ به‌س له‌شه‌ره‌کاندا ده‌مانزانى چه‌ند ره‌زا گرانه‌ و له‌ ناوه‌ختدا ده‌بێته‌ میوانى ربیه‌ک که‌ پره‌ له‌ سه‌ربازى عاشق یان پێشمه‌رگه‌ى کۆلنه‌ده‌ر ئه‌رىَ با بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ ئه‌و ئاوارانه‌ى ژێر ئه‌و خێمانه‌ که‌ زۆرجار سارووخ له‌گه‌ل به‌رچایى خۆى به‌ماڵێکیاندا ده‌کات، به‌لىَ بۆ بیر له‌وه‌ نه‌که‌ینه‌وه‌ کىَ ده‌زانىَ ئه‌وکاته‌ى ئه‌و سارووخه‌ به‌ر ئه‌و ماڵه‌ ئاواره‌یه‌ ده‌که‌وێت که‌یبانوى ئه‌و ماڵه‌ چى به‌ پیاوه‌که‌ى گوتوه‌ که‌ ئێواره‌ له‌گه‌ل گه‌رانه‌وه‌ى بۆ منداله‌کانى بهێنىَ؟..کىَ ده‌زانىَ کورکچانى ئه‌و ماله‌ ئاواره‌یه‌ چه‌ند خۆزگه‌یان له‌دڵدا بوه‌ و چى و چى تر؟!...
له‌م شاره‌ ده‌یان ماڵ ده‌ناسم هه‌ره‌شه‌ى مه‌رگ که‌ به‌ دیشداشه‌وه‌ هاتوه‌و دوو کورى بوخچه‌ نه‌کراوه‌ى لىَ سه‌ندوه‌ له‌ سالێکدا دایک دووجار به‌ کوژرانى کوره‌کانى جه‌رگى قرچاوه‌ته‌وه‌...به‌لىَ له‌ هه‌ناوى ئه‌م شاره‌ى ئێمه‌دا هه‌زاره‌ها خۆزگه‌ بىَ ئه‌وه‌ى چرۆ بکه‌ن له‌ بین بران که‌سێک بیرى نه‌کرده‌وه‌ خاتوون ئه‌دى من بیر له‌چى بکه‌مه‌وه‌؟!!...
له‌م شاره‌دا مه‌رگ به‌ روخسارێکى تره‌وه‌ خۆى نیشانئه‌دا مه‌رگ عه‌گال له‌سه‌ر ده‌نىَ و به‌دوى ئه‌و زارۆیانه‌ ده‌که‌وىَ که‌ باوکیان شه‌روڵ له‌ پىَ ده‌که‌ن بیر ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ خاتوونى من چۆن خۆمان زارۆ و که‌سه‌کانمان له‌مه‌رگ دوورخه‌ینه‌وه‌؟..
مه‌رگ له‌ نێو ئێمه‌دایه‌ و له‌ دووره‌وه‌ ئێوه‌ ده‌یبیستن لىَ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ره‌شه‌کانى خۆتان که‌ر ده‌که‌ن...مه‌رگ له‌ ناوه‌راستى ئه‌م شاره‌،له‌ کوچه‌کانى له‌ ماڵه‌ خامۆشه‌کان و له‌ چادرى ئاوه‌ره‌کاندا ره‌شمالى هه‌ڵداوه‌ چاوى ئێوه‌ مه‌ڵۆزمى مه‌رگى ئه‌م شاره‌ نابینى چاوى ئێوه‌ ئه‌و چاوانه‌یه‌ که‌ هه‌میشه‌ خوماره‌ بۆیه‌ ناتوانن گه‌له‌کۆمه‌ى مه‌رگى ئه‌م شاره‌ ببینن!!..
خاتوونى باوه‌ش گه‌رم ئه‌و کاته‌ى که‌ بیر له‌ سۆز وژن ده‌که‌مه‌وه‌ تێر ده‌گریم نازانم بۆ له‌ کاتێکدا مه‌رگ له‌ ده‌رگاى مالمانى ئه‌دا پێده‌که‌نیم و بیریش له‌ سۆزى ژن بکه‌مه‌وه‌ ده‌گریم؟..ئاخر سۆزى ژن،باوه‌شى ژن جوانیه‌،ژیانه‌،... کوا له‌م شاره‌دا ژیان،کوا جوانى؟ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین رووحى شارمان خاپوور کردوه‌،نیشتمانى جوانیمان ته‌فرو تونا کردوه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و بازرگانان که‌ ده‌ست و بیر ره‌شان ،تاریک په‌رستان ده‌که‌نه‌ ملۆزمى سه‌ر جه‌سته‌ى ژیانمان،ئه‌و بازرگانه‌ ته‌ماعکارانن ژیانمان وێران ده‌که‌ن بۆ ئاڵتونى ره‌شى شاره‌که‌مان،به‌لىَ خاتونى من جگه‌ له‌ ده‌روازه‌کانى مه‌رگ که‌ بۆ هه‌ریه‌ک له‌ ئێمه‌ له‌به‌ر ئینتما بونمان هه‌میشه‌ به‌ رووماندا کراوه‌یه‌،شتێکى تر نیه‌ بیر لىَ بکه‌ینه‌وه‌؟!...
وه‌ڵامى ئه‌و نامه‌یه‌ت ناده‌مه‌وه‌ نا ناتوانم وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌نا که‌ له‌ خۆ ناگرم به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ خه‌ریکه‌ بارووت و دوکه‌لى ره‌شى ئه‌و بۆریه‌ نه‌وتانه‌ که‌ هه‌رجاره‌ى یه‌کیان ده‌ته‌قێننه‌وه‌ و ئاسمانى شاره‌که‌مان ره‌ش ده‌که‌ن و خه‌ریکه‌ خۆمانیش تیایه‌ ده‌خنکێن، به‌راست کێمان بیرى له‌وه‌ کردوه‌ته‌وه‌ ده‌ست خۆشى له‌وانه‌ بکه‌ین یان به‌ نه‌فره‌تیان بکه‌ین که‌ بۆریه‌ درێژ و پانه‌کانى نه‌وتى شاره‌که‌مان جگه‌ له‌ دزه‌کان که‌س نازانىَ بۆ کۆىَى ده‌بن ده‌ته‌قێننه‌وه‌،من نازانم ئه‌م شاره‌ى من چه‌ند لتر،گاڵۆن، به‌رمیل چوزانم نه‌وتى له‌ هه‌ناوى خۆى هه‌ڵگرتوه‌ دڵنیام تۆیش نازانى که‌س له‌ خه‌لکى ئه‌م شاره‌ ئه‌وه‌ نازانىَ ئه‌وه‌ى من ده‌یزانم ئه‌وه‌یه‌ که‌ دزه‌کان که‌ خه‌لکى ئه‌م شاره‌ نین دزه‌کانى ئه‌مرۆ به‌ته‌نىَ ناڵێم به‌لکو دزه‌کانى مێژووش که‌ هه‌ر ئه‌وان ده‌یانزانى چه‌ند نه‌وت له‌ هه‌ناوى شاره‌که‌ماندا هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌وانیش ده‌یانزانى ئه‌وتى شاره‌که‌مان بۆ چى به‌کاربهێنن؟!..
نا ناتوانم خاتوون دروست هۆکارى ئه‌وه‌ بڵێم که‌ بۆ ناتوانم وه‌ڵامى ئه‌و نامه‌یه‌ت بده‌مه‌وه‌ چونکى من بیر له‌ شتى تر ده‌که‌مه‌وه‌ ده‌مه‌وىَ ئه‌وه‌ بزانم ئاڵتونى ره‌ش به‌دبه‌ختى و سه‌رگه‌ردانى،دووکه‌ڵ و تروته‌فاقى جه‌نگ ،یان خۆشگوزه‌رانى ،باڵه‌خانه‌ى به‌رزبه‌رز له‌گه‌ڵ خۆى ده‌هێنىَ، که‌ به‌ ته‌نىَ شاره‌که‌ى من وتۆ خاڵیه‌ له‌ باڵاى به‌رزى بیناى جوان،له‌ دوور له‌ به‌غا له‌ لنده‌ن له‌ مۆسکۆ له‌ فه‌رنسا جا کام ووڵات هه‌یه‌ له‌ ئاڵتونى ره‌شى شارى من وتۆ باڵاخانه‌ى به‌رز به‌رزى درووست نه‌کردبىَ که‌ شاره‌که‌ى من و تۆیش یه‌ک باڵه‌خانه‌ى تیا نیه‌ که‌ من و تۆ پێکه‌وه‌ شه‌وێکى تیا رۆژبکه‌ینه‌وه‌،پێم سه‌یره‌ ده‌ته‌وىَ به‌ پرسیارێک رامچه‌ڵه‌کێنىَ تا بمگێریته‌وه‌ ئه‌و رۆژانه‌ى که‌ له‌ ترسى به‌عس خۆمان ده‌خزانده‌ باوه‌شى یه‌کدیه‌وه‌ ببوره‌ به‌و شێوه‌یه‌ نا به‌لکو له‌ ئاواره‌یى دوور له‌ سۆزى شار من ده‌خزامه‌ نێو سۆزو باوه‌شته‌وه‌ باوه‌ر بهێنه‌ ئه‌مه‌ بىَ وه‌فایى نیه‌ ئه‌مه‌ راستیه‌کى تاڵه‌ که‌ له‌ سه‌رووى ئیراده‌ى مرۆڤه‌کانى ئه‌م شاره‌وه‌یه‌وه‌ و به‌سه‌رماندا سه‌پاوه‌ که‌ ده‌بىَ بیرمان،هه‌ستمان،بمرىَ بۆیه‌ ببوره‌ ناتوانم ناپرژێم تا بیر له‌ سۆزو باوه‌شت بکه‌مه‌وه‌.

K_mlaprwez@yahoo.com


 

           

 

04/07/2007