ئامێرێک بۆ به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژی
نووسینی:موئه‌یه‌د مه‌حمود(کاردۆ)
سه‌رده‌مێک بینه‌ری ئێمه به تایبه‌تی هه‌رزه‌کارو لاوه‌کان باش و خراپی فلیمێکیان به ژماره‌ی ئه‌و شه‌ڕانه پێوانه ده‌کرد که له فلیمه‌که‌دا ده‌بینرا.سینه‌ماکانیش بۆ ڕه‌واجدان به فلیمێک له‌سه‌ر پۆسته‌ره‌که‌ی ده‌یان نووسی ( ته‌وندوتیژی و موغامه‌رات ).دوو فاکته‌ر ئه‌م حه‌زه‌یان له‌لای ئه‌م جۆره بینه‌ره درووست ده‌کرد.
یه‌که‌م : ئه‌گه‌رچی خێزان وه‌کو ده‌زگایه‌کی سه‌رکوتکه‌ر حه‌زێکی زۆری له‌ناخی مناڵاندا ده‌کوشت و به‌ربه‌ست و ڕێگرییه‌کی زۆری له ڕێگای ویسته‌کانی داده‌نا ، ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه خۆیان له خۆیاندا چاڵ خستنه ئه‌و ڕێگایانه‌یه که ده‌چنه‌وه سه‌ر گه‌شه‌ی فیکری و مه‌عریفی ئینسان،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ کردارێکی واعییانه له‌لایه‌ن خێزانه‌وه بۆ خۆش کردن و ته‌خت کردنی ئه‌و ڕێگایه به‌دی نه‌ده‌کرا، بۆیه نه‌ش و نوما کردنی مناڵ له ڕووی فیکری و مه‌عریفییه‌وه پشتی به ڕێکه‌وت ده‌به‌ست،ڕێکه‌وتی ئه‌وه‌ی مامۆستایه‌کی شاره‌زا و واعی و به‌ده‌ربه‌ستی هه‌بێت ، یان مامۆستایه‌کی نه‌شاره‌زای که‌م مه‌عریفه‌تی بێ ده‌ربه‌ست ، براده‌ری چاکی هه‌بێت یان خراپ ، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵس و که‌وتیان له‌گه‌ڵدا ده‌کات چ جۆره کاردێکی له‌لا جێده‌هێڵن .....تاد. ئه‌م پشت تێکردن و خه‌م نهخۆرییهی خێزان ئه‌و ئازادییه‌ی به مناڵ ده‌دا که حه‌زێکی خراپی هه‌بێت، چونکه ئه‌م حه‌زه(خراپه) له زیهن و بیرکردنه‌وه‌ی خێزاندا وه‌ک حاڵه‌تێکی سلبی جێگایان نه‌بوو،واته خێزان د‌رکی به‌و خه‌ته‌ره نه‌ده‌کرد که له پشتی ئه‌م حه‌زه‌ی مناڵانه‌وه خۆی حه‌شار دابوو.بۆیه هه‌ڵبژاردن و قه‌بوڵ کردن و عه‌شقی مناڵان بۆ فلیمی ئاکشن و توندوتیژی به ئاسانی له بازگه‌کانی خێزان تێپه‌ڕ ده‌بوو.تاکه فلیمێک که باجه‌که‌ی زۆر قورس له‌سه‌ر مناڵ ده‌که‌وته‌وه‌و له هه‌ره حه‌رام کراوه‌کان بوو ، فلیمی سه‌کسی بوو که نامه‌وێ لێره‌دا ئیشاره‌ت به‌و فاکته‌رانه بکه‌م که ئه‌و جۆره فلیمانهیان نه‌ک هه‌ر له مناڵ ،به‌ڵکو له ته‌واوی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا قه‌ده‌غه ده‌کرد.
دووه‌م: کۆمه‌ڵگای ئێمه له‌وێوه که یاسا تیایدا به خزمه‌تی ئینسان و نانه‌وه‌ی ناوه‌ندێکی ئارام و ته‌ندرووست به‌رقه‌رار نه‌بوو ،که ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا یاسای دارستانی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا فه‌رز کردبوو، وه له‌وێوه که ئازایه‌تی و هێزی ماسولکه‌کان فاکته‌رێک بوون بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی به‌شێک له‌و بۆشاییه‌ی که بێ یاسایی له ژیانی ئینساندا ده‌یخسته‌وه ، به جۆرێک زۆر جار گفتوگۆ دوو قۆڵییه‌کان به زۆران بازی یه‌کلا ده‌کرانه‌وه ،لێره‌وه مناڵ و هه‌رزه‌ی ئێمه پاڵه‌وانی فلیمه‌کانی له‌لا خۆشه‌ویست ده‌بوو، چونکه ئه‌وان ئه‌و نموونانه بوون که ئه‌م ده‌یخواست بگاته ئاستیان.ئومێدی گه‌یشتن به مه‌رته‌به‌ی ئه‌و پاڵه‌وانانه ئارامی له دڵی ئه‌و بینه‌رانه ده‌چاندو داهاتووی له‌لا خۆشه‌ویست ده‌کردن.ده‌کرێت فاکته‌ری تریش له‌پاڵ ئه‌م دوو فاکته‌ره‌وه ریز بکه‌ین به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م دوو فاکته‌ره به توندی خۆیانمان به‌سه‌را بسه‌پێنن له ئاوها بابه‌تێکدا.
ئه‌مڕۆ که له فلیمه سینه‌ماییه‌کان وورد بیته‌وه به تایبه‌تی فلیمه‌کانی هۆلیود به ئاسانی درک به‌وه ده‌که‌یت که دیمه‌نی توندوتیژی له‌و جۆره فلیمانه‌دا له ڕاده به‌ده‌ر ته‌شه‌نه‌ی کردووه وه له هه‌ندێک جێ‌دا به زۆر لکێندراون به دیمه‌نه‌کانی تره‌وه ، له زۆر جێشدا به مه‌به‌ستێکی دیریکراو ته‌وزیف کراون که دواتر دێمه سه‌ریان.
له سه‌ره‌تای درووست بوونی سینه‌ماوه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ چه‌ند شه‌پۆڵێک له فلیمی ئه‌مریکی له قۆناغی جیاوازدا به‌ڕێخراوه، له‌وانه فلیمه‌کانی هه‌رقل و ته‌ره‌زان،فلیمه جه‌نگییه تایبه‌ته‌کان به شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م و دووه‌م ،فلیمه‌کانی خه‌یاڵی عیلمی،فلیمه مێژووییه‌کان،فلیمه ئاکشنه‌کانی تایبه‌ت به شه‌ڕی ڤێتنام.........تاد . ئه‌گه‌ر به ووردی سه‌رنج بده‌ینه ئه‌م فلیمانه دوو خاڵی هاوبه‌ش له نێوانیاندا به‌دی ده‌که‌ین
یه‌که‌م : ئازایه‌تی مرۆڤی ئه‌مریکی ،ئه‌مه‌یان له‌و شه‌پۆڵه فلیمانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه که جاک نۆرس و چارلس برونسن و ڤاندام و ئارنۆڵد و ڕامبۆ نیشانمانی ده‌ده‌ن ،ئه‌وان ئه‌و مرۆڤانه‌ن که ده‌توانن به ئازایه‌تی وچاونه‌ترسی بگه‌ن به ئامانجه‌کانی خۆیان، ئه‌گه‌رچی له به‌رانبه‌ریشدا سوپایه‌ک له دوژمن ئاماده بێت.
دووه‌م :ئازایه‌تی و مرۆڤ دۆستی سه‌ربازی ئه‌مریکی و سوپاکه‌یه‌تی که له فلیمه جه‌نگییه‌کاندا و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێک له فلیمه ریوائییهکانیشدا عه‌کس ده‌بێته‌وه،ئه‌و سوپایه‌ی پێ بنێته هه‌ر جێیه‌که‌وه سیمای ده‌گۆڕێت ، له وێرانه‌وه بۆ به‌هه‌شت، له کۆیلایه‌تییه‌وه بۆ ئازادی ....تاد . گرفته‌که له‌وێدایه له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا گه‌یشتن به ئامانج پێویستی به کوشت و بڕو شه‌ڕ و ململانێی خوێناوی هه‌یه.پێده‌چێت ئه‌م فلیمانه دوو جۆره په‌یامیان هه‌ڵگرتبێ
1- : په‌یامێک بۆ ده‌ره‌وه که نیشاندانی توانایی له ڕاده‌به‌ده‌ری مرۆڤی ئه‌مریکی و سوپای ئه‌مریکایه‌و ووریا کردنه‌وه‌ی نه‌یاره‌کانی ئه‌مریکایه له قودره‌تێک که ده‌توانێت دوژمن له شه‌و و ڕۆژێکدا ناچار به ته‌سلیم بوون بکات ، هه‌روه‌ها پاککردنه‌وه و جوان کردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و گوناهانه‌ی که سوپای ئه‌مریکی له‌که‌دار کردووه.
2- : په‌یامێک بۆ ناوه‌وه که ده‌توانین له سێ خاڵدا کۆیان که‌ینه‌وه :
یه‌که‌م : بۆ ڕاهێنانی بینه‌ری ئه‌مریکی له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی که ڕۆژانه له ئه‌مریکادا ڕوو ده‌ده‌ن ،هه‌روه‌ها بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه توند‌و تیژیانه‌ی که تاکی ئه‌مریکی ڕوو به ڕوویان ده‌بێته‌وه.
دووه‌م : چاندنی وه‌همێک له‌لای هاوڵاتی ئه‌مریکی به بوونی سوپایه‌ک که زه‌حمه‌ته له به‌رده‌م دوژمن‌دا ببه‌زێت ، سوپایه‌ک ده‌توانێت وه‌ڵام ده‌ره‌وه بێت به هه‌موو ئه‌و خه‌ته‌رانه‌ی که بۆی هه‌یه ڕوو به ڕووی ئه‌مریکا بێته‌وه
سێیه‌م : پاکانه کردن و پاساو هێنانه‌وه بۆ ئه‌و شه‌ڕ و ملهوڕییانه‌ی که ئه‌مریکا ده‌رهه‌ق به گه‌لانی ده‌کات.
به پێی تازه‌ترین لێکۆڵینه‌وه که له خودی ئه‌مریکا کراوه ئه‌و مناڵانه‌ی که هۆگری فلیمی ئاکشنن توند و تیژتر ده‌بن له‌و مناڵانه‌ی که هۆگری ئه‌و جۆره فلیمانه نین.ئه‌مه‌ش ده‌توانێت پاساوی ئه‌و توند‌و تیژییه بداته‌وه که کۆمه‌ڵگای ئه‌مریکی پێ ده‌ناسرێته‌وه.له ئه‌مریکادا نه‌ک هه‌ر ڕاده‌ی کوشتن له به‌رزترین ئاستدایه و له‌و بواره‌دا له سه‌رووی وڵاته‌کانی دونیادایه ، به‌ڵکو ده‌ست درێژی کردنه سه‌ر تاکه‌کان و زه‌وت کردن و دزی و به شێوه‌یه‌کی گشتی به‌کار هێنانی توندوتیژی دیارده‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌و کۆموڵگایهیه.که‌واته بێ شک ئه‌و فلیمانه ئه‌گه‌رچی حه‌قیقه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه پێچه‌وانه ده‌که‌نه‌وه ،به‌ڵام له هه‌مان کاتدا نه‌ک هه‌ر ناتوانن له بینا کردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئارام و ئاسووده نه‌خشیان هه‌بێت ،به‌ڵکو چالاکانه زه‌مینه خۆش ده‌که‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژییه‌کی زیاتر.
بۆ ڕاستی ئه‌و بۆچوونانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌توانین کۆمه‌ڵگا ئه‌وروپییه‌کان به نموونه بهێنینه‌وه بۆ تێگه‌یشتن له‌و دیارده هۆلیودییه.ئه‌وروپا که کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی تر‌و مۆدرن تری هه‌یه ، مێژووی نوێی ئه‌وروپا مێژوویه‌کی خوێناوی نییه ،ئه‌وروپا که ئهمینتر و ئارام تره .ئه‌مانه هه‌موو وا ده‌که‌ن که فلیمه ئه‌وروپییه‌کان به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو خۆ له توند‌و تیژی بپارێزن ،له‌وه ده‌چێت هه‌ر فلیمێکی له‌و بابه‌ته‌ش به توندی بکه‌وێته به‌ر لێشاوی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک، یان هیچ نه‌یێت ڕه‌خنه‌گره سینه‌ماییه‌کان.
به شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانین بڵێین شکاندنی تینویه‌تی و دامرکاندنه‌وه‌ی خولیاکانی بینه‌ر جێگا‌و ڕێگایه‌کی گرنگیان هه‌یه له ڕه‌سم کردنی سیاسه‌ت و تێڕوانینی کۆمپانیا سینه‌ماییه‌کان ،هۆلیودیش وه‌ک گه‌وره‌ترین ئامێری به‌رهه‌مهێنانی فلیمی توندوتیژی ، پێویستی به موعجیزه‌یه‌که تا بتوانێت ڕێڕه‌وی فلیمه‌کانی بگۆڕێت ،پێده‌چێت ئه‌و موعجیزه‌یه له ڕمانی ئه‌و هه‌ره‌مه‌دا خۆی ببینێته‌وه که ئه‌مریکا وه‌ک زه‌به‌لاحێک له لووتکه‌که‌ی وه‌ستاوه.
8-1-2006
|
04/07/2007 |