روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌لایه‌ن خووشکانی د.که‌مال سه‌یید قادره‌وه‌

 

بڕیار بوو هاوڵاتی بڵاوی بکاته‌وه‌.

به‌په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین ، ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ی خواره‌وه‌مان به‌ سێ ئیمه‌یڵی جیا و له‌هه‌ر ئیمه‌یڵێکه‌وه‌ دوو جار   بۆ رۆژنامه‌ی  ( هاوڵاتی ) نارد ، پاش دوو هه‌فته‌ له‌چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونه‌وه‌ی (هاوڵاتی) دا ، که‌چیی بڵاویان نه‌کرده‌وه‌. ئێمه‌ هۆکاری بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی بۆ خوێنه‌ری ژیر به‌جێدێڵین!. ته‌نها یه‌ک شتێک که‌ پێویسته‌ بیڵیین ،ئایا به‌راستیی ستافی پێشووی هاوڵاتیی له‌خۆوه‌ وازیان له‌ هاوڵاتی هێنا؟ ، ئایا گه‌نده‌ڵیی و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵات به‌م رۆژنامه‌یه‌ش گه‌یشت؟ هاوڵاتی پێشوو ته‌حریمی میره‌کانی جنێوفرۆشیی و ئه‌و نووسه‌رانه‌یان کردبوو که‌ پاکانه‌یان بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌کرد!. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌( هاوڵاتی  ئێستا )  که‌ له‌ رووی مۆراڵی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ ده‌بووایه‌ مافی به‌ئێمه‌ش بدایه‌ روونکردنه‌وه‌ی خۆمان بنووسین له‌سه‌ر درۆی شاخدار که‌به‌ده‌م براکه‌مانه‌وه‌ ده‌کرێت  و له‌و رۆژنامه‌یه‌دا بلاوده‌کرێته‌وه‌ . ئایا  ده‌کرێ  ( هاوڵاتی )  مافی دوو هاوڵاتیی وه‌ک ئێمه‌ بخوات، که‌ خووشکی د.که‌مالین  و نزیکترین که‌سی ئه‌و ده‌بین ،  له‌بری ئه‌مه‌ش راپۆرتی نووسه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مفرۆشه‌کان له‌سه‌ر دۆزی د.که‌مال سه‌یید قادر بڵاو بکاته‌وه‌؟.

 

هاوڵاتی ژماره‌ "257 "  له‌ئاست ئه‌م کێشه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ شه‌رمنۆکانه‌ ده‌رچووه‌ ، له‌کاتێکدا دۆزی د.که‌مال له‌وپه‌ڕی گه‌رمی و ده‌نگدانه‌وه‌یدایه‌ ، بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ بلاوکرده‌نه‌وه‌ی ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ی ئێمه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ک وشه‌ چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دۆزه‌ گرنگه‌ بڵاوینه‌کردووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌کی روونه‌ له‌ بواری رۆژنامه‌گه‌رییدا که‌ چۆن مامه‌ڵه‌یه‌کی نادروست له‌گه‌ڵ کێشه‌ی هاوڵاتییاندا ده‌کات ؟. چۆن بۆ دڵدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و راگرتنی دڵی ئه‌و که‌سانه‌ی راستییه‌کان ده‌شێوینن خۆی له‌ بابه‌ته‌که‌ ده‌دزێته‌وه‌؟ .

ئاوازو گه‌لاوێژ  ( خوشکانی د.که‌مال سه‌یید قادر ) ...22-01-2006

 

‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ئه‌و روونکردنه‌وه‌یه‌یه‌ که‌ بۆ ( هاوڵاتی ) مان نارد.

 

روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌لایه‌ن خووشکانی د.که‌مال سه‌یید قادره‌وه‌.

 

له‌ژماره‌256ی "هاوڵاتی"دا به‌ڕێز حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن روونکردنه‌وه‌یه‌کی له‌سه‌ر دۆزی د.که‌مال داوه‌ ، به‌داخه‌وه‌ کاک حه‌مه‌سه‌عید به‌تۆبزیی ده‌یه‌وێ راستییه‌کان ئاوه‌ژوو بکاته‌وه‌و ریوایه‌ته‌کان به‌ حه‌زوخولیای خۆی ته‌ئویل بکات. به‌ڵێ د.که‌مال پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستان به‌ده‌نگی خۆی له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ژووری کوردستان یونایتید له‌پاڵتۆکدا ، داوای لێبووردنی له‌رای گشتیی و ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ کردووه‌ که‌ به‌شێوازێکی ڕه‌ق له‌سه‌ریان نووسیویه‌تی . به‌ڵام له‌یه‌ک شتی ئه‌و راستییانه‌ په‌شیمان نییه‌ که‌ له‌نووسینه‌کانیدا ئاماژه‌ی پێداوه‌.

 

به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ کاک حه‌مه‌سه‌عید به‌ته‌ره‌ف ده‌زانین له‌م کێشه‌یه‌دا، به‌ته‌واویی لایه‌نگریی ده‌سه‌ڵات ده‌کات و ته‌نانه‌ت یه‌که‌مین راپۆرت له‌کوردستان نێتدا که‌بلاوکراوه‌یه‌و براکه‌مانی به‌جنێوفرۆش له‌قه‌ڵه‌مداو به‌خۆشییه‌وه‌ هه‌واڵی ده‌ستگیرکردنه‌که‌ی بڵاوکرده‌وه‌ ئه‌و له‌پشتییه‌وه‌ بوو. هه‌روه‌ها له‌دوای دوانزه‌ رۆژ له‌ده‌ستگیرکردن و بێسه‌روشوێنکردنی براکه‌مان ، کاک حه‌مه‌سه‌عید له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌هه‌ولێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ رادێوی ‌هاوپشتیی ( سوید ) دا ، نه‌یتوانی ئه‌و  خۆشحاڵییه‌ی خۆی بشارێته‌وه‌و داکۆکیی له‌وانه‌ ده‌کرد له‌سه‌ر د.که‌مال  ده‌عوایان هه‌یه‌ و له‌نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ( هه‌ولێر) دڵسۆزانه‌تر و حیزبیی تر بۆ ده‌سه‌ڵات قسه‌ی ده‌کرد. .به‌ئه‌فسووسێکی زۆره‌وه‌ کاک حه‌مه‌سه‌عید ده‌یه‌وێ به‌چاوی سۆزو به‌زه‌ییه‌وه‌ سه‌یری براکه‌مان بکرێ و هه‌روه‌ک له‌ڕاپۆرته‌که‌ی کوردستان نێتدا هاتبوو گوتبووی "شایانی باسه‌ له‌کوردستان ئه‌گه‌ر  جنێوفرۆش ده‌رونی ناساغ بوو یاسا نایگرێته‌وه‌ " ، ئێستاش به‌شه‌ست ساڵ و گابه‌ردی گه‌وره‌ دڵی ئاو ده‌خواته‌وه‌.

 

له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتیشه‌وه‌ ، رایده‌گه‌یه‌نین ، که‌س بۆی نییه‌ به‌ناوی بنه‌ماڵه‌ی د.که‌مال  و خزم و دۆستییه‌وه‌ هیچ راگه‌یاندنێکی تایبه‌ت به‌ د.که‌مال بلاوبکاته‌وه‌. ته‌نها ئێمه‌ ( ئاواز و گه‌لاوێژ ) له‌ئاڵمانیا ئه‌و مافه‌مان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی د.که‌مال له‌زینداندایه‌و دیله‌، دیل و "زیندانیی"ش ئازادنییه‌ له‌ده‌ربڕینی رای خۆیدا ، هه‌ر ئیفاده‌یه‌کیش به‌زۆر له‌د.که‌مال وه‌ربگیردرێ به‌تووندی ئیدانه‌ی ده‌که‌ین و رێگه‌ش به‌هیچ که‌س ناده‌ین له‌سه‌نگه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ خۆی بکات به‌ دۆست و هاوڕێی د.که‌مال و خۆڵ بکاته‌ چاوی خه‌ڵکه‌وه‌. هه‌ر وته‌بێژێکی رۆژنامه‌وانیی یان له‌ده‌زگاکانی ئاسایشه‌وه‌و به‌هه‌ر ناوێکه‌وه‌ بێت ، ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تی د.که‌مال بکات، چونکه‌ د.که‌مال ئیراده‌ی زه‌وتکراوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئازاد نییه‌ له‌راده‌ربڕین و هه‌ر نامه‌یه‌کیش له‌زینداندا بنووسرێ به‌ ئیراده‌ی دکتۆر که‌مال نییه‌و ده‌یان جۆر گوشاری سیاسیی و سایکۆلۆژیی و فیزیکیی له‌سه‌ره‌ . رێگه‌ش ناده‌ین هیچ میرێکی جنێوفرۆش  به‌ د.که‌مال بڵی جنێوفرۆش و له‌سه‌ر پشتی قوربانییه‌که‌وه‌ که‌سابه‌تی سیاسیی بکات.  جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌ر له‌م رۆژنامه‌یه‌وه‌ ‌سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ده‌یان هه‌زار که‌س  ده‌ربڕین که‌ به‌ده‌نگ هاتوونه‌و داوای ده‌ستبه‌جێ ئازادکردنی د.که‌مال سه‌یید قادر ده‌که‌ن و هیواداریشین  رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ی ئێمه‌ش بلاوبکاته‌وه‌ .

له‌گه‌ڵ رێزی زۆرماندا... (ئاواز و گه‌لاوێژ) سه‌یید قادر ...6-1-2006

 

           

 

04/07/2007