پێوه‌ندی نێوان کورد و ئیسرائیل:
برا عه‌ره‌ب و فارس و تورکه‌کانمان!

 

نزار جاف
nezarjaff@gmail.com

تیشک خستنه‌سه‌ر بابه‌تی پێوه‌ندی نێوان کورد و ئیسرائیل و، پێداگرتن له‌ سه‌ر گرنگی ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌کانی، یه‌کێکه‌ له‌و ته‌وه‌ره‌ ئیستراتیجییه‌ هه‌ستیارانه‌ی که‌ پێوه‌ندییه‌کی جه‌ده‌لی راسته‌وخۆی به‌ ئاینده‌ی کورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناویندا هه‌یه‌. بایه‌خی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌وه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت که‌ هه‌موو ئاراسته‌ فیکری و سیاسی و ئایینییه‌کانی وڵاتانی ناوچه‌که‌ زۆر به‌ توندی دژی ده‌وه‌ستن و، هه‌موو توانایه‌کیان ده‌خه‌نه‌ کار بۆ رێگه‌ گرتن له‌ به‌رقه‌راربوونی ئه‌و جۆره‌ پێوه‌ندییه‌ هه‌ستیاره‌. ئه‌وه‌تا عێلمانییه‌تی تورکیا و، ئیسلامی سیاسی به‌ هه‌ردوو باڵی سوننی و شیعییه‌وه‌، به‌ راشکاوانه‌ خۆیان له‌ دژی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌هاونه‌ یه‌ک سه‌نگه‌ره‌وه‌! بزافی رزگاریخوازی کورد و، به‌ر له‌وانیش بیرمه‌ند و رۆشنبیرانی کورد،  له‌ هه‌موو که‌س باشتر ده‌زانن که‌ پێوه‌ندی نێوان کورد و ئیسرائیل ئه‌وه‌نده‌ گرنگی  هه‌یه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ی که‌ ده‌کرێت بخرێته‌ چوارچێوه‌ی مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌کان و، پێشمان وایه‌ ده‌توانرێت بخرێته‌ خانه‌ی زۆر تایبه‌تی(به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئیستراتیجییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی). له‌ میانه‌ی مێژوویه‌کی تا راده‌یه‌ک دوور و درێژ، که‌ سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی رابردوو، بابه‌تی پێوه‌ندی نێوان کورد و ئیسرائیل به‌ شێوه‌یه‌ک و دیکه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام به‌ هۆی کاریگه‌ری لایه‌نه‌ جیاوازه‌کانی فاکته‌ری جیوپۆله‌تیکه‌وه‌، هه‌میشه‌ بابه‌تی پێوه‌ندی کورد له‌گه‌ڵ ئۆرشه‌لیمدا ژێر به‌ ژێر بووه‌ و، هه‌رگیز نه‌توانراوه‌ له‌ رووناکیدا هیچ جۆره‌ هه‌نگاوێکی لێ هه‌ڵنرێت. ئه‌وه‌یشی که‌ مایه‌ی سه‌رنج و تێڕامانێکی قوڵه‌، باڵه‌ سیاسییه‌کانی بزافی رزگاریخوازی کورد له‌ بری ئه‌وه‌ی که‌ هه‌نگاوی پراکتیکی بۆ ئه‌و کاره‌ بنێن، که‌چی زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ هه‌وڵی جدییان بۆ پته‌وکردنی پێوه‌ندی نێوان کورد و فه‌له‌ستینییه‌کان ده‌دا که‌ مێژوو سه‌لماندی جگه‌ له‌ مایه‌پوچی و بگره‌ زیانیش، چیدی به‌ دواوه‌ نه‌بوو! له‌ راستیشدا نیگا و مامه‌ڵه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی پێوه‌ندی کورد و ئیسرائیل، هێشتا هه‌ر له‌ قۆناغی به‌ر له‌ رێکه‌وتنه‌کانی کامپ ـ دیڤید و ئۆسلۆ په‌نته‌ڕناش ده‌کات! ئه‌وه‌تا پێوه‌ندی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل کۆمه‌ڵه‌ گۆڕانێکی سه‌رنج راکێشی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و، ناو به‌ ناو ئاڵا ئیسرائیل له‌م پایته‌خت و له‌و پایته‌ختی عه‌ره‌ب به‌ بیانووی جۆراوجۆره‌وه‌ هه‌ڵده‌کرێت و، ئێمه‌ی کوردیش به‌ ئه‌وپه‌ڕی ساوێلکه‌ییه‌وه‌ خه‌ریکی پاساو هێنانه‌وه‌ین که‌ ئێمه‌ شتی وامان نه‌کردووه‌ و نایکه‌ین! مۆریتانیایه‌کی که‌ تائێستاش خه‌ریکی حوشتره‌وانییه‌ و، هێشتا کۆیلایه‌تی تێدایه‌، ئه‌وه‌تا دوای کوده‌تا سه‌ربازییه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌شی هه‌ر سووره‌ له‌سه‌ر پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، تۆ بڵێی کورد به‌ قه‌د ئه‌و حوشتره‌وانانه‌شی پێ نه‌کرێت؟! من نازانم بۆچی ده‌بێت ته‌ماشای رووکه‌شه‌ درۆینه‌کانی وڵاته‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌کان بکه‌ین و، خۆمان له‌ ناوه‌رۆکه‌ زه‌ق و ئاشکراکان گێل و یه‌غنیش بکه‌ین! ئه‌وه‌تا پاکستانیش په‌یتا په‌یتا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ چۆن پێوه‌ندییه‌کی کاریگه‌ر له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا به‌رقه‌راربکات و، لیبیاش زۆر به‌ راشکاوانه‌ باس له‌ ئه‌گه‌ری به‌رقه‌راربوونی پێوه‌ندی  نێوان خۆی و ئیسرائیل ده‌کات و، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ش، به‌ڵکو ئاژانسه‌کانی ده‌نگوباس به‌ ئاشکرا باس له‌ پێوه‌ندی"سۆزداری"به‌تین نێوان ساعدی قه‌زافی کوڕی رابه‌ری لیبیا و، کچه‌ هونه‌رمه‌ندێکی ئیسرائیلی ده‌که‌ن. له‌ پاڵ خۆشماندا و، هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا، ئه‌وه‌تا"کۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی نێوان عێراق و ئیسرائیل"هاته‌ ئاراوه‌ و، خه‌ریکی چالاکی جۆراوجۆرن، ئیتر نازانم له‌مه‌ زیاتر کورد چاوه‌ڕێی جی ده‌کات؟! به‌ڵام ئایا ده‌بێت سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد به‌وه‌ نه‌زانێت که‌ ئه‌م جۆره‌ پێوه‌ندییانه‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌کیان هه‌بێت ئه‌وا بۆ سه‌ر خودی کورد و ئایینده‌ سیاسییه‌که‌یه‌تی. په‌ره‌سه‌ندنی پێوه‌ندی نێوان وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسلامی له‌لایه‌که‌وه‌ و، ئیسرائیل له‌لایه‌کی تره‌وه‌، به‌ دوور نییه‌ له‌م ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ی که‌ بۆ که‌رد هاتۆته‌ئاراوه‌، ئه‌مرۆش هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانێکی وڵاتانی ناوچه‌که‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌ڕوات که‌ سنوور بۆ داخوازییه‌کانی کورد دابنێت. هه‌ڵبه‌ته‌ ئیسرائیلیش کاتێک بزانێت که‌ جۆره‌ "ته‌نازولێکی"نائاسایی بۆ ده‌کرێت له‌ پێناو رێگه‌گرتن له‌ داخوازییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، ئه‌وا ئه‌و کاته‌ش یه‌ک و دوو ناکات له‌و رووه‌وه‌ و، پێیشم وایه‌ مافی خۆیه‌تی، چونکه‌ ئیسرائیل پێویستی به‌ دۆستێکی ئاشکرا هه‌یه‌ نه‌ک دۆستێک که‌ ته‌نها له‌ژێر سایه‌ی تاریکی و ترسدا ده‌ستی دۆستایه‌تی بۆ رابکێشێت. ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت که‌ خودی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل"ستیفان شالۆم"به‌ راشکاوانه‌ رایگه‌یاند که‌: ئیسرائیل چیدی ئاماده‌ نییه‌ خۆی به‌ پێوه‌ندی نهێنییه‌وه‌ خه‌ریک بکات". ئه‌م قسه‌یه‌ی شالۆم و ئه‌و جم و جۆڵه‌ی عه‌ره‌ب و موسڵمانان سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندیکردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا، ئایا دیسانه‌وه‌ هه‌ر چاوه‌ڕێی پێشهاته‌کان بکه‌ین و، له‌ ده‌فه‌تێکدا خۆمان به‌ شه‌مه‌نه‌فه‌ری ئیسرائیله‌وه‌ هه‌ڵواسین، یان بۆ جارێکیش بێت با کورد پێش رووداو که‌وێت و، کارێک بکات که‌ نیشانه‌ی باوه‌ڕکردنی بێت به‌ خۆی. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر لێیشم بپرسن پێشبینیکردنی خۆم ده‌رباره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌ چییه‌؟ ئه‌وا ده‌ڵێم: سه‌رکردایه‌تی کورد کاتێک بیر له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ده‌کاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هات و بینی کونسوڵگه‌ری ئیسرائیلی له‌ "مه‌ککه" کرایه‌وه‌‌، به‌ڵام نه‌ک راسته‌وخۆ ئه‌و کاره‌ ده‌کات به‌ڵکو دوای مشت و مڕ و پرسێکی شه‌رمانه‌ له‌ (برا) عه‌ره‌ب و فارس و تورکه‌کانمان!

                                                                    

 

           

 

04/07/2007