ئینفلوه‌نزای وه‌زیران!

 

نزار جاف

 nezarjaff@gmail.com

ئه‌و هه‌واڵه‌ی که‌ مه‌رگی"شه‌نگین عه‌بدولقادر"ی بۆ نه‌خۆشی ئینفله‌وه‌نزای باڵنده‌ گه‌ڕانه‌وه‌، په‌رده‌لادانێکه‌ له‌سه‌ر ئاستی دواکه‌وتوو و، دوور له‌ پێوه‌ره‌ زانستییه‌کانی هه‌ندێکی"ره‌چاوکراو"له‌ به‌رپرسه‌"پله‌ یه‌ک"کانی کوردستان. ئه‌قڵییه‌تی "گشتگیر"ییانه‌، که‌ وه‌ک دیارده‌یه‌کی نه‌گه‌تیڤانه‌ و، زه‌ق زۆرینه‌ی به‌رپرسانی گرتۆته‌وه‌ و، بۆ پاراستنی"خۆیان"و "کورسییه‌کانیان" ، ئاماده‌ن یاری به‌ هه‌موو شتێک بکه‌ن ته‌نانه‌ت به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵکیش. ئه‌وه‌تا وه‌زیرێک که‌ تا دوێنی به‌ عاله‌می ئاشکرا رایده‌گه‌یاند که‌"شه‌نگین عه‌بدولقادر"ی خه‌ڵکی رانییه‌، به‌ نه‌خۆشی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ نه‌مردبوو، به‌ڵام پشکنینه‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی کاکی وه‌زیری خسته‌ڕوو! هه‌ڵبه‌ته‌ لێره‌دا له‌وانه‌یه‌ گرنگ نه‌بێت بۆ وه‌زیری ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان"ئیداره‌ی سلێمانی"، که‌ پاساوی گونجاو بهێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و"گێچه‌ڵه‌"ی که‌ مه‌رگی"شه‌نگین"بۆی هێنایه‌ ئاراوه‌ و، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌ تیشک بخاته‌ سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌"کوشنده‌"یه‌ و، داوای لێبوردنێکی بێ یه‌ک و دوو بکات، که‌چی ده‌ڵێیت نه‌ بای دیوه‌ و نه‌ باران و، ته‌نانه‌ت پێم وانه‌یه‌ که‌ هیچ وه‌زیرێک ئه‌وه‌نده‌"بوێرانه‌"به‌رده‌وام بێت له‌ پۆسته‌که‌ی و، هه‌ر وه‌ک جاران ئامۆژگارییه‌ ته‌ندروستییه‌کانی ئاراسته‌ی خه‌ڵکی کوردستان بکات. له‌ راستیشدا، کورد وته‌نی"قسه‌ قسه‌ راده‌کێشێت"، هه‌ڵه‌ی ئه‌م وه‌زیره‌ی ئیداره‌ی سلێمانی، هه‌ڵه‌ی وه‌زیرێکی ئیداره‌ی هه‌ولێری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی بیرهێنامه‌وه‌، کاتێک که‌ موزه‌خانه‌یه‌ک تاڵانکرا به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ست به‌و ده‌ست بزانێت! ئه‌مه‌ و، سه‌رباری ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌"کوشندانه‌ی"وه‌زاره‌ته‌که‌ی سه‌باره‌ت به‌ بواردان بۆ دزه‌کردنی تیرۆریستان و، ئه‌نجامدانی کاری تیرۆریستی له‌ پایته‌ختی کوردستاندا، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر رێگه‌ به‌ خۆمان بده‌ین هیچ شتێک سه‌باره‌ت به‌ تۆڕه‌که‌ی"شێخ زانا" نه‌ڵێین که‌ به‌"رێکه‌وت"، دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ به‌"رێکه‌وت"، ئاشکرابوو، نه‌ک به‌ هیمه‌تی ده‌زگاکانی وه‌زاره‌ته‌"وریاکه‌ی"، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ده‌بووایه‌ وه‌زیری ته‌ندروستی ئیداره‌ی سلێمانی ئه‌و جۆره‌ ره‌فتاری بکردایه‌، چونکه‌ وه‌زیری ناوخۆی ئیداره‌ی هه‌ولێر ئاوێکی وای رشتووه‌ که‌ له‌ زۆریدا به‌ش ده‌کات بۆ مه‌له‌کردنی"کۆمه‌ڵه‌"وه‌زیرێک نه‌ک ته‌نها یه‌ک وه‌زیر! ئه‌م ئاوه‌ش له‌ راستیدا، نه‌خۆشییه‌کی له‌ ناو وه‌زیره‌کاندا بڵاوکردۆته‌وه‌ و، چونکه‌ ئێستا باوی"ئینفه‌له‌وه‌نزای باڵنده‌یه‌"، ئه‌وا به‌ گونجاوی ده‌زانین ناوی"ئینفه‌له‌وه‌نزای وه‌زیران"ی لێ بنێین. خوالێخۆشبوو شه‌نگین و، ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ هۆی هه‌ڵه‌ی کوشنده‌ی ده‌زگا به‌رپرسه‌کانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا، نابێت هه‌روا به‌ ساده‌ و ساکاری باسیان بکه‌ین و، پاشان له‌ بیرمان بچنه‌وه‌. ئه‌و که‌سانه‌ بوونه‌ قوربانییه‌ک له‌ سایه‌ی هه‌ڵه‌ی زه‌قی ده‌زگا به‌رپرسه‌کاندا و، ده‌بێت ئه‌و که‌سانه‌ی به‌رپرسن، بوێرانه‌ ده‌ست له‌ کار بکشێیننه‌وه‌ یان، به‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسایی به‌رکه‌نار بکرێن"دیاریشه‌ ده‌بێت ئه‌م رێگه‌ی دووه‌مه‌ بگرێته‌به‌ر". ئێمه‌ کاتێک له‌ میدیاکانی سه‌رانسه‌ری جیهاندا لاف و گه‌زافی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی لێده‌ده‌ین و، ئه‌زموونی سیاسی خۆمان وه‌ک نموونه‌یی داده‌نێین، ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ش بزانین که‌ جیهان "له‌ گوێی گایا نه‌خه‌وتووه‌"و، له‌م جۆره‌ دیارده‌ زه‌قانه‌ ده‌کۆڵنه‌وه‌ و، کاتێک ده‌بینن وه‌زیرێکی له‌و جۆرانه‌ی که‌ باسمان کردن، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵه گه‌ورانه‌ی که‌ له‌ کاره‌کانیا‌ندا ئه‌نجامیانداوه‌، هێشتا هه‌ر له‌ پۆسته‌کانیا‌ندا به‌رده‌وامن‌، ئه‌وا ئه‌و کاته‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ زمانی حاڵیان بڵێت"هه‌زار ره‌حمه‌ت له‌ کفن دز"!!

 

 

           

 

04/07/2007