میدیای چه‌پڵه و ده‌هۆڵ و زوڕنا تاکه‌ی؟!
نزار جاف
nezarjaff@gmail.com
لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به هه‌ر بابه‌تێکی کورد که ره‌هه‌ندێکی جیهانی به خۆوه گرتبێت، په‌لکێشمان ده‌کات تا کاریگه‌ری فاکته‌ری"جیۆپۆله‌تیک"له‌سه‌ری شیبکه‌ینه‌وه و، بزانین ئه‌و فاکته‌ره تا چ ئاستێک کاری تێکردووه. په‌رده لادانیش له‌سه‌ر ئه‌مڕۆی میدیای کوردی، له راستیدا، خستنه‌ڕووی کاریگه‌ری قوڵی ئه‌و فاکته‌ره‌یه له‌سه‌ر گرنگترین ده‌زگای رۆشنبیری نه‌ته‌وه‌ی کورده. هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا، باسی بابه‌تی"ره‌چاوکردن" و،"خۆپاراستنی"میدیای کوردی ناکه‌م له هێنانه‌ئارای گرفت له‌گه‌ڵ وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان، چونکه ئه‌وه له خۆیدا گرفتێکی گه‌وره‌یه و، پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی قوڵ و تیروته‌سه‌ل هه‌یه، که ئێمه لێره‌دا بواری ئه‌وه‌مان به جۆرێکی فراوان، نییه، به‌ڵام باشتریش وایه ئه‌و گرفته‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت کاتی چوونه ناو بابه‌تی مه‌به‌ستمان. ئێمه کاتێک باس له کاریگه‌ری فاکته‌ری جیۆپۆله‌تیک له‌سه‌ر ئه‌مڕۆی میدیای کورد ده‌که‌ین، ئه‌وا مه‌به‌ستمان پتر، به لای ئه‌و کاریگه‌رییه نه‌گه‌تیفه فیکری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه، که له‌و فاکته‌ره ده‌که‌وێته‌وه. لێره‌شدا، ناکرێت بڵێین که میدیای کورد به ته‌واوه‌تی له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌و ره‌هه‌نده فیکرییه ـ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دایه و، ئیدی هیچ بوارێکی دیکه له به‌رده‌مدا نه‌ماوه. له هه‌مان کاتیش‌دا، نامانه‌وێت بڵێین میدیای کوردی ئه‌وه‌نده بوێرانه ئه‌زموونێکی تایبه‌تی خۆی هێناوه‌ته کایه‌وه، که ئیتر پێویست به هیچ مه‌ترسییه‌ک و دڵه‌ڕاوکێیه‌ک له‌سه‌ر ئایینده‌ی ناکات، چونکه له راستیدا، میدیای کورد له نێوان هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌و هاوکێشه‌دایه که ئاماژه‌مان پێیاندا لینگه‌فرتێیه‌تی. گومان له وه‌شدا نییه، که پێویسته زۆر بابه‌تی جیاواز به فاکته‌ری مێژوویی و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌مباره‌وه له‌به‌رچاو بگرین و، سه‌رنج له ئاستی کارتێكردنه‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌مان بده‌ین. نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌ی کورد و، ناواقیعیبوون له خواستنیدا له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا، بۆته هیمایه‌ک که نه‌ک ته‌نها له بیروبۆچوون و هزری رۆشنبیر و بیرمه‌ندانی کورددا ره‌نگ ده‌داته‌وه، به‌ڵکو بگره پتر له هه‌ڵوێستی باڵه سیاسییه کوردستانییه‌کان و، سیاسه‌تمه‌دارانی کوردیش‌دا، به روونی به‌رجه‌سته‌ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و ئاراسته فیکرییانه‌ی که له ده‌ره‌نجامی کاریگه‌ری فاکته‌ری"جیۆپۆله‌تیک"ی ده‌که‌وێته‌وه، ده‌توانین بڵێین تاراده‌یه‌ک چه‌ند هێڵێکی جیاوازی لێ جیاده‌بێته‌وه، که له کۆی گشتیدا پوخته‌ی ته‌واوی هه‌ڵوێستی شه‌قامی کوردی سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته ئاشکراده‌کات. ئه‌وه‌ی که شایه‌نی تێڕامانیشه، تا ئێستا هیچ جۆره راپرسی گشتی سه‌باره‌ت به بابه‌ته کاریگه‌ره‌کان له ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا و، ئه‌گه‌ر چه‌ند هه‌وڵێکی تاک و ته‌را له‌ملا و له‌ولا درابێت، ئه‌وا سه‌رباری ئه‌وه‌ی که له ئاستی پێویستی واقیعیدا نه‌بوو، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ی به‌و جۆره کارانه هه‌ڵساون، تووشی به‌ندکردن و جێگه پێ لێژکردن بوون له‌لایه‌ن ده‌زگا به‌رپرسه‌کان، که ئه‌مه‌ش له خۆیدا نیشانه‌ی نه‌هامه‌تییه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌یه له ئاسۆی گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندنی میدیای کوردی‌دا. لێره‌شدا، به ره‌چاوکردنی ئه‌و ئه‌زموونه گرنگه‌ی میدیای کوردی له دوای ناوچه‌ی دژه فڕین که له‌لایه‌ن وڵاتانی هاوپه‌یمانه‌وه بۆ پاراستنی گه‌لی کورد له رژێمی دیکتاتۆر هاته‌ئاراوه و، له سایه‌یدا هه‌ردوو باڵی سیاسی سه‌ره‌کی بزافی رزگاریخوازی کورد به تایبه‌تی و، باڵه سیاسییه لاوه‌کی جیاوازه‌کانی دیکه‌یشی به گشتی، سوودیان له‌و هه‌له ره‌خساوه وه‌رگرت و، جموجوڵێک ده‌ستی پێ‌کرد که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شێوه و ناوه‌رۆکی گشتی میدیای کوردی له باشووری کوردستاندا خسته‌ڕوو، که به داخه‌وه له بازنه‌یه‌کی ته‌سکی حزبیاتیدا گه‌مارۆدرا و، ده‌رفه‌تی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌کردنی له داهاتوودا به‌دیناکرێت. ئه‌م مۆرکه حیزبایه‌تییه‌ی که وه‌ک سه‌رپۆشێکی ره‌ش هه‌مووی رووخساری میدیای کوردی داپۆشی، ته‌نانه‌ت له ده‌زگاکانی حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستانیشدا، رۆڵه نه‌گه‌تیفه‌که‌ی خۆی گێڕا. به‌ڵام دوابه‌دوای داڕمانی رژێمی به‌عس و، ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی باشتر بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌زموونی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی کورد له باشووردا و، فراوانتربوونی ئه‌گه‌ره‌کانی هاتنه‌ئارای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد، ئه‌وا بایه‌خدان به پێشخستنی میدیای کورد، بووه یه‌کێک له‌و ئه‌رکه گرنگانه‌ی که هه‌ردوو پارتی باڵاده‌ستی کوردستانی باشوور بایه‌خێکی ئه‌وتۆیان پێ به‌خشی. ده‌شتوانین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی که له‌مباره‌وه هاوێژدران له‌م چه‌ند خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌ستنیشانی بکه‌ین:
1 ـ پترکردنی کاته‌کانی به‌خشکردن له که‌ناڵه رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنییه ناوخۆییه‌کان و، ئاسمانییه‌کان به زمانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی و ئینگڵیزی.
2 ـ بایه‌خدانێکی ئه‌وتۆ به چاپه‌مه‌نییه‌کانیان که به زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چن و، هه‌وڵدان بۆ ململانێکردن له‌گه‌ڵ چاپه‌مه‌نییه عێراقییه جیاوازه‌کان له به‌غدا.
3 ـ گرتنی چه‌ندین کۆر و کۆنفرانسی رۆشنبیری ـ سیاسی سه‌باره‌ت به بابه‌تی دایالۆگی عه‌ره‌بی ـ کوردی و، بابه‌تی دیکه‌ی هاوشێوه.
4 ـ ناردنی چه‌ندین شاندی جۆراوجۆری میدیای کوردی بۆ وڵاتانی ناوچه‌که و، رۆژاوا و، له هه‌مان کاتیش‌دا پێشوازیکردن له شاندی به‌رامبه‌ر.
5 ـ رێز لێنانی که‌سانێک که له بواره جیاوازه‌کانی میدیای کوردی‌دا کاریان کردووه.
6 ـ کردنه‌وه‌ی به‌شی راگه‌یاندن له هه‌ندێ له زانکۆکانی کوردستان و، هه‌وڵدان بۆ په‌ره‌پێدان و پێشخستنی.
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی سه‌ره‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ناکرێت نکوڵی له گرنگییه‌که‌ی نه‌که‌ین، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا، ئه‌و بایه‌خه‌شی نییه که ببێته هۆی هێنانه ئارای ده‌سپێکی دروستبوونی میدیایه‌کی کوردی پێشکه‌وتوو و هاوچه‌رخ. ئێمه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌مڕۆی راگه‌یاندنی کوردی بکه‌ین و، له رۆشنایی پێناسه‌ی زانستی"راگه‌یاندن"دا به‌راوردی بکه‌ین، ئه‌وا به دڵنیایی ده‌بێت هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵی ناکامی هه‌ڵکێشین له ناخه‌وه. راگه‌یاندن که له بنچینه‌دا، پرۆسه‌یه‌کی پێوه‌ندیکردنه و، ده‌بێت په‌یامێک له ئارادا هه‌بێت و، که‌سێک یان که‌سانێکیش هه‌بن که ئه‌و په‌یامه‌یان له رێگه‌ی"که‌ناڵێک"ی دیاریکراوه‌وه پێ بگه‌یه‌نرێت. جۆر و شێوه و ناوه‌رۆکی ئه‌و پێوه‌ندکردنه و، شێواز و ئاراسته‌ی ئه‌و په‌یامه له‌گه‌ڵ ئاستی سه‌ربه‌خۆیی و بوێری ئه‌و که‌ناڵه‌ی که لێی ده‌گوازرێته‌وه، ده‌ره‌نجام و به‌رنامه‌کاری هه‌ر میدیایه‌ک ده‌خاته‌ڕوو. راگه‌یاندنی کوردی، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و، به هۆی بارودۆخی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه، شێوازێکی"ئینفیعالی"گرته‌خۆی، تا بتوانێت شه‌قامی کوردی هان بدات بۆ وشیاربوونه‌وه و، پشتیوانیکردنی دۆزه‌که‌ی. هه‌ڵبه‌ته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ده‌بێت پاساوی "بارودۆخ"بۆ ئه‌و شێوازه"ئینفیعالی"یه‌ی راگه‌یاندن به ره‌وا بزانین، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا، نابێت هه‌ر به‌و هۆ و پاساوه‌وه، ئه‌و شێوازه بکه‌ینه ره‌نگ و بۆی راگه‌یاندنی کوردی و، تا راده‌یه‌کیش پاساوی"ره‌سه‌نایه‌تی"بۆ"ئینفیعالی"یه‌ته‌که‌ی بهێنیه‌وه"هه‌ر وه‌ک هه‌ندێک هه‌وڵ ده‌ده‌ن". به‌ڵام ئه‌و په‌یامه‌ی که تا دوێنی راگه‌یاندنی کورد لێی ده‌وا و، پێی له‌سه‌ر داده‌گرت، گومان له‌وه‌دا نییه، که جیاوازییه‌کی ته‌واوی له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌مڕۆی راگه‌یادنی کورد هه‌یه. میدیای کورد ئه‌مڕۆ، له نێوان دوو ئاراسته‌ی جیاوازدایه، یه‌کێک بانگه‌شه‌یه‌کی ئاشکرا بۆ"عێراقێکی فیدرالی فره حزبی"، ئه‌وی دیکه‌یشان، بانگه‌شه‌یه‌کی ناو به ناو و، سوود له "بارۆمه‌تر" و "ئاراسته"ی با هه‌ل و مه‌رجی سیاسی وه‌رده‌گرێ بۆ خستنه‌ڕووی بابه‌تی ده‌وڵه‌تێکی کوردی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌وه‌یشی که جێگای سه‌رنج و تێبینییه‌کی قوڵه، هه‌ردوو ئه‌و"ئاراستانه"، له دووتوێی رێبازێکی حزبیدا ده‌سوڕێنه‌وه و، به لغاوی"پێداویستییه‌کانی قۆناغ"ه‌که به‌ستراونه‌ته‌وه! به‌ڵام، ئه‌و شێوازه ئینفیعالییه‌ی راگه‌یاندنی کورد، سه‌رباری ئه‌وه‌ی که تا ئێستا نه‌توانراوه له‌ژێر کاریگه‌رییه‌که‌ی ده‌ربچین، که‌چی له هه‌مان حاڵیش‌دا، کاریکردنێکی نه‌گه‌تیفی ئه‌زموونی راگه‌یاندنی رژێمی پێشووی عێراق و، وڵاتانی ده‌وروبه‌ری پێوه دیاره. له راستیشدا، زمانی ئینفعالی به ئاوێته‌کردنی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی حزبی داخراودا، ته‌نها ده‌لاله‌ت له شێوه و ناوه‌رۆکی راگه‌یاندنی راسیسته‌کانی ئه‌وروپا له سی و چله‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌هێنێته‌وه یادمان! ئه‌وه‌یشی که پێویسته به وردی سه‌رنجی بده‌ین، هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، په‌نایان بۆ شێوازه کارێکی به‌ڕێوه‌بردنی میدیا بردووه، که ته‌نها له سایه‌ی رژێمێکی"گشتگیری"دا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت! ئه‌وه‌تا، چه‌نده‌ها قه‌ڵه‌م"ماستاوچی"یانه‌ی له عه‌ره‌ب و تورک و فارس کڕیوه تا ده‌هۆڵ بۆ ئه‌زموونه‌که‌مان لێ بده‌ن! له راستیشدا، میدیای"چه‌پڵه" و"بابژی"و"ده‌هۆڵ و زوڕنا"، هه‌رگیز ناکرێت له‌ژێر سایه‌ی"ده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی"دا، بخرێته‌کار و، له میانه‌یشییه‌وه، باس له بڕگه‌کانی یاسای مافی مرۆڤ و، سه‌ربه‌خۆیی دادگا و، ئازادی بیروڕا بکرێت. هیچ گرنگ نییه بۆ میدیای کورد، کابرایه‌کی"گیرفان پڕکراو"بهێنێته سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و، کۆمه‌ڵێک قسه‌ی"ئاراسته"کراو بۆ دۆزه‌که‌مان بکات، ئێمه ئه‌گه‌ر دیموکرات بین و، بڕوایه‌کی قوڵمان به ئازادی بیروڕا هه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێت یه‌کێک بهێنین، که به ئاشکرا و، له‌سه‌ر شاشه‌ی خۆمان ره‌خنه‌ی توند و ره‌قمان لێ بگرێت. ئێمه ده‌بێت ته‌ماشای ئه‌زموونی میدیای رۆژاوا و ئیسرائیل بکه‌ین له‌مباره‌وه، نه‌ک هی وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامییه سیسته‌مه گشتگیرییه‌کان. ئه‌وه‌تا هه‌ر یه‌ک له"CNN" و "BBC"، که‌سانێکی دژ به ئه‌زموونی فیکری ـ سیاسی ـ کۆمه‌ڵایه‌تی ـ ئابووری رۆژاوا ده‌هێننه سه‌ر شاشه‌کانیان و، زۆر به جوانی رێگه‌یان پێ ده‌ده‌ن بیروبۆچوونی خۆیان به راشکاوانه بخه‌نه‌ڕوو. له راستیشدا، ئه‌گه‌ر ئێمه که‌سانێکی دژ به کورد و ئه‌زموونه‌که‌مان بهێنینه سه‌ر شاشه و رووبه‌ری"رۆژنامه و گۆڤار"ه‌که‌مان، ئه‌وا سه‌رباری ئه‌وه‌ی که بنچینه دیموکراتییه پته‌وه‌که‌ی خۆمان بۆ جیهان ده‌سه‌لمێنین، له هه‌مان کاتیش‌دا، گه‌له‌که‌مان به دووژمن و ناحه‌زانی خۆی رووبه‌ڕوو ده‌که‌ینه‌وه و، تابزانێت ئه‌و جۆره که‌سانه چۆن و به چ ئاراسته و شێوازێک بیر له کورد ده‌که‌نه‌وه. لێره‌شدا، ئێمه ناڵێین ئیدی ده‌بێت میدیای کورد میدیای دوژمن و ناحه‌زانی کورد بێت، به‌ڵکو ده‌ڵێین پێویسته میدیای کورد بوێرانه بتوانێت ئه‌و جۆره که‌سانه بانگه‌شه‌بکات و، به راشکاوانه بیاندوێنێت و، له هه‌مان کاتیش‌دا، دژه بۆچوونه‌کانی ئه‌مان له کاتی دیکه‌دا یان هه‌ر له هه‌مان کاتدا بخرێنه‌ڕوو. کاتی ئه‌وه هاتووه، که ئاراسته‌یه‌کی هزری وریا و، به‌ئاگا له شه‌قامی کوردی‌دا دروست بکه‌ین، ئاراسته‌یه‌کی له‌و جۆره‌ش، هه‌رگیز له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئێستای میدیای کورد ده‌سته‌به‌رناکرێت. کاری میدیا ئه‌وه‌یه هێز و رۆڵی"رای گشتی"له ئاراسته‌کردنی رووداوه‌کان نیشان بدات، نه‌ک تازه به تازه له‌ژێر مێرده‌زمه‌ی حزبایه‌تیدا هه‌ناسه‌ی لێ بڕابێت و، ده‌نگی له تاو قیڕه قیڕ و هاوارکردن نووسابێت! ئێمه لێره‌شدا، ناڵێین که ئیدی نابێت راگیاندنی حزبی هه‌بێت، چونکه وه‌ک نه‌ریتێک له هه‌موو شوێنێکی جیهاندا ئه‌و جۆره راگیاندنه هه‌یه، به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێین با ئه‌و راگیاندنه حزبییه ده‌بێت بابه‌تێکی لاوه‌کی و ئاراسته‌کراوبێت، نه‌ک هێڵه گشتییه‌کان ئاراسته‌بکات"وه‌ک ئه‌مڕۆی میدیای کوردی". هه‌ڵبه‌ته له کۆتایی بابه‌ته‌که‌ماندا، حه‌زده‌که‌ین ئاماژه به ئه‌زموونی وڵاتانی ئه‌وروپی سه‌باره‌ت به راگه‌یاندنی حزبی بده‌ین، چونکه ئه‌وه‌ی که روون و ئاشکرایه، هه‌موو حزبێک بۆی هه‌یه، رۆژنامه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک بۆی نییه رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی خۆی هه‌بێت، له راستیشدا، ئیمه نازانین پارته کوردییه‌کان له کوێوه ئه‌م"داهێنانه"یان هێنایه ئاراوه و، ردیۆ و ته‌له‌فزیۆنی تایبه‌تی خۆیان قوتکرده‌وه و، سه‌ره‌نجامیش، حزبیان خسته سه‌روو گه‌ل و وڵاته‌وه!
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له رۆژنامه‌ی "کوردستانی نوێ"ی، ژماره‌ی3688،
6/1/2006.
04/07/2007 |