قه‌ده‌ری من بوو..

    

ڕێباز مه‌حموود

 قه‌ده‌ری من بوو...؛

        ڕێگا دووره‌کانی بێ مه‌یلی، پانتایی خۆیانم

پێ بپێون..

             په‌نجه‌ره‌کریستاڵییه‌کانی جارانی حه‌ز

         که‌، باران نم نم شیعریان له‌سه‌ر

   ئه‌نوسی یه‌وه‌

له‌گه‌ڵ ئۆغری چاره‌نوسما ، له‌سه‌رمدا وورد و

 خاش بن !

گریان له‌دامێنی هه‌نسکه‌کانیدا

پایزێ حوزنم له‌زه‌ردی گه‌ڵاکانا بۆ بیره‌وه‌ری،

بنوسێته‌وه‌!

ئێواره‌یه‌ک ،بۆ دوا جار له‌گه‌ڵ خۆیدا

بمباته‌که‌نار باخێک پیاسه‌ی بێده‌نگ و

دورگه‌دووره‌کانی پشت سنووری ماڵئاواییم،

پیشان بدات....

زه‌رده‌په‌ڕ ، دوایین وێنه‌م بگرێ و

ئاوابوون ، هه‌موو ئه‌لبومه‌شه‌رمنه‌کانم

بخاته‌نێو ئه‌رشیفی دووره‌ده‌ستی خۆیه‌وه‌.

  قه‌ده‌ری من بوو...؛

 جه‌نگه‌کان،

 شعوورم  ڕوو شکێن و

 ماڵه‌ساده‌کانی خه‌یاڵا تم ،

بۆردوومان بکه‌ن !

              له‌ناو جه‌رگه‌ی  ماڵ و حاڵی  سۆزمدا،

له‌شکر کێشی بۆ سه‌ر گوڵه‌تازه‌پوشکوتوه‌کانی..،

ناو حه‌وشه‌ی عاتیفه‌م به‌ڕێ خه‌ن.........

                ئاه..له‌و هه‌موو ته‌رمی نیاز پاکی یه‌م،

                  له‌ناو شیوو دۆڵی خوار ڕه‌نجه‌ڕۆییمه‌وه‌،

      بوون به‌خۆراکی جانه‌وه‌ره‌کانی بیر چوونه‌وه‌...!

 ئاه..چ پردێکی کۆن و درێژ ،

  که‌وتۆته‌به‌ینی جێمانی خۆم  و

            وه‌سوه‌سه‌ی ده‌ستشۆرین له‌و مه‌غزایانه‌ی

      هه‌رگیز ناتوانم  بیانخوێنمه‌وه‌..!

 قه‌ده‌ری من بوو...؛

  ته‌ماشام ڕه‌ش داگه‌ڕێ؛

      له‌ئاست توانه‌وه‌ی هێواش هێواشی ئه‌و هه‌موو

  مۆمی داڵغانه‌ی ،

  به‌سه‌ر لێواری سه‌عاته‌گۆشه‌گیره‌کانی شه‌وانمدا؛

تکانه‌وه‌!

 خه‌یاڵم کاڵ كاڵ بێته‌وه‌..

 له‌ڕه‌نگی ئه‌و یاری یانه‌ی ،

              زه‌مانێک به‌میهره‌وه؛ پیای پڕژان...!

  ڕۆحم بکه‌وێته‌بنی بنه‌وه‌ی گریانێکی قووڵه‌وه‌و

ده‌ستی حه‌کیمانه‌ی هیچ دڵنه‌واییه‌ک ، نه‌توانێت

 ده‌ری بهێنێته‌وه‌..!

  قه‌ده‌ری من بوو...؛

 تا ئه‌به‌د قه‌له‌نده‌رێکی دڵته‌نگ بم ،

  له‌نێو هه‌رێمی شیعرا...

 به‌شوێن چۆڕانه‌وه‌ی حیکمه‌تێکه‌وه‌

 که‌له‌پلوسکی ڕه‌نگاڵه‌و

           له‌گه‌ڵای دار گوێزی بنار هاوینی هێمنی یه‌وه‌

     دڵۆپ دڵۆپ ، ئه‌ڕژایه‌چاومه‌وه‌!

  چ خه‌راباتێک بوو گه‌وره‌بوون ..

 داستانێک به‌خۆیی و باڵنده‌و

           گومانه‌زۆر و زه‌به‌نده‌کانی نزار له‌ده‌نگی ئاوه‌دانی

        پیتا و پیت ..، ته‌لیسمه‌کانی نهێنی منیان ،

  ده‌ستا و ده‌ست گه‌یانده‌،

      په‌راوێزێک له‌واق  وڕمان!!

 قه‌ده‌ری من بوو...؛

                له‌گه‌ڵ بۆنی یه‌که‌م ئاو پڕژێنی پاش نیوه‌ڕۆدا

دڵم بداته‌نه‌رمه‌غار و

 تامه‌زرۆییم به‌هه‌ڵم بێ و

               قه‌رزم بچێ به‌لای بێ باکی ئاسمانه‌وه‌..

 شه‌رمنانه‌به‌ڕێ که‌وم

  له‌گه‌ڵ شیو بای پڕ چریکه‌ی ته‌نهاییدا ،

   به‌ناو پرچی بۆنداری هه‌موو شۆڕه‌بییه‌ڕاکشاوه‌کاندا...

  له‌تاڤگه‌ی خۆزگه‌وه‌به‌هاواره‌وه‌بڕژێم و

       گه‌رد گه‌رد له‌سه‌ر شان و ملی بێ مروه‌تی یاسه‌مینه‌کاندا ،

ووشک ببمه‌وه‌!

  قه‌ده‌ری من بوو...؛

  گه‌رم و گووڕیم به‌په‌یژه‌ی باوه‌ڕدا

 پله‌به‌دوای پله‌ی پێشوازیما سه‌رکه‌وێت،

  تا سه‌ربانی پڕ تریفه‌ی مانگی هێور بوونه‌وه‌..

تا که‌وتنه‌خواره‌وه‌م بۆ بۆ ناو سارد بوونه‌وه‌ی

پشکۆ گه‌شه‌کانی ئومێد ..

  تا دۆش دامانم له‌به‌ر ده‌م ،

  دیواره‌ڕوخاوو جێماوه‌کانی؛

 به‌ر پێی زه‌مه‌ن !

 قه‌ده‌ری من بوو...؛

 سه‌ره‌نجام له‌ناو بێ ده‌نگیدا ، جوانتر

 ئاوڕ له‌ژاوه‌ژاوی وجوود؛

 بده‌مه‌وه‌!

  که‌، تازه‌وه‌ک مناڵی قاچی عه‌جوولیم پێ هه‌ڵناکرێ و

 به‌ناو نییه‌تی پاک و فێنکی جۆگه‌یه‌کدا بپه‌ڕمه‌وه‌ 

 تا دڵسافیم ببه‌مه‌لای سرکیی سمۆره‌یه‌ک ..

بۆ ناو له‌ش سووکی با و

بۆ به‌ر ده‌م ڕووخۆشی چڵێ سێبه‌ر..

 که‌، تازه‌لاسارییم به‌هه‌ورازی نیوه‌ڕۆدا،

 لێره‌نییه‌.. بێت په‌لم بگرێ و

 بچینه‌گه‌ڕان به‌دوای

 ئاڵو باڵووی  له‌زه‌ت ،

 له‌ناو ڕه‌زه‌کانی حه‌قیقه‌تدا..

        

           

 

04/07/2007