كۆماری مهاباد و دیمانه‌ یادێك له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری پێشه‌وا .........

 ڕزگار ڕه‌نجه‌ڕۆ

بۆ چله‌ی ماته‌مینی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید ساڵی ١٩٨٨ كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا ڤێستیڤاڵێكی مه‌زنی ڕێكخست له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ شاری كۆڵن به‌ ئاماده‌بوونی ده‌یان كه‌سایه‌تی ناودار و هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران له‌وانه‌ی كه‌ بیرم ماون به‌ڕێزان مامه‌ غه‌نی بلوریان ، كاك كه‌ریمی حیسامی، دكتۆر جه‌مشید حه‌یده‌ری، به‌ڕێز سوهه‌یله‌ قازی موحه‌مه‌د ، كاك فه‌ره‌یدون میتران ،كاك فه‌هد گرده‌وانی ، كاك كاوه‌ بێسارانی، كاك حوسێنی به‌خشی ، كاك حه‌سه‌نی ماوه‌رانی ، دكتۆر خه‌لیل جندی ، كاك سه‌عید بریفكانی له‌ هونه‌رمه‌ندانیش مامۆستا قادر دیلان ، شوان په‌روه‌ر ، گولستان ،  نووسه‌ری ئه‌م یاده‌ ، جوان حاجۆ ، مسته‌فا دادار ، فه‌رهاد بابان و جوان حاجۆ هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی زۆربه‌ی زۆری پارت و ڕێكخراوه‌كانی ناو به‌ره‌ی كوردستانی و پارت و ڕێكخراوه‌‌ سیاسیه‌كانی به‌شه‌كانی تری كوردستان ئاماده‌ی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ بوون و كۆماری مهاباد و جه‌ژنی نه‌ورۆز شینی هه‌ڵه‌بجه‌یان له‌و فێستیڤاڵه‌ گێڕا ، ووتاری هه‌ندێ له‌ سیسه‌تمه‌داران وره‌ی جه‌ماوه‌ری به‌رزكرده‌وه‌ ، هونه‌رمه‌ندان به‌ سروود و لاوك و حه‌یران هه‌ڵه‌بجه‌یان لاوانده‌وه‌ به‌هه‌ر حاڵ كه‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ ته‌واو بوو به‌ڕێز سوهه‌یله‌خانی قازی مامه‌غه‌نی بلوریان و وه‌ڤدی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی میوانداری كرد له‌ ماڵی خۆیدا كه‌ من ئه‌و كاته‌ له‌و وه‌ڤده‌دابووم ، هه‌ر كه‌ چوینه‌ ژووره‌وه‌ پیرێژنێكی به‌ ساڵاچووی نوورانی پێشوازی لێكردین و سوهه‌یله‌ خان وتی ئه‌وه‌ مینه‌ خانی دایكمه‌ و ناسراوه‌ به‌ هاوسه‌ری پێشه‌وا و  دایكی كورد به‌سه‌ردان هاتۆته‌ لام ، هه‌ستی ئه‌و كاته‌م به‌ پێنووس نایه‌ته‌ سه‌ر لاپه‌ره‌یه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم شاگاشكه‌ بووم به‌و هه‌واڵه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ پۆلی دووی كۆلێژی ڕۆژنامه‌گه‌ری بووم له‌ زانكۆی كارلۆڤۆ له‌ پڕاگ، داوامان لێی كرد هه‌ندێ زانیاریمان  بۆ تۆمار بكا فه‌رموی من ده‌گه‌رێمه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی مه‌رحومی قازی لێ له‌ سێداره‌ دراوه‌ ، قسان ده‌كه‌م به‌س نامه‌وێت تۆماربكرێت نه‌وه‌ك ڕژێم سه‌رئێشه‌یه‌كم بۆ هه‌ڵبه‌ستێ ، ناچار من ڕیكۆرده‌ره‌كه‌م كوژانده‌وه‌ و ده‌ستی كرد به‌ گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری و یادگاره‌كانی له‌گه‌ڵ پێشه‌وای هاوسه‌ری ژیانی و كۆماره ساواكه‌ی كوردستان . بۆم ڕێككه‌وت له‌م دیمانه‌ مێژوویه‌ كه‌ هه‌ندێ پرسیار له‌و زاته نوورانیه‌‌ بكه‌م به‌ڕێزیشیان به‌ كوردیه‌كی پاراو و زۆر به‌ هێمنی وه‌ڵامی ده‌دامه‌وه‌ ، من و مامۆستا قادر دیلان به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر گه‌ڕاینه‌وه

پڕاگ له‌و ڕێگا دووره‌ ئه‌و سه‌ره‌ یاداشتانه‌ی نووسیبووم به‌ هاوكاری مامۆستا قادر دیلانی نه‌مر نووسیمه‌وه‌ و ته‌واو ئاماده‌م كرد و‌

هه‌ڵم گرت  وا ئێستاش زۆر به‌ شانازیه‌وه‌ بۆ یادی شه‌ست ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه‌ ....هه‌زار سڵاو و دروود له‌ گیانی پاكی دایكی كورد دایه‌ مینه‌ خانم .

پ | : دایه‌ كۆماری مهابادت باش له‌بیره‌ ؟ ئه‌و ڕۆژه‌ی دامه‌زرا پێشه‌وات چۆن ده‌هاته‌ به‌رچاوی ؟

و | : ئه‌ی چۆنم له‌بیر نیه‌ وه‌ك دوێنێ وایه‌ بۆم ئه‌و ڕۆژه‌ زۆر ساردبوو هه‌تا جله‌كانی مه‌رحومی قازیشم له‌بیره‌ ئه‌و ڕۆژه‌ چی له‌به‌ر كرد قه‌دیش بیرم ناچێ كه‌ مه‌رحومی قازی وه‌ك شێرێكی زۆر ماندووی بێخه‌و ده‌هاته‌ به‌رچاوم زۆر هه‌وڵی ده‌دا ماندووبونی بشارێته‌وه‌ كه‌چی ئه‌و ڕۆژه‌ زۆر پێیه‌وه‌ دیار بوو .

 پ | : ناوی كۆماری مهاباد بوو یان كۆماری كوردستان ؟

و | : قه‌د له‌ مه‌رحومی قازیم گوێ لێنه‌بووه‌ بڵێ كۆماری مهاباد هه‌ر ده‌یوت كۆماری كوردستان ، ئێ خۆ كوڕم زۆر كوردی ئه‌و دیویشی تێدابوو ( مه‌به‌ستی كوردی باشوره‌ )به‌س سابڵاغ پایته‌خت بوو ئیدی بۆیه‌ش پاشان ئه‌و ناوه‌ی به‌ خۆوه‌ گرت

پ | :پێشه‌وات وه‌ك هاوسه‌ری ژیانت زۆر خۆشده‌ویست ؟

ئاخێكی هه‌ڵكێشا و ووتی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ بوو تاكو ئێستاش شمشێر و خه‌نجه‌ر و جلوبه‌رگیم به‌تایبه‌تی ده‌سته‌ جلێكی كوردی و كتێبه‌كانیم هه‌ڵگرتووه‌ ، تا ئه‌مڕۆش بۆنی ئه‌ویان لێدێ .

پ | : كام ڕه‌فتاری پێشه‌وا زۆر سه‌رنجی ڕاده‌كێشای و شانازیت پێوه‌ ده‌كرد ؟

و | : شاسواری ، شاسوار نه‌بوو شان له‌ شانی مه‌رحوم بدا

پ | : چیتر ؟

و | : گرێكوێره‌ی زۆر گیروگرفت كه‌ به‌ هیچ سه‌رۆك خێڵێك نه‌ده‌كرایه‌وه‌ به‌ مه‌رحومی قازی به‌ ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌كرا .

پ | :پێشه‌وا چۆن هه‌ڵبژێردرا به‌ سه‌رۆك كۆمار ؟

و | : مه‌رحومی قازی یاسا ناس بوو قازیه‌كی زۆر عادل و ڕاستگۆ بوو ، ڕه‌وشه‌ن فكر بوو  پێشی دامه‌زراندنی كۆماریش هه‌موو شاری مهاباد پرس و ڕایان پێده‌كرد ، ڕۆژێكم نه‌بینی ماڵمان بێ میوان بێ له‌ شاره‌كانی تری كوردستان په‌نایان بۆ ده‌هێنا ئه‌و كاتیش ڕۆڵی باوكی لێقه‌وماوانی ده‌بینی ، له‌ مه‌رحوم دڵسۆزتر و هوشیار تر باوه‌ڕ ناكه‌م له‌ سابڵاغ هه‌بووبێ ، كورد هه‌موو قبوڵیان بوو  بۆیه‌ش هه‌ڵیانبژارد به‌ سه‌رۆك كۆمار .

پ | : بێجگه‌ له‌ خۆشه‌ویستی ماڵ و مناڵ و كه‌س و كاری ڕێزو خۆشه‌ویستی تایبه‌تی بۆ كه‌سی تر هه‌بوو ؟

و | : به‌ڵێ به‌ڵێ ، به‌خوڵای ڕێزی ئه‌و دونیایه‌ی بۆ مه‌لا مسته‌فای بارزانی و هاوه‌ڵه‌كانی هه‌بوو به‌ تایبه‌تی قودسی و مسته‌فا خۆشناو و عزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز  و خه‌یرولڵا عه‌بدولكه‌ریم و زۆری تر به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ل مه‌لا مسته‌فا بوون زۆر پشت ئه‌ستور بوو پێیان .

پ | : پێشه‌وا هه‌ر ته‌نها زمانی كوردی و فارسی ده‌زانی ؟

 و | : نه‌خێر ، مه‌رحومی قازی  توركی و فارسی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و ڕوسی ده‌زانی ، سه‌ری له‌ زمانی ژاپۆنیش ده‌رده‌چوو .. مه‌رحوم زۆر ماندوو بوو زۆری ده‌خوێنده‌وه‌ پسپۆڕبوو له‌ ( نه‌هج ولبه‌لاغه‌ی عه‌ره‌بی و له‌ ته‌فسیری قورئان و فه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ).

پ | : ئه‌و شتومه‌كانه‌ی له‌ دوای پێشه‌وا جێماوه‌ و هه‌ڵتگرتوون  كامه‌یان له‌ هه‌موویان زیاتر پێشه‌وات دێنێته‌وه‌ به‌ر چاوان ؟

و | : كتێبه‌كانی .. چونكه‌ مه‌رحومی قازی كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌یان ده‌بۆوه‌ داوه‌ موویه‌كی سه‌ری ده‌خسته‌ ناوه‌ڕاستی لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌ تا بزانێت هه‌تا كوێی خوێندۆته‌وه‌ ، ئێستاش هه‌ندێ كتێبم ماوه‌ داوه‌ مووی سه‌ری مه‌رحومی قازی تێدایه بۆیه‌ش كتێبه‌كانی زۆرم ڕاده‌كێشن بۆ خۆیان .

هه‌ر به‌رز و شه‌كاوه‌ بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان

>> برای هێژاو خۆشه‌ویست كاك نه‌ژاد

پاش ڕێزو سڵاو

ئه‌و به‌رهه‌مه‌م بۆ ناردی به‌ هیوام بۆ یادی كۆماری مهاباد گرینگه‌ بڵاو بكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر ئێوه‌ .

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بابه‌تێكی ترم بۆ ناردن كه‌چی هیچ وه‌ڵامی نه‌بوو ئێستاش من له‌گه‌ڵ ئیمه‌یل ئه‌درێسه‌ كۆنه‌كه‌م كێشه‌م هه‌یه‌ بۆیه‌ وا به‌م ئیمه‌یل ئه‌درێسه‌ نوێیه‌ به‌ ناوی ئازاد_میوزیك ئه‌و نامه‌ت بۆ ده‌نێرم جا ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستان گه‌یشت تكایه‌ ئاگادارم بكه‌ن به‌و ئیمه‌ل ئه‌درێسه‌ نوێیه‌ له‌گه‌ڵ رێز و خۆشه‌ویستیم ده‌سته‌كانت ده‌گوشم

 

برات | ڕزگار ڕه‌نجه‌ڕۆ

٢٣|١|٢٠٠٦

هۆڵه‌ندا _ ئه‌لمیره‌   ‌   

 

           

 

05/07/2007