ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ململانێی یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌ی نێوان سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر و توێژی ڕۆشنبیرانه‌

سالار باپیر
salarb@hotmail.com


ماوه‌یه‌که‌ دنگوباسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ ژێر ڕۆشنایی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی دادگادا،
دکتۆر که‌مال سه‌ید قادر ئازاد ده‌کرێت. ته‌نانه‌ت له‌ سایتی 'په‌یامنێر'دا وێنه‌یه‌کی فۆتۆگرافی د. که‌مال نیشاندراوه‌ که‌ گوایه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ ناو زینداندا گیراوه‌ (نازانم ئه‌وه‌ چه‌ند ڕاسته‌، چونکه‌ ژووره‌که‌ و ناواخنه‌که‌ی نه‌ک له‌ ژووری زیندانێکی میلیشیاییه‌کی ڕۆژهه‌‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناچێت، به‌ڵکو گومانم هه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپاش زیندانه‌کان وه‌ها بن؛ بڕوانه‌ http://www.peyamner.com/article.php?id=33959&lang=kurdish).

لێره‌دا من باس له‌ ناشارستانی و ناله‌باریی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر، یاخود به‌ واتایه‌کی تر‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ناکه‌م، ئه‌و باسه‌ به‌ باش و به‌ خراپ زۆری له‌سه‌ر گووتراوه، به‌ڵکو باس له‌ ئه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ گومانم نیه‌ که‌ د. که‌مال له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ئازاد ده‌کرێت‌. پێده‌چێت دوو سیناریۆ له‌ ئارادابن. یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێن دادگا هه‌موو بڕیاره‌کانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت ئازاد بکرێت. دووه‌م سیناریۆ‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ سه‌رانی باڵای ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر پاش ماوه‌یه‌کی تر، بۆ نموونه‌ به‌ بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌، ده‌یکه‌ن به‌ خاتروخۆتری ئه‌م و ئه‌و و وه‌کو هه‌موو شته‌کانی تر ده‌یکه‌ن به‌ منه‌ت به‌سه‌ر میلله‌ته‌وه‌ و دکتۆر که‌مال ئازاد ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها به‌ دووری نازانم که‌ هاوشانی ئه‌و چه‌ند تاوانکارێک ئازاد بکه‌ن بۆ چه‌واشه‌کردن و سووکایه‌تیکردن به‌ د. که‌مال. ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم که‌ ئه‌و ئازادکردنه‌ له‌ میهره‌بانی و شارستانیان نابێت به‌ڵکو له‌ ژێر زه‌بری ئه‌و گوشاره‌دا ده‌بێت که‌ ڕۆژانه‌ له‌ زیادبوونه‌.

له‌ ڕاستیدا سه‌رانی باڵای ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر (بنه‌ماڵه‌ی بارزانی) هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یان کرد که‌ د.که‌مالیان گرت و هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌تریش که‌ به‌ 30 ساڵ حوکمی زیندانییان بۆ ده‌رکرد. ئه‌وان به‌ ئه‌و کاره‌ خۆیان تووشی گێژاوێک کرد که‌ ده‌ربازبوون لێی ئاسان نیه‌. ئه‌و به‌رگه‌ ساخته‌ ده‌ره‌کییه‌ی خۆیان پێ ڕازاندبووه‌وه‌ لای هه‌موو که‌سێک ئاشکرابوو. خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئاستی کاردانه‌وه‌ی ڕۆشنبیران و به‌ هاناوه‌چوونی گرتنی د که‌مال خوێندنه‌وه‌یه‌کی زۆر هه‌ڵه‌ بوو. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هاتونه‌ته‌ قسه‌ نه‌ د.که‌مال ده‌ناسن و نه‌ کتومت له‌گه‌ڵ شێوازی ده‌ربڕینی نووسینه‌کانیدا نه‌بوون (خۆم یه‌کێکم له‌ ئه‌وانه‌)، به‌ڵام تێکڕا هه‌موو کرۆکی ئه‌و به‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی کوردستانیان بۆ ڕوون بووه‌ و  هه‌موو بێباکانه‌ و بێ دوودڵی ناڕه‌زایی و دژایه‌تی خۆیان به‌رامبه‌ریان درکاند. 

کاتێک ئه‌وان بوونه‌ پێشڕه‌وی له‌شکرکێشی عێراق له‌ 31ی ئابدا، ڕۆشنبیران بایه‌خێکی ئه‌وه‌نده‌یان به‌ ئه‌و باسه‌ نه‌دا چونکه‌ به‌ درێژایی مێژووی پڕ نه‌هامه‌تیی ئه‌م میلله‌ته‌ ئه‌وه‌ یه‌که‌م کاری ناجوامێرانه‌ی هه‌ر کام له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان نه‌بوو و ئه‌ڵقه‌یه‌کی تری کێشمه‌کێشی ناشارستانی نێوان ئه‌و دوو زلحیزبه‌ بوو. به‌ڵام گرتنی که‌سێکی ئه‌کادیمی له‌سه‌ر دوو نووسین و حوکمدانی به‌ 30 ساڵ به‌زاندنی ئه‌و هێڵه‌ سووره‌ بوو که‌ ئه‌وان به‌ ئه‌و کاره‌ خۆیان خسته‌ ململانێیه‌کی یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیراندا.

ئاخر له‌ تورکیادا که‌ ئه‌وپه‌ڕی به‌ربه‌ریزم په‌یڕه‌و کراوه‌، ئه‌وان ده‌یانویست ئۆرهان پاموک ته‌نها به‌ 3 ساڵ حوکم بده‌ن ئه‌ویش به‌ تۆمه‌تی ئیهانه‌کردنی 'ڕۆحی تورکایه‌تی' نه‌ک به‌ تۆمه‌تی تانه‌لێدان له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ک! ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر ویستی پێمان بڵێت که‌ نه‌که‌ن زاتی ئه‌وه‌ بکه‌ن به‌رامبه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ورته‌ بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌یان له‌ بیر چوو که‌ ئێستا خه‌ڵک نه‌ک باکی به‌ بنه‌ماڵه‌ نیه‌ به‌ڵکو ئه‌وه‌تا بێبکانه‌ ڕه‌خنه‌، تانه‌ و دژایه‌تی ئاینێکی دواکه‌وتوو و کوشنده‌ی وه‌کو ئیسلام ده‌که‌ن که‌ پیرۆزیی له‌ لایه‌ن هه‌ندێک نه‌فام ئه‌وپه‌ڕیه‌تی.

زۆر به‌ داخه‌وه‌، هه‌ندێک له‌ هه‌نگاوه‌کانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر منی چه‌واشه‌ کرد و وه‌هام ده‌زانی که‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌نگاو و به‌ره‌و شارستانی و هاوچه‌رخی هه‌ڵبنێن، به‌ڵام ئه‌م کاره‌ ناجوامێرانه‌یان ناوه‌رۆکی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌رخستن و نیشانی دا که‌ مه‌سه‌له‌که‌ له‌ گۆڕینی باوک به‌ کوڕ و مام به‌ برازا نیه‌ به‌ڵکو پێویستمان به‌ گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ ئه‌قڵیه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وتدا.

 

له‌نده‌ن - 25ی جه‌نیوه‌ریی 2006

           

 

04/07/2007