بێ هه‌ڵوێستی تا ئه‌مڕۆی یه‌کێتی نیشتمانی له‌سه‌ر د. که‌مال
هه‌ڵوێستی لایه‌نگرییه‌ له‌ سه‌رکوتی سیاسی له‌ کوردستان !


سامان ئه‌حمه‌د
18ـ01ـ2006

ڕووداوی ئیختیتاف کردنی د.که‌مال بۆ که‌سێک که‌میژوو کار و کرده‌وه‌ی یه‌کێتی و پارتی ئاگادار بێت و ته‌وه‌هوم و خۆشباوه‌ڕی سه‌ری لێ تێک نه‌دابێت کارێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو نه‌بوو. تیرۆر و ئیختیتاف و هه‌ڕه‌شه‌کردن و زیندانی کردن و ته‌نانه‌ت قه‌تلوعامی نه‌یارانی خۆیان هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ مێژووی یه‌کێتی و پارتی دا تۆمار کراون. هیچ کام له‌م دوو حزبه‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان لایه‌نگری ئازادی سیاسی نه‌بوون و نابن چ له‌ناو ڕیزه‌کانی خۆیان و چ له‌ناو کۆمه‌ڵگادا.

ڕفاندن و حوکمدانی قه‌ره‌قوشیانه‌ی د. که‌مال له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ئه‌م دوو حزبه‌ زیاتر له‌ هه‌ر کاتێکی تر پێویستیان به‌ توندکرنه‌وه‌ی سه‌رکوت و پێ شێلکردنی ئازادی سیاسی هه‌یه‌ له‌ کوردستان. ئاخر ئه‌م دوو حزبه‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بورکانێک له‌ ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ڕاوه‌ستاون و هێزه‌کانیان و ڕێکخراوه‌ زه‌رد و ده‌ست و پێوه‌نده‌کان و ڕاگه‌یاندنه‌کانیان ڕۆژانه‌ له‌ ئینزاردا بوون که‌ چۆن به‌ر به‌ په‌ره‌گرتن و هاتنه‌ سه‌رجاده‌ی لاوان و خوێندکاران و مامۆستایان و کارمه‌ندان و کرێکاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک بگرن، ئاخرئه‌م دوو حزبه‌ که‌مترین ئاماده‌ییان بۆ ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ دزین و بردنی داهات و سامانی کوردستان نی یه‌ و قبوڵی که‌مترین ئاڵوگۆڕی ئیجابی ئابوری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و قانونیان نی یه‌ هه‌تا وه‌ڵامی داواکاری و خواسته‌کانی خه‌ڵک بده‌نه‌وه‌. وه‌ڵامی ئه‌وان بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ و ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی هه‌یانه‌ ته‌نها ته‌نها سه‌رکوت و تۆقاندنی کۆمه‌ڵگایه‌. ئه‌وان ڕێگای سه‌رکوتی سیاسیان هه‌ڵبژاردووه‌. که‌سێک ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئه‌وان که‌ به‌کرده‌وه‌ پیاده‌ی ده‌که‌ن نه‌بینێت وحاڵی نه‌بێت تووشی ته‌وه‌هومێکی گه‌وره‌ ده‌بێ.

یه‌کێتی و پارتی ئه‌مڕۆ ده‌ستیان له‌گه‌لڕ کۆنه‌په‌رستترین هێزی سیاسی و ئیسلامی سیاسی تێکه‌ڵ کردووه‌ و ده‌یانه‌وێ له‌گه‌لڕ ئه‌و هێزه‌ ڕه‌شانه‌دا داهاتووی سیاسی عێراق دیاری بکه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بپارێزن. ئه‌م ڕێگا ڕه‌ش و تاریکه‌ پێویستی به‌ هێزی تاریک و کۆنه‌په‌رست و سه‌رکوتگه‌ر هه‌یه‌ و ده‌بێ خۆی بۆ ئاماده‌ بکات. یه‌کێتی پارتی ئه‌وه‌یان ئیمزاکردووه‌ ده‌ستورێکی قوڕه‌یشی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای عێراق و کوردستاندا بسه‌پێنن ئیتر ئازادی سیاسی و مانگرتن و خۆپیشاندان و بیروباوه‌ڕ .... ده‌بنه‌ قسه‌ی پووچ. ئه‌وان ئه‌مڕۆ سه‌ره‌ڕای وه‌زعی خۆیان له‌ کوردستان هاوکات ده‌ستیان به‌ شمشێره‌که‌ی ئیمامی عه‌لی یه‌وه‌ گرتووه‌ ئیتر ده‌ ئه‌وه‌نده‌ و سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی جاران پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ خۆیان له‌ خه‌ڵک گیڤ بکه‌نه‌وه‌ وخه‌ڵک ناچار بکه‌ن بێ ئه‌وه‌ی که‌س ده‌نگی لێوه‌ بێت مل به‌ ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و ڕێگای ئه‌وان بدات.

ئه‌مانه‌ پایه‌کانی توندبوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی سه‌رکوتی سیاسی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانه‌. ده‌ستگیرکردن و زیندانی کردنی د. که‌مال بۆ یه‌کێتی نیشتمانی نه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی نه‌خوازراو نی یه‌ به‌ڵکو ده‌ست پێشکه‌ریه‌کی ئیجابی پارتی یه‌ له‌م ڕاستایه‌دا .

ته‌قه‌کردن له‌ خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵک لای یه‌کێتی نیشتمانی بووه‌ته‌ سووننه‌ت بۆ ترساندن و پاشه‌کشه‌پێکردنی خه‌ڵک، ئه‌مڕۆ هه‌ر توێژێک بیه‌وێت خۆپیشاندان بکات ده‌بێ خه‌ساره‌تی خۆی له‌ ته‌قه‌کردنی ده‌زگای ئاسایش و هێزی تایبه‌تی یه‌کێتی و پارتی پێشتر لێک بداته‌وه‌ ئه‌نجا ته‌سمیم بگرێت.
هه‌روه‌ها قه‌ڵه‌م له‌کار خستن و ده‌م به‌ستن هه‌وڵێکی یان شکلێکی تری سه‌رکوتی سیاسی یه‌ که‌ ئه‌م دوو حزبه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێ ده‌ستی بۆ به‌رن. ده‌ستگیرکردنی ڕێبوار عارف نموونه‌یه‌ک بوو له‌م ڕاستایه‌دا ، به‌ڵام پارتی به‌ نیشاندانی عه‌زه‌مه‌تێکی توندتر و زیاتره‌وه‌ خۆی نیشان داو له‌ جیاتی ده‌زگای پۆلیس و ئاسایش ده‌زگای مافیایی به‌کارهێنا و حوکمی قه‌ره‌قوشی سه‌پاند به‌سه‌ر د. که‌مالدا. هه‌تا به‌ کۆمه‌ڵگا به‌ تایبه‌ت خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و که‌سانی ڕه‌خنه‌گر و ناڕازی ڕابگه‌یه‌نێت که‌ ئه‌و کوردستانی ئازاد .. کوردستانی ئازاده‌ی هه‌ر ده‌مان ووته‌وه‌ قۆناغی ته‌واو بوو ئیتر قۆناغی کوردستانی سه‌رکوت و ڕفاندنه‌. هه‌روه‌ها نامه‌یه‌کیش بوو بۆ یه‌کێتی و باڵه‌کانی ناو یه‌کێتی که‌ ده‌نگی ڕه‌خنه‌ و ناڕازی چی تر نایخوات و ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ ده‌سه‌ڵاتدار بن ده‌بێ ئاوها بن.

له‌ ڕاستی دا ئه‌م کاره‌ی پارتی نه‌ک جێگای نیگه‌رانی یه‌کێتی بوو (به‌ تایبه‌تی باڵی ده‌سه‌ڵاتداری یه‌کێتی) به‌ڵکو کردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ک بوو بۆ سه‌رکوتی زیاتر. ئه‌وه‌تا دوێنێ یه‌کێتی له‌ شاری که‌رکوک له‌ڕێگای که‌سانی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ناردووه‌ته‌ سه‌ر (ئازاد مه‌جید) که‌سایه‌تی ناسراو و هه‌ڵسوڕاوی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دووایی یه‌ی خه‌لکی بێبه‌شی ڕه‌حیماوه‌ و شۆڕیجه‌ . ئیتر یه‌کێتی به‌ چ ڕوویه‌که‌وه‌ به‌رامبه‌ر دادگایی کردنی د. که‌مالدا هه‌ڵوێستی هه‌بێ. به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌تا پارتی وه‌کو برا گه‌وره‌ ده‌ست پێشکه‌ری بکات ده‌ستی یه‌کێتیش وه‌کو ئه‌و هێنده‌ی تر ئاوه‌ڵاتر ده‌بێت بۆ سه‌رکوت و تۆقاندن.

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پارتی ناڕه‌حه‌ت کردووه‌ و یه‌کێتی ئیحراج کردووه‌ ته‌نها ته‌نها وه‌ستانه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئازادیخوازی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی کوردستانه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کاره‌ی پارتیدا . که‌مپینی ئازادکردنی د.که‌مال به‌ مانای ته‌واوی ووشه‌که‌ که‌مپینه‌ بۆ به‌رگری له‌ ئازادی سیاسی و به‌رگرتن له‌وه‌ی ئه‌م دوو حزبه‌ کوردستان ڕابکێشنه‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌شی سه‌رکوتگه‌ره‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌رگری کردنه‌ له‌ هه‌موو چه‌شنه‌ ئازادیه‌کی سیاسی له‌ کوردستان که‌ ڕۆژانه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌م دوو جزبه‌وه‌ پێ شێل ده‌کرێت.
ئه‌و خه‌باته‌ی ئه‌مڕۆ بۆ ئازادکردنی د.که‌مال ده‌ستی پێ کردووه‌ ، پێویسته‌ ببێته‌ خه‌باتێکی به‌ده‌وام له‌ دژی هه‌ر پێشێلکاریه‌کی سیاسی که‌ ئه‌م دوو حزبه‌ له‌کوردستاندا پیاده‌ی ده‌که‌ن.


 

           

 

04/07/2007