سامان ئه‌حمه‌د
٩⁄١⁄٢٠٠٦
خۆپیشاندانه‌کان و ڕێپێوانه‌کان و هه‌وڵه‌کانی تر بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی
له شاره‌کانی سلێمانی و پشده‌ر و که‌لار و ئاکرێ و هه‌ولێر و گه‌رمیان و
شار‌و شارۆچکه‌کانی تری کوردستان له‌لایه‌ن توێژه جیاجیاکانی کوردستانه‌وه
به‌رچاوترین خۆنیشاندانه‌کانی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان بوون له‌مێژووی
یه‌ک دوو ساڵی ڕابردوودا که تا ئه‌مڕۆ درێژه‌ی هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر بێ به‌ش
بوونی خه‌ڵک له ساده‌ترین خزمه‌تگوزاریه کۆمه‌لایه‌تیه‌کان و ژیان و گوزه‌رانێکی
شیاوی ئینسانی. و له‌دژی گه‌نده‌ڵی و تاڵان و بڕۆی داهات و سامانی کوردستان
له لایه‌ن حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانه‌وه.
له به‌رامبه‌ردا حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانیش نه‌ک هیچ وه‌ڵام و
ئاڵوگۆڕێکی ئیجابیان به‌جێ نه‌گیاندووه و هاوچه‌شنی حزبه هاوپه‌یمانه‌کانیان
له سه‌ماوه و ناسریه جگه له ته‌قه‌کردن له خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵک و
ترساندن توندکردنه‌وه‌ی سه‌رکوت هیچ نیاز و ئاماده‌یی یه‌کی تریان له
خۆیان نیشان نه‌داوه.
ئه‌مڕۆ زیاتر له هه‌موو کاتێکی تر ئه‌وه ڕۆشن بووه‌ته‌وه که ئه‌م
حزبانه بۆ سه‌پاندنی ئه‌و بێ به‌شی و بێ مافی یه به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان
و درێژه پێدانی ده‌سه‌ڵاتیان و په‌لکێش کردنی کۆمه‌ڵگا به‌دوای سیاسه‌ته‌کانی
خۆیاندا ته‌نها ڕێگای سه‌رکوت و تۆقاندنیان گرتووه‌ته‌به‌ر.
سه‌رکوتگه‌ری بووه‌ته به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی ئه‌م
حزبانه. ئه‌مڕۆ له کوردستاندا ئازادی مانگرتن و خۆپیشاندان ، ئازادی
کۆبوونه‌وه و ڕێکخراوبوون ، ئازادی بیروڕا و بڵاوکردنه‌وه و چاپه‌مه‌نی....
قه‌ده‌غه‌ن. هه‌وڵی بێ ووچانی ده‌زگا سه‌رکوتگه‌ره ئاشکراو نهێنی یه‌کانی
ئه‌م حزبانه هه‌رچی زیاتر پێشێلکردن و به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی ئه‌م
ئازادیانه‌یه له کوردستاندا.
کار و کرده‌وه و هه‌ڕه‌شه‌کان و زیندانی کردن و ترساندنی ڕابه‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی
ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک و ته‌قه‌کردن له خه‌ڵک و چه‌ندین هه‌وڵی تری سه‌رکوتگه‌رانه
له دژی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک له کوردستان...هتد، هه‌روه‌ها
ده‌ستگیرکردنی ڕێبوار عارف له‌لایه‌ن یه‌کێتی به تاوانی به‌رگری له ناڕه‌زایه‌تی
خوێندکاران و و پاشان فڕاندنی که‌مال سه‌یدقادر له‌لایه‌ن پارتیه‌وه و به
تاوانی نووسینه‌کانی وحوکم دانی به 30 ساڵ زیندانی، هه‌موو ئه‌مانه
نموونه‌ی به‌رچاوی توندکردنه‌وه‌ی سه‌رکوتگه‌ری سیاسی و پێشێلکردنی ئازادی
سیاسیه له کوردستاندا که له ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی فراواندا ده‌نگی دایه‌وه.
به‌ته‌واوی خۆشباوه‌ڕی خه‌ڵکی به ئیدیعای ( دیموکراسی) و (کوردستانی
ئازادی) ئه‌م حزبانه‌ی خسته ژێر پرسیار و ڕه‌وینه‌وه‌وه.
هه‌روه‌ها یه‌که‌م نوقڵانه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق به به‌رزکردنه‌وه‌ی
نرخی سووته‌مه‌نی ئه‌و خۆشباوه‌ڕی و فریوکاریانه‌ی لای خه‌ڵک سڕیه‌وه که
ئه‌م حزبانه به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا په‌خشیان ده‌کرده‌وه که گوایه
ماف و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له به‌شداری کردنی هه‌ڵبژاردن و
زیادبوونی کورسی و به‌شی ئه‌م حزبانه‌دایه له حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی
عێراقدا .
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دایه ئه‌مڕۆ به حوکمی نه‌بوونی ئازادی سیاسی له ناوه‌وه‌ی
کوردستان خه‌بات له پێناو ئازادی سیاسی دا به‌ئاستێکی فراوانتر له‌ناو
ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتدا به تایبه‌ت دوای ڕفاندنی د.
که‌مال سه‌ید قادر ده‌ستی پێکردووه هه‌ر له هاتنه ده‌نگ و نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تی
ده‌یان و سه‌دان که‌س له‌ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی
کوردستان و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له هۆڵه‌نده بۆ ئازادکردنی د.که‌مال،
تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ری بێ به‌شی کوردستانیش له‌ناوه‌وه
له دژی گه‌نده‌ڵی و گرانی و بۆ باشترکردنی خزمه‌تگوزاریه‌کانی ژیان و گوزه‌رانیان
له زۆربه‌ی شار‌و شارۆچکه‌کانی کوردستان درێژه هه‌یه، هه‌ر جاره‌ی له
شوێنێک ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری ده‌ڕژێته سه‌ر جاده‌کان.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێی سه‌رنجه که باس بکرێت ئه‌وه‌یه که: ئه‌م حزبانه
نه‌ک ده‌توانن به‌ر به گه‌نده‌ڵی خۆیان بگرن ئاماده‌ش نین وه‌ڵام به
خواسته‌کانی خه‌ڵک بده‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان به‌رنامه‌یان ئه‌وه‌یه
و ده‌یانه‌وێ له‌ژێرناوی میلله‌ت و میلله‌ت چێتی دا له‌لایه‌که‌وه کێشه و
گرفته ئابوری و سیاسی و کۆمه‌لایه‌تیه‌کانی کوردستان بشارنه‌وه و خامۆش
بکه‌ن وخه‌ڵکی کوردستانیش وه‌کو که‌ره‌سه‌یه‌کی سیاسی به ناسنامه‌ی میللی
و ده‌مارگیری میللی یه‌وه ڕووبه‌ڕِووی ململانێ و شه‌ڕی قه‌ومی بکه‌ن له
عێراقدا هه‌تا له‌م ڕێگایه‌وه کورسی و ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌ی زیاتر بۆ
خۆیان دابین بکه‌ن. هه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌کی لێره‌و له‌وێی جه‌ماوه‌ری
کوردستانیش به هێزه‌کانی ئاسایش و میلیشیاکانیان سه‌رکوت بکه‌ن. ئه‌مه
ناوه‌رۆکی ستراتیژ و سیاسه‌ت و پرۆژه‌ی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانه
که تا ئه‌مڕۆ پیاده‌ی ده‌که‌ن.
ته‌نها ڕێگایه‌ک که ده‌توانێ ئه‌م حزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه ناچار بکات مل
به ئازادی سیاسی و وه‌ڵامدانه‌وه به داواکاری و خواسته ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی
و مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بده‌نه‌وه، ناڕه‌زایه‌تی
و هاتنه‌مه‌یدانی سه‌راسه‌ری و یه‌کگرتووی جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز و بێ به‌شی
خه‌ڵکی کوردستانه له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه له‌دژی گه‌نده‌ڵی و گرانی و هه‌ژاری
و سه‌رکوتی سیاسی له کوردستاندا.
|