له‌ هه‌رێمی کوردستانی عیراقدا

کێ تاوانباره‌،هاولاتی ،یاسا ته‌عه‌سوفیه‌کان ، ده‌سه‌لاتی راپه‌ڕاندن ، ده‌سه‌لاتی یاسادانان  یان ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری؟

سه‌ردار عبدالکریم عبدالله‌- هۆڵه‌ند

حاکم ڕزگار کاتێ ده‌بێته‌ نمونه‌ی حاکمێکی ویژدان زیندو‌ ، ئاماده‌نیه‌ له‌ ژێر فشاری سیاسی و که‌سانی تر، به‌ها و ڕێزی خۆیی و دادگا و پیشه‌که‌ی بکاته‌ قوربانی، ده‌ست له‌ کاره‌که‌ی ده‌کێشیته‌وه‌ و ده‌بێته‌ سمبول بۆ ئازادی و سه‌روه‌ری دادوه‌ری و دورخستنه‌وه‌ی له‌ ده‌ست تێوه‌ردان. ئه‌م حاکمه‌ له‌ کوردستان له‌ دایک بووه‌ و کورده‌، به‌ڵام ده‌زانێ به‌ پرۆفیشنالیانه‌ کاری دادوه‌ری بکات و ئه‌رکه‌‌ی خۆی به‌ دروستی ئه‌نجام بدات، ئه‌مه‌ نمونه‌ی حاکمێکی ویژدان زیندوی ، سه‌ر ڕاستی کورده‌‌، ده‌بێ رێز له‌ هه‌ڵوێستی بگیرێ، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌و حاکمه‌ی که‌ دکتۆر کمال دادگایی ده‌کات، هه‌ر کورده‌ و خه‌ڵكی هه‌مان هه‌رێمیشه، بۆ وه‌ک ئه‌و به‌ هه‌ڵوێست نیه‌؟ ئه‌م زاته‌ سوڕ ده‌زانێ ئه‌م بڕگه‌ یان مادده یان یاسایه‌ی، که‌ ئه‌و مرۆڤه‌ی‌ پێ دادگایی کردوه‌، له‌ ده‌قێکی یاسایی کۆنی ساڵانی شه‌سته‌کانه‌ و هی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌‌، به‌ڵام دێ و ویژدانی خۆی ده‌خه‌وێنێ، به‌ ده‌سه‌ڵات ناڵێ، ئه‌م یاسایه‌ زۆر کۆنه‌ و زۆر به‌عسیانه‌یه‌، بێ سێ و دوو ، سی ساڵ سزای زیندانی بۆ ده‌بڕێنێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌م حاکمه‌ و ئه‌م دادگایه‌ تا ئه‌و کاته‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت که‌ یاساناسیش نیه‌ و ڕۆژێکیش دادوه‌ری نه‌کردوه‌‌، هه‌ست به‌ سه‌قه‌تی ئه‌و یاسایه ‌ده‌کات، ئینجا حاکمه‌که و دادگاکه‌ دێنه‌وه‌ هۆش و ده‌زانن ئه‌م یاسایه ‌ته‌عه‌سوفی و به‌عسیانه‌یه‌، پاشان هه‌ر ئه‌م حاکمه‌ جارێکی تر دێت و یاسا و پیشه‌که‌ی خۆی هه‌تک ده‌کات و به‌ قسه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت ده‌کات ، ئه‌و حوکمه‌ی که‌ ده‌ریکردوه‌،‌ هه‌ڵی ده‌وه‌شێنته‌وه‌؟!!!

ئایه‌ ئه‌م حاکمه‌‌ سه‌قه‌ته‌ و لاوازه‌ یان حاکم ڕزگار؟

کاتێ بزانین به‌‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمدایه‌، که‌ پڕۆژه‌ یاسایه‌ک دابڕێژێ و بیخاته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، بۆ ده‌نگ له‌سه‌ردانی، ئینجا بشزانیین ئه‌م سه‌رۆکی حوکومه‌ته‌، بۆ ماوه‌ی پتر له‌ هه‌شت ساڵ به‌ بێ دابڕان، ناوچه‌یه‌کی به‌رفراوانی له‌ وڵاتێک به‌ڕێوه‌بردوه‌، کادیری زانستی ، پیشه‌یی و ماوه‌ی ته‌واوی بۆ داڕشتنی چه‌ندین جۆر یاسا هه‌بووبێ، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌موو ماوه‌ درێژه‌، ئینجا درک به‌وه‌ بکات، که‌ به‌شێکی باش له‌و یاسایانه‌ی له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و داهه‌ن ، ته‌عه‌سوفی و ناته‌واون، له‌گه‌ڵ بار و دۆخی ئیمڕۆی کوردستان و دیموکراتیه‌ت ناگونجێن. ئایه‌ ده‌بێ ئه‌و هه‌موو حوکمانه‌ی که‌ له‌ڕیگای ئه‌م یاسا ته‌عه‌سوفیانه‌ دراون، چه‌ندیان، تاوانه‌که‌ی بکه‌وێته‌ سه‌رشانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و چه‌ندیشیان بکه‌ویته‌ ‌سه‌ر شانی حوکمدراوه‌کان ؟

 کاتێ که‌ سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم درکی به‌وه‌ نه‌ کردووه‌ ، چونکه‌ یاسا ناس و دادوه‌رنیه‌، به‌ڵام بۆ مسته‌شاره‌ قانونیه‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌ت، به‌ درێژایی ئه‌م هه‌موو ماوه‌ دوور و درێژه‌ بێده‌نگ ده‌بوون؟ ده‌بێ تا چه‌ند له‌و حوکمانه‌ی، به‌هۆی ئه‌م یاسا ته‌عه‌سوفیانه‌ دراون باره‌که‌ی بکه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌م مسته‌شاره‌ قانونیانه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم؟ به‌ شایه‌دی سه‌رۆکی حکومه‌تی(یه‌کگرتووی) هه‌رێمی کوردستان، که‌ فه‌رمووی :‌" به‌شێکی یاساکان هی به‌عسه‌ و ته‌عه‌سوفین، تا ئێستا وه‌ک خۆیان ماونه‌ته‌وه‌ و نه‌گۆڕاون"، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا په‌رله‌مانی کوردستان ‌توانیویه‌تی ده‌یان یاسای له‌ بابه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم ، .... هتد هه‌مواربکات، ئایه‌ بۆ نه‌ی ‌توانیوه‌ چاوێکیش به‌م یاسا ته‌عه‌سوفیانه‌  دابخشێنته‌وه‌‌ ؟ ئایه‌ ده‌بێ په‌رله‌مان کاری چی بووبێ و له‌ داهاتووش چی ده‌بێ؟ ئایه‌ په‌رله‌مانی تازه‌مان ، بۆ‌ بنبڕکردنی ئه‌م یاسا ته‌عه‌سوفیانه‌ تا چه‌ند ده‌توانێ ئه‌م ئه‌رکه‌ بگرته‌ ئه‌ستۆ؟ ئایه‌ تا چه‌ند ده‌توانێ برین و ئازاری ئه‌و خه‌ڵکانه‌ سارێژبکات، که‌ به‌هۆی ئه‌م یاسا ناعادیلانه‌ و دیکتاتۆریانه‌ سزادراون؟ ئایه‌ به‌شێک له‌م که‌م و کوڕیانه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی خۆی ؟

ئایه‌ ئه‌م هه‌موو مسته‌شاره‌ قانونایانه‌ی له‌ ده‌وری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم هه‌بوونه‌، نه‌یان ده‌زانی ئه‌م بۆشاییه‌ یاساییه‌ هه‌یه‌؟ بۆ به‌ر له‌م ڕوداوه‌ی دکتۆر که‌مال،‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت هه‌وڵیان نه‌دادا، یاسایه‌کی نوێ بۆ سزادان هه‌مواربکرێ؟ ئایه‌ ئه‌مه‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مانه سه‌قه‌تن یان هاولاتیان  و ڕۆژنامه‌وان ...هتد ، ئه‌وه‌ ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌ر و خه‌ڵکن ، تانه‌و ته‌شه‌ر له‌ یاسا و که‌سایه‌تی سیاسی و  ناسراو ده‌ده‌ن یان حاکم و یاسا ناسه‌کانمانن ‌؟

من نامه‌وێ باس له‌ هه‌ڵه‌ بوون و نه‌بوونی د. کمال بکه‌م، من نامه‌وێ باس له‌ ڕاستی و ناڕاستی قسه‌کانی ئه‌و بکه‌م ، من نامه‌وێ باس له‌ شه‌رعیه‌ت و ناشه‌رعیه‌تی سه‌رۆک و حیزب و ... هتد بکه‌م، من له‌ ته‌واوی یاریه‌کانی ده‌سه‌ڵات و گه‌مه‌کانی سیاسه‌ت ده‌گه‌م، من له‌ ئاره‌زو و خه‌ونه‌کانی کابرایه‌کی سیاسی و سه‌رۆکی حیزبێک ده‌گه‌م، به‌ڵام له‌م بێ هه‌ڵویستی و ناهووشیاری و که‌م ده‌رفه‌تیه‌ی دادوه‌ره‌کان‌ و مسته‌شاره‌ یاسایه‌کانی هه‌رێمی کوردستان(هه‌موویان نا) ناگه‌م؟ 

ده‌زانم ده‌سه‌ڵاتداران ، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌  ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌راستن، نایانه‌وێ ده‌ستکاری یان گۆڕانکاری له‌م جۆره‌ یاسایانه‌ بکه‌ن، که‌ له‌ خزمه‌تی خۆیان دانه‌، به‌هه‌ر نرخیک بێت زۆرجار هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌م یاسا ته‌عه‌سوفیانه‌ بهێلنه‌وه‌ و نه‌یانه‌وێ ده‌ستکاری بکرێن، به‌ڵام یاساناسان، که‌ ده‌زانن ئه‌م یاسایانه‌ خزمه‌تی عه‌داله‌ت و پیشه‌که‌یان ناکه‌ن، بۆ لێیان بێده‌نگ ده‌بن و ده‌یان هێلنه‌وه‌ و کاریان پێده‌که‌ن؟ ئایه‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت، ‌ له‌ نه ‌گۆڕانی ئه‌م جۆره‌ یاسایانه‌ تاوانباره یان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان یان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری یان ڕای گشتی؟

ئه‌گه‌ر بزانین، که‌ ده‌سه‌ڵاتی راپه‌راندن به‌ پشت به‌ستن به‌ بڕیار و یاساکانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، توانیویه‌تی شێوه‌ و نه‌خشه‌ی شاره‌ گه‌وره‌کانی وه‌ک دهۆک ، هه‌ولێر... هتد بگۆڕێ؟ ئایه‌ بۆ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م جۆره‌ یاسایانه‌ بگۆڕێ؟

ئه‌گه‌ر بزانین په‌رله‌مان توانیویه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌رێم دابڕێژێ، ئه‌ی بۆ نه‌یتوانیوه‌ یاسایه‌کی عادیلانه‌ بۆ  ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌ دابڕێژێ؟ ئه‌گه‌ر دادوه‌ر ده‌ڵێ من نوێنه‌ری عه‌داله‌تم ، ئازادم و سه‌روه‌رم ، کوا عه‌داله‌ت، ئه‌مه‌ عه‌داله‌ت و سه‌روه‌ری دادگا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌ ، که‌ بڕیاره‌کانی خۆیی و دادگاکانی، به‌‌ قسه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت بگۆڕێن ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌رێم بێت ، ئه‌ی‌ بۆ، بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان(په‌رله‌مان) نه‌بێ ئه‌م جۆره‌ یاسایه‌نه‌ له‌م هه‌موو ماوه‌ دورو دریژه‌ بگۆڕێ؟ که‌ ده‌زانیین بۆ په‌رله‌مان زۆر ڕوو سووریتر ده‌بوو، ئه‌گه‌ر‌ ئه‌م جۆره‌ یاسایانه‌ی به‌ر له‌ ده‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بگۆڕیبایه‌؟!

 ئه‌م هه‌موو گۆرانکاریانه‌ و کاریگه‌ریانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن(حکومه‌ت) به‌سه‌ر بڕیاره‌کانی دادگا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، خۆی له‌ خۆیدا گه‌مه‌کردن ، هه‌تکردن و ته‌شهیرکردنه‌‌ به‌ یاسا و عه‌داله‌ت، ئه‌ی بۆ ئه‌م حاکمانه‌ به‌هه‌ما‌ن  یاسای سزادانی عیراقی ، ته‌نها بۆ جارێک( له‌به‌ر خاتری سه‌روه‌ری عه‌داله‌ت و دادوه‌ری) ، دادگای ناکرێن و به‌س خه‌لکی بێ ده‌سه‌ڵات سزا ده‌درێن؟

ده‌ڵێن:" ئه‌گه‌ر مرۆڤ پڵنگێ بکوژێ، ئه‌وه‌ پاڵه‌وانه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پلنگێ مرۆڤێ بکوژێ دڕنده‌یه‌؟"

ئایه‌ ئه‌م هه‌موو دادوه‌رانه‌ی کوردستان تا ئێستا بۆ هه‌وڵیان نه‌داوه‌ گۆرانکاری له‌م جۆره‌ یاسایانه‌ی سزدان بکرێ‌؟ ئایه‌ وه‌زاره‌تی عه‌دل نه‌ی ده‌توانی عادلتر بێت، به‌ر له ‌سه‌رۆکی حکومه‌ت له‌م یاسایه‌ بهاتبانه‌ ده‌نگ؟ یان ئه‌م گۆڕانکاریه ‌وه‌رچه‌رخانێکی تازه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌کردنی ڕای گشتی و سه‌ر له‌نوێ زیندو بوونه‌وه‌ی ویژدانه‌؟ یان سه‌رکه‌وتنی فشاره‌ جه‌ماوه‌ری و جیهانیه‌کانه‌ و ژێرکه‌وتنی ده‌سه‌ڵاته‌ خه‌وتووه‌کانی کوردستانه‌؟

 

           

 

04/07/2007