خۆپیشاندان له‌ دژی پارتیی  له‌ئوسترالیا دواخرا


به‌ناوی که‌مپه‌ینی ئازادیی بۆ د.که‌مال سه‌یید قادر ( کۆمیته‌ی ئوسترالیا ) ه‌وه‌ ،  سوپاسگوزاریی  و پێزانینی زۆرمان بۆ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ هه‌یه‌ که‌ ئاماده‌ییان نیشاندا که‌ به‌شداریی خۆپیشاندان و پرۆتستۆی بڕیاری 30 ساڵ زیندانییکردنی د.که‌مال  له‌به‌رده‌م کۆنسڵیتی ئه‌مێریکادا رۆژی چوارشه‌ممه‌ ( 25-01-2006 ) بکه‌ن. جێگه‌ی خۆیه‌تی ده‌ستخۆشیی له‌هه‌موو نێوه‌نده‌ کولتووریی و رۆشنبیریی و ئه‌و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ بکه‌ین که‌به‌فه‌رمیی هاتنه‌ پشت ئه‌م خۆپیشاندانه‌وه‌، وێرای ئاماده‌یی  نیشاندانی چه‌ندین ئه‌ندام پارله‌مانی ئوسترالیاو چه‌ندین سه‌ندیکای کرێکاریی و ریکخراوه‌ی چه‌پ و سه‌وزو لیبراڵه‌کان و نوێنه‌ری چه‌ندین حیزب و ریكخراوی سیاسیی ناوچه‌ی پاسیفیک ،بۆ پرۆتێستکردن دژ به‌و پێشێلکارییه‌ی مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروراده‌ربڕین  له‌دادگایه‌کی پارتییدا، له‌شاری هه‌ولێر کراوه‌.   

 

پاش ئه‌و پێشهاته‌ سیاسییه‌ی له‌لایه‌ن به‌ڕێز جه‌مال قاسم ( ئه‌ندامی پارله‌مانی کوردستان – لیستی زه‌رد ) خرایه‌ روو له‌ ژووری ( کوردستان یونایتید- پاڵتۆک ) دا ، گوایه‌ د.که‌مال سه‌یید قادر 30 ساڵ زیندانییه‌که‌ی لابراوه‌و له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا ، پارتی به‌فه‌رمیی د.که‌مال ئازاد ده‌کات. ئێمه‌ بڕیارماندا وه‌ک وه‌ڵامێکی ته‌ندروست و مامه‌ڵه‌یه‌کی ژیرانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشهاته‌داو پاش پرس و راوێژکردن به‌ده‌یان که‌سایه‌تیی و تاکی سه‌ربه‌خۆی کورد ، خۆپیشاندانی رۆژی 25-01-2006 له‌به‌رده‌م کۆنسڵیتی ئه‌مێریکادا رابگرین تا له‌ئایینده‌یه‌کی نزیکدا ، ئه‌گه‌ر د.که‌مال سه‌یید قادر ئازاد نه‌کرا به‌ گوڕوتینێکی زۆرتره‌وه‌ تێهه‌ڵچینه‌وه‌.

 

وێڕای گومانێکی زۆر له‌م مانۆڕو شانۆگه‌رییه‌ی پارتیی بۆ ئازادکردنی د.که‌مال، ئێمه‌  به‌له‌به‌رچاوگرتنی رای جیاوازجیاوازی تاک تاکی خه‌ڵک ، بڕیاری دواخستنی  ئه‌م خۆپیشاندانه‌مان دا. هیوادارین پارتیی چیتر به‌نیازی هونه‌ری ده‌ستخه‌ڕۆیی له‌گه‌ل که‌مپه‌ینی  ئازادیی بۆ د.که‌مال  مامه‌ڵه‌ نه‌کات ، چونکه‌ شه‌پۆلی ناره‌زایه‌تی ئازادییخوازان تا دێت زێتر له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بڵاو ده‌بێته‌وه‌و گوشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌‌کانیش له‌سه‌ر پارتیی زێتر چڕ ده‌بنه‌وه‌.

 

خۆپیشاندانمان ته‌نها راگرتووه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌زووترین کات د.که‌مال سه‌یید قادر ئازاد نه‌کرێ ، به‌رده‌وام ده‌بین له‌وه‌ی که‌ خۆپیشاندان ڕیک بخه‌ین و بیکه‌ین .  کۆمیته‌ی ئوسترالیای که‌مپه‌ینی ئازادیی بۆ د.که‌مال سه‌یید قادر ،  درێژه‌ به‌ چالاکییه‌کانی خۆی ده‌دات به‌شێوازی جۆراوجۆری تر ،هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌یه‌کی کاتیی خۆپیشاندانمان هه‌ڵپه‌ساردووه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ریسواکردنی ئه‌و حوکمه‌ ناره‌واو به‌عسییانه‌یه‌دا .

 

کۆمیته‌ی ئوسترالیای که‌مپه‌ینی ئازادیی بۆ د.که‌مال سه‌یید قادر.

23-01-2006

 

           

 

04/07/2007