له‌و جێیه‌ی که‌ زه‌مان حه‌وسه‌ڵه‌ی پێوانی نیه‌ ،نامه‌یه‌کت بۆ ئه‌نێرم

ئه‌حمه‌د عه‌لی
ahmadali525@hotmail.com

 

 ئه‌و ده‌مه‌ی...

غروبی تۆ به‌ چاوی خۆم ئه‌بینم ئه‌ڕۆم و

فریای هه‌ڵڕشتنی دواین دڵۆپی فرمێسک و

ئاوڕدانه‌وه‌ ناکه‌وم

له‌و ڕۆژانه‌ی مونته‌زیری ئاوابوونن

ڕۆژێ له‌ دونیا وون ئه‌بم و

که‌س به‌ دوای له‌حزه‌یه‌کما ناگه‌رێ

له‌ ئاینده‌ ون ئه‌بم و

ئێستام هه‌ناسه‌ بۆ پیرێتیم هه‌ڵئه‌کێشێ

به‌ ده‌م غه‌زه‌بی ئه‌م سکوت و شکانه‌ی خۆمه‌وه ئه‌ڕۆم و‌

میهره‌بانیش پێی ناکرێ ڕێی ئه‌م سه‌فه‌ره‌م پێبگرێ *****

 

بمبه‌خشه‌ ئه‌ی تاقانه‌ترین دۆست

ناچاری گوناهێکم ده‌رهه‌ق به‌ خۆم

که‌ هه‌میشه‌ دڵی خۆی به‌ ده‌م خه‌نجه‌ره‌وه‌‌ ئه‌بینی و

له‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌کاندا خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی خوێنێکی ڕژاو بوو

خوێنێک ، عه‌یامێک بوو ده‌ماره‌کانی خۆی نه‌ئه‌ناسیه‌وه‌

ده‌رهه‌ق به‌و تیشکانه‌ی دیه‌یان هه‌راسانکردبووم

ده‌رهه‌ق به‌و جۆش و خرۆشه‌ی ئارامیان لێشێواندم

ده‌رهه‌ق به‌و وه‌عدانه‌ی

هیچیان له‌ وه‌ختی خۆیانا نه‌گه‌شتن

ده‌رهه‌ق به‌و ئومێدانه‌ی

جارێ به‌ کۆڵانی بێئومێدیما ڕه‌تنه‌بوون و

هه‌واڵێکیان بۆم نه‌هێنا

ده‌رهه‌ق به‌و برینه‌ی خه‌ریکه‌ نه‌زیفم پێئه‌کا و

قه‌تره‌یه‌ک عاتیفه‌ له‌ منا ناهێڵێته‌وه‌

 

بمبه خشه ئه‌ی تازه‌ترین برینم

من ئیدی مه‌جبوری ڕۆشتنم و

زه‌مین جێی جه‌سته‌می تیا نابێته‌وه

‌به‌ڵام ، پێش له‌ بیرچوونه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کان‌

دواین نامه‌م له‌ به‌ر ده‌رگای ماڵه‌که‌تا ئه‌دۆزیه‌وه ******

 

چیت بۆ باس که‌م‌

بێئیراده‌ی خۆم دڵێک به‌ره‌و نادیار ئه‌مبا و

ده‌ستێک ده‌خیلم ئه‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ نێو داهاتووم

ده‌نگێک هاوارم لێ ئه‌کا به‌ره‌و فه‌نا بون مل مه‌نێ

ئه‌ڕۆم و له‌و شوێنه‌ی که‌ پێموایه‌ ته‌نهاترین مه‌خلوقم

له‌و جێیه‌ی که‌ زه‌مان حه‌وسه‌ڵه‌ی پێوانی نیه‌

کائینێک به‌برین و هاوارمه‌وه‌ جێمدێڵێ

تا به‌ ده‌م ووردبونه‌وه‌ی ووردبونی خۆمه‌وه‌ بمرم

هه‌ر ئه‌و شیرینترین له‌حزه‌کانم ئه‌با و پێم ئه‌ڵێ

جه‌خار هاوڕێم

ئیتر فورسه‌تێک بۆ به‌خشینی دڵ به‌ سه‌ر چوو

ئه‌و ئه‌ڵێ

ئه‌و که‌سه‌ی ئێستات پڕ ئه‌کا له‌ ئاینده‌

دوا جار به‌ ته‌نها له‌ وێرانه‌یه‌کا جێتدێڵێ

ئه‌و ده‌یوت.. باوه‌ڕمپێبکه‌ ئه‌ی ته‌نهاترین مه‌خلوقی دونیا

عیشق تارماییه‌که

ماڵه‌کانمان پڕ ئه‌کا له‌ خۆی و دونیا له‌ ئێمه‌ خاڵی ئه‌کاته‌وه‌‌

عیشق

سه‌رابێکه‌ تا کۆتایی عومرمان به‌ دوایا ئه‌ڕۆین و نایگه‌ینێ

به‌ڵام مه‌رگ حه‌قیقه‌تیکه‌ له‌و دیو په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌کانمانه‌وه‌

ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه‌ ناچارین به‌یانیه‌ک پیایا تێپه‌ڕین

وه‌ک فاڵچیه‌ک پڕ دڵم بێهوده‌یی ئه‌کات و پێم ئه‌ڵێ

ژیان جه‌نگێکه‌ له‌ نێوان خود و ته‌وژمه‌کانی ده‌ره‌وه‌یدا

ته‌قه‌لایه‌که‌ بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی ترس و هه‌راسانیه‌ک له‌ مه‌رگ

سۆراغیکه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تێک

که‌ دواجار باوه‌ری پێناهێنین

وه‌ک سیحر بازێک که‌ یه‌قینبێ له‌وه‌ی په‌ی به‌ نهێنی نابرێ

به‌ غرورێکه‌وه‌ ئه‌یفه‌رموو

ته‌حه‌مولی ئه‌م زه‌جر کێشانه‌ ناکه‌ی

عاقیبه‌ت بایه‌ک دێ و ئاسه‌واری باوه‌ر له‌ تۆیا ناهێڵێته‌وه‌

یان دڵت له‌ نه‌خشه‌ی خۆتا ئه‌سڕیته‌وه‌

وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشبینی کاره‌ساتێ بکا له‌ منا

وه‌ک ئه‌وه‌ی بزانێ

فورسه‌تی رۆژگارێکم ماوه‌ هه‌ناسه‌ی تیابده‌م و ئاره‌زووی نه‌که‌م

وه‌ک ئه‌وه‌ی شوێن پێی سێبه‌ره‌که‌می هه‌ڵگرتبێ و

بیه‌وێ وه‌ڵام به‌و پرسیارانه‌ بداته‌وه‌ ‌

له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ نیشانه‌یان به‌ روخسارمه‌وه‌ نه‌خشاندبوو‌

وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ دڵه‌وه‌ باوه‌ڕ بکاو به‌ من نه‌ڵێ

به‌ جۆرێ خزاوه‌ته‌ نێو خوێن و برینی من

به‌ کۆڵێ پرسیار و گومان و ڕامانه‌وه‌ لێم ئه‌گه‌ڕێو ئه‌ڕوا و

سه‌دای ئه‌و ئه‌بێته‌ دوا ده‌نگێک له‌م که‌ونه‌ جیامئه‌کاته‌وه‌

به‌ڵام خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو دونیایه‌ک

لێواولێو له‌و شه‌پۆلانه‌ی مرۆڤ له‌ قه‌ساوه‌تا وون ئه‌کاو

به‌رماڵه‌کانی باوکمان به‌ پاکی ناهێڵێته‌وه‌

خوێنی زامێکی پێبسڕین *****‌

 

من ئێستا ئه‌توانم

 نهێنی نغرۆ بوونی ڕۆح له‌ ئه‌به‌دیه‌تدا بدۆزمه‌وه

وه‌ک چۆن توانیم عومرێکم به‌ دیار وه‌همێکه‌وه‌ زایه‌که‌م

ئه‌توانم پێشبینی ئه‌وه‌ که‌م جه‌نگه‌کان له‌ چی زه‌مانێکا کۆتاییان دێ

جه‌نگه‌کان تاکوێی زه‌مین له‌ خۆیانا خه‌ڵتانی خوێن ئه‌که‌ن

به‌ڵام ته‌فسیرێکم بۆ پوچی دونیا پێناکرێ و

مانا و پێناسه‌یه‌کم بۆ شێواوی ئینسان بۆ نادۆزرێته‌وه

ناتوانم جیاوازی نێوان تابلۆی دونیا

که‌ نیگارکێشێکی ڕۆمانسی ئه‌یکێشێ و

ئه‌وه‌ش که‌ به‌ چاوی خۆم ئه‌یبینم بژمێرم

به‌ زه‌حمه‌ت ئه‌توانم تێبگه‌م له‌ بێکه‌سی که‌ون

له‌وه‌ی که‌ که‌س فریای تیمارکردنی زامه‌کانی خۆیناکه‌وێ

سه‌خته‌ باوه‌ڕبێنم به‌وه‌ی

ده‌ستێک بتوانێ خوێنی ئه‌م برینه‌ ڕابگرێ

که‌ ئینسان خۆی برینێکی گه‌وره‌ بێ****

ڕامانێک له‌ دونیا و روانینێک‌ له‌وانه‌ی مه‌کانێک شک نابه‌ن

نیگایه‌ک له‌وانه‌ی بۆ ئه‌به‌د له‌ مه‌رگ هه‌ڵدێن و

 له‌وسه‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌‌ باوه‌شی

سه‌رنجێک له‌وانه‌ی  هێشتاکانه‌ حینجه‌ی مه‌رگیان پێناکرێ و

به‌ ده‌م ڕه‌شه‌بای جه‌نگه‌کانه‌وه‌ له‌ته‌پوتۆزی نسیاندا وونئه‌بن

ئیدی مانایه‌ک بۆ چاوه‌ڕوانی مه‌وسم و

بۆ نغرۆبوونی من له‌م قه‌هره‌یا ناهێڵێته‌وه *****‌

‌‌

 پێم بڵی ته‌بیعه‌ت

به‌رگه‌ی هه‌ڵوه‌رینی ئه‌م هه‌موو گوڵ و باخچانه‌ چۆن ئه‌گری

که‌من به‌ ده‌م هه‌ڵمی هه‌ناسه‌ی ئه‌م گه‌ڵا هه‌ڵوه‌ریوانه وه‌ ده‌بمه‌ غوبار‌

ته‌حه‌مولی بــا بردنی ئه‌م هه‌موو بۆن و به‌رامه‌یه‌ چۆن ئه‌که‌ی

‌که‌ پایز به ‌نزای ته‌نها خونچه‌یه‌که‌وه‌ گیرۆده‌ ئه‌بێ

خونچه‌یه‌ک قه‌ده‌ر و زه‌مان ئیجازه‌ی پشکوتنیان نه‌داوه ****

ئه‌ی زه‌مان له‌ نێوان نۆته‌ی گریانه‌کانی ئه‌ودا وونمکه و‌

به‌ دره‌نگ وه‌ختی شه‌وم مه‌سپێره‌ که‌ تیایدا ئه‌مرم

ته‌سلیمی مه‌رگێکم مه‌که‌ که‌خۆی به‌ ته‌مای زیندوبونه‌وه‌ بێ

ئیلاهی.... ئه‌ی وه‌همێک له‌ ڕوحێکی زه‌لیلا

گوناهه‌کانی ئێمه ‌، له‌ غرورمان باڵاتره‌ و

له‌ گه‌وره‌یت گه‌وره‌تره‌ و

تۆ ... نه‌ قودره‌تی به‌خشینی ئێمه‌ت هه‌یه‌ و

نه‌ توانای دره‌نگ خستنی ئه‌مسه‌فه‌ره‌م*

 

 ئه‌یلولی2006 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca