کۆمه‌ڵگه‌..و تاک..و ڕۆشنبیر.. له‌نێوان چه‌مکی ڕۆشنگه‌ری و پوچگه‌رایی دا..

ئارام بۆگدی

 


به‌شی یه‌که‌م

له‌وکاته‌ی مه‌عریفه‌و ڕۆشنگه‌ری جێگه‌ی چه‌مکه‌ پوچ وکۆنگه‌رایی یه‌کان ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌وا تاک یان یش کۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نی خۆی، پێچه‌وانه‌که‌شی ئاوێته‌بوونی سه‌راپا و یان تێوه‌گلانی به‌ چه‌مکه‌ کۆنه‌ ڕه‌هاکان و له‌وێش کاردانه‌وه‌ و به‌گژاچوونه‌وه‌ دژوارتر ده‌بێ به‌وه‌ی کومه‌ڵگه‌و تاک خۆی له‌و ئاکاره‌ پوچگه‌رایی یه‌ ڕزگار نه‌کردوه‌ تا بتوانێ کار بۆ چه‌مکه‌ زانستی و مه‌عریفی یه‌کان بکا،به‌وه‌ش له‌نێوان دوو چه‌مکی جیاوازدا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی (به‌ڕێوه‌چوو) دێته‌ به‌رهه‌م..ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مڕۆی خه‌ڵکی ئێمه‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین پڕاوپڕ بێت کۆمه‌ڵێک خوێندنه‌وه‌ی جیاوازن که‌ په‌یوه‌ستن به‌ کۆمه‌ڵێک فاکته‌رو تێکستی ڕه‌هاو ڕاده‌ی هۆشیاری و ڕۆشنبیری وسیسته‌می په‌روه‌رده‌و..هتد که‌ پێویستیان به‌ گۆڕین هه‌یه‌.
ئه‌وانه‌ی گه‌ره‌نتی به‌ ئاوه‌ژوو کردن وکوده‌تایه‌کی کتوپڕ بۆ گۆڕینی خێرای ئه‌و کۆمه‌لگه‌یه‌ ده‌ده‌ن پێم وایه‌ تێڕوانینێکی هه‌ڵه‌ بێت،به‌وه‌ی بنه‌ماکانی پرۆسه‌ی (پێشه‌وه‌بردن)ی مه‌عریفیانه‌ له‌ ئارا دا نه‌بووه‌ ،ئه‌گه‌ر جۆره‌ بوونێکیشی بووبێت ئه‌وا ئاوێته‌ی هه‌مان ئه‌و هزرو چه‌مکانه‌ بووه‌ که‌ وابه‌سته‌ بوون به‌و کولتوره‌ی نه‌یویستووه‌ ژیار و ئاکاره‌ مه‌عریفی یه‌کان به‌ ئاراسته‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌دا به‌رێ و هه‌رده‌م له‌سه‌ر خوانی پێشووی خۆی له‌وه‌ڕاندووه‌ به‌وه‌ی که‌ مه‌عریفه‌و ڕۆشنگه‌ری فاکته‌ری له‌ق کردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کولتوره‌ن که‌ نایه‌وێ خۆی له‌ وابه‌سته‌بوون به‌ تێکسته‌ ڕه‌هاکان ئازاد بکات..!به‌وه‌ش ئه‌و چه‌مکانه‌ی ویستویانه‌ چه‌که‌ره‌ بکه‌ن و له‌ قۆزاخه‌ بێنه‌ ده‌رێ هه‌ر ئه‌و ساته‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کولتوره‌ له‌ قاوغی داون.!
بۆیه‌ تا ئه‌و په‌روه‌رده‌بوونه‌ کولتوری یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ده‌ستکاری نه‌کرێ یان جێگه‌ی پێ له‌ق نه‌کرێ ئه‌وا ڕێچکه‌یه‌ک نی یه‌ بتوانێ ئه‌و ئاکاره‌ ڕۆشنگه‌ری یه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی وه‌ها به‌رێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ بنه‌مایه‌ک بۆ داڕشتنی پێگه‌ی یان ده‌سپێکی پێگه‌کانی دروستکردنی کرمه‌لگه‌یه‌کی تر! له‌و کاته‌ی باس له‌ کۆمه‌لگه‌یه‌کی تر ده‌که‌ین ئه‌وا ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستایه‌ به‌ هه‌موو دیوه‌کانی یه‌وه‌، واته‌ هه‌ر ده‌مکوتانێک له‌ دانانی بنه‌مای کۆمه‌ڵێکی جیاواز له‌وه‌ی ئێستا هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌مڕۆیه‌ بۆ ئاینده‌ و ده‌ست نیشانکردنی ئه‌و که‌له‌به‌رانه‌یه‌ که‌ نابێت ئاینده‌ خاوه‌نی بێت .چونکه‌ ڕابردوو مێژووی هه‌یه‌ به‌ڵام ئاینده‌ خاوه‌نی ئه‌وه‌ نی یه‌..!
بۆیه‌ ده‌بێت ڕۆشنگه‌ری ئه‌ڵته‌رناتیڤی بنه‌ڕه‌تی بێ بۆ پرۆسه‌ی سه‌رجه‌م گۆڕینه‌کان.
لێره‌دا و یان تا ئه‌م ساته‌ ڕۆشنبیر چۆن مامه‌ڵه‌ی لۆژیکیانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆسێسه‌دا کردووه‌ بۆ هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی ڕێگربوون له‌به‌رده‌م ڕۆشنگه‌ری دا.؟
ڕۆشنبیر تا ئه‌مڕۆ ته‌نها دڕدۆنگ بووه‌ له‌به‌رده‌م (کاریگه‌ری بوونی) له‌سه‌ر ئایین و ئه‌و چه‌ق به‌ستنه‌ کولتوری یه‌ی که‌ ئایین ستون و شاده‌ماری یه‌تی ، له‌و کاته‌ی وابه‌سته‌بوونی کولتور به‌ ئایین ه‌ وه‌ ته‌نها به‌ دڕدۆنگی سه‌یر بکه‌ین و پێناسه‌یه‌کی مه‌عریفیمان بۆی نه‌بێت که‌ وه‌ک فاکته‌رێکی کاریگه‌ر له‌سه‌ر بونیادی ژیری وهزری تاک وته‌واوی کۆمه‌ڵگه‌ ڕه‌گی داکوتاوه‌و چۆنیه‌تی لابردن و هه‌ڵته‌کاندنیشی زۆر جار خۆی له‌ یاخی بوونی ڕۆشنبیردا بینیوه‌ته‌وه‌ ،واته‌ ڕۆشنگه‌ری نه‌یتوانیوه‌ ته‌وژمێکی به‌ هێز به‌رهه‌م بێنێ ته‌نانه‌ت بۆ لاوازکردنی ئه‌و دۆگمایه‌و ئاراسته‌یه‌کی سه‌رگه‌رایی (واقیعی) نه‌بووه‌ بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی بنه‌ماکانی ئه‌و چه‌ق به‌ستنه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ڕیفۆرمێکیش بووبێت ئه‌وا ئه‌و ڕیفۆرمه‌ش توشی جۆرێکی تر له‌ دۆگماو چه‌ق به‌ستن بووه‌..!
نه‌بوونی بنه‌مایه‌کی هزری و مه‌عریفی بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی شاکار و جوان له‌ نێو ڕۆشنبیری ئێمه‌دا ڕه‌نگه‌ دیوێکی تری ئه‌و چه‌ق به‌ستنه‌ بێ و بێ هوده‌یی له‌ نێو ژیری و لۆژیکی ڕۆشنبیردا دروست کردبێ که‌ ناتوانێ تا ئه‌م ساته‌ ته‌کانێک به‌ پێشه‌وه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌ بدا،به‌وه‌ش ڕۆشنبیر خۆی له‌ په‌راوێزدا ده‌بینێته‌وه‌و،،دووریش نی یه‌ زمانێکی هاوبه‌ش دروست نه‌بووبێت بۆ ئه‌و پرۆسێسه‌..یان ئه‌وه‌ی دوو جه‌مسه‌ری جیاواز له‌ کات وساتێکی جیاوازدا نه‌توانن ئاوێته‌ی یه‌کتری بن!!
دۆگماو چه‌ق به‌ستن شتێکی ئاسایی یه‌ له‌و کاته‌ی مه‌عریفه‌و ڕۆشنگه‌ری ڕۆلی خۆیان له‌ ده‌ست بده‌ن،
له‌کاتێکدا ده‌سه‌ڵاتیش له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت بتوانێ لانی که‌م کاریگه‌ریی یه‌کی ئه‌وتۆی هه‌بێت!؟ لێره‌دا ئه‌رکی رۆشنگه‌ریی یه‌ کاریگه‌ر بێت بۆ سه‌ر هه‌موو ره‌هه‌نده‌کان بۆ هێنانه‌دی کۆمه‌لگه‌یه‌کی جیاواز له‌وه‌ی ئێستا، بۆ داڕشتنی ده‌ستپێکێک که‌بتوانێ تاک و کۆمه‌لگه‌یه‌ک که‌له‌سه‌ر بنه‌مای رۆشنگه‌ری و مه‌عریفه‌ به‌رهه‌م بێنێ.

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca